بەرهەم ساڵح‌و ڕووداو؛ دوو پۆستی فەیسبوك 2018 زۆرترین قسەیان لەسەر كرا

31-12-2018 04:09
بەرهەم ساڵح - لۆگۆی ڕووداو

 

پەرەگراف

دوو پۆستی فەیسبوكی بەرهەم ساڵح و كەناڵی ڕووداو، لە پڕ مشتومڕترین پۆستی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوون لە 2018، ئەو دوو پۆستە لە پەیجی بەرهەم ساڵح‌و ڕووداو هەزاران لایك‌و كۆمێنت‌و شەیر كراون، بەدەر لەوەی زۆر كەس لە فەیسبوكی خۆیان بڵاویان كردووەتەوە، خەڵكی كوردستان بە تێكەڵەیەك لە قسەی جددی‌و تانەو توانج ڕای خۆیان لەسەر دەربڕیون.

ئەو دوو پۆستە پەیوەست بوون بە دوو ڕووداوی گرنگ، ئەوەی بەرهەم ساڵح ڤیدیۆیەكە باسلە نەگەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی دەكات‌و ناوەڕاستی ئەمساڵ لە پەیجی فەرمیی خۆی بڵاویكردووەتەوە، ئەوەی ڕووداو وێنەیەكە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو بڵاوكراوەتەوە، بەڵام ئەمساڵ زۆر قسەی لەسەر كراو كۆمێنتی بۆ نوسرا، بەتایبەت دوای نزیكبوونەوەی هەرێم‌و عێراق‌و سەردانی بەرپرسان بۆ بەغداد، وێنەكە تایبەتە بە ڕیفراندۆم‌و پرسیار لە خەڵك دەكات كە حەزدەكەن بە پاسپۆرتی كوردیی یەكەم سەفەر بۆ كوێ بكەن؟.

خاڵی هاوبەشی ڤیدیۆكەی بەرهەم ساڵح‌ و وێنەكەی ڕووداو، لە دەرئەنجامی مەبەستی پەیامەكەیاندایە، ڕیفراندۆم سەركەوتوو نەبوو تا خەڵكی كوردستان بە پاسپۆرتی كوردیی سەفەر بكات، بەرهەم ساڵحیش گەڕایەوە ناو یەكێتی، ئەوەش وایكردووە زۆرترینی كۆمێنتەكانی هەردوو پۆستەكە تانەو توانج بن.

بەرهەم ساڵح؛ حورمەت شەرتە

حورمەت، وشەیەكە لە 2018دا زۆر بەكارهێنرا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەتایبەت فەیسبوك لەناو خەڵكی كوردستاندا، ئەوەش دوای بەكارهێنانی ئەو وشەیە لەلایەن بەرهەم ساڵح بۆ ئامانجێك كە دواتر خۆی بە كردار پێچەوانەی ئەو قسەیەی كرد.

"كاكە ئەمانە ئەسڵ‌و ئەساسی نییە، سیاسەت لەسەر فێڵ بینا ناكرێت‌و ڕۆژگار ڕۆژی لەدوایە، حورمەت‌و ڕاستگۆیی ئینسان لەسەرو هەموو شتێكەوەیە" ئەمە وەڵامی بەرهەم ساڵح بوو دەربارەی سیناریۆی گەڕانەوەی بۆناو یەكێتی نیشتیمانی لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

وەڵامەكە لە گەرمەی بانگەشەكردن بۆ دەنگدان بە هاوپەیمانی بوو لە هەڵبژاردن(12-5) كە خۆی سەرۆكایەتی دەكرد، بەڵام دوای 4 مانگ بەرهەم ساڵح گەڕایەوە بۆناو یەكێتی لە پێناو كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق‌و پێچەوانەی بانگەشەكانی خۆی هەنگاوی نا.

لەو كاتەوە وشەكانی "حورمەت، حورمەت شەرتە‌و ئینسان نابێت بێحورمەت بێت" بە چڕیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبوونەوە، هاوكات ئەو ڤیدیۆیەی بەرهەم ساڵح ئەو قسەیەی تێدا دەكات، زۆر بە فراوانی بڵاوبووەوەو لە پەیجی بەرهەم ساڵحیش سەدان كەس كۆمێنتیان لەسەر نووسی.

بەرهەم ساڵح ئەوكات چەند جارێك ڕوبەڕوی ئەو پرسیارە بووەوە كە گرەنتی چییە دواتر ناگەڕێتەوە بۆ ناو یەكێتی؟ هەتا جارێك لە ناوبازاڕ گەنجێك ڕوبەڕو پێی وت، "من زۆر زۆرم خۆشدەوێیت"، بەڵام داوای گرەنتیی لێدەكات كە ئەو دەنگانەی كۆی دەكاتەوە بۆ یەكێتی نەبێت.

