ئەردۆغان دەڵێت پابەندی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا نابن بۆ ئازادكردنی دەمیرتاش

20-11-2018 06:57

 

پەرەگراف

 

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا داوای ئازادكردنی سەلاحەدین دەمیرتاش دەكات، بەڵام توركیا ڕەتیدەكاتەوە پابەندی بڕیاری دادگاكە ببێت.

 

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ئەمڕۆ بڕیارەكەی دەركردووەو داوا لە دادگای توركیا دەكات ڕێكاری پێویست بگرێتەبەر بۆ ئازادكردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، دادگای ئەوروپا پێیوایە، دەستگیركردنەكەی دەمیرتاش بە تۆمەتی تیرۆر هەوڵێك بووە بۆ "كرپكردنی دەنگی جیاواز."

 

دەمیرتاشی تەمەن 45 ساڵ، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، ماوەی 2 ساڵە لە زیندانە بە تۆمەتی بوونی پەیوەندیی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە).

 

ئەوكاتەی توركیا دەمیرتاشی دەستگیركرد ئەو ئەندامی پەرلەمان بوو، دەستگیركردنەكەی كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو دەمیرتاش بە ئۆبامای كورد ناسێنرا.

 

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەگەڵ داوای ئازادكردنی دەمیرتاش، هاوكات بڕیاریداوە توركیا بڕی 10 هەزار یۆرۆ قەرەبوو بدات بە دمیرتاش‌و 15 هەزار یۆرۆش بدات بۆ خەرجییە یاساییەكانی دۆسیەكەی.

 

لە كاردانەوەی بڕیارەكەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا دوای كۆبوونەوەی فراكسیۆنی ئاك پارتی لە پەرلەمانی توركیا، بە ڕۆژنامەنوسانی وت"ئەو بڕیارانەی دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا دەریان دەكات ئێمە پابەند ناكات. ئێمە لە بەرامبەر ئەوەدا هەڵمەتی خۆمان دەكەین‌و كارەكە تەواو دەكەین."

 

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ئەو دۆسیەیانە دەبینێت كە گوایە سەرپێچی ڕێككەوتنی ئەوروپایان لەسەر مافەكانی مرۆڤ تێدا كراوە كە توركیاش واژۆی كردووە.

 

دەمیرتاش مانگی 6ی ئەمساڵ لە زیندانەوە خۆی كاندیدكرد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا، لەسەدا 8.4ی دەنگەكانی بەدەستهێنا‌و یەكێك بوو لە ڕكابەرانی ئەردۆغان.