ژانی لەدایكبونی هاوپەیمانی؛ قۆناغێكی دیكەی سەخت لە ژیانی سیاسی ئارام قادر دەستپێدەكات

19-11-2018 06:53
ئارام قادر، سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتیمانی.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

سەرەتای مانگی 6ی 2001 یەك هەفتەیە كۆمەڵی ئیسلامی خۆی ڕاگەیاندووە، ئارام قادر سەرۆكایەتی شاندێك دەكات بۆ ناساندنی كۆمەڵ بە لایەنەكان، هیچ لایەنێك ئامادە نابێت تەنانەت وێنەیەكیشیان لەگەڵدا بگرێت، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو فشارە سیاسییە توندەی لەسەریان بووە وەك دژایەتی بۆ دروستكردنی ئەو حیزبە نوێیە.

 

ئێستا دۆخەكە بۆ ئارام قادر كە سەرۆكایەتی هاوپەیمانی نیشتیمانی دەكات هاوشێوەی ئەو كاتەیە، بەڵام بە ئەزموونێكی جیاوازو چەند تایبەتمەندییەكی نوێ.

 

لەدایكبونی كۆمەڵ سەخت بوو، دوای 8 مانگ لە مشتومڕو ناكۆكی هات كە لە یەكەم كۆنگرەی بزووتنەوەی یەكبونی ئیسلامی كەوتەوە، بەهۆی نەگەیشتنە ئەنجامی دوو لایەنی ناكۆك، ناوی حیزب، لۆگۆ، دروشم گۆڕدراو سەركردایەتییەكی نوێ دیاریكراو كۆمەڵ ڕاگەیەندرا.

 

یەكەم كەس كە شاندەكەی كۆمەڵ سەردانی دەكات بۆ خۆناساندن، نەوشیروان مستەفا كەسی دووەمی یەكێتی دەبێت، ئارام قادر بۆ پەرەگراف دەڵێت"قسەیەكی ئەوكاتی كاك نەوشیروانم لەبیرە وتی، خۆزگە ئێمەش شتێكی وامان دەكرد(مەبەستی لەناو یەكێتی بوو)، زۆر سەرسام بوو بەوەی كۆمەڵمان ڕاگەیاند."(نەوشیروان مستەفا 8 ساڵ دوای ئەو قسەیە سەرۆكایەتی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد).

 

بە ڕاگەیاندنی كۆمەڵی ئیسلامی، فشارە ناوخۆیی‌و هەرێمییەكان دەستیان پێكرد، حیزبەكانی هەرێم‌و وڵاتانی ناوچەكە بەتایبەت ئێران‌و یەكێتی دژی ئەو هەنگاوە بوون كە كۆمەڵ گرتیەبەرو لە بزووتنەوەی یەكبون جیابووەوە.

 

كۆمەڵ تا چەند مانگێك بودجەی نەبووەو هیچ موچەیەكی نەداوە بە ئەندامەكانی، بە پشوو درێژی‌و پشت بەخۆ بەستن، دوای چەند مانگێك پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران‌و یەكێتی ئاسایی بووەتەوەو بودجەی پێدراوە، لەو 2 ملیۆن دینارەی حكومەتی هەرێم(یەكێتی) دەیدا بە بزووتنەوە بە نێوەندگیری ئێران لەسەدا 80ی بڕدراو درا بە كۆمەڵ، بەوجۆرە قۆناغی سەخت تێپەڕی‌و كۆمەڵ كەوتەسەر پێی خۆی.

 

10 ڕۆژ لەمەوبەر ژانی لە دایكبونی هاوپەیمانی نیشتیمانی وەك قۆناغی ڕاگەیاندنی كۆمەڵ بوو، ئەوەش دوای 40 ڕۆژ لە گفتوگۆ لەگەڵ كۆنە یەكێتییەكانی ناو هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری، سەرەنجام نەگەیشتنە ئەنجام‌و فشاری توندی بەرهەم ساڵح(سەرۆكی پێشوو)‌و گروپەكەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو حیزبە كاریگەرییان نەبوو.

 

بەشێك لە بەرپرسانی هاوپەیمانی نەچوونە ژێرباری فشارەكان، 9ی ئەم مانگە كۆبوونەوەی گشتییان ئەنجامدا، ناو و لۆگۆو پەیڕەوی ناوخۆیان دەستكاری كردو ئارام قادریان وەك سەرۆكی نوێ هەڵبژارد‌و لە ژێر ناوی هاوپەیمانی نیشتیمانی درێژە بەكارەكانیان دەدەن.

 

 

ئارام قادر، عەلی باپیر، سەلاحەدین بەهائەدین، بەرهەم ساڵح‌و عومەر سەید عەلی لە كۆبوونەوەیەكدا لە ماڵی نەوشیروان مستەفا.

 

هاوپەیمانی نیشتیمانی هێشتا لەژێر فشاری كۆنە یەكێتییەكاندایە كە دوای گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی ئەوانیش خواستی درێژەپێدانی حیزبە نوێیەكەیان نەماو دەیانەوێت بگەڕێنەوە ناو یەكێتی‌و سوورن لەسەر هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانی، هەروەها بارەگاكانیان لەو حیزبە وەرگرتووەتەوە بە پاساو كۆتاییهاتنی ماوەی بەكرێگرتنیان.

 

هاوپەیمانی نیشتیمانی كە ئێستا بارەگای نییەو بەرپرسەكانیان زیاتر لە ماڵەكانیاندا خەڵك دەبینن، سوورە لەسەر ئەوەی نەچێتە ژێرباری هیچ فشارێك، سەرۆكەكەی گەشبینە بەوەی ئەم قۆناغە سەختەش تێدەپەڕێنن، هاوشێوەی ئەزموونەكانی پێشووتری لە كاری سیاسی.

 

"ئەمە زۆر زۆر ئاسانترە لەوانەی ڕابردوو، بەدڵنیاییەوە دەیكەینە قۆناغێكی گەورەترو زەمینەی گەورەبوون زۆر لەبارە بۆ هاوپەیمانی نیشتیمانی، ئەو فشارەی قۆناغەكانی پێشوومان لەسەر نییە، ئەوكات خەڵك نەیدەوێرا بڵی كۆمەڵی ئیسلامیم، ئێستا وانییە‌و زۆربەی دەوڵەتانی هەرێمی‌و حیزبەكانی هەرێمی كوردستان دەمانناسن‌و پەیامی پیرۆزبایی‌و پشتیوانیمان پێگەیشتووە" ئارام قادر كە ماستەری لە زانستی سیاسیدا هەیە، وادەڵێت.

 

سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتیمانی پێیوایە، كۆنە یەكێتییەكانی پێشووی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری كە ساڵێك پێكەوە كاریان كردووە، ناتوانن حیزبەكەیان لەگەڵدا لەت بكەن، "ئەگەری ئەوە نەماوە ئەوان ببن بە حیزبێكی دیكە، چونكە ئەوان بڕیاریانداوە بگەڕێنەوە ناو یەكێتی‌و لە دانوستاندان بۆ میكانیزمی گەڕانەوە."

 

ئارام قادر، تەمەن 53 ساڵ، لەناو ئەو سیاسییانەی كاریان لەگەڵ كردووە بە كەسێكی خۆڕاگر‌و بەهێز لە ڕووی ڕێكخستنی حیزبییەوە ناو دەبرێت، كەمتر وەك سەركردەیەكی جەماوەریی دەناسێنرێت.

 

جەلال ئەحمەد لە سەرەتای هەشتاكانەوە لەگەڵیدایەو كەسێكی نزیكی قۆناغە جیاوازەكانی ژیانی سیاسییەتی، ئەو پێیوایە بەو ئەزموونەی لە ڕابردوودا هەیبووە، ئارام قادر قۆناغی ئێستای هاوپەیمانی بە سەركەوتوویی تێدەپەڕێنێت.

 

"ئەوكاتەی ڕێگەیەكی لێ دەگیرێت، بیر لە چەندین ڕێگە بۆ بەردەوامبوون دەكاتەوە" جەلال ئەحمەد بۆ پەرەگراف وای وت، قۆناغەكانی سەرەتای ساڵانی 1990‌و ڕاگەیاندنی كۆمەڵ‌و سەروەختی دەستگیركردنی ئەمیری كۆمەڵ لە 2003 بە نموونە دەهێنێتەوە.

 

جەلال ئەحمەد، وتیشی"بڕیاری بەردەوامیی هاوپەیمانی و ڕزگاركردنی پڕۆژەی نیشتیمانی لەو پیلانەی بۆی هەڵچنرابوو نموونەیەكی بەرچاو و بەرجەستەیە."

 

ئارام قادر، لەگەڵ هاوڕێكانی دیكەی لەناو كۆمەڵی ئیسلامیدا، شانیان داوەتەبەر قۆناغێكی سەختتر لە سەرەتای ڕاگەیاندنی كۆمەڵ، ئەوەش كاتێك بوو لە 10-7-2003 عەلی باپیر ئەمیری حیزبەكەیان لەلایەن ئەمەریكییەكانەوە دەستگیر كرا‌و حیزبەكەیان كەوتە دۆخێكی دژوارو زۆربەی بارەگاكانیان لێ وەرگیرایەوە.

 

لە دوای دەستگیركردنی عەلی باپیر، سەركردایەتی كۆمەڵ بەرنامەیەكی نوێ بۆ ئەو قۆناغە سەختە دادەنێت‌و "سەركەوتوو" دەبن لە تێپەڕاندنی‌و كاتێك ئەمیری كۆمەڵ لە دوای 22 مانگ ئازاد دەكرێت، حیزبەكەیان لە تەواوی لایەنەكانەوە بەتایبەت دۆخی ئابوریی پێشكەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە.

