مەسرور بارزانی؛ لە لوتكەی دەسەڵاتی ئەمنییەوە بۆ لوتكەی دەسەڵاتی مەدەنی

06-12-2018 12:39
مەسرور بارزانی، كاندیدی سەرۆك وەزیران لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم. وێنە؛ سوركێو محەمەد/پەرەگراف

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

لەو كاتەوەی پێی خستووەتە گۆڕەپانەكەوە لە كەرتی ئەمنیی‌و هەواڵگرییدا كار دەكات، هەژموونی بەسەر دامەزراوە ئەمنییەكانی زۆنی حوكمڕانیی حیزبەكەیدا بە جۆرێكە، هەر هێرش‌و پەلاماردانێك هەبوو بێت بۆسەر دەنگی جیاوازو ڕەخنەگر لە هەولێرو دهۆك، ڕاستەوخۆ پەنجەی تۆمەت ڕوو لە ئەو بووە، ئەو كەسە مەسرور بارزانی كاندیدی پارتییە بۆ سەرۆك وەزیران لە كابینەی نوێی حكومەت.

 

ڕای زاڵ لەناو خەڵك‌و حیزبەكاندا ئەوەیە، بەبێ فەرمان یاخود ئاگاداریی مەسرور بارزانی، دامودەزگا ئەمنییەكانی پارتی ناتوانن هێرش‌و توندوتیژی دژی كەس ئەنجام بدەن، ئەمە ئەگەر لە واقیعیشدا وانەبێت، بەوشێوەیە كەوتووەتەوە، هەربۆیە چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەو بەدواداچوون ناكرێت‌و هەمیشە كەسی باڵادەستی تۆمەتباركراو لەناو خەڵكدا، ئەو بووە.

 

مەسرور تەمەنی 49 ساڵەو كوڕە گەوری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و سەرۆكی پێشووی هەرێمە، ئەو 14 ساڵ بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی پارتی بووە(پاراستن)، 6 ساڵیشە ڕۆڵی فراوانتر بووەو ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع هێشتا دەسەڵاتی نەگەیشتووەتە پارێزگای سلێمانی‌و ئەو زۆنەی ئێستا بە قەڵەمڕەوی یەكێتی‌و گۆڕان ناودەبرێت.

 

بارزانی كوڕ لە ئەركی نوێیدا دەبێتە سەرۆكی حكومەتێك كە دەیەوێت "بەهێز و جیاواز بێت"، ئەو لە سەردەمێكدا ئەو پۆستە وەردەگرێت كە حیزبەكەی بە پشتبەستن بە پێكهاتەكان نیوە+1ی پەرلەمانی كوردستانی هەیەو لەو ڕووەوە پشت قایمە.

 

"سوپاستان دەكەم، دڵنیام هەمووتان شایستەی ئەو پۆستەن، بەڵام من دەمەوێت شانی بدەمەبەرو كارێكی جیاواز بكەم. لەم ئەركە نوێیەمدا كاك نێچیرڤان گەورەترین پشتیوانمە" ئەمە وتەی مەسرور بارزانی بووە لەو كۆبوونەوەیەی سەركردایەتی حیزبەكەی كە تێیدا كاندید كرا بۆ سەرۆك وەزیران.

 

سەرچاوەیەكی باڵا كە وردەكاریی گفتوگۆكانی ناو كۆبوونەوەكەی لە زاری بەشداربووانەوە بۆ گێڕدراوەتەوە، بۆ پەرەگراف باسیلەوەكرد مەسرور بارزانی بەناوی خۆی‌و نێچیرڤان بارزانییەوە قسەی كردووە، دواتریش نێچیرڤان بارزانی لە وتەیەكدا پشتیوانیی خۆی بۆ دەربڕیوەو بە"شایستەی" ئەو پۆستەی داناوە.

 

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت"ئەوانە قسەی ناو كۆبوونەوە بوون، لە واقیعدا ململانێ هەیە لە نێوانیانداو لەم گۆڕانكارییەشدا لە پێگەی زۆر كەسی نزیك لە نێچیرڤان بارزانی دەدرێت."

 

نێچیرڤان بارزانی كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتی‌و برازای مەسعود بارزانییە، بە درێژایی تەمەنی حكومەت زۆرترین ماوە سەرۆك وەزیران بووەو 20 ساڵە لە لوتكەی دەسەڵاتدایە، لەم گۆڕانكارییە نوێیەدا كە مەسروری ئامۆزای دەچێتە شوێنەكەی، نێچیرڤان كراوەتە كاندید بۆ سەرۆكی هەرێم‌و پارتی ئەو پۆستە زیندوو دەكاتەوە.

