بارزانی دێتەسەر خەت؛ دەیەوێت لەمپەرەكانی بەردەم پێكهێنانی كابینەكەی مەسرور لاببات

25-12-2018 06:24
بارزانی دەیەوێت 4 ساڵی داهاتوو بۆ سەركەوتنی كوڕە گەورەكەی مسۆگەر بكات. وێنە؛ سوركێو محەمەد/پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

گفتوگۆكانی پارتی لەگەڵ یەكێتی‌و گۆڕان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت هێشتا هیچی لێ سەوز نەبووە بە ئاڕاستەی ڕێككەوتنی كۆتایی، یەكێتی "بەربەستی سەرەكییە"و دەیەوێت ئەو پرسە بكاتە دەرفەت بۆ مسۆگەركردنی پارێزگاری كەركوك‌و وەزارەتێك لە بەغداد، مەسعود بارزانی هاتووەتەسەرخەت بۆ لابردنی بەربەستەكان‌و پەیامی بۆ یەكێتی ناردووە.

 

بارزانی باوك دەیەوێت كابینەیەكی بێ كێشە بە درێژایی چوار ساڵی داهاتوو، بۆ مەسروری كوڕی دروست بكرێت، تا لەیەكەم تاقیكردنەوەی بەڕێوەبردنی باڵاترین پۆستی مەدەنیی سەركەوتوو بێت، ئەوەش دوای گۆڕینی ڕۆڵەكەی‌و دەستبەرداربوون لەكاری ئەمنیی‌و هەواڵگریی.

 

مەسرور بارزانی لە ئەركی نوێیدا دەبێتە سەرۆكی حكومەتێك كە دەیەوێت "بەهێز و جیاواز بێت"، ئەو لە سەردەمێكدا ئەو پۆستە وەردەگرێت كە حیزبەكەی بە 45 كورسیەكەی خۆی‌و پشتبەستن بە پێكهاتەكان نیوە+1ی پەرلەمانی كوردستانی هەیە.

 

یەكێتی پرسی دانانی پارێزگارێك بۆ كەركوك‌و وەرگرتنی وەزارەتی داد لە حكومەتی عێراق كە هەردووكیان پارتی بەربەستن لە بەردەمیدا، بەستووەتەوە بە پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌و دابەشكردنی پۆستەكانی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم، دەیەوێت لە چوارچێوەی "ڕێككەوتنێكی گشتگیری دوورمەودا لەگەڵ پارتی" كۆی ئەو پرسانە بە یەك پاكێج یەكلایی بكاتەوە، بەڵام پارتی بەوە ڕازی نییە.

 

سەرچاوەیەكی باڵا كە ئاگاداری وردەكاریی گفتوگۆكانی پارتییە لەگەڵ یەكێتی‌و گۆڕان، ئەوەدەخاتەڕوو، پارتی لە گۆڕان نزیكترە تا یەكێتی، دەڵێت"ئێستا یەكێتی بەربەستی بەردەم پێكهێنانی كابینەكەیە، پارتی ڕێككەوتنی دووقۆڵی لەگەڵ یەكێتی بە باش نازانێت، دەیەوێت ڕێككەوتن لە نێوان لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت بكرێت تایبەت بە كابینەی نوێ بۆ 4 ساڵی داهاتوو."

 

ئەو سەرچاوە باڵایە بۆ پەرەگراف وتی"دوو ڕۆژ لەمەوبەر كاك مەسعود بانگهێشتی سەعدی ئەحمەد پیرەی كردووەو داوای كردووە یەكێتی دۆسیەی بەغدادو كەركوك جیابكاتەوە لە پێكهێنانی كابینەی نوێی هەرێم."

 

بڕیارە سەعدی پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، داواكارییەكەی بارزانی بباتە كۆبوونەوەی داهاتووی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی‌و گفتوگۆی لەبارەوە بكەن.

 

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، پارتی ئامادەیە لە هەردوو پرسی وەزارەتی دادی عێراق‌و پارێزگاری كەركوك "نەرمیی بۆ یەكێتی بنوێنێت، بەڵام بەو ڕێگایەی ئێستا نا كە یەكێتی گرتوویەتییەبەر، پارتی دەڵێت كەی دۆخی سەربازیی لە كەركوك نەماو لەگەڵ بەغداد ئەوەیان چارەسەر كرد، دانانی پارێزگار ئاسانە."

 

هەرلە چوارچێوەی پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز بۆ مەسرور بارزانی، بڕیاربووە مەسعود بارزانی سەردانی سلێمانی بكات‌و لەگەڵ یەكێتی‌و گۆڕان كۆببێتەوە، بەڵام سەرچاوەكەی پەرەگراف دەڵێت"بەهۆكارێكی نادیار" سەردانەكەی ئەنجام نەداوە، "پێدەچێت پەیوەندیی بە لێكدووریی نێوان پارتی‌و یەكێتی هەبێت لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت."

 

خاڵێكی دیكە كە كێشەی نێوان یەكێتی‌و پارتییە لە كابینەی نوێ، دابەشكردنی پۆستەكان‌و بەشداربوونی بزووتنەوەی گۆڕانە(12 كورسی هەیە لە پەرلەمان)، یەكێتی داوای لەسەدا 40ی پۆستەكان دەكات، بەڵام پارتی بەوە ڕازیی نییەو دەیەوێت بە سیستمی خاڵ‌و بەپێی كورسیی پەرلەمان پشكی لایەنە بەشداربووەكان بدات.

 

"یەكێتی نایەوێت گۆڕان بەشداریی پێبكرێت لە حكومەت بۆئەوەی خۆی پشكی زیاتری بەربكەوێت‌و پشكەكان هاوسەنگی نێوان باڵەكانی ئەو حیزبە ڕابگرن، بەڵام پارتی سوورەلەسەر بەشداریكردنی گۆڕان‌و گۆڕانیش خۆی هەمان خواستی هەیە" سەرچاوە باڵاكە وای وت.

 

ئەوە لەكاتێكدایە یەكێتی بەردەوام لە ڕاگەیاندنەكانەوە دەڵێت، هێڵی سووری نییە لەسەر بەشداربوونی هیچ لایەنێك لە حكومەت، بەڵام سەرچاوەكەی پەرەگراف كە ئاگاداری وردەكاریی گفتوگۆكانە، دەڵێت"تەنانەت یەكێتی بە پارتییان وتووە ئێمە كۆتاییمان بە گۆڕان هێناوە، ئێوە بە بەشداریپێكردنیان لە حكومەت دەتانەوێت هەڵیانبسێننەوە."

 

پەرەگراف لە بەرپرسانی باڵای گۆڕان ئەوەی پشتڕاست كردەوە، ئەو بزووتنەوەیە ئاگاداری ناڕازی بوونی یەكێتییە لەبارەی بەشداریی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەت.

 

بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاترو ڕای فەرمیی یەكێتی، پەرەگراف چەند جارێك پەیوەندیكرد بە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و وتەبێژی یەكێتی، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانی نەدایەوە.

 

بارزانی: سەردەمی كۆسپ دانان نەما

پارتی تائێستا بە ئاشكراو نهێنی چەند جارێك گفتوگۆی لەگەڵ یەكێتی‌و گۆڕان كردووەو بەرچاوڕوونییان بە یەكترداوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، ئەوە لە كاتێكدایە نزیكەی 3 مانگ بەسەر هەڵبژاردن تێپەڕبووە. ناوەڕاستی ئەم مانگە لە گەرمەی گفتوگۆكانی پارتی لەگەڵ گۆڕان‌و یەكێتی، مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، سەردەمی 50 بە 50‌و كۆسپ دانان بەسەرچوو.

 

بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، حكومەتێكی بەهێز لە هەرێم دادەمەزرێ‌و گۆڕانكاریی گەورە لە هەموو ئاستەكاندا دەكەن، وتی"بێشك دۆخی 50 بە 50‌و ئەو دۆخەی زۆر كۆسپ دادەنران لە ڕێگەدا نەما، ئەو متمانەیەی خەڵكی كوردستان دای بە پارتی، پارتی دەیەوێت ئەو متمانەیە بەكاربهێنێت بۆ خزمەتی ئەوان، برادەرانی دیكە دەیانەوێت شەریكی ئێمەبن بەخێربێن، بەڵام پارتی ناگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێگایەی پێشتر حكومەتی پێ دادەنراو كاری پێدەكرا."

 

هەرچەندە ئێستا پێكهێنانی حكومەت بۆ پارتی كە 45 كورسی هەیە، ئاسانەو لەگەڵ كەمینەكانی پەرلەمان كە 11 كورسییان هەیە دەتوانێت كابینەی نوێ پێكبهێنێت‌و دەنگی 50+1ی پەرلەمانتاران مسۆگەر بكات(56 لە 111)، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ئاسەوارەكانی دوو ئیدارەیی، لە واقیعدا ناتوانێت حكومەتێكی یەكگرتوو لەسەر زەویی پێكبهێنێت بەبێ بەشداریی حیزبە براوەكانی پارێزگای سلێمانی، بەتایبەت یەكێتی دواتر گۆڕان.

 

لە سەرەتای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لە ساڵی 1992 تائێستا، یەكێتی بەردەوام پێكهێنەری سەرەكیی حكومەت بووە بە دوو ئیدارەیی‌و ئیدارەی یەكگرتووشەوە.

 

پارتی‌و یەكێتی لە ساڵی 2007ەوە ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان واژۆكرد كە تێیدا دەسەڵاتیان بە شێوەی 50 بە 50 لە هەرێمی كوردستان‌و عێراق لە نێوان خۆیاندا دابەشكرد، بەڵام ئێستا كار بەو ڕێككەوتنە ناكرێت‌و بە هەڵوەشاوە دادەنرێت.

 

ئێستا كە پارتی خاوەنی 45 كورسی پەرلەمانی كوردستانەو یەكێتی 21 كورسیی هەیە، پارتی دەڵێت سەردەمی 50 بە 50 بەسەرچووەو یەكێتیش بەوە ڕازییە، بەڵام دەڵێت، دەبێت خەبات‌و مێژوو و ناوچەی جوگرافیی‌و هەبوونی هێزی چەكدار لەبەرچاو بگیرێت بۆ سەنگی یەكێتی‌و زیاتر لە پشكی 21 كورسیی پێبدرێت.