پارتی‌و یەكێتی لە ئاستی باڵادا بۆ ڕێككەوتنێكی نوێی نێوانیان كۆدەبنەوە

10-12-2018 09:27
دوای زیاتر لە دوو مانگ گرژیی‌و ناكۆكی نێچیرڤان بارزانی‌و كۆسرەت ڕەسوڵ كۆدەبنەوە.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

بڕیارە سبەینێ پارتی‌و یەكێتی لە ئاستی باڵادا كۆببنەوەو ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی نوێی سیاسی لە نێوانیان‌و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت تاوتوێ بكەن، یەكێتی پێداگرە لەوەی بەرلە چوونە ناو وردەكاریی چۆنییەتی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، ڕێككەوتنێكی سیاسیی لەگەڵ پارتی واژۆ بكات.

 

كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی لە پارتی‌و كۆسرەت ڕەسوڵ لە یەكێتی دەبێت‌و بڕیارە لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر ئەنجامبدرێت، ئەو كۆبوونەوەیە دوای زیاتر لە دوو مانگ كۆنەبوونەوەی ئەو دوو حیزبە لە ئاستی باڵاو گرژیی‌و ناكۆكییەكانی نێوانیان دێت كە بەهۆی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقەوە دروست بوو.

 

سەرچاوەیەكی باڵای پارتی كە ئاگاداری وردەكاریی كۆبوونەوەكەیە بۆ پەرەگراف وتی"یەكێتی پێداگریی دەكات بەرلەوەی گفتوگۆكانی وردەكاریی چۆنیەتی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ئەنجامبدرێت‌و ڕێككەوتن لەوبارەیەوە بكرێت، لەگەڵ پارتی ڕێككەوتنێكی سیاسیی گشتگیر ئەنجام بدات."

 

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، پارتی لاری نییە لە ئەنجامدانی ئەو ڕێككەوتنە، وتی"پارتی دەڵێت مەرجە تەواوی ئاڕاستەكانی ناو یەكێتی پابەندی ڕێككەوتنەكەبن، نەك هەندێك پابەند بن‌و هەندێك پابەند نەبن پێوەی."

 

كۆبوونەوەكە لە كاتێكدایە، بڕیارە پارتی ڕۆژانی داهاتوو گەڕی دووەمی سەردانەكانی بۆلای حیزبەكان ئەنجامبدات بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بۆئەوەش سەرەتا سەردانی یەكێتی دەكات كە براوەی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە.

 

ڕزگار عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەنجامدانی كۆبوونەوەكەی سبەینێی نێوان حیزبەكەی‌و پارتی بۆ پەرەگراف پشتڕاست كردەوە، وتی "ئاگادارم كۆبوونەوە هەیە، بەڵام من لەو وەفدە نیم. لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمە لەوە زیاتر زانیاریم نییە." بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر پەرەگراف پەیوەندیكرد بە سەعدی پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی یەكێتی، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.

 

پارتی‌و یەكێتی مانگی 8ی ساڵی ڕابردوو ڕێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی نوێ كە ئامانجەكانی ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان لە خۆبگرێت. ڕێككەوتنەكە ئەوكات لە كۆبوونەوەی باڵای نێوان ئەو دوو حیزبە بڕیاری لەسەر دراو بڕیاربوو لیژنەیەك پێكبهێنرێت بۆ نوسینەوەی، بەڵام كێشەو گرژییەكانی نێوان ئەو دوو حیزبە پڕۆسەكەی ڕاگرت.

 

پارتی‌و یەكێتی لەساڵی 2007ەوە ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان واژۆكردوە كە تێیدا دەسەڵاتیان بە شێوەی 50 بە 50 لە هەرێمی كوردستان‌و عێراق لەناو خۆیاندا دابەشكرد.

