گەڕێكی نوێی ململانێی پارتی‌و یەكێتی لە بەغداد؛ دەیگەیەننە مریشكە ڕەشە؟

27-11-2018 10:26

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغداد ناكۆكی‌و ململانێكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی تۆخكردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە ژێر فشاری پارتیدا ناوی كاندیدەكەی یەكێتی بۆ وەزارەتی داد لەو لیستەدا دەرهێنا كە بڕیاربوو پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات.

 

یەكێتی هەوڵەكانی خستووەتەگەڕ تا ئەو وەزارەتە وەربگرێت‌و هێشتا "بێهیوا نەبووە"، بەڵام كارەكەی ئاسان نییە، بەوپێیەی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح پشتیوانیی بارزانی دەكات.

 

"هادی عامری بە عادل عەبدولمەهدی وتووە نابێت یەكێتی هیچ وەزیرێكی هەبێت ئەوەش لەسەر داوای مەسعود بارزانی، عادل عەبدولمەهدیش ناوی خالید شوانی لە لیستی وەزیرەكان دەرهێناوە" سەرچاوەیەكی باڵا كە ئاگاداری وردەكاریی ململانێكانە بۆ پەرەگراف وای وت.

 

بڕیاربوو ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوەو دەنگ لەسەر ئەو وەزارەتانەنی دیكە بدات كە هێشتا وەزیریان بۆ دیاریی نەكراوە، بەڵام دوێنێ بەهۆی گۆڕانكاریی لە ناوی وەزیرەكان لەناویاندا لابردنی وەزیرەكەی یەكێتی، كۆبوونەوەی پەرلەمان دواخرا بۆ ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو.

 

سەرچاوەكەی پەرەگراف باسیلەوەشكرد، بارزانی لە سەردانەكەیدا بۆ بەغداد پێداگریی لەسەر ئەوە كردووە یەكێتی پۆستی وەزارەتی پێنەدرێت، بەوپێیەی "ئیستیحقاقی خۆی وەرگرتووە" كە مەبەست پۆستی سەرۆك كۆمارە، "بارزانی بەرلەوەی سەردانی بەغداد بكات ڕازی بووبوو وەزارەتی داد بدرێتە خالید شوانی، بەڵام لە سەردانەكەیدا ڕای گۆڕا، هۆكاری ئەوەش ڕوون نییە."

 

یەكێتی پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ سەرجەم لایەنە شیعەكانی عێراق هەبوو، بەڵام ئێستا وەك سەرچاوەكانی پەرەگراف دەڵێن، هادی عامری‌و تاڕادەیەك حەیدەر عەبادی لەو حیزبە دووركەوتوونەتەوەو چوونەتە بەرەی پارتی.

 

بەرپرسانی یەكێتی تووندن لەسەر وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی داد لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی، بۆئەوەش هەوڵەكانیان چڕ كردووەتەوە، لەو چوارچێوەیەدا فشاریان خستووەتەسەر بەرهەم ساڵح تا ئەویش فشار بخاتەسەر عادل عەبدلمەهدی.

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دۆخی ناو یەكێتی بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، یەكێتی تا ئاستی "كشانەوە لە بەغداد" فشاری خستووەتەسەر بەرهەم ساڵح، بەڵام ناوبراو ئەوەی ڕەتكردووەتەوەو وتویەتی، تەواوی هێزو پەیوەندییەكانی بەكاردەهێنێت بۆ مسۆگەركردنی وەزارەتی داد.

 

"یەكێتی زۆر تووندە لەسەر وەرگرتنی وەزارەتێك، بەتایبەت دوای ئەوەی بارزانی لە بەغداد فشاری خستووەتەسەر شیعەكان كە یەكێتی بێبەش بكەن" سەرچاوە ئاگادارەكە لە دۆخی ناو یەكێتی وای وت، وتیشی"یەكێتی پێیوایە ئەگەر پارتی ئەمەی بۆ بچێتەسەر كە یەكێتی بێبەش بكات، ئەوا شتی دیكەش دەكات وەك بێبەشكردنی یەكێتی لە پۆستی پارێزگاری كەركوك."

 

تائێستا كورد 2 پۆستی وەزارەتی وەرگرتووە لە كابینەكەی نوێی عێراق كە هەردووكیان بۆ پارتی بوون ئەوەش لە كۆی 14 وەزارەتی پڕكراوە، 8 وەزارەتی دیكەش ماون پڕبكرێنەوە.