 

كۆمەڵی ئیسلامی بۆ ئارام قادر كە لەسەرەتای هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو تێكەڵی كاری سیاسی بووە‌و بەرلە دامەزراندنی هاوپەیمانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی بووە تێیدا، یەكەم قۆناغی سەخت‌و دژواری ژیانی سیاسی نەبووە، بەڵكو یەكەم ئەزموونی لەو جۆرە دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991 ڕوویداوە.

 

بەرلە ڕاپەڕین لە ساڵانی هەشتادا ئارام قادر لەناو كۆمەڵی برایانی مسوڵماندا كاری كردووە(ئیخوان) لەناوخۆی عێراق، سەلاحەدین بەهائەدین‌و چەندین كەسایەتی دیكەش بەهەمانشێوە ئیخوان بوون، بەڵام ئەوان لە دیوی ئێرانەوە چالاكی سیاسییان هەبووە.

 

دوای ڕاپەڕین كاتێك سەلاحەدین بەهائەدین‌و هاوڕێكانی دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان، ناكۆكییەكان دەستپێدەكەن، ئارام قادرو زۆرێك لەوانەی لە دیوی عێراق كاریان كردووە بیروڕایان دەگۆڕێت بەوەی شێوازی كاركردنیان لە قوتابخانەیەكی فیكریی ناوچەییەوە بگۆڕن بۆ حیزبێكی سیاسیی و ناوێكی نوێ بۆ حیزبەكە دابنێن، بەوەش ڕوبەڕوی ململانێی تووند دەبنەوە.

 

لە 22-11-1992 كاتێك ناویان لە كۆمەڵی برایانی مسوڵمان گۆڕی بۆ بزووتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامی، قۆناغەكە سەخت‌و دژوار دەبێت.

 

بە گۆڕینی ناوی كۆمەڵی برایانی مسوڵمان، ئارام قادرو هاوڕێكانی لە 1992 ڕەوتێكی نوێی بزاڤی ئیسلامی دەستپێدەكەن بە سەرۆكایەتی سدیق عەبدولعەزیز، هەرچەندە فشارێكی زۆریان دەخرێتەسەرو بە "لادەرو گێرەشێوێن" ناودەبرێن، بەڵام بە پشوو درێژی‌و خۆڕێكخستنەوە ئەو قۆناغە تێدەپەڕێنن.

 

"ئەو كەسانەی دەیانەوێت پڕۆسەی گۆڕانكاریی بە ئەنجام بگەیەنن‌و چاكسازیی بكەن دەبێت ئامادەبن قوربانیی بدەن، نەك بە پێچەوانەوە بۆ ئیمتیازو سەفقەی سیاسی بەكاری بهێنن" ئارام قادر وادەڵێت.

 

ئەو دۆخەی ئێستا هاوپەیمانی نیشتیمانی تێدایە، لێكچوون‌و خاڵی هاوبەشی زۆرە لەگەڵ ئەو قۆناغانەی ڕابردووی كاری ئەو كەسایەتییە سیاسییەی سەرۆكایەتی هاوپەیمانی دەكات.

 

جەلال ئەحمەد قۆناغی ئێستای ژیانی سیاسی ئارام قادر بە ئەزموونێكی نوێ ناودەبات، "چونكە یەكەمجارە ڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتی كارێك‌و كەسی یەكەم دەگرێتە ئەستۆ."

 

ئەو هاوڕێ نزیكەی ئارام قادر دەڵێت"بەڕای من سەرەڕای سەختیی كارەكەو ئەو نائومێدییەی كە باڵی كێشاوە بەسەر كایەی سیاسیدا، چاوەڕوان دەكرێت كە مامۆستا ئارام بتوانێت ئەم قۆناغە بەسەركەوتویی تێپەڕێنێت‌و هاوپەیمانی بەرەو سەركەوتن بەڕێبكات" بۆئەوەش چەندین خاڵ باسدەكات لەوانە؛ ورەبەرزی‌و پەیوەندی باشیی لەگەڵ سەرجەم كەسایەتییە ناوخۆیی‌و بیانییەكان‌و باوەڕبونی بە فرەیی‌و یەكتر قبوڵكردن.

 

ئارام قادر خۆیشی گەشبینە بەوەی بە سەركەوتوویی بەردەوامی بە كاری هاوپەیمانی دەدەن، بەڵام هێشتا سەرەتاكانی بە كرداربوونی ئەو گەشبینییە دەرنەكەوتووە‌و دەیانەوێت لە دوای خۆ تۆماركردن وەك حیزبێكی سیاسی لە حكومەتی هەرێم هەنگاوە كردارییەكانیان چڕ بكەنەوە.