خەڵكی كوردستان ترەمپ ڕەخنەباران دەكەن‌و دەڵێن: كوردانی ڕۆژئاوای فرۆشت بە ئەردۆغان

20-12-2018 07:44
كشانەوەی ئەمەریكا لە سوریا "دیارییەكی مەزنە" بۆ ئەردۆغان.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

كاردانەوەكان لە بەرامبەر بڕیاری كشانەوەی ئەمەریكا لە سوریا بەردەوامەو پۆستێكی كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر كە لە پەیجی تایبەتی خۆیان لە فەیسبوك بڵاویان كردووەتەوە، ڕەخنە باران كراوەو ترەمپ بە "فرۆشتنی كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان" تۆمەتباركراوەو پرسیاری ئەوە كراوە، كەی نۆرەی فرۆشتنی كوردستانی عێراق دێت؟.

 

لە كاتێكدا ئەمەریكا بڕیاریدا لە سوریا بكشێتەوەو بەوەش كورد زیانمەندی سەرەكیی دەبێت، كونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر چەند وێنەیەكی كونسوڵ‌و ستافی كونسوڵخانەكەی بڵاوكردووەتەوە كە سەردانی لۆگۆی "كوردستانم خۆشدەوێت"یان كردووە لە هەولێر.

 

كونسوڵخانەی ئەمەریكا بە زمانی كوردی‌و ئینگلیزی لەسەر پۆستەكەی نوسیوە"هەرێمی كوردستان پڕیەتی لە مێژوو و نەریت و گەنجینەی كەلتوری و خەڵكێكی تابڵێی بەهرەمەند! وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سوپاسگوزارە بەرامبەر ئەو پەیوەندیە بەهێز و پتەوەی لەگەڵ كوردا هەیەتی."

 

خەڵك بە لێشاو ڕەخنەیان لە ئەمەریكا گرتووەو لە ژێر پۆستەكەدا بۆچوونی خۆیان خستووەتەڕوو، بەجۆرێك ئەوەك ئەوەی خەڵك بەدوای دەرفەتێكدا بگەڕێت تا پەیامی ناڕەزایی تووند دژی ئەمەریكاو كشانەوەی هێزەكانی ئەو وڵاتە لە سوریا دەرببڕێت.

 

"ئێوە هەمیشە خیانەتتان لە كورد كردووە لە پێناو بەرژەوەندی ئابووری، بەس ڕوسیا و ئێران باشتان دەناسێت" كەسێك بەناوی هیوا حەمە ڕەشید وای بۆ پۆستەكەی كونسوڵخانەی ئەمەریكا نوسیوە.

 

كەسێكی دیكەش بەناوی عەبدوڵا محەمەد نوسیوویەتی"بۆ جەنابی كونسوڵی ئەمەریكا، كوردستانی سوریاتان فرۆشت لەپێناو باری چەك كە بیفرۆشن بە ئەردۆغان ئەی كەی سەرەی كوردستانی عێراق دێت؟ ترەمپ مرۆڤێكی نەخۆش‌و سەرلێشێواوە."

 

 پۆستەكەی كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر لە پەیجی خۆیان لە فەیسبوك.

 

ئاماژەكانی كشانەوەی ئەمەریكا لە سوریا وایدەردەخەن ئەمجارەش ئەو قسە باوە بسەلمێت كە لەناو كورددا دەوترێت، تەنها چیاكان هاوڕێ‌و پشتیوانی كوردن، ئەم قسەیە ئەزموونكراوەو لە مێژووەوە سەرچاوەی گرتووە، سەرەتای ئەمساڵ ڕوسیا لە عەفرین ئەوەی سەلماندەوە، ئێستاش زۆرێك پێیانوایە ئەمەریكا هەمان ئەزموون دووبارە دەكاتەوە، هەروەك زۆركەس بۆ پۆستەكەی كونسوڵخانەی هەولێری ئەمەریكایان نووسیوە: هاوڕێمان نییە تەنها چیاكان نەبێت.

 

كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا مەترسییە بۆسەر كورد بەتایبەت لە كاتێكدایە توركیا دەیەوێت هێرش بكاتەسەر ڕۆژئاوای كوردستان‌و ئەردۆغان هەڕەشەی تووند دەكات.

 

 

كونسوڵ‌و ستافی كونسوڵخانەی ئەمەریكا لەكاتی سەردانی لۆگۆی "كوردستانم خۆشدەوێت" لە هەولێر.

 

هەرئەوەش وای لە ئەیكان ئەردەمیر پەرلەمانتاری پێشووی توركیاو نزیك لە ئەردۆغان كرد لە دوای بڕیارەكە ئەوەبخاتەڕوو، هیچ كاتێك ناكرێت لە ئێستا باشتر بێت بۆ ئەردۆغان.

 

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی توركیا ڕایگەیاند"كشانەوەی ئەمەریكا لە سوریا دیارییەكی مەزنە بۆ سەرۆكی توركیا بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئەو وڵاتە كە بڕیارە لە مانگی ئاداری ساڵی داهاتوودا بەڕێوەبچێت. ئەردۆغان ئەمە وەك بردنەوەیەك دژی ئەمەریكا پیشان دەدات و وێنەی خۆی لە وڵاتەكەی پێ جوان دەكات."

 

كاردانەوەی كورد دژی بڕیارەكەی ترەمپ‌و هەڕەشەكانی ئەردۆغان ڕۆژانی داهاتووش درێژەی دەبێت‌و خۆپیشاندانی لێدەكەوێتەوە، كوردان بە ڕادەیەك توڕەن كە هەندێكیان داوای دەركردنی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستانیش دەكەن.

 

عەبدوڵا محەمەد، لەژێر پۆستەكەی كونسوڵخانەی ئەمەریكا نوسیوویەتی"بەخوا بەدەستی من بێ نەك هەرچی ئەمەریكییە بەڵكو هەر كاڵاو كۆمپانیایەك هی ئەمەریكا بێت بەشەق لە كوردستان دەری ئەكەم، كارێكم ئەكرد نەتانوێرایە نزیكی كوردو سنورەكانی بكەونەوە! وەك كوردستانم ئەكرد بە دۆست و هاوپەیمان و لانكەی دژەكانی ئەمەریكا!!! تخوا ئێوە شەرم ناكەن و داناڕزێن لەئاست كوردو قوربانیدانەكانیدا؟."

 

ئەو هاوڵاتییە كوردە دەشڵێت"ڕۆژێك باشور ئەفرۆشن‌و ڕۆژێك ڕۆژئاوا! بەڕاستی ئەو شكڵە بێ حەیاییەی سیاسەت هەر لای ئێوە بوونی هەیە، ئەگەرنا ئێران و ڕووسیا بەرەنگاری هەموو دنیا بونەوەو نەیانهێشت بەشار ئەسەد بڕوخێ! بەهیوام دە ساڵی تر نەبات هەیمەنەی دوژمن بگاتە سنورەكانتان‌و ئەوەی بەئێمەتان كردووە بەسەرتان بێتەوە."

 

هەندێكی دیكە ڕەخنە لە كورد خۆی دەگرن كە پشت بە ئەمەریكا دەبەستێت‌و پەند لە مێژوو وەرناگرێت، هەربۆیە داوای بەخۆداچوونەوە لە بڕیاربەدەستانی كورد دەكەن.

 

سەفین پیرداود بۆ پۆستەكەی كونسوڵخانەی ئەمەریكای نووسیوە"سیاسەتی ئەمەریكا لە بەرژەوەندی مرۆڤایەتی‌و ئازادی میللەتان‌و دیموكراسی نیە، بەداخەوە.. كورد بە هەڵە ئەمەریكای بە دۆستی خۆی دەزانی..!!."

 

هەروەها ئالان بەرزنجی ڕووەو ئەمەریكا دەڵێت"ئەوجا كە شتەك قەوما هەر زوو زوو بمانفرۆشن وەك ڕۆژئاوای كوردستان! بە یەك تەلەفۆن سەرۆكەكەتان كوردی ڕۆژئاوای فرۆشت."(ئاماژەیە بۆ پەیوەندییەكەی ئەردۆغان‌و ترەمپ).

 

زۆرێك لە خەڵك باسی فرۆشتنی كوردستان‌و نۆرەهاتنی باشوری كوردستان دەكەن‌و دەڵێن، ئەمەریكا هەركات كاری بە میللەتێك نەمێنێت "دەیفرۆشێت"، ئاكۆ ئەبوبەكریش نوسیوویەتی"نەخۆشتان بوێ نە بیفرۆشن"، پەیجەكەی كونسوڵخانە سوپاسی ئەو ژمارە كەمەی خەڵكی كردووە كە لەژێر پۆستەكەدا سوپاسی ئەمەریكایان كردووە، وەڵامی ئەوانی دیكەی نەداوەتەوە.

 

نزیكەی دوو هەزار سەرباز و ڕاوێژكاریی ئەمەریكیی لەسەر خاكی سوریان، ناوچەی جێگیربوونیشیان ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات-ە، كە لەلایەن كوردەكانی سوریاوە بەڕێوەدەبرێن. ئەوەش لە كاتێكدایە هێشتا هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆتاییان بە شەڕی دژی داعش نەهێناوەو لە ئێستادا شەڕ لە شارۆچكەی هەجینی سەر بە پارێزگای دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە.

 

داعش لەسەر دەستی شەڕڤانانی كورد گورزی كوشندەی بەركەوتووە، یەپەگە كە هێزی سەربازیی كوردە لە ڕۆژئاوا، بەهێزترین هێزی شەڕكەر بووە دژی داعش‌و توانیویەتی تەواوی خاكی ڕۆژئاوای كوردستان‌و هەندێك ناوچەی دیكەش لە تیرۆریستان پاكبكاتەوە، ئەوەش بە هاوكاریی ئەمەریكاو هاوپەیمانان.

 

 

دەوریەی هاوبەشی ئەمەریكا و یەپەگە پـێكەوە لە ناوچەی كۆبانێ لە نزیك سنوری توركیا/ 2-11-2018. وێنە؛ دەنگی ئەمەریكا.

 

وادیارە لەگەڵ بەرتەسكبوونەوەی شەڕی داعش‌و نزیكبوونەوە لە كۆتایی هێنان بەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە، ئەمەریكا ئەو هاوسەنگییە لە دەستدەدات كە چەند ساڵێكە لە نێوان كورد‌و توركیادا دروستی كردووەو لەمەودوا لە بەرژەوەندیی توركیا بشكێتەوە، بڕیاری كشانەوەكەش لەو چوارچێوەیەدایە.

 

"هەمووان شڵەژاون و ترسیان هەیە، ئەمە وا دەگەیەنێت توركیا هێرشمان دەكاتەسەر، ئێمە توشی شۆك بووین، چونكە پێمانوابوو ئەمەریكا یارمەتیمان دەدات بۆ بەدەستهێنانی ئاشتیی دوای داعش، نەماندەزانی هاوكاریمان دەكەن بۆ شكستپێهێنانی داعش و دواتر بەتەنیا جێمان دەهێڵن بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی مەترسی هێزە توركییەكان و هێزە توندڕەوەكانی سەر بەو وڵاتە. ئێستا خەڵك دووبارە بیر لە ئاوارەبوون دەكاتەوە، بەڵام كەس نازانێت چ شوێنێك ئارامە بۆی بڕۆین" ئەمە وتەی مامۆستایەكی خەڵكی كۆبانی یە دەربارەی بڕیاری كشانەوەی ئەمەریكا لە خاكی سوریا.

 

ئەو مامۆستایەی كۆبانی كە بۆ كەناڵی فۆكس نیوزی ئەمەریكی قسەی كردووە، بڕیاری كشانەوەكە بە "خیانەتێكی گەورە" لەلایەن ئەمەریكاوە دژی كورد لەقەڵەم دەدات.

 

مامۆستاكە دەشڵێت"هەموو ئەو كەسانەی كاریان بۆ ئەمەریكا كردووە هیچ شوێنێكیان نییە بۆی بڕۆن، ئەوانە لەلایەن چوار لایەنەوە داوا كراون، توركیا بەهۆی ئەوەی كاریان لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات كردووە، ڕژێمی سوریا چونكە ئەوانە بە زۆر پەیوەست دەكرێن بە سوپاوە، لەلایەن سوپای سوریای ئازادیشەوە، تەنانەت ڕەنگە لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراقیشەوە داواكراوبن، چونكە كاریان لەگەڵ هەسەدە كردووە."

 

تەنها خەڵك نیگەران نین، شەڕڤانێكی هێزەكانی سوریای دیموكرات-یەپەگە پێكهێنەری سەرەكییەتی- لە كۆبانی بە فۆكس نیوزی وتووە"هەمووان توڕە و نیگەرانن و ترسیان هەیە، ئەمە هەڵەیەكی مێژووییە، ئێمە دەمانویست بەشێك بین لە ئەمەریكا، ئێمە بە دوژمن دەورەدراوین و داعشیش هێشتا كۆتایی نەهاتووە."