دەمیرتاش داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكات لە دادگاییكردنەكەیدا ئامادەبن

09-12-2018 07:54

 

پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

 

لە نامەیەكدا كە لە زیندانەوە نوسیویەتی، سەڵاحەدین دەمیرتاش داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكات پاڵپشتی بكەن‌و ئامادەبن لەو دادگاییەی بڕیارە لەم هەفتەیەدا بەڕێوەبچێت.

 

"ئەم نامەیە لە ژووری گرتوخانەكەمدا دەنوسم لە زیندانی تایبەت بە سزا قورسەكان كە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە تێیدا بەندكراوم،" دەمیرتاش لە سەرەتای نامەكەیدا كە بۆ ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەڕەنسی نوسیوە وا دەڵێت.

 

هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) دەشڵێت"لە ئێستادا نزیكەی پێنج هەزار لە ئەندامانی پارتەكەم، هەدەپە، دەستگیركراون، ئەمڕۆ 58 قایمقام و نۆ پەرلەمانتار، لە نێویاندا من، لە زیندادان."

 

سەڵاحەدین دەمیرتاش ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو خولێكی دیكەی دادگاییكردنەكەی دەستپێدەكات و دەچێتە بەردەم دادوەر وتەی لێ وەردەگیرێت، هەربۆیە داوا لە نوێنەرانی ڕۆژنامەی لۆمۆند و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكات لە دادگاییكردنەكەیدا ئامادەبن، دەڵێت"سوپاسگوزارم بۆ پاڵپشتی و گەیاندنی پەیامەكەم."

 

دەمیرتاش لە درێژەی نامەكەیدا نوسیویەتی"لەپێناو ئازادی ڕادەربڕینمان، مافی سیاسەتكردنمان، ئەو جیاكارییەی بەهۆی شوناسی كوردبوونمانەوە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، هەروەها ئاسایشی خۆمان داوای پاڵپشتی و هاوكارییتان دەكەم. داواتان لێ دەكەم یارمەتیمان بدەن لە هەوڵەكانماندا بۆ گەیشتن بە ئازادیی و دیموكراسی. متمانەم هەیە ئێوە كار دەكەن بۆ گەیاندنی پەیامەكەمان بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، پرسەكە هێندەی ژیان و مەرگ گرنگە."

 

دەمیرتاشی تەمەن 45 ساڵ، ماوەی 2 ساڵە لە زیندانە بە تۆمەتی بوونی پەیوەندیی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) كە توركیا بە "ڕێكخراوێكی تیرۆریستی" لە قەڵەمی دەدات، بۆ ئەو مەبەستەش داوای 142 ساڵ زیندانیی بۆ دەكرێت، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە ئەو تۆمەتانە ڕەت دەكاتەوە و دۆسیەكەی بە "سیاسیی" ناودەبات.

 

نامەكەی دەمیرتاش لە كاتێكدایە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا 20ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بڕیاری ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاشی دەركردو داوای لە دادگای توركیا كرد ڕێكاری پێویست بگرێتەبەر بۆ ئازادكردنی، دادگای ئەوروپا پێیوایە، دەستگیركردنەكەی دەمیرتاش بە تۆمەتی تیرۆر هەوڵێك بووە بۆ "كپكردنی دەنگی جیاواز."

 

هەرچەندەتوركیا ئەندامی دادگاكەیە‌و پێویستە پابەندی بڕیارەكە بێت، بەڵام ئەو داوایەی دادگا ئەوروپییەكەی ڕەتكردەوە.

 

دادگای ئەوروپی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە ئەنجامی ڕێككەوتنی ئەوروپی بۆ مافەكانی مرۆڤ لەساڵی 1950 دامەزرێنرا، هەموو ئەندامەكانی "ئەنجومەنی ئەوروپی" كە 47 وڵاتن، ئەندامی ئەو دادگایەن و نوێنەریان هەیە، توركیاش یەكێكە لەو وڵاتانەی ئەندامی لەو دادگایە هەیە.

 

ساڵێك زیاترە كورسیی توركیا لە دادگا ئەوروپییەكە خاڵییە، ئەوەش بە هۆكارێكی سیاسیی كە پەیوەندی بە پارتەكەی ئەردۆغان‌و بزوتنەوەكەی فەتحوڵا گولەنەوە هەیە.

 

كورسییەكەی توركیا لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە مانگی 4ی ساڵی ڕابردووەوە خاڵییە، ئەنقەرە لە ساڵی 2016وە ناوی 10 دادوەری پێشكەش كردووە بۆ وەرگرتنیان لەو دادگایە، بەڵام هەر هەموویان لەلایەن دادگاكەوە ڕەتكراونەتەوە.

 

ڕۆژنامەی یەنی شەفەق-ی توركی لەو بارەیەوە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، لە كاتی چاوپێكەوتندا پرسیاری ئەوە لە دادوەرانی تورك دەكرێت كە ئایا "ڕێكخراوی گولەن تیرۆریستە؟" دادوەرەكانیش بەهۆی ئەوەی پاڵێوراوی پارتی داد و گەشەپێدانن(پارتەكەی ئەردۆغان)، بە "بەڵێ" وەڵام دەدەنەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی وەرنەگرتنیان، چونكە بەپێی یاسای دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا پێویستە دادوەرانی ئەندام لەو دادگایە، لە كێشەو گرفتە سیاسییەكانی وڵاتەكانیاندا بێلایەن بن، ئەگەر نا، ناتوانن بێلایەنانە بڕیار بدەن.

 

هەرچەندە دوای بڕیارەكەی دادگای ئەوروپا بۆ ئازادكردنی دەمیرتاش ئەردۆغان سوورە لەسەر ئەوەی ئەو بڕیارە بۆ ئەوان "پابەندكەر" نییە و جێبەجێی ناكەن، بەڵام بەو پێیەی توركیا یەكێكە لە واژۆكەرانی پەیماننامەی ئەوروپی، لە ڕووی یاساییەوە پابەندی دەكات بە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانە كە دادگاكە دەریدەكات.

 

پێشتریش لە چەندین كەیسدا دادگاكە سزای دارایی بەسەر ئەنقەرەدا سەپاندووە بەهۆی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤەوەو ئەگەر بڕیاری ئازادكردنی دەمیرتاش جێبەجێ نەكات، پێدەچێت ڕوبەڕوی سزا ببێتەوە.

 

هاوكات جێبەجێ نەكردنی بڕیاری ئازادكردنی دەمیرتاش، كاریگەریی خراپی لەسەر پەیوەندییەكانی توركیاو یەكێتی ئەوروپا دەبێت كە بەهۆی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە توركیا بەتایبەت لە بەرامبەر سیاسەتمەدارو ڕۆژنامەنوس‌و چالاكوانان، ئەو وڵاتە ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووند بووەتەوەو ئەوپرسانە یەكێكن لە دیارترین ڕێگرییەكانی بەردەم توركیا بۆ بوون بە ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا.