بڕیارەكەی ترەمپ بۆ كشانەوە لە سوریا "دیارییەكی مەزنە" بۆ ئەردۆغان‌و "خیانەتە" لە كورد

20-12-2018 01:23
دوای چەند ساڵێك كاری پێكەوەیی دژی تیرۆر، ئەمەریكا شەڕڤانان جێدەهێڵێت.

 

پەرەگراف- رێنوار نەجم

 

"هەمووان شڵەژاون و ترسیان هەیە، ئەمە وا دەگەیەنێت توركیا هێرشمان دەكاتەسەر، ئێمە توشی شۆك بووین، چونكە پێمانوابوو ئەمەریكا یارمەتیمان دەدات بۆ بەدەستهێنانی ئاشتیی دوای داعش، نەماندەزانی هاوكاریمان دەكەن بۆ شكستپێهێنانی داعش و دواتر بەتەنیا جێمان دەهێڵن بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی مەترسی هێزە توركییەكان و هێزە توندڕەوەكانی سەر بەو وڵاتە. ئێستا خەڵك دووبارە بیر لە ئاوارەبوون دەكاتەوە، بەڵام كەس نازانێت چ شوێنێك ئارامە بۆی بڕۆین" ئەمە وتەی مامۆستایەكی خەڵكی كۆبانی یە دەربارەی بڕیاری كشانەوەی ئەمەریكا لە خاكی سوریا.

 

كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان زیانمەندترین لایەنی بڕیارەكەی ئیدارە ترەمپ دەبن، بەجۆرێك، كشانەوەكە توڕەیی، نیگەرانی‌و ترسی لێكەوتووەتەوەو وەك هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بەڕووی هێرشی توركیادا سەیر دەكرێت.

 

بەوتەی ئەو مامۆستایەی كۆبانی كە بۆ كەناڵی فۆكس نیوزی ئەمەریكی قسەی كردووە، بڕیاری كشانەوەكە "خیانەتێكی گەورەیە" لەلایەن ئەمەریكاوە دژی كورد.

 

"هەموو ئەو كەسانەی كاریان بۆ ئەمەریكا كردووە هیچ شوێنێكیان نییە بۆی بڕۆن، ئەوانە لەلایەن چوار لایەنەوە داوا كراون، توركیا بەهۆی ئەوەی كاریان لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات كردووە، ڕژێمی سوریا چونكە ئەوانە بە زۆر پەیوەست دەكرێن بە سوپاوە، لەلایەن سوپای سوریای ئازادیشەوە، تەنانەت ڕەنگە لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراقیشەوە داواكراوبن، چونكە كاریان لەگەڵ هەسەدە كردووە."

 

تەنها خەڵك نیگەران نین، شەڕڤانێكی هێزەكانی سوریای دیموكرات-یەپەگە پێكهێنەری سەرەكییەتی- لە كۆبانی بە فۆكس نیوزی وتووە"هەمووان توڕە و نیگەرانن و ترسیان هەیە، ئەمە هەڵەیەكی مێژووییە، ئێمە دەمانویست بەشێك بین لە ئەمەریكا، ئێمە بە دوژمن دەورەدراوین و داعشیش هێشتا كۆتایی نەهاتووە."

 

لەناوخۆی ئەمەریكاش نیگەرانیی‌و ناڕەزایی بەرزبوونەتەوە دژی بڕیارەكە، كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لەناویاندا فۆكس نیوز كە بە نزیك لە ترەمپ دادەنرێت ڕەخنەیان هەیە، چەندین كۆنگرێسمانی ئەمەریكیش لەناو ڕەخنەگراندان.

 

بەپێی سەرچاوەكانی فۆكس نیوز، بڕیارەكەی ئەمەریكا بۆ كشانەوە لە سوریا كە پێدەچێت پێش ئەوەی ئامادەكاریی بۆ بكرێت دزەی كردبێتە میدیاكانەوە، بڕیارێكی لەپڕ و لەناكاوبووە، زۆربەی ئەوانەشی لە كاروباری سوریادا كاردەكەن پێی دڵخۆش نەبوون.

 

بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا(پنتاگۆن) دەڵێت، كشانەوەكە بە واتای ئەوەدێت ژمارەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا ببێت بە سفر، ئەوەش كەمتر لە مانگێكی پێویستە.

 

كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا مەترسییە بۆسەر كورد بەتایبەت لە كاتێكدایە توركیا دەیەوێت هێرش بكاتەسەر ڕۆژئاوای كوردستان‌و ئەردۆغان هەڕەشەی تووند دەكات.

 

ئەیكان ئەردەمیر پەرلەمانتاری پێشووی توركیاو نزیك لە ئەردۆغان، لە دوای بڕیارەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، هیچ كاتێك ناكرێت لە ئێستا باشتر بێت بۆ ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا.

 

"كشانەوەی ئەمەریكا لە سوریا دیارییەكی مەزنە بۆ سەرۆكی توركیا بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئەو وڵاتە كە بڕیارە لە مانگی ئاداری ساڵی داهاتوودا بەڕێوەبچێت. ئەردۆغان ئەمە وەك بردنەوەیەك دژی ئەمەریكا پیشان دەدات و وێنەی خۆی لە وڵاتەكەی پێ جوان دەكات" ئەردەمیر وای نووسیووە.

 

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی توركیا دەشڵێت"دەرچوونی ئەمەریكا لە سوریا ڕێگا بۆ ئەنقەرە دەكاتەوە بە درێژەیی سنورەكانی ئۆپەراسیۆن دژی كوردەكان ئەنجام بدات، ئەمەش كەمپینێكی باش دەبێت بۆ ئەردۆغان لە میانی بانگەشەی هەڵبژاردندا، بەوپێیە، بڕیارەكەی ئەمەریكا، تەنها لە تاران و مۆسكۆ ئاهەنگی بەدوای خۆیدا نەهێنا، بەڵكو لە ئەنقەرەش ئاهەنگی بۆ دەگێڕن."

 

 

دەوریەی هاوبەشی ئەمەریكا و یەپەگە پـێكەوە لە ناوچەی كۆبانێ لە نزیك سنوری توركیا/ 2-11-2018. وێنە؛ دەنگی ئەمەریكا.

 

نزیكەی دوو هەزار سەرباز و ڕاوێژكاریی ئەمەریكیی لەسەر خاكی سوریان، ناوچەی جێگیربوونیشیان ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات-ە، كە لەلایەن كوردەكانی سوریاوە بەڕێوەدەبرێن. ئەوەش لە كاتێكدایە هێشتا هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆتاییان بە شەڕی دژی داعش نەهێناوەو لە ئێستادا شەڕ لە شارۆچكەی هەجینی سەر بە پارێزگای دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە.

 

یوست هیلتەرمان، بەڕێوەبەری پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی، لەبارەی بڕیارەكەی ئەمەریكاوە دەڵێت"بڕیارەكە، ئەگەر بە خێرایی جێبەجێ بكرێت، هێزەكانی سوریای دیموكراتی هاوپەیمانی ئەمەریكا لەنێو گەرداوێكدا جێدەهێڵێت، توركیاو سوریا دەیانەوێت چیتر یەپەگە كارەكتەرێكی سەربازیی نەبێت لە سوریا."

 

ئەو نووسەرە ئەمەریكییە باس لەوەش دەكات، پێویستە ئیدارەی ترەمپ كشانەوەكەی لە سوریا بەكاربهێنێت بۆ گفتوگۆكردن لەپێناو ڕێككەوتنێكدا كە سەروەریی سوریا بگەڕێنێتەوە، هەروەها "جۆرێك لە ئۆتۆنۆمی ببەخشێتە كوردەكان و ڕێگریی بكات لە گەڕانەوەی داعش."

 

بڕیارەكەی ئەمەریكا دوای هەڕەشەكانی توركیادێت بۆ پەلاماردانی ڕۆژئاوای كوردستان، هەرچەندە سەرەتا ئەمەریكا هەڕەشەكانی توركیاو هێرشكردنەسەر ڕۆژئاوای كوردستانی بە "قبوڵ نەكراو" ناوبرد، بەڵام دوو ڕۆژ لەمەوبەر سەرۆك كۆماری توركیا ڕایگەیاند، لەگەڵ ترەمپ قسەی كردووە لەو بارەیەوەو وەڵامی "ئەرێنیی" داوەتەوە.

 

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشكرد، هێرشكردنەسەر خاكی سوریا لە ئان‌و ساتدایە بە شێوەیەك كە بگونجێت لەگەڵ پلانەكانیاندا.

 

كوردانی سوریا دەڵێن، ئامانجی ئەردۆغان لە هێرش‌و هەڕەشەی سەر ڕۆژئاوای كوردستان "زیندوو هێشتنەوەی داعشە"و دەیەوێت فشارەكانی شەڕڤانان لەسەر ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە كەمبكاتەوە.