لە وەڵامی ئەو گەنجەدا بەرهەم ساڵح دەڵێت"دڵنیابە لەوە، ئەزانی بۆ؟ ئینسان خۆ ناكرێت بێحورمەت بێت، من حورمەتی خۆم‌و حورمەتی میللەتەكەم‌و حورمەتی كەسوكارەكەشم دەگرم، سیاسەت لەسەر فێڵ بینا ناكرێت، من بۆ بیبەمەوە بۆ یەكێتی، بۆ یەكێتیم بەجێهێشت؟ لەبەرئەوەی ناكۆكیم هەبوو لەگەڵیان، من پلەو پۆستم هەبوو لە یەكێتیدا پلەو پۆستی زۆر گەورەتریشیان داوە بە من."

واباوە كورد زوو شتی لەبیر دەچێتەوە، بەڵام ئەمجارە بۆ بەرهەم ساڵح وادەرنەچوو، بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف ئەو گرتە ڤیدیۆیەی بەرهەم ساڵح لە پەیجەكەی خۆی بڵاویكردووەتەوەو باسلە "حورمەت" دەكات، تا ئەمڕۆش كۆمێنتی لەسەر نوسراوە، هەروەها زۆر كەس بۆ نوێبوونەوەی ڤیدیۆكەو دەركەوتنەوەی لای هاوڕێكانی، كۆمێنتی لەسەر دەنوسن‌و تەنها دەڵێن "نوێكردنەوە" یان "حورمەت".

زۆربەی زۆری كۆمێنتەكانی خەڵك تانەو توانجە لە قسەكانی ئەوكاتی بەرهەم ساڵح‌و كرداری دواتری، هەندێك نوسیویانە"ئەو برادەرە ئەوەندە ئەم بەرو ئەو بەر بكات، ڕۆژێ سەیارەیەك لێی دەدات. پێی بڵێن داكەسێ" زۆركەسیش وەك تەنز دروشمی "كردار شەرتە" دەنوسنەوە كە هی خودی بەرهەم ساڵحە‌و بەشێكیش بە "بكوژی هیواو ئومێد" ناوی دەبەن.

ئەم وتەیەش لای زۆركەس بەكارهێنراوە"بەرهەم ساڵح موبەریدەی دانا یان حزب؟ هاوین داینا پایز هەڵیگرتەوە."

یەكێتی ئەوانەی دەگەڕێنەوە بە "گەڕانەوە بۆ ماڵە گەورەكە" ناودەبات، نەوشیروان مستەفاش ڕێكخەری كۆچكردوی گۆڕان‌و سیاسیی ناوداری كورد بە "هاوڕێی نیوەی ڕێگا" ناوی دەبردن، بەڵام بۆ بەرهەم ساڵح جیاوازییەكە ئەوەبوو خۆی كەسی یەكەمی حزبەكەبوو و گەڕایەوە، دەستبەرداری پڕۆژەكەی بوو كە دوو چەمكی زۆر گەورەی هەڵگرتبوو ئەویش "دادپەروەری ‌و دیموكراسی"بوون.

 

ڤیدیۆكەی بەرهەم ساڵح

 

ڕووداو

هەرچەندە ساڵێك‌و پێنج مانگە ڕووداو ئەو وێنەیەی لە پەیجی فەیسبوك بڵاوكردووەتەوە، بەڵام هاوشێوەی ڤیدیۆكەی بەرهەم ساڵح، تا ئەمڕۆش كۆمێنت بۆ ئەو وێنەیە دەنوسرێت بە جۆرێك 80 هەزار كەس كۆمێنتیان لەسەر نوسیوەو 125 هەزار لایك كراوە.

ئەوكاتانەی بەرپرسانی كورد بەتایبەت پارتی، سەردانی بەغداد دەكەن‌و باسلە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و عێراق دەكەن، وێنەكەی ڕووداو لەلایەن خەڵكەوە گەرمدەكرێتەوەو كۆمێنتی لەسەر دەنوسن.

 

پۆستەكەی ڕووداو

وەك تەنزێك بۆ وەڵامی پرسیارەكەی ڕووداو دەربارەی یەكەم سەفەر بە پاسپۆرتی كوردیی، زۆر كەس نوسیویانە "هەولێر" یان "كوردستان لە سنوری دێگەڵەوە" ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ دووئیدارەیی، هەندێكیش دەڵێن "لای مالیكی" وەك ئاماژەیەك بۆ سەردانی مەسعود بارزانی بۆلای ئەو سەركردەیەی شیعە كە یەكێك بوو لەوانەی بە تووندی دژی ڕیفراندۆمەكەی كوردستان وەستابوو.

بارزانی كە ئاڵا هەڵگری سەرەكیی ڕیفراندۆم بوو گەڕايەوە بۆ بەغداد، بەرهەم ساڵحیش بووە سەرۆك كۆمار‌و لە پایتەختی عێراقە، بەڵام پایتەختی كوردستانی بە ڕوودا داخراوەو نزیكەی 3 مانگە هەولێری نەبینیوە، لەبەرئەوەی پارتی پێشوازیی لێناكات‌و پاسپۆرتی ئەو حزبەی پێنییە بۆ سەفەری هەولێر!.