 

مەسرور بارزانی، ماستەری لە زانكۆی ئەمەریكی لە واشنتۆن لە بواری ئاشتی‌و چارەسەری قەیرانەكان وەرگرتووەو بەكالۆریۆسیشی لە هەمان زانكۆ بووە لە خوێندنی نێودەوڵەتی. جگە لە دامەزراوەی میدیایی تایبەت بەخۆی، دامەزرێنەری زانكۆی ئەمەریكی لە كوردستان-دهۆك‌و دەزگای خێرخوازیی بارزانی یە، سێ كوڕو كچێكی هەیە.

 

بە زەحمەت كەسێك دەدۆزیتەوە قسە لەسەر كەسایەتی مەسرور بارزانی بكات، ڕەنگە ئەمە بەگشتی ئەو دۆخەبێت كە دەسەڵاتدارانی ئەمنیی بۆ خۆیانی دروست دەكەن، پەرەگراف كەسێكی دەستكەوت كە لە نزیكەوە مەسرور بارزانی بینیوەو دەیناسێت‌و هەندێك تایبەتمەندیی باسكرد.

 

 

نێچیرڤان بارزانی دوای 20 ساڵ سەرۆكایەتی حكومەت جێدەهێڵێت‌و كابینەی مەسرور بارزانی دەستپێدەكات.

 

"تاڕادەیەك كەسێكی داخراوەو ستافێكی وشكی لەگەڵدایە. ئەگەر هەڵوێست دژی شتێك وەربگرێت كاردانەوەی زۆر تووندەو دەیگەیەنێتە خاڵی سفر" ئەمە وتەی ئەو كەسایەتییەیە دەربارەی مەسرور بارزانی.

 

ئەوەشی خستەڕوو، مەسعود بارزانی باوكی كە خاوەنی قسەی كۆتایی حیزبەكەیەتی لە ژێر كاریگەریی بیروڕای مەسروردایە، "كاك مەسرور ئەگەر بیەوێت لە كەسێك بدات زۆرجار لە ڕێی باوكییەوە لێیدەدات."

 

ئەو سەرچاوەیە كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت، وتیشی، مەسرور تێڕوانینێكی ئەمنیی هەیە بۆ بەڕێوەبردن، "هەمیشە بە گومان‌و بێمنەتە."

 

"بەڕای من واپێویست دەكات ئەم ئەركە نوێیەی بكاتە دەرفەتێك بۆ گۆڕانكاریی‌و كرانەوە، چونكە بەوجۆرە ناتوانێت حكومەتێكی سەركەوتوو بەڕێوەببات، لەبەرئەوەی تەنها حكومەتی پارتی‌و ئەو زۆنە نابێت كە حیزبەكەی تێیدا باڵادەستە."

 

پەرەگراف لە سەرچاوەی ئاگادارەوە زانیویەتی، مەسرور بارزانی لەناو یەكێتی پەیوەندیی لەگەڵ باڵی كۆسرەت ڕەسوڵ باشەو لەگەڵ ماڵی تاڵەبانی باش نییە.

 

هەروەها پشتیوانیی ئەو دەنگانەی ناو حیزبەكەی دەكات كە داوادەكەن كۆمەڵی ئیسلامیی بەشدار نەبێت لە كابینەكەی، هەرچی دەربارەی بزووتنەوەی گۆڕانە، پەیوەندیی لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیەدا نییە، بەڵام دەیەوێت "پەیوەندییەكی بەهێز" لە گەڵیاندا دروست بكات.

 

ئەوە هەمان خواستی گۆڕانیشە، ئەو بزووتنەوەیە هەرچەندە ڕەخنەی زۆری لە مەسرورو باڵەكەی هەیە، بەڵام دەیەوێت مامەڵە لەگەڵ ئەو ئەمری واقیعەدا بكات كە پارتی دروستی دەكات.

 

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە گۆڕان بۆ پەرەگراف وتی"گۆڕان لە سەردەمی كاك نەوشیروان‌و بە ئێستاشەوە لەگەڵ باڵی مەسرور بارزانی پەیوەندیی نەبووەو تەنانەت پێی باش نەبووە مامەڵەیان لەگەڵدا بكات‌و ئەو باڵە ببێتە واجیهەی پارتی."

