بڕیارەكانی هێز و یاسا لە گیرفانی حزبدا

05-01-2019 01:17



پەرەگراف – فەرمان حەمەدئەمین



دوو ئۆتۆمبێلی پڕ لە چەكدار، لە دەرگاكەی ماڵی پێشڕەو وەیسی دەدەن و هەر بەڕاكێشان پێشی خۆیانی دەخەن، بەبێ هیچ بڕیارێكی دادوەر.



پێشڕەو وەیسی، كارگێڕی مەڵبەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە لە هەولێر و ئەو هێزە چەكدارەی هەڵیكوتایەسەر ماڵەكەی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان بوون، تەنیا هۆكاریش ململانێی بەردەوامی هەردوو حزبە.



"كاتژمێر 10:50 خولەك كاتێك پێشڕەو گەرایەوە ماڵەوە لە گەڕەكی برایەتی، دوو كەس بە جلی مەدەنیەوە لە دەرگا دەدەن و خۆیان بە ئاسایش دەناسێنن، باوكم ئەو شەو لەوێ بوو، پرسیاری ناسنامەی دوو كەسەكەو بڕیاری دادوەری كردووە" ئاری وەیسی، برای كادیرە دەستگیركراوەكەی یەكێتی وای وت.



ئەو بۆ پەرەگراف ڕونیكردەوە، كاتێك بڕیاری دادوەر بەو كەسانە نەبووە، مشتومڕ دروستبووە، بۆیە ئەو هێزەكەی لەبەردەم ماڵەكەدا بون "پێشڕەویان بە ڕاكێشان لە ماڵ بردووەتەوە دەرەوە و بردویانە"، ئاری دەڵێت، پێشڕەو ئێوارەی ئەو ڕۆژە لە ماڵی ئەواندا میوان بوە و ڕەنگە لەژێر چاودێریدا بوبێت تا گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە.



"ئەوان دوو ئۆتۆمبێلیان پێبوە، مێكزەمینییەكی بێ تابلۆ لەگەڵ پڕادۆ، نزیكەی 10 بۆ 15 چەكدار بون و ڕوداوەكە لەكامێرای چاودێریی ماڵی براكەم بە تەواوی تۆمارە" بەوتەی ئاری.



پێشڕەو وەیسی، لە كاتی دەستگیركردنیەوە هیچ تۆمەتێكی ڕوبەڕونەكراوەتەوە، بەوتەی كەسوكاریی، سكاڵایشی لەسەر نەبووە.



ئەوەی هەرزوو بوو بەجێی ڕەخنەی جددیی و بەشێكیش بە تەنزەوە باسیانكرد، دەركەوتنی سەرەداوی هۆكاری دەستگیركردنی كادیرەكەی یەكێتی بوو لەلایەن پارتییەوە، ئەوەش بەپێی دوایین بەیاننامەی ئاسایشی هەولێر.



لەو بەیاننامەیەدا ئاسایش دان بەوەدادەنێت دەستگیركردنی پێشڕەو وەیسی، پەیوەندی هەیە بە دەستگیركردنی كادیرێكی پارتیەوە لە گەرمیان و تا ئەو ئازاد نەكرێت، كادیرەكەی یەكێتی لای ئەوان دەمێنێتەوە.


هەروەها ئاسایشی هەولێر نوسیویەتی"ئەو كارەی كراوە باش نیە، بەڵام كە ئەوان (یەكێتی) وادەكەن ئێمەش ناچارین بەوشێوەیە ڕەفتار بكەین".



كادیرەكەی پارتی لە گەرمیان، كوڕێكی ئەكبەر حاجی ڕۆستەم، كەسایەتی سنورەكەیە و بەوتەی پۆلیسی ئەو ناوچەیە، لەسەر سكاڵایەكی مامی بەپێی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیركراوە و ڕادەستی ئاسایشی سلێمانی كراوە.


پۆلیسی گەرمیان لەبارەی ڕوداوەكەوە ئەوەی ڕونكردووەتەوە سەرخێڵ ئەكبەر ڕۆستەم، لەلایەن دادوەری لێكۆڵینەوەی كفرییەوە ڕەوانەی دادگای ئاسایش كراوە، مامێكی بەتۆمەتی تەقەكردن و بڕینی كارەبای باخەكەی سكاڵای لەسەری هەبووە.


ململانێكانی پارتی و یەكێتی، بەلای خەڵكەوە نوێ نیەو مێژویەكی درێژی هەیە، ئەوان هەرێمی كوردستانیان كردووەتەوە دوو زۆنی ڕانەگەیەندراو، چەندینجار لە بازگەكان ڕێگرییان لە یەكتری كردووە یان كادیری یەكترییان لە شوێنی نیشتەجێبونی خۆی دەركردووە.



واسق هاشمی، شارەزای ئەمنیی‌و سیاسی لەبارەی ئەو ڕوداوەوە دەڵێت، بەڵگەی ئەوەیە لەسەردەمی بێ حكومەتیی و بێ دەوڵەتیدا دەژین، چونكە "حزب و كەسایەتیەكان كۆنتڕۆڵی هەموو شتێكیان كردووەو ویستی خۆیان بەسەر كۆمەڵگە دەسەپێنن" ئەوەشی بە پەرەگراف وت "بەوهۆیەوە نە یاسا سەروەرە و نە هاوڵاتیان پارێزراون، ئەو دۆخەش تەنیا لە كوردستان نیە، بەڵكو لە تەواوی عێراق هەیە".



دەستگیركردنی كادیرێكی یەكێتی لە بەرانبەر دەستگیركردنی كادیرێكی پارتیدا، هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی ئەو ناكۆكییەی زیاتر لە ساڵێكە لەنێوان هەردوو حزب قوڵبووەتەوە، بەتایبەت لەدوای ڕوداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، لەمساڵیشدا لەپڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماردا، زیاتر پەیوەندییەكانیان ئاڵۆزیی تێكەوت.



"ئەگەرچی پێشتریش ململانێی دوو ئیدارەیی هەر هەبووە، بەڵام دوای هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بە سەرۆك كۆمار ململانێیەكە زۆر توندتر بووە، ئەمەش پەیامێكە كە لە داهاتوودا ململانێیەكان توندتر و زیاتر دەبن" هاشمی وای وت.



پارتی كە داوای پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری عێراقی دەكرد، كاندیدەكەی نەیتوانی سەركەوێت و بەرهەم ساڵح دوای بەجێهێشتنی حزبە نوێیەكەی‌و گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی، لەپشكی یەكێتی بۆ سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا.



واسق هاشمی هۆشداریی لە مەترسی ناكۆكی هەردوو حزب دا، بەتایبەت لە جوڵاندنی هێزە ئەمنیەكاندا و زیاتر ڕونیكردەوە "بەڵگەیەكی تر ئەوەیە حزب بەسەر دامەزراوەكانی كوردستان سەروەرە نەك یاسا و حكومەت، هەر ویستی حزبیش بەسەر حكومەتدا زاڵە".



لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، ڕوداوەكەی نێوان پارتی و یەكێتی بووەتە بابەتی تەنز، بەشێكیان بە سەردەمی فیفتی بەفیفتی ناویدەبەن كە هەردوو حزب حوكمڕانیی هەرێمیان بە یەكسانی دابەشكرد، هەندێكی تر شوبهاندویانە بە شەڕی دوو منداڵ كاتێك قژی یەكتری دەگرن و هەریەكەیان چاوەڕێی بەرانبەرەكەیەتی قژی بەربدات تا شەڕەكە كۆتایی بێت.



بەوتەی شارەزایەكی یاسایی لە هەولێر، دۆسیەی دەستگیركردنی كادیرەكەی یەكێتی هیچ پەیوەندییەكی بە یاساوە نیە، ئەو كە لەبەر هەستیاریی بابەتەكە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بۆ پەرەگراف وتی"لەیاسای سزادانی عێراق ئەگەر تاوانێك ڕوی نەدابێ هیچ سزایەك دیاریناكرێت بەبێ پشتبەستن بەمادەیەكی یاسایی، ئەوەش لە بەیاننامەكەی ئاسایشدا نیە".



"ئەم ڕوداوە هیچ بەهایەكی بۆ دەسەڵاتی دادوەری، داواكاریی گشتی و مافی گشتی نەهێشتەوە"، ئەو شارەزایەی یاسا جەختیكردەوە ڕوداوەكە لە دەرەوەی یاسا بووەو تەنیا "ڕەفتارێكی كەسییە دوور لە دادگا".



سەروەریی یاسا؛ لە نزیكەی 30 ساڵەی حوكمڕانیی كوردیدا بەردەوام بەڵێنی لێپرسراوانی باڵا بوە بۆ ئەو گردبونەوەو ناڕەزاییانەی لە هەرێمی كوردستاندا ئەنجامدراون، دژی ڕوداوە جیاوازەكانی تاوانكاریی و گەندەڵی، ئەوەش هاوشێوەی یەكخستن‌و هەوڵی بێلایەنیی هێزە چەكدارەكان، كە چەندین ساڵە سەرباری بڕیار و یاسا، بەڵام لە ناكۆكییە حزبیەكاندا بەكاردەهێنرێن.



مەڵبەندی هەولێری یەكێتی، كۆتایی هەفتەی ڕابردو لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد جگە لە پێشڕەو وەیسی، سێ كادیری دیكەیان لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی هەولێرەوە دەستگیركراون، داوایانكرد چارەنوسیان دیاریبكرێت‌و ئازاد بكرێن.



ڕوداوەكە و ئاڵۆزیی ئێستا پارتی و یەكێتی، لەكاتێكدایە حزبەكان لە گفتوگۆی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانن كە نزیكەی سێ مانگ دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەرئەنجامی نیە، بەتایبەت هەردوو حزب كە زۆرینەی كورسیەكانیان هەیە هێشتا ڕێكنەكەوتون.



كاوە عەبدولقادر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ بۆ پەرەگراف وتی"ئەوەی ڕوویداوە بە تەواوەتی دەریخست هێزی ئەمنیی بەسەر دوو حزبی دەسەڵات دابەش بووە و شتێك نیە بەناوی هەرێمی كوردستانی یەكگرتوو، ئەوەی هەیە دوو ئیدارەییە و دامەزراوەكانