تۆپبارانەكانی توركیاو وێرانكردنی كوردستان بە گێڕانەوەی ڕۆژنامەنووسێكی بەریتانی

18-12-2018 08:13
خێزانی هیمداد عوسمان لەسەر گۆڕی كوڕەكەیان كە بەهۆی بۆمبارانی توركیاوە كوژراوە.

 

پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

 

ڕۆژنامەی ئیندپێندێنت دەنووسێت: بەهۆی ئەوەی ئێمە گرنگیمان نەدا بەو هەزاران گوندە كوردییەی كە توركیا لە ساڵانی 1990ـكاندا وێرانی كردن، دەوڵەتی توركیا هێشتا باوەڕی وایە دەتوانێت چی بوێت بیكات بەبێ ئەوەی چاودێریی بكرێت.

 

پەیامنێری ئەو ڕۆژنامە بەریتانییە باسلەوە دەكات، ئەو كاتەی گەیشتوونەتە گوندی بەرمیزەی سەر بە دەڤەری برادۆستی سنووری قەزای سۆران، لە پارێزگای هەولێر، ساڵێكی تەواو تێپەڕیبوو بەسەر بۆمبارانێكی توركیا، كە بووە هۆی كوژرانی پیاوێكی تەمەن 20 ساڵ بەناوی هیمداد عوسمان دەروێش لە كاتێكدا بە ئۆتۆمبێلەكەی بۆ سەر كار دەچوو. پەیامنێرەكە ئاماژە بەوە دەكات كە لەكاتی بۆردومانەكەدا هاوڵاتی مەدەنیی دیكەش لەسەر ڕێگاكە بوون، بەڵام هیچ گەریلایەكی پەكەكەی لێ نەبووە، كە توركیا بەردەوام بەبیانووی بوونی ئەوانەوە بۆمبارانی گوندە كوردییەكان دەكات.

 

هیمداد لە دوای خۆی ژنێك و كوڕێكی چوار ساڵانی جێهێشت. لە ساڵیادی كوژرانەكەیدا ژنان و پیاوانی گوندەكە لەسەر گۆڕەكەی كۆبوونەوە، پیاوەكان باس لەوە دەكەن چۆن ئەو 13 بنكە سەربازییەی سوپای توركیا كە لەسەر بەرزاییەكانی دەوروبەری گوندەكە جێگیركراون، ژیانی لێ تێكداون، ئەو بنكانە بەپێی سنورە نێودەوڵەتییەكان، دەكەونە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و عێراقەوە.

 

سوپای توركیا بەبێ ئەوەی دانی پێدا بنێت، دەیەوێت ئەو گوندە لە دانیشتوانەكەی چۆڵ بكات، هەركام لە گوندییەكان 400 مەتر كەمتر لە یەكێك لە بنكە سەربازییەكان نزیك ببێتەوە، مەترسی ئەوەی لەسەرە فیشەكی پێوەبنرێت یاخود تەنانەت تۆپبارانیش بكرێت.

 

دەیان گوندی كوردیی بە درێژایی سنورەكان ڕووبەڕووی دۆخێكی هاوشێوە دەبنەوە، هەردوو دەوڵەتی ئێران و توركیا بۆمبارانی ئەو گوندانە دەكەن، بە بیانووی بوونی ئەو گەریلایانەی شەڕی ئەو حكومەتانە دەكەن و زیاتر لە چیاكاندا نیشتەجێن.

 

ئیندپێندێنت ئاماژە بەوەدەكات كە هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی توركیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پێ ناچێت لایان گرنگ بێت ئەو فڕۆكە جەنگیانەی دەیفرۆشن بە توركیا، بۆمبارانی هاوڵاتییە مەدەنییە كوردەكانی پێدەكرێت، توركیاش گرنگ نییە بەلایەوە، بەو پێیەی وادیارە پلانێكی درێژخایەنی هەیە بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی دەوڵەتی عوسمانی.

 

شەماڵ حەسەن لەسەر مەزاری حەوت كەسی خێزانەكەی لە ناویاندا ژن‌و دوو منداڵ‌و باپیرو داپیری منداڵەكان كە سەرجەمیان بە بۆمبارانێكی توركیا كوژران.

 

تا ساڵی 2003، بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، توركیا نزیكەی 4 هەزار گوندی كوردستانی وێران كردووە.

 

پەیامنێری ڕۆژنامە بەریتانییەكە ڕۆژی دواتر سەردانی خێزانی دونیا ڕەشید-ی كردووە، كە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا لە ئاكامی تۆپبارانێكی سوپای توركیادا گیانی لەدەستدا، لەو كاتەی لە گوندی هەلانیە سەرقاڵی كەنگر كردن بووە.

 

ئەو ئۆتۆمبێلەی كەسوكارەكەی شەماڵی تێدابوو بووە ئامانجی فڕۆكەكانی توركیا.

 

دایكی دونیا ڕووداوەكە دەگێڕێتەوە و باس لەوە دەكات، سەرەتا ئەو ڕۆژە كچەكەیان نەیوستووە بچێت بۆ كەنگر كردن، بەڵام دواتر كە بینیویەتی زۆربەی هاوڕێكانی چوون، ئەویش بۆچوونی گۆڕاوە و ڕۆیشتووە لەگەڵیاندا، دواتر دایكی دەبەیەك ئاوی زیادەی داوەتێ، چونكە ئەو ڕۆژە زۆر گەرم بووە، بەڵام دونیا نەیبردووەو وتویەتی خەمی منتان نەبێ، باش دەبم، كەچی دوای چەند كاتژمێرێك كەوتەبەر تۆپێكی توركیا و گیانی لەدەست دا.

 

لە دوای ڕووداوەكە سوپای توركیا دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنەكە و پارچەی تۆپەكەیان كۆكردووەتەوە، بە خێزانەكەی دونیاشیان وتووە بڵێن كچەكەمان بۆمبی چێندراوی پێدا تەقیوەتەوە و كوژراوە.

 

ڕۆناهی سەرهات، گەریلایەكی پەكەكە لە قەندیل.

 

باوكی دونیا گلەیی ئەوە دەكات هەرگیز ڕۆژنامەنووسە كوردەكان پەیوەندییان پێوەنەكردووە لەبارەی كوژرانی كچەكەیەوەو هیچ میدیایەكی كوردیی باسی ئەو ڕووداوەی نەكردووە، ڕۆژنامە بەریتانییەكە دەنوسێت"پارتە سیاسییە كوردییەكان هەموو میدیا گەورەكانیان كۆنتڕۆڵكردووە و پارتی دیموكراتی كوردستان، كە كۆنتڕۆڵی ئەو ناوچەیەی كردووە كە ئەو كچەی تێدا كوژراوە، دۆستی توركیایە."

 

"كاتێك ژنێكی ئەمەریكی لە دهۆك كوژرا، هەموو جیهان پێی زانی" باوكی دونیا وادەڵێت. ئەو ڕاستییەی كە كچەكەی لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە كوژراوە و كەس گرنگی پێ نەداوە، بەردەوام ئازاری دەدات.

 

كوژرانی دونیا ئازارێكی گەورەی لەناو ئەو خێزانەدا دروستكردووە، دایكی دەڵێت"ئەگەر دونیا لێرە بوایە، ئێرە جیاواز دەبوو. دڵخۆش دەبوو بە بوونی ئێوە لێرە، هەمووان خۆشیان دەویست. هەر كەس دونیای ناسیبێت، ئێستا وەك من خەفەتبارە. هەموو مامۆستاكانی، هەموو هاوڕێكانی، ئەو زۆر جیاوازبوو، زۆر خۆشەویست، خوا نەیویست لەگەڵمدا بمێنێتەوە، هەمیشە لە پێش چاومە، ئەوەی ڕوویدا كارەساتێكی گەورەبوو بۆ هەموومان."