یەكێتی ئەوروپا هیوادارە توركیا "بەمزووانە" دەمیرتاش ئازاد بكات

22-11-2018 03:37

 

پەرەگراف

 

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا هیوادارە توركیا پابەندی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بێت بۆ ئازادكردنی سەلاحەدین دەمیرتاش‌و "بەمزووانە" ئەو سەركردە كوردە ئازاد بكات.

 

توركیا ئەندامی دادگاكەیەو پێویستە پابەندی بڕیارەكە بێت، هەرچەندە ساڵێك زیاترە كورسیی توركیا لە دادگاكە خاڵییە، ئەوەش بە هۆكارێكی سیاسیی كە پەیوەندی بە پارتەكەی ئەردۆغان‌و بزوتنەوەكەی فەتحوڵا گولەنەوە هەیە.

 

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێشتر چەندینجار پەنای بۆئەو دادگا ئەوروپییە بردووە، ئێستاش ڕەتیدەكاتەوە پابەندی بڕیارەكەی بێت‌و دەمیرتاش بە "لایەنگریی لە تیرۆر" تۆمەتبار دەكات.

 

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا 20ی ئەم مانگە بڕیارەكەی دەركردو داوای لە دادگای توركیا كرد ڕێكاری پێویست بگرێتەبەر بۆ ئازادكردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، دادگای ئەوروپا پێیوایە، دەستگیركردنەكەی دەمیرتاش بە تۆمەتی تیرۆر هەوڵێك بووە بۆ "كرپكردنی دەنگی جیاواز."

 

ئەمڕۆش فێدریكا مۆگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا، لەبارەی ئازادكردنی دەمیرتاش وتی"ئێمە هیوادارین ئەو بەمزووانە ئازاد بكرێت."

 

دەمیرتاشی تەمەن 45 ساڵ، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، ماوەی 2 ساڵە لە زیندانە بە تۆمەتی بوونی پەیوەندیی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) كە توركیا بە "ڕێكخراوێكی تیرۆریستی" لە قەڵەمی دەدات.

 

لە یەكەم كاردانەوەی توركیا دەربارەی ئەو بڕیارە، هەمان ڕۆژ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، پابەندی بڕیارەكە نابن. ئەردۆغان دوێنێش لەسەر هەمان پرس هێرشی تووندی كردەسەر دادگا ئەوروپییەكەو بڕیارەكەی بە پشتگیریی لە پەكەكە ناوبردو بە "تیرۆریست پەرست" وەسفیكرد.

 

ئەوە لەكاتێكدایە ئەردۆغان خۆی بەرلەوەی دەسەڵات بگرێتە دەست، چەندجارێك پەنای بۆ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بردووە لە چەند دۆسیەیەكی جیاوازدا كە پێیوابووە توركیا مافی ئەوی پێشێلكردووەو بڕیاری "نادادپەروەرانە"ی لەدژ دەركراوە.

 

یەكەم پەنابردنی ئەردۆغان بۆ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ساڵی 1997 بوو كاتێك لەسەر خوێندنەوەی هۆنراوەیەك لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەریدا، دادگایی كراو بە زیندانیكردن‌و پێبژاردنی پارە حوكمدرا، ئەردۆغان دووجار لەسەر ئەو دۆسیەیە سەردانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپای كرد بە پاساوی ئەوەی بڕیارەكەی دادگای توركیا "نادادپەروەرانە"یە.

 

هاوكات ساڵی 2003 ئەردۆغان پەنای بۆ دادگا ئەوروپییەكە بردەوە، لەسەر ئەوەی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2002دا مافی ئەو پێشێلكراوە، بەڵام كاتێك هەڵبژاردن لە شاری سێرت دووبارەكرایەوەو ئەردۆغان بووە سەرۆك وەزیران، سەرجەم دۆسیەكانی لە دادگاكە كشاندەوە، ئێستاش دژایەتی بڕیارەكەی دادگا دەكات بۆ ئازادكردنی دەمیرتاش.

 

دادگای ئەوروپی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە ئەنجامی ڕێككەوتنی ئەوروپی بۆ مافەكانی مرۆڤ لەساڵی 1950 دامەزرێنرا، هەموو ئەندامەكانی "ئەنجومەنی ئەوروپی" كە 47 وڵاتن، ئەندامی ئەو دادگایەن و نوێنەریان هەیە، توركیاش یەكێكە لەو وڵاتانەی ئەندامی لەو دادگایە هەیە.

 

كورسییەكەی توركیا لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە مانگی 4ی ساڵی ڕابردووەوە خاڵییە، ئەنقەرە لە ساڵی 2016وە ناوی 10 دادوەری پێشكەش كردووە بۆ وەرگرتنیان لەو دادگایە، بەڵام هەر هەموویان لەلایەن دادگاكەوە ڕەتكراونەتەوە.

 

ڕۆژنامەی یەنی شەفەق-ی توركی لەو بارەیەوە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، لە كاتی چاوپێكەوتندا پرسیاری ئەوە لە دادوەرانی تورك دەكرێت كە ئایا "ڕێكخراوی گولەن تیرۆریستە؟" دادوەرەكانیش بەهۆی ئەوەی پاڵێوراوی پارتی داد و گەشەپێدانن(پارتەكەی ئەردۆغان)، بە "بەڵێ" وەڵام دەدەنەوە، ئەوەیش دەبێتە هۆی وەرنەگرتنیان، چونكە بەپێی یاسای دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا پێویستە دادوەرانی ئەندام لەو دادگایە، لە كێشەو گرفتە سیاسییەكانی وڵاتەكانیاندا بێلایەن بن، ئەگەر نا، ناتوانن بێلایەنانە بڕیار بدەن.

 

هەرچەندە دوای بڕیارەكەی دادگای ئەوروپا بۆ ئازادكردنی دەمیرتاش ئەردۆغان سوورە لەسەر ئەوەی ئەو بڕیارە بۆ ئەوان "پابەندكەر" نییە و جێبەجێی ناكەن، بەڵام بەو پێیەی توركیا یەكێكە لە واژۆكەرانی پەیماننامەی ئەوروپی، لە ڕووی یاساییەوە پابەندی دەكات بە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانە كە دادگاكە دەریدەكات، پێشتریش لە چەندین كەیسدا دادگاكە سزای دارایی بەسەر ئەنقەرەدا سەپاندووە بەهۆی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤەوەو ئەگەر بڕیاری ئازادكردنی دەمیرتاش جێبەجێ نەكات، پێدەچێت ڕوبەڕوی سزا ببێتەوە.

 

هاوكات جێبەجێ نەكردنی بڕیاری ئازادكردنی دەمیرتاش، كاریگەریی خراپی لەسەر پەیوەندییەكانی توركیاو یەكێتی ئەوروپا دەبێت كە بەهۆی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە توركیا بەتایبەت لە بەرامبەر سیاسەتمەدارو ڕۆژنامەنوس‌و چالاكوانان، ئەو وڵاتە ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووند بووەتەوەو ئەوپرسانە یەكێكن لە دیارترین ڕێگرییەكانی بەردەم توركیا بۆ بوون بە ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا.