مەكگۆرك دەستی لەكاركێشایەوەو دەڵێت: ناتوانم بڕیارە نوێیەكان جێبەجێ بكەم

22-12-2018 08:46
برێت مەكگۆرك

 

پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

 

ناڕەزاییەكانی ناو ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ دژی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا بەردەوامە، لە نوێترین كاردانەوەدا، برێت مەكگۆرك كەسی یەكەمی ئەمەریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەستی لە كاركێشایەوەو دەڵێت: ناتوانم بڕیارە نوێیەكان جێبەجێ بكەم.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ، كەناڵی CBS NEWSی ئەمەریكی بڵاویكردەوە، برێت مەكگۆرك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش، وەك ناڕەزاییەك دژی بڕیارەكەی ئەم دواییەی ترەمپ بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا، دەستی لەكاركێشاوەتەوە.

 

بەپێی زانیارییەكانی كەناڵەكە، مەكگۆرك پلانی هەبووە لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوودا واز لە پۆستەكەی بهێنێت، بەڵام بە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ڕاگەیاندووە كە دەیەوێت پڕۆسەی دەستلەكاركێشانەوەكەی پێش بخات، بەهۆی ئەوەی بە توندی دژی بڕیارە لە ناكاوەكەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكایە بۆ كشانەوە لە سوریا و وەلانانی هاوپەیمانەكانی.

 

مەكگۆرك، ڕۆژی هەینی نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەی پێشكەش كردووە، ئەوەش تەنها ڕۆژێك دوای دەستلەكاركێشانەوەی جەمیس ماتیس وەزیری بەرگریی ئەمریكابوو، كە ئەویش بەهەمان شێوە و دژی بڕیارەكەی ترەمپ بڕیاری دا لە ئیدارەكەی ترەمپ بچێتەدەرەوە.

 

بەپێی نیویۆرك تایمز، مەكگۆرك لە ئیمێڵێكدا بۆ هاوكارەكانی لە شەڕی دژی داعش دەڵێت"ئەم بڕیارەی دوایی لەلایەن سەرۆكەوە وەكو شۆكێك بوو، هەڵگەڕانەوەیەكی تەواوبوو لەو سیاسەتەی كە پێشتر بە ئێمە وترابوو." 

 

لە بەشێكی دیكەی ئیمەیڵەكەیدا مەكگۆرك دەڵێت"ئەمە بووە بە هۆی سەرلێشێوانی هاوبەشەكانمان لە ناو هاوپەیمانێتی دژی داعش، هاوبەشە شەڕكەرەكانمانی تووشی سەرسوڕمان كردووە من ئەم هەفتەیە كارمكرد كە هەوڵبدەم دەرەنجامەكانی ئەم بڕیارە ئیدارە بدەم، هەروەها زۆربەی ئێوە لە كۆبوونەوەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەكاندا گوێتان لە من بووە كە سەرقاڵی ئەو كارە بووم، من لە كۆتاییدا گەیشتمە ئەو دەرەنجامەی كە من ناتوانم ئەم بڕیارە نوێیانە جێبەجێ بكەم لە هەمانكاتدا كەسایەتیی خۆم بپارێزم." 

 

تەنها چەند ڕۆژێكی كەم بەر لە بڕیارە چاوەڕواننەكراوەكەی ترەمپ، برێت مەكگۆرك لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی لە دیدارێكدا ڕایگەیاندبوو، كشانەوەی تەواوەتی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا دوای تێكشكاندی داعش "كەمتەرخەمانە و بێباكەنە" دەبێت، وتی"زۆر بەڕوونی بڕیارێكی لەو شێوەیە بێباكانە دەبێت ئەگەر ئێمە تەنها بڵێین، باشە، بوونی فیزیكی خەلافەت تێكشكا، كەواتە ئێمە ئێستا دەڕۆین، پێم وایە هەر كەس بەو شێوەیە سەیری ململانێكان بكات، لەگەڵ ئەوەدا كۆك دەبێت."

 

بەڵام دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی چوارشەممە 18ی كانونی یەكەمی 2018، هەمان ئەو كارەی كرد كە مەكگۆرك بە كەمتەرخەمانە ناوی برد، سەرەڕای ئەوەی هێشتا داعش بە یەكجاریی لە سوریا تێكنەشكاوە و لە سنوری شارۆچكەی هەجینی پارێزگای دێرەزوور، شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە- یەپەگە پێكهێنەری سەرەكییەتی)، شەڕی سەختی چەكدارانی داعش دەكەن.

 

لە دوای بڵابوونەوەی هەواڵی دەستلەكاركێشانەوەكەی مەكگۆرك، ترەمپ وەك هەمیشە لە تویتەرەوە وەڵامی دەنگۆكانی دایەوە و نووسیویەتی"لە سەرەتاوە ئێمە بۆ ئەوە چووینە سوریا تا سێ مانگ لەوێ بین، ئەوە حەوت ساڵ پێش ئێستا بوو، هەرگیز جێماننەهێشت. كاتێك بوومە سەرۆك، داعش لەوپەڕی بەهێزیدا بوو، ئێستا داعش بەشێوەیەكی فراوان تێكشكێندراوە، دەوڵەتەكانی ناوچەكە، لەنێویاندا توركیا، دەبێت بتوانن بەئاسانی ئەوەی ماوە لەناوی ببەن. ئێمە دەگەڕێینەوە نیشتیمان،" ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ سووربوونی گەڕاندنەوەی سەربازەكانی لە سوریاوە بۆ ئەمەریكا.

