بارزانی: سەردەمی 50 بە 50 و كۆسپ دانان نەماو گۆڕانكاریی گەورە دەكەین

12-12-2018 07:49
بارزانی دەڵێت بەڵێنی هەڵبژاردن جێبەجێ دەكەن بۆ چاكسازیی. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، سەردەمی 50 بە 50 بەسەرچووەو حكومەتێكی بەهێز لە هەرێم دادەمەزرێ‌و گۆڕانكاریی گەورە لە هەموو ئاستەكاندا دەكەن.

 

وتەكانی بارزانی هاوكاتە لەگەڵ كۆبوونەوەی پارتی‌و گۆڕان لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ‌و ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانیان، هەروەها دوای ڕۆژێكە لە كۆبوونەوەی پارتی‌و یەكێتی كە ڕێككەوتن لەسەر ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانیان‌و ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی نوێی گشتگیر.

 

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە حیزبەكەی خاوەنی زۆرترین كورسییە لە پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ لە ساڵیادی(داستانی لۆمانا كە ساڵی 1961 پێشمەرگە تۆماریكردووە) لە شاری دهۆك وتارێكی پێشكەشكرد.

 

بارزانی لەبارەی دۆخی ئەمڕۆی هەرێمەوە ئەوەی خستەڕوو، وەك پێشتر وتویانە ئەگەر پارتی بە بەهێزیی لە هەڵبژاردنەكانی هەرێم هاتە دەرەوە، گۆڕانكاریی‌و چاكسازیی دەكەن، ئێستاش كە خاوەنی زۆرترین كورسین لە پەرلەمانی كوردستان بەڵێنەكەیان جێبەجێ دەكەن.

 

"گۆڕانكاریی‌و چاكسازیی باش دەكرێت بنەمایەكی باش دانراوە بۆ ڕێككەوتنی پارتی‌و لایەنەكان‌و ڕێككەوتنێك كە لە خزمەتی گەلی كوردستاندا بێت، لەبەرئەوە من گەشبینم‌و گفتوگۆش دەستپێكردووەو دۆخێكی نوێ هاتووەتە ئارا" بارزانی وای وت.

 

سەرۆكی پارتی باسیلەوەكرد، حیزبەكەی نابێت بە غروری سەركەوتن‌و كورسییەكانی لە پەرلەمان مامەڵە بكات، وتی"بەڵام بێشك دۆخی 50 بە 50‌و ئەو دۆخەی زۆر كۆسپ دادەنران لە ڕێگەدا نەما، ئەو متمانەیەی خەڵكی كوردستان دای بە پارتی، پارتی دەیەوێت ئەو متمانەیە بەكاربهێنێت بۆ خزمەتی ئەوان، برادەرانی دیكە دەیانەوێت شەریكی ئێمەبن بەخێربێن، بەڵام پارتی ناگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێگایەی پێشتر حكومەتی پێ دادەنراو كاری پێدەكرا."

 

بارزانی وتیشی"ئومێدمان هەیە چاكسازی گەورە دەكرێت‌و ئێمە پێمانخۆشە لایەنی دیكەش بەشداربن، لەو بارەیەوەش لیژنەیەك دانراوەو گفتوگۆ دەكەن لەگەڵ حیزبەكان‌و ئەوەی بەرژەوەندیی تێدابێت ئەوە دەكرێت، حكومەتێكی بەهێز دادەمەزرێت‌و گۆڕانكاریی بنەڕەتی لە هەموو ئاستەكاندا دەكرێت."

 

وتەكانی بارزانی لە كاتێكدابوو هەر ئەمڕۆ شاندی گۆڕان بە سەرۆكایەتی عومەر سەید عەلی ڕێكخەری گشتی‌و پارتی بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی ئەو حیزبە لە هەولێر كۆبوونەوەو پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەت‌و پەیوەندییەكانیان تاوتوێ كرد.

 

لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە"تووندوتۆڵكردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و ڕێكخستنەوەیان بە ‌گوێرەی قۆناخەكە، هەلومەرجی سیاسی و ئابووریی كوردستان و پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان، هەروەها پەیوەندی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و وڵاتانی دەوروبەر كە بە شێوەیەكی گشتی ئەم پەیوەندییە دووقۆڵییە لە خزمەت پێشكەوتن و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و نیشتماندا بێت."

 

پارتی‌و گۆڕان گفتوگۆیان لەسەر كاری پێكەوەیی كردووە بۆ دروستكردنی یەكگوتاریی كوردستان بۆ ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكانەوە هەیە.

 

سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە دەڵێت"گفتوگۆ كرا و بیروڕا گۆڕدرایەوە و هەردوولا لەسەر ئەوە كۆك بوون كە قۆناخەكە و هەلومەرجەكە یەكڕیزی و مشوورخۆریی هەموو لایەكی پێویستە و دەبێت‌ بە ئاِراستەی جیدی بۆ باشتركردنی بژێوی ژیانی خەڵكی كوردستان و ڕیفۆرمی پێویست لە بوارە جیاجیاكاندا بۆ دابینكردنی زیاتری سەقامگیری و دڵنیایی و بەهێزبوونی هەرێمی كوردستان بۆ بەرگەگرتنی تەحەدییەكان، هەنگاوی گونجاو هەڵێنرێت."

 

كۆبوونەوەكەی پارتی‌و گۆڕان، دوای كۆبوونەوەی باڵای پارتی‌و یەكێتی هات كە دوێنێ ئەنجامدراو تێیدا ڕێككەوتن لەسەر ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانیان‌و ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی نوێی گشتگیر، بۆئەو مەبەستەش لیژنەیەك بۆ نوسینەوەی ڕێككەوتنەكە پێكدەهێنن.

 

هەرچەندە ئێستا پێكهێنانی حكومەت بۆ پارتی كە 45 كورسی هەیە، ئاسانەو لەگەڵ كەمینەكانی پەرلەمان كە 11 كورسییان هەیە دەتوانێت كابینەی نوێ پێكبهێنێت‌و دەنگی 50+1ی پەرلەمانتاران مسۆگەر بكات(56 لە 111)، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ئاسەوارەكانی دوو ئیدارەیی، لە واقیعدا ناتوانێت حكومەتێكی یەكگرتوو لەسەر زەویی پێكبهێنێت بەبێ بەشداریی حیزبە براوەكانی پارێزگای سلێمانی، بەتایبەت یەكێتی دواتر گۆڕان.

 

لە سەرەتای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لە ساڵی 1992 تائێستا، یەكێتی بەردەوام پێكهێنەری سەرەكیی حكومەت بووە بە دوو ئیدارەیی‌و ئیدارەی یەكگرتووشەوە، ئێستاش بەشداربوونی لە كابینەی نوێ یەكلایی بووەتەوەو ماوەتەوەسەر وردەكاریی دابەشكردنی پۆستەكان.

 

ئێستا ئەوەی یەكلایی بووەتەوە لەگەڵ بەشداربوونی یەكێتی لە كابینەی نوێ، ئۆپۆزسیۆن بوونی نەوەی نوێ، حیزبی شیوعی‌و یەكگرتووی ئیسلامییە، هەریەكە لە گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بڕیاری كۆتاییان نەداوە، بەڵام ڕای بەهێز لەناو گۆڕان بە ئاڕاستەی بەشداربوونە لە كابینەی نوێ‌و پێدەچێت هەرئەوە بكەنە دوابڕیار لە جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەكە، ئەوەش هەمان خواستی پارتییە.