 

پارتی وەزارەتی سێیەمی مسۆگەر كردووەو بۆ وەزارەتی چوارەمیش ئەگەر بدرێت بەكورد پێداگرە كە بە یەكێتی نەدرێت، پارتی لاری نییە ئەگەر حیزبەكانی دیكە وەك بزووتنەوەی گۆڕان وەزارەتی چوارەمی كورد وەربگرێت.

 

بەدەر لە كورد، شیعەو سوننەكانی عێراق لە ناوخۆیاندا لە ناكۆكیی قوڵدان لەسەر دوو وەزارەتی سیادیی، سوننە لەسەر بەرگری، شیعەكانیش لەسەر وەزارەتی ناوخۆ، ئەمانە سەرۆك وەزیرانیان تووشی سەر ئێشەی زۆر كردووە.

 

عادل عەبدولمەهدی كە هیچ فراكسیۆنێكی نییە لەناو پەرلەمان بەرگریی لێبكات، ناكۆكی ناو ماڵی شیعەو یەكلایی نەبوونەوەیان لەسەر كەسێك بۆ سەرۆك وەزیران شانسی ئەوەی پێدا ئەو پۆستە وەربگرێت، بەڵام واناسراوە بەردەوام دەستلەكاركێشانەوەی لەناو گیرفانیدا.

 

 

عادل عەبدولمەهدی لەژێر فشاری هەر سێ پێكهاتەی كورد، شیعەو سوننەدایە دەربارەی سێ وەزارەت. وێنە؛ سوركێو محەمەد- پەرەگراف.

 

پارتی كاربۆئەوە دەكات بە بەهێزیی بگەڕێتەوە بەغداد، بۆئەوەش یەكەم نمایشی سیاسی مەسعود بارزانی لە دوای نەمانی پۆستەكەی وەك سەرۆكی هەرێم و ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو ڕیفراند‌ۆم كۆتایی هەفتەی ڕابردوو بوو‌ لە پایتەختی عێراق، بەڵام بارزانی پەیوەندیی لەگەڵ سەرۆكی وڵاتەكەدا نییە كە بەرهەم ساڵحەو لە پشكی كورد ئەو پۆستەی وەرگرتووە‌و بۆئەو پۆستە حیزبە نوێیەكەی بەجێهێشت‌و گەڕایەوە ناو یەكێتی، ئەوەش بەردەوامیی ئەو گرژییەیە كە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار لە نێوانیاندا دروست بوو.

 

بەرلەوەی بارزانی بگاتە بەغداد، بەرهەم ساڵح پایتەختی وڵاتی بەجێهێشت، پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد، ئەگەر لە بەغدادیش بوایە "بارزانی سەردانی نەدەكرد" هەروەها بارزانی لە سەردانەكەیدا "پەیامی بۆ سەركردە عێراقییەكان هەبووە دەربارەی بەرهەم ساڵح كە بە نوێنەری هەرێمی كوردستانی نازانن لە بەغداد."

 

هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح وەك سەرۆك كۆماری عێراق لە سەرەتای مانگی ڕابردوو، دوای ململانێیەكی تووند هات لەگەڵ پارتەكەی بارزانی كە ئەو پۆستەی بە مافی خۆی دەزانی، بەهۆی ئەو ململانێیەوە پەیوەندیی لە نێوان بەرهەم ساڵح‌و ئەو حیزبەدا نەماوەو ئەو دۆخە كاریگەریی لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی لە هەرێم هەبوو، گرژیی دروستكرد.

 

ئێستا لەسەر پۆستی وەزارەتێك بۆ یەكێتی كێشەو گرژییەكان تۆخ بوونەتەوەو بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی تیمی یەكێتی دەكات لەم ململانێ نوێیەدا.

 

ململانێی نێوان پارتی‌و یەكێتی لە 13 ساڵی ڕابردوودا ڕووینەداوە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەمە یەكەمجار بوو، هەربۆیە پرسەكە بوو بووە بردنەوەو دۆڕان یان شكاندن‌و سەركەوتنی لایەك بەسەر لایەكی دیكەدا، دواجار بەرهەم ساڵح وەك كاندیدی یەكێتی سەركەوت كە بۆئەو پۆستە وازی لە حیزبە نوێیەكەی هێناو گەڕایەوە ناو یەكێتی.

 

هەرچەندە بوونی بەرهەم ساڵح بە سەرۆك كۆماری عێراق ئێستا ئەمری واقیعە، بەڵام هێشتا پارتی ئامادەنییە دانی پێدا بنێت‌و لەوەتەی ئەو پۆستەی وەرگرتووە بەرهەم ساڵح نەچووەتە شاری هەولێرو دهۆك، تەنها سلێمانی‌و هەڵەبجەی بینیوە ئەوەش لەبەرئەوەی پارتی پێشوازیی لێ ناكات.