 

مەكگۆرك لەگەڵ پۆلاد جان فەرماندەی یەپەگە لە ڕۆژئاوای كوردستان/ شوباتی 2016.

 

نزیكەی دوو هەزار سەرباز و ڕاوێژكاریی ئەمەریكیی لەسەر خاكی سوریان، ناوچەی جێگیربوونیشیان ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات-ە، كە لەلایەن كوردەكانی سوریاوە بەڕێوەدەبرێن. داعش لەسەر دەستی شەڕڤانانی كورد گورزی كوشندەی بەركەوتووە، یەپەگە كە هێزی سەربازیی كوردە لە ڕۆژئاوا، بەهێزترین هێزی شەڕكەر بووە دژی داعش‌و توانیویەتی تەواوی خاكی ڕۆژئاوای كوردستان‌و هەندێك ناوچەی دیكەش لە تیرۆریستان پاكبكاتەوە، ئەوەش بە هاوكاریی ئەمەریكاو هاوپەیمانان.

 

جگە لە دەنگە ناڕازییەكانی ناو ئیدارەكەی، بەشێك لە سیناتۆرە ئەمەریكییەكانیش دژی بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا وەستانەوە، سیناتۆر ماركۆ ڕوبیۆ، ئەندامی كۆنگرێسی ئەمەریكا لەوبارەیەوە لە تویتێكدا ڕایگەیاند"كشانەوەی تەواوەتی و خێرای هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا، هەڵەیەكی گەورەیە و كاریگەریی زیاتری دەبێت لەوەی تەنها شەڕی داعش بێت."

 

هاوكات سیناتۆری كۆمارییەكان لیندزی گراهام، پێیوایە ئەو بڕیارە "دەرەنجامی وێرانكەری" دەبێت، ئەو سیناتۆرە لە تویتەر نوسیوویەتی"كشانەوەی هێزەكانمان لە سوریا هەموو هەوڵەكان كەمدەكاتەوەو كوردەكانی هاوپەیمانمان دەخاتە مەترسییەوە. كشانەوەی ئەو هێزە بچوكەی ئەمەریكا لە سوریا، هەڵەیەكی گەورەی هاوشێوەی هەڵەكەی باراك ئۆباما دەبێت."

 

بڕیارەكەی ئەمەریكا دوای هەڕەشەكانی توركیادێت بۆ پەلاماردانی ڕۆژئاوای كوردستان، ئەوەش بە مەترسی دادەنرێت بۆسەر كورد، هەرچەندە سەرەتا ئەمەریكا هەڕەشەكانی توركیاو هێرشكردنەسەر ڕۆژئاوای كوردستانی بە "قبوڵ نەكراو" ناوبرد، بەڵام دوو ڕۆژ لەمەوبەر سەرۆك كۆماری توركیا ڕایگەیاند، لەگەڵ ترەمپ قسەی كردووە لەو بارەیەوەو وەڵامی "ئەرێنیی" داوەتەوە، دواتریش دەركەوت بڕیاری كشانەوەكە لەلایەن ترەمپەوە، هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیانەدا دراوە.

 

برێت مەكگۆرك، 45 ساڵ، لە ڕۆژی 23ی ئۆكتۆبەری 2015، وەك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا(ئەوكات باراك ئۆبامابوو) بۆ هاوپەیمانی شەڕی دژی داعش هەڵبژێردرا و شوێنی جەنەڕاڵ جۆن ئالنی گرتەوە. مەكگۆرك یەكێك بوو لەو بەرپرسە كەمە ئەمەریكیانەی سەرەڕای گۆڕینی سەرۆكی ئەمەریكا و هاتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ كۆشكی سپی، لە شوێنی خۆی مایەوە.

 

لەماوەی كاركردنەكەیدا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، مەكگۆرك بەردەوام لە گەڕان و كۆبوونەوەدابوو، ڕۆژێك لە ئەنقەرەبوو، بۆ ئێوارەكەی لە بەغدا، ڕۆژی دواتر دەچووە هەولێر و دوای ئەوەش بۆ كۆبانی و مەنبج. بەهۆی دۆستایەتی بەهێز و پاڵپشتی بەردەمی بۆ كوردانی ڕۆژاڤا، بەرپرسانی ئەنقەرە چەندین جار داوایان لە ئەمەریكا كردبوو مەكگۆرك لە پۆستەكەی دووربخاتەوە، بەڵام ترەمپ نەچووە ژێر باری فشارەكانی ئەنقەرە.

 

جگە لە بواری سەربازیی و هەوڵە بەردەوامەكانی بۆ تێكشكانی داعش لە ڕووی سەربازییەوە، مەكگۆرك لە مەیدانی سیاسی عێراقیشدا بووە واجیهەی ئەمەریكا و زۆرێك وەك كێبەڕكێكاری قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران دایاندەنا، بەتایبەت لە پێكهێنانی حكومەتەكانی عێراق و یەكلاكردنەوەی قەیرانەكان.