 

ئەو بەرپرسەی گۆڕان وتیشی"پێمانوایە كەسایەتییەكی توندوتیژ ئامێزی هەیە، ئەو هەڵمەتانەی لە میدیای پارتی‌و سێبەرەكانیەوە دەكرێتەسەر حیزبەكانی دیكە لەكاتی بوونی كێشەو ناكۆكی سەرجەمیان ئاڕاستەی ئەو باڵەن كە مەسرور سەرۆكایەتی دەكات، تەنانەت ئەو فەرمانی دەستگیركردنەی كاك نەوشیروان كە پارتی بە دادگای دەركرد هەر ئەوان بوون."

 

لەگەڵ ئەوانەدا، بەرپرسەكەی گۆڕان وتی"ئێستا قۆناغێكی نوێ هاتووەتەپێش، ئێمە مامەڵەی لەگەڵ دەكەین، بە نیەتی ئەوەی هەم خۆی بگۆڕێت، هەم حكومەتەكەی سەركەوتووبێت‌و بتوانێت خزمەتی خەڵك بكات."

 

پارتی ڕۆژانی داهاتوو گەڕی دووەمی سەردانی حیزبەكان دەستپێدەكات بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەو وەفدەی پارتی پێكیهێناوە بۆ گفتوگۆ لە باڵەكەی مەسرور بارزانی یە‌و حكومەتەكە ڕوئیای نێچیرڤان بارزانی تێدا نابێت.

 

"ئارامیی‌و حوكمڕانی سەرتاسەری‌و پێكەوە كاركردن ئامانجی چوار ساڵی داهاتووی حوكمڕانی دەبێت" مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمیی پارتی وای وت.

 

وتەبێژەكەی پارتی وتیشی"پێشبینی دەكەم پێكهێنانی حكومەت ئەوەندە كارێكی قورس نەبێت‌و هەوڵدەدەین بە ئاسانی لەگەڵ لایەنەكان تەفاهوم بكەین، چونكە هەموو لایەنەكان ئامادەیی ئەوەیان هەیە لەم قۆناغەدا پێكەوە كارە گرنگەكان بكەین."

 

ئەوەی یەكلایی بووەتەوە بەشداربوونی یەكێتی لە كابینەی نوێ‌و ئۆپۆزسیۆن بوونی نەوەی نوێ‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و حیزبی شیوعییە، هێشتا گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی وەك دوولایەنی بەهێزی ئۆپۆزسۆن بڕیاری كۆتاییان نەداوە بۆ بەشداریكردن، بەڵام لەناو گۆڕان خواستی بەشداربوون بەهێزترە.

 

هەرچەندە پێكهێنانی حكومەت بۆ پارتی كە 45 كورسی هەیە، ئاسانەو لەگەڵ كەمینەكانی پەرلەمان كە 11 كورسییان هەیە دەتوانێت كابینەی نوێ پێكبهێنێت‌و دەنگی 50+1ی پەرلەمانتاران مسۆگەر بكات(56 لە 111)، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ئاسەوارەكانی دوو ئیدارەیی، لە واقیعدا ناتوانێت حكومەتێكی یەكگرتوو لەسەر زەویی پێكبهێنێت بەبێ بەشداریی حیزبە براوەكانی پارێزگای سلێمانی، بەتایبەت یەكێتی دواتر گۆڕان.

 

لە سەرەتای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لە ساڵی 1992 تائێستا، یەكێتی بەردەوام پێكهێنەری سەرەكیی حكومەت بووە بە دوو ئیدارەیی‌و ئیدارەی یەكگرتووشەوە، بەڵام گۆڕان خولێكی تەواو ئۆپۆزسیۆن(2009-2013)‌و خولی دواتر سەرەتا لە حكومەت‌و دواتر بووەوە بە ئۆپۆزسیۆن.

 

لە ئێستاوە چاوەكان لەسەر هەنگاوەكانی مەسرور بارزانی دەبن، ئەو كە لایەنگرانی لەناو پارتی بە "برا گەورە" ناوی دەبەن، كابینەی نۆهەم بەجۆرێك بەڕێوەدەبات كە ماف‌و ئازادییەكان تێیدا پارێزراوبن‌و یاسا سەروەر بێت؟ یاخود بە پێچەوانەوە حكومەتێك كە نزیكتر بێت لە دیكتاتۆرییەت‌و ئازادییەكان پاشەكشە بكەن‌و شەقام لە دژی خۆی بجوڵێنێت؟ داهاتوو وەڵامدەرەوەی ئەو پرسیارانەو چەندین پرسیاری دیكە دەبن دەربارەی حوكمڕانیی هەرێم لەسەردەمی بارزانی كوڕدا.