 

ئێستا كە پارتی خاوەنی 45 كورسی پەرلەمانی كوردستانەو یەكێتی 21 كورسیی هەیە، پارتی دەڵێت سەردەمی 50 بە 50 بەسەرچووەو یەكێتیش بەوە ڕازییە، بەڵام دەڵێت، دەبێت خەبات‌و مێژوو و ناوچەی جوگرافیی‌و هەبوونی هێزی چەكدار لەبەرچاو بگیرێت بۆ سەنگی یەكێتی.

 

ماوەی چەند ساڵێكە یەكێتی ڕێككەوتنی ستراتیژی ڕوبەڕوی ڕەخنە كردووەتەوەو پێیوایە وەك خۆی جێبەجێ نەكراوەو "هاوسەنگیی نەپاراستووە" لە دابەشكاریی پۆستە حكومییەكاندا، ئەو ڕێككەوتنە ئێستا بە هەڵوەشاوە دادەنرێت‌و پابەند نین پێوەی.

 

كۆبوونەوەی پارتی‌و یەكێتی لە ئاستی باڵادا كاریگەریی دەبێت لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو حیزبە دوای گرژیی‌و ئاڵۆزییەكانی نێوان كە بەهۆی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017‌و دواتریش بەهۆی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقەوە لە نێوانیان دروست بوو.

 

ململانێی نێوان پارتی‌و یەكێتی لە 13 ساڵی ڕابردوودا ڕووینەداوە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەمە یەكەمجار بوو، هەربۆیە پرسەكە بوو بووە بردنەوەو دۆڕان یان شكاندن‌و سەركەوتنی لایەك بەسەر لایەكی دیكەدا، دواجار بەرهەم ساڵح وەك كاندیدی یەكێتی سەركەوت كە بۆئەو پۆستە وازی لە حیزبە نوێیەكەی هێناو گەڕایەوە ناو یەكێتی، بۆئەوەش باجێكی زۆریدا لەناو خەڵكداو لەسەر سومعەی سیاسیی كەوت.

 

هەرچەندە بوونی بەرهەم ساڵح بە سەرۆك كۆماری عێراق ئێستا ئەمری واقیعە، بەڵام هێشتا پارتی ئامادەنییە دانی پێدا بنێت‌و لەوەتەی ئەو پۆستەی وەرگرتووە بەرهەم ساڵح نەچووەتە شاری هەولێرو دهۆك، تەنها سلێمانی‌و هەڵەبجەی بینیوە ئەوەش لەبەرئەوەی پارتی پێشوازیی لێ ناكات.

 

هەروەها كۆبوونەوەكەی پارتی‌و یەكێتی كاریگەریی دەبێت لەسەر هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، هەرچەندە ئێستا پێكهێنانی حكومەت بۆ پارتی كە 45 كورسی هەیە، ئاسانەو لەگەڵ كەمینەكانی پەرلەمان كە 11 كورسییان هەیە دەتوانێت كابینەی نوێ پێكبهێنێت‌و دەنگی 50+1ی پەرلەمانتاران مسۆگەر بكات(56 لە 111)، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ئاسەوارەكانی دوو ئیدارەیی، لە واقیعدا ناتوانێت حكومەتێكی یەكگرتوو لەسەر زەویی پێكبهێنێت بەبێ بەشداریی حیزبە براوەكانی پارێزگای سلێمانی، بەتایبەت یەكێتی دواتر گۆڕان.

 

لە سەرەتای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لە ساڵی 1992 تائێستا، یەكێتی بەردەوام پێكهێنەری سەرەكیی حكومەت بووە بە دوو ئیدارەیی‌و ئیدارەی یەكگرتووشەوە، ئێستاش بەشداربوونی لە كابینەی نوێ یەكلایی بووەتەوەو ماوەتەوەسەر وردەكاریی دابەشكردنی پۆستەكان، كە ڕەنگە لە كۆبوونەوەی سبەینێی نێوانیان خاڵ بخەنەسەر پیت لەوباریەشەوە.