پارتی داوادەكات "بەبێ بیانوگرتن" پەلەبكرێت لە پێكهێنانی كابینەی نوێ

02-01-2019 03:30
كۆبوونەوەی شاندنی دانوستانكاری پارتی لەگەڵ یەكێتی لە سلێمانی/ 18-12-2018. وێنە؛ پەیج هێمن هەورامی لە فەیسبوك.

 

پەرەگراف


پارتی داوا دەكات "بەبێ بیانوگرتن" پەلەبكرێت لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و دانانی بەرنامەیەكی تۆكمە بۆ چاكسازیی، ئەوەش ڕەتدەكاتەوە كە دۆسیەی ناوچە دابڕاوەكان‌و حكومەتی عێراق تێكەڵی پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم بكرێن كە خواستی یەكێتییە.


57 ڕۆژ بەسەر سوێند خواردنی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستاندا تێپەڕبووەو هێشتا
دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵنەبژێردراوە، ئەوەش بەهۆی ڕێكنەكەوتنی لایەنەكان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان.


هێمن هەورامی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا تەئكیدی كردەوە فراكسیۆنەكەیان بە ڕێنمایی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، پشتیوانیی ئەوەدەكەن پەلەبكرێت لە یەكلاكردنەوەی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ‌و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم.


هەورامی كە ئەندامی لیژنەی دانوستانكاری حیزبەكەیەتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، وتی: "بەبێ بیانوگرتن" پەلە بكرێت لە دانانی بەرنامەیەكی تۆكمە بۆ كابینەیەكی بەهێز، "بەگیانێكی بەرپرسیارانەو شەراكەتی ڕاستەقینەو بەبێ بیانووگرتن لە یەكتری‌و تێكەڵكردنی ئەوراقی بەغداو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم."


هەرچەندە هێمن هەورامی ناوی ئەو لایەنەی نەهێنا كە "بیانودەگرێت"، بەڵام مەبەستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو، بەوپێیەی ئەو حیزبە داوای ڕێككەوتنی گشتگیر لە پارتی دەكات كە پۆستەكانی هەرێم‌و كەركوك‌و حكومەتی عێراق بگرێتەوەو یەك پاكێج بن.

پارتی دوو گەڕی دانوستاندنی لەگەڵ یەكێتی‌و گۆڕان ئەنجامداوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، بەڵام هێشتا هیچی لێ سەوز نەبووە بە ئاڕاستەی ڕێككەوتنی كۆتایی، هێمن هەورامی هیوای خواست هەفتەی داهاتوو گفتوگۆی جددی تر بكرێت، وتی"ئومێد دەكەین درێژە بە گفتوگۆكان بە جۆرێك نەدرێ كە ببێتەهۆی لاوازكردنی متمانەی خەڵك بە دامەزراوەكانی هەرێم."

وتیشی"لەگەڵ ئەوە نین مەلەفەكان تێكەڵبكرێن، بە تێكەڵكردن نە خزمەت بە چارەسەری پرسی كەركوك دەكات نە خێراكردنی پێكهێنانی حكومەت."


پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد، یەكێتی پرسی دانانی پارێزگارێك بۆ كەركوك‌و وەرگرتنی وەزارەتی داد لە حكومەتی عێراق كە هەردووكیان پارتی بەربەستن لە بەردەمیدا، بەستووەتەوە بە پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌و دابەشكردنی پۆستەكانی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم، بەڵام پارتی بەوە ڕازی نییە، ئەوەش وایكردووە گۆڕان لە پارتی نزیكتربێت تا یەكێتی.


لە وەڵامی ئەوەی ئایا پارتی پلانی هەیە كابینەكە پێكبهێنێت‌و پۆستەكانی یەكێتی بە بەتاڵی بهێڵێتەوە؟ هەورامی وتی"سیناریۆی ژمارە یەك ئەوەیە یەكێتی شەریكی ئەساسیی ئێمەیە، بەڵام هەردووكمان بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی‌و ئیستیحقاقی هەڵبژاردن‌و پێگەی سیاسی‌و جوگرافیی.. ئێمە نەهاتووین بەرنامەی داڕێژراوی پارتی بخەینەڕوو بڵێین وەرن قسەتان لەسەری چییە؟ داوامانكردووە پێكەوە بەرنامەی حكومەت دابڕێژرێ‌و چاكسازیی بكەین‌و تەحەمولی بەرپرسیارێتیی بكەین."


سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، باشترین سیناریۆی حیزبەكەی ئەوەیە پێكەوە لەگەڵ یەكێتی‌و گۆڕان‌و پێكهاتەكان كابینەی نوێ دروست بكات، وتی"ئەو نیەتەمان نەبینیوە لە یەكێتی‌و گۆڕان كە ڕێگریی هەبێ‌و نەیەنەپێش بۆ پێكهێنانی كابینەكە."


ئێستا ئەوەی یەكلایی بووەتەوە لەگەڵ بەشداربوونی یەكێتی لە كابینەی نوێ، ئۆپۆزسیۆن بوونی نەوەی نوێ، حیزبی شیوعی‌و یەكگرتووی ئیسلامییە، هەریەكە لە گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بڕیاری كۆتاییان نەداوە، بەڵام ڕای بەهێز لەناو گۆڕان بە ئاڕاستەی بەشداربوونە لە كابینەی نوێ ئەوەش هەمان خواستی پارتییە.


هاوكات پارتی هێشتا سەردانی كۆمەڵی ئیسلامیی نەكردووە بۆ بەشداربوونی لە كابینەی نوێ، هێمن هەورامی وتی"ڤیتۆمان نییە لەسەر كۆمەڵی ئیسلامی، بەڵام جارێ گفتوگۆكان لەگەڵ براوەی دووەم‌و سێیەمە."


هەرچەندە ئێستا پێكهێنانی حكومەت بۆ پارتی كە 45 كورسی هەیە، ئاسانەو لەگەڵ كەمینەكانی پەرلەمان كە 11 كورسییان هەیە دەتوانێت كابینەی نوێ پێكبهێنێت‌و دەنگی 50+1ی پەرلەمانتاران مسۆگەر بكات(56 لە 111)، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ئاسەوارەكانی دوو ئیدارەیی، لە واقیعدا ناتوانێت حكومەتێكی یەكگرتوو لەسەر زەویی پێكبهێنێت بەبێ بەشداریی حیزبە براوەكانی پارێزگای سلێمانی، بەتایبەت یەكێتی دواتر گۆڕان.


لە سەرەتای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لە ساڵی 1992 تائێستا، یەكێتی بەردەوام پێكهێنەری سەرەكیی حكومەت بووە بە دوو ئیدارەیی‌و ئیدارەی یەكگرتووشەوە، ئێستاش بەشداربوونی لە كابینەی نوێ یەكلایی بووەتەوەو ماوەتەوەسەر وردەكاریی دابەشكردنی پۆستەكان.