 

داعش ناوچەیەكی كەمی لە خاكی سوریا بە دەستەوە ماوەو لەسەر دەستی شەڕڤانانی كورد گورزی كوشندەی بەركەوتووە، یەپەگە كە هێزی سەربازیی كوردە لە ڕۆژئاوا، بەهێزترین هێزی شەڕكەر بووە دژی داعش‌و توانیویەتی تەواوی خاكی ڕۆژئاوای كوردستان‌و هەندێك ناوچەی دیكەش لە تیرۆریستان پاكبكاتەوە، ئەوەش بە هاوكاریی ئەمەریكاو هاوپەیمانان.

 

پێدەچێت لەگەڵ بەرتەسكبوونەوەی شەڕی داعش‌و نزیكبوونەوە لە كۆتایی هێنان بەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە، ئەمەریكا ئەو هاوسەنگییە لە دەستبدات كە چەند ساڵێكە لە نێوان كورد‌و توركیادا دروستی كردووەو لەمەودوا لە بەرژەوەندیی توركیا بشكێتەوە، بڕیاری كشانەوەكەش لەو چوارچێوەیەدایە.

 

ئاڵدار خەلیل، بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانی تەڤگەری جڤاکی دیموکراتیک(تەڤ-دەم)، لەبارەی بڕیارەكەی ئەمەریكاوە داوا لە هەموو گەلی كوردو گەلانی باكوری سوریا دەكات، پشت ببەستن بە هێزی خۆیان و بەرخۆدانەكانیان بگەیەننە بەرزترین ئاست و بەرپەرچی هەموو جۆرە هێرشێك بدەنەوە.

 

ئەو بەرپرسە كوردەی ڕۆژئاوای كوردستان، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات ئەوان ڕۆژێك لە ڕۆژان پشتیان بە هێزی دەرەكیی نەبەستووە بۆ سەركەوتنی شۆڕش لە باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، "هیچ كاتێك نەمانوتووە بە هێزێكی دەرەكیی خۆمان دەپارێزین، یاخود شۆڕشەكەمان بە هێزێكی دەرەكیی سەردەخەین. بەڵكو پشتمانبەستووە بە هێزی خۆمان و یەكڕیزی گەل و پێكهاتەكانی ناوچەكە، شۆڕش تا ئێستا بەردەوامە."

 

لە چەند ساڵی ڕابردوودا توركیا بەردەوام بووە لە فشارەكانی بۆ سەر ئەمەریكا بە ئامانجی دوورخستنەوەی لە شەڕڤانانی یەپەگە، تەنانەت هەركاتێك سەربازانی ئەمەریكاو شەڕڤانانی یەپەگە پێكەوە دەردەكەون، توركیا تای بەرزدەبێتەوەو ناڕەزایی پیشاندەدات.

 

توركیا، یەپەگە(باڵی سەربازی پەیەدە) لە ڕۆژئاوای كوردستان بە بەشێك لە پەكەكە لەقەڵەم دەدات‌و بە "تیرۆریست" ناویان دەبات، بەڵام ئەمەریكا پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ یەپەگە هەبووەو گوێی بە ناڕەزاییەكانی توركیا نەداوە.

 

بڕیارە لەناكاوەكەی ترەمپ بۆ كشانەوە لە سوریا، لەناو كۆنگرێسمانەكانی ئەمەریكاش بێ كاردانەوە نەبوو، سیناتۆر ماركۆ ڕوبیۆ، ئەندامی كۆنگرێس ڕایگەیاند"كشانەوەی تەواوەتی و خێرای هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا، هەڵەیەكی گەورەیە و كاریگەریی زیاتری دەبێت لەوەی تەنها شەڕی داعش بێت."

 

هاوكات سیناتۆری كۆمارییەكان لیندزی گراهام، پێیوایە ئەو بڕیارە "دەرەنجامی وێرانكەری" دەبێت، ئەو سیناتۆرە لە تویتەر نووسیوویەتی"كشانەوەی هێزەكانمان لە سوریا هەموو هەوڵەكان كەمدەكاتەوە و كوردەكانی هاوپەیمانمان دەخاتە مەترسییەوە. كشانەوەی ئەو هێزە بچوكەی ئەمەریكا لە سوریا، هەڵەیەكی گەورەی هاوشێوەی هەڵەكەی باراك ئۆباما دەبێت."