پارتی‌و یەكێتی ڕێككەوتنێكی نوێی گشتگیر ئەنجام دەدەن

11-12-2018 06:35
بە سەرپەرشتی كۆسرەت ڕەسوڵ‌و نێچیرڤان بارزانی، ئەمڕۆ پارتی‌و یەكێتی بۆ ڕێككەوتنێكی نوێ كۆبوونەوە. وێنە؛ سوركێو محەمەد/ پەرەگراف

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

پارتی‌و یەكێتی ڕێككەوتن لەسەر ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانیان‌و ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی نوێی گشتگیر، بۆئەو مەبەستەش لیژنەیەك بۆ نوسینەوەی ڕێككەوتنەكە پێكدەهێنن.

 

ئەو دوو حیزبە كە مێژوویەكیان لە كاری پێكەوەیی‌و حوكمڕانیی هەرێم هەیە، ماوەی ساڵێكە ناكۆكی تووند لە نێوانیان دروست بووە، بڕیاری ڕێككەوتنی نوێ‌و ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانیان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا هاتووە بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی‌و كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی.

 

ئەو كۆبوونەوەیە دوای زیاتر لە دوو مانگ كۆنەبوونەوەی ئەو دوو حیزبە لە ئاستی باڵاو گرژیی‌و ناكۆكییەكانی نێوانیان هات كە بەهۆی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقەوە دروست بوو، گەیشتە ئەوەی بۆ ماوەیەك بە تەواوی لەیەك داببڕێن.

 

پەرەگراف لە سەرچاوەی ئاگادارەوە زانیویەتی، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا هەردوو حیزب "مەبدەئییەن لەسەر ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی گشتگیر كۆك بوون"، بەڵام نەچوونەتە وردەكارییەوەو سپاردوویانە بە لیژنەیەكی نێوانیان كە بۆ نوسینەوەی پێكدەهێنرێت.

 

هاوكات بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، پارتی‌و یەكێتی گفتوگۆیان لەسەر "چەند بابەتێكی گرنگ و هەستیار و هەنووكەیی" كردووە لەوانە؛ ڕێكخستنەوەی باشتری پەیوەندییە دووقۆڵییەكانییان كە "لە ئاستی پێویستی قۆناغەكەدا بێت لەڕووی سیاسی و ئابووری و پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانەوە بەشێوەیەك كە پشتیوانی بەهێز بێت بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان."

 

هەروەها پێكەوە كاركردن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم‌و حكوومەتی فیدراڵ لە هەموو ئاستەكاندا، لەگەڵ لابردنی بەربەستەكان بۆ زیاتر بەرەوپێشەوەچوون لە چارەسەركردنی كێشەی كەركوك‌و ناوچە كێشە لەسەرەكان‌و هەموو ئەو با‌بەتانەی كە ناكۆكییان لەسەرە‌و ئامادەبوونی كورد لە بەغدا بەشێوەیەكی كارا و بەهێز.

 

ڕۆژێك بەرلەوەی كۆبوونەوەكە ئەنجام بدرێت پەرەگراف  لە زاری سەرچاوەیەكی باڵای پارتی ئەوەی ئاشكرا كرد، كۆبوونەوەكە بۆ ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی نوێی سیاسی لە نێوانیان‌و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەبێت.

 

ئەو سەرچاوەیە وتی"یەكێتی پێداگریی دەكات بەرلەوەی گفتوگۆكانی وردەكاریی چۆنیەتی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ئەنجامبدرێت‌و ڕێككەوتن لەوبارەیەوە بكرێت، لەگەڵ پارتی ڕێككەوتنێكی سیاسیی گشتگیر ئەنجام بدات."

 

وتیشی، پارتی لاری نییە لە ئەنجامدانی ئەو ڕێككەوتنە، "پارتی دەڵێت مەرجە تەواوی ئاڕاستەكانی ناو یەكێتی پابەندی ڕێككەوتنەكەبن، نەك هەندێك پابەند بن‌و هەندێك پابەند نەبن پێوەی." ئەمڕۆش ئاڕاستە جیاوازەكانی یەكێتی لەناو شاندی ئەو حیزبەدا بوون بۆ كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ پارتی.

 

لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەی پارتی‌و یەكێتیدا هاتووە"دانانی لیژنەیەك بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیەكی ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكان بەشێوەیەكی گشتی بۆ هەبوونی هەڵوێستی هاوبەش دەربارەی چۆنیەتیی مامەڵەو دیدگای هاوبەش سەبارەت بە عێراق‌و ناوخۆی كوردستان‌و دەوروبەر، هەروەها بەرچاوڕوونی لەسەر ڕووداو و پێشهاتەكان."

 

ئەوە لە كاتێكدایە، بڕیارە پارتی ڕۆژانی داهاتوو گەڕی دووەمی سەردانەكانی بۆلای حیزبەكان دەستپێبكات بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆشدا ئەو پرسە تاوتوێ كراوەو ڕاگەیەندراوەكە دەڵێت"پشتگیریكردن لە لیژنەی تایبەت بە پێكهێنانی كابینەی نۆیەم و ئۆرگانەكانی دیكە بۆ دابینكردنی سەقامگیری و حوكمڕانیی سەرتاسەری لەسەر بنەمای یاسا و ‌هاوبەشیی هەموو ئەو حزبانەی كە بەشداری لە كابینەی‌ داهاتوودا دەكەن."

 

پارتی‌و یەكێتی مانگی 8ی ساڵی ڕابردوو ڕێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی نوێ كە ئامانجەكانی ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان لەخۆ بگرێت. ڕێككەوتنەكە ئەوكات لە كۆبوونەوەی باڵای نێوان ئەو دوو حیزبە بڕیاری لەسەر دراو بڕیاربوو لیژنەیەك پێكبهێنرێت بۆ نوسینەوەی، بەڵام كێشەو گرژییەكانی نێوان ئەو دوو حیزبە پڕۆسەكەی ڕاگرت.

 

ئەو دوو حیزبە لەساڵی 2007ەوە ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان واژۆكرد كە تێیدا دەسەڵاتیان بە شێوەی 50 بە 50 لە هەرێمی كوردستان‌و عێراق لەناو خۆیاندا دابەشكرد، بەڵام ئێستا كار بەو ڕێككەوتنە ناكرێت‌و بە هەڵوەشاوە دادەنرێت.

 

ئێستا كە پارتی خاوەنی 45 كورسی پەرلەمانی كوردستانەو یەكێتی 21 كورسیی هەیە، پارتی دەڵێت سەردەمی 50 بە 50 بەسەرچووەو یەكێتیش بەوە ڕازییە، بەڵام دەڵێت، دەبێت خەبات‌و مێژوو و ناوچەی جوگرافیی‌و هەبوونی هێزی چەكدار لەبەرچاو بگیرێت بۆ سەنگی یەكێتی.

 

ماوەی چەند ساڵێكە یەكێتی ڕێككەوتنی ستراتیژی ڕوبەڕوی ڕەخنە كردووەتەوەو پێیوایە وەك خۆی جێبەجێ نەكراوەو "هاوسەنگیی نەپاراستووە" لە دابەشكاریی پۆستە حكومییەكاندا.

 

كۆبوونەوەی پارتی‌و یەكێتی لە ئاستی باڵادا كاریگەریی دەبێت لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو حیزبە‌و ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە، بەتایبەت دوای گرژیی‌و ئاڵۆزییەكان كە بەهۆی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017‌و دواتریش بەهۆی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقەوە لە نێوانیان دروست بوو.

 

ململانێی نێوان پارتی‌و یەكێتی لە 13 ساڵی ڕابردوودا ڕووینەداوە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەمە یەكەمجار بوو، هەربۆیە پرسەكە بوبووە بردنەوەو دۆڕان یان شكاندن‌و سەركەوتنی لایەك بەسەر لایەكی دیكەدا، دواجار بەرهەم ساڵح وەك كاندیدی یەكێتی سەركەوت كە بۆئەو پۆستە وازی لە حیزبە نوێیەكەی هێناو گەڕایەوە ناو یەكێتی، بۆئەوەش باجێكی زۆریدا لەناو خەڵكداو لەسەر سومعەی سیاسیی كەوت.

 

هەرچەندە بوونی بەرهەم ساڵح بە سەرۆك كۆماری عێراق ئێستا ئەمری واقیعە، بەڵام هێشتا پارتی ئامادەنییە دانی پێدا بنێت‌و لەوەتەی ئەو پۆستەی وەرگرتووە بەرهەم ساڵح نەچووەتە شاری هەولێرو دهۆك، تەنها سلێمانی‌و هەڵەبجەی بینیوە ئەوەش لەبەرئەوەی پارتی پێشوازیی لێ ناكات.

 

هەروەها كۆبوونەوەكەی پارتی‌و یەكێتی كاریگەریی دەبێت لەسەر هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی.

 

هەرچەندە ئێستا پێكهێنانی حكومەت بۆ پارتی كە 45 كورسی هەیە، ئاسانەو لەگەڵ كەمینەكانی پەرلەمان كە 11 كورسییان هەیە دەتوانێت كابینەی نوێ پێكبهێنێت‌و دەنگی 50+1ی پەرلەمانتاران مسۆگەر بكات(56 لە 111)، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ئاسەوارەكانی دوو ئیدارەیی، لە واقیعدا ناتوانێت حكومەتێكی یەكگرتوو لەسەر زەویی پێكبهێنێت بەبێ بەشداریی حیزبە براوەكانی پارێزگای سلێمانی، بەتایبەت یەكێتی دواتر گۆڕان.

 

لە سەرەتای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لە ساڵی 1992 تائێستا، یەكێتی بەردەوام پێكهێنەری سەرەكیی حكومەت بووە بە دوو ئیدارەیی‌و ئیدارەی یەكگرتووشەوە، ئێستاش بەشداربوونی لە كابینەی نوێ یەكلایی بووەتەوەو ماوەتەوەسەر وردەكاریی دابەشكردنی پۆستەكان.

 

ئێستا ئەوەی یەكلایی بووەتەوە لەگەڵ بەشداربوونی یەكێتی لە كابینەی نوێ، ئۆپۆزسیۆن بوونی نەوەی نوێ، حیزبی شیوعی‌و یەكگرتووی ئیسلامییە، هەریەكە لە گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بڕیاری كۆتاییان نەداوە، بەڵام ڕای بەهێز لەناو گۆڕان بە ئاڕاستەی بەشداربوونە لە كابینەی نوێ ئەوەش هەمان خواستی پارتییە.