ئەمەریكا لە سوریا دەكشێتەوە.. سیناتۆرەكان بە "هەڵەیەكی وێرانكەر" ناوی دەبەن

19-12-2018 08:06
دەوریەی هاوبەشی ئەمەریکا و یەپەگە پـێکەوە لە ناوچەی کۆبانێ لە نزیک سنوری تورکیا/ 2-11-2018. وێنە؛ دەنگی ئەمەریكا.

 

پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

 

ئێوارەی ئەمڕۆ میدیاكانی ئەمەریكا هەواڵی بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكایان لە سوریا ڕاگەیاند، تویتێكی دۆناڵد ترەمپیش كە بەدوای هەواڵەكەدا هات، هێندەی تر ئەو هەواڵەی پشتڕاستكردەوەو كاردانەوەی جیاوازی لێ كەوتەوە.

 

كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا مەترسییە بۆسەر كورد بەتایبەت لە كاتێكدایە توركیا دەیەوێت هێرش بكاتەسەر ڕۆژئاوای كوردستان، ساڵح موسلیم یەكێك لە سەركردە دیارەكانی ڕۆژئاوا بۆ پەرەگراف دەڵێت، تاوتوێی بڕیارەكەی ترەمپ‌و چۆنیەتیی مامەڵە لەگەڵ كردنی دەكەن.

 

ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری سەرچاوە ئاگادارەكانی ئەمەریكاوە بڵاویكردەوە، بەرپرسانی ئەمەریكا هێزە هاوبەشەكانیان لە باكوری سوریا لە پلانی كشانەوەی "تەواوەتی و خێرا"ی هێزە ئەمەریكییەكانی سەر خاكی سوریا ئاگاداركردووەتەوە.

 

"فەرمان بە پنتاگۆن(وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا) كراوە بە زووترین كات هێزەكان بباتە دەرەوەی سوریا" بەرپرسێكی ئەمەریكی وای بە ڕۆژنامەكە وتووە.

 

لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە، زیاد لە ڕۆژنامە و ئاژانسێكی دیكەی ئەمەریكی بڕیارە كتوپڕەكەی ئەمەریكایان لە زاری سەرچاوەی جیاوازەوە پشتڕاستكردەوە.

 

تویتێكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە بڕیاری كشانەوە بكات، زیاتر پشتڕاستی بوونی جۆرە بڕیارێكی لەو شێوەیەی كرد، ترەمپ لە تویتەكەیدا نووسیویەتی"داعشمان لە سووریا تێكشكاندووە، ئەوەش تاكە هۆكاری مانەوەی هێزەكانمان بوو لەو وڵاتە، لەماوەی سەرۆكایەتیمدا."

 

دواتر سارە ساندرەز، وتەبێژی كۆشكی سپی ڕاگەیەندراوێكی لەو بارەیەوە بڵاوكردەوە كە تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە داعش لە سوریا تێكشكاوە و ئەوان خۆیان ئامادە دەكەن بۆ قۆناغی دووەمی دوای داعش، هەروەها دوپاتیشیكردوەتەوە كە دەستیانكردووە بە كشانەوەی هێزەكانیان لە سوریا.

 

لە ئێستادا نزیكەی دوو هەزار سەرباز و ڕاوێژكاریی ئەمەریكیی لەسەر خاكی سوریان، ناوچەی جێگیربوونیشیان ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات-ە، كە لەلایەن كوردەكانی سوریاوە بەڕێوەدەبرێن. ئەوەش لە كاتێكدایە هێشتا هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆتاییان بە شەڕی دژی داعش نەهێناوەو لە ئێستادا شەڕ لە شارۆچكەی هەجینی سەر بە پارێزگای دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە.

 

لە بارەی بڕیارەكەی ئەمەریكاوە، ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پێشووی پارتی یەكێتی دیموكرات(پەیەدە) بۆ پەرەگراف وتی"هێشتا هیچ قسەیەكمان نییە لەسەر ئەو بڕیارە، لەناو خۆماندا تاوتوێی دەكەین‌و لە گفتوگۆی ئەوەداین چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بكەین."

 

ساڵح موسلیم كە ئێستا ئەندامی لیژنەی پەیوەندییە دیپلۆماتییەكانی بزووتنەوەی كۆمەڵگەی دیموكراتی لە ڕۆژئاوای كوردستان(تەڤدەم)ە ڕەتیكردەوە لە ئێستادا هیچ بەیاننامەیەكیان هەبێت بۆ ڕایگشتیی. 

 

بڕیارە لەناكاوەكەی ترەمپ بێ كاردانەوە نەبوو، سیناتۆر ماركۆ ڕوبیۆ، ئەندامی كۆنگرێسی ئەمەریكا لەوبارەیەوە لە تویتێكدا ڕایگەیاند"كشانەوەی تەواوەتی و خێرای هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا، هەڵەیەكی گەورەیە و كاریگەریی زیاتری دەبێت لەوەی تەنها شەڕی داعش بێت."

 

هاوكات سیناتۆری كۆمارییەكان لیندزی گراهام، پێیوایە ئەو بڕیارە "دەرەنجامی وێرانكەری" دەبێت، ئەو سیناتۆرە لە تویتەر نووسیوویەتی"كشانەوەی هێزەكانمان لە سوریا هەموو هەوڵەكان كەمدەكاتەوە و كوردەكانی هاوپەیمانمان دەخاتە مەترسییەوە. كشانەوەی ئەو هێزە بچوكەی ئەمەریكا لە سوریا، هەڵەیەكی گەورەی هاوشێوەی هەڵەكەی باراك ئۆباما دەبێت."

 

بڕیارەكەی ئەمەریكا دوای هەڕەشەكانی توركیادێت بۆ پەلاماردانی ڕۆژئاوای كوردستان، هەرچەندە سەرەتا ئەمەریكا هەڕەشەكانی توركیاو هێرشكردنەسەر ڕۆژئاوای كوردستانی بە "قبوڵ نەكراو" ناوبرد، بەڵام دوو ڕۆژ لەمەوبەر سەرۆك كۆماری توركیا ڕایگەیاند، لەگەڵ ترەمپ قسەی كردووە لەو بارەیەوەو وەڵامی "ئەرێنیی" داوەتەوە.

 

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشكرد، هێرشكردنەسەر خاكی سوریا لە ئان‌و ساتدایە بە شێوەیەك كە بگونجێت لەگەڵ پلانەكانیاندا.

 

كوردانی سوریا دەڵێن، ئامانجی ئەردۆغان لە هێرش‌و هەڕەشەی سەر ڕۆژئاوای كوردستان "زیندوو هێشتنەوەی داعشە"و دەیەوێت فشارەكانی شەڕڤانان لەسەر ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە كەمبكاتەوە.

 

داعش ناوچەیەكی كەمی لە خاكی سوریا بە دەستەوە ماوەو لەسەر دەستی شەڕڤانانی كورد گورزی كوشندەی بەركەوتووە، یەپەگە كە هێزی سەربازیی كوردە لە ڕۆژئاوا، بەهێزترین هێزی شەڕكەر بووە دژی داعش‌و توانیویەتی تەواوی خاكی ڕۆژئاوای كوردستان‌و هەندێك ناوچەی دیكەش لە تیرۆریستان پاكبكاتەوە، ئەوەش بە هاوكاریی ئەمەریكاو هاوپەیمانان.

 

پێدەچێت لەگەڵ بەرتەسكبوونەوەی شەڕی داعش‌و نزیكبوونەوە لە كۆتایی هێنان بەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە، ئەمەریكا ئەو هاوسەنگییە لە دەستبدات كە چەند ساڵێكە لە نێوان كورد‌و توركیادا دروستی كردووەو لەمەودوا لە بەرژەوەندیی توركیا بشكێتەوە.

 

ئیدارەی ترەمپ ناتوانێت هەمان سیناریۆی بێلایەنیی دووبارە بكاتەوە وەك كاتی هێرشەكانی سەر عەفرین، چونكە بەگوێرەی یاساكانی پاراستن‌و ڕێككەوتنەكان دەربارەی دۆخی سوریا عەفرین كە دەكەوێتە ڕۆژئاوای فورات لە ژێر پاراستنی ڕوسیادا بوو، بەڵام ڕۆژهەڵاتی فورات كە ئێستا ئەردۆغان هەڕەشەی پەلاماردانی دەكات لە ژێر چاودێریی‌و پاراستنی ئەمەریكادایە.

 

شەڕڤانانی كورد بە پشتیوانیی ئەمەریكا ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی فوراتیان لە داعش ڕزگار كردووە، پێشتر عەبدولكەریم عومەر وەزیری دەرەوەی كانتۆنی جەزیرە بۆ پەرەگراف وتی"ئەمەریكاو هاوپەیمانان دەڵێن ئەو ناوچانەی پێكەوە ڕزگارمان كردووە ئێمە دەیان پارێزین"، بەڵام بە كشانەوەیان لە سوریا ئەو بەڵێنە دەشكێنن.

 

لە چەند ساڵی ڕابردوودا توركیا بەردەوام بووە لە فشارەكانی بۆ سەر ئەمەریكا بە ئامانجی دوورخستنەوەی لە شەڕڤانانی یەپەگە، تەنانەت هەركاتێك سەربازانی ئەمەریكاو شەڕڤانانی یەپەگە پێكەوە دەردەكەون، توركیا تای بەرزدەبێتەوەو ناڕەزایی پیشاندەدات.

 

توركیا یەپەگە(باڵی سەربازی پەیەدە) لە ڕۆژئاوای كوردستان بە بەشێك لە پەكەكە لەقەڵەم دەدات‌و بە "تیرۆریست" ناویان دەبات، بەڵام ئەمەریكا پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ یەپەگە هەبووەو گوێی بە ناڕەزاییەكانی توركیا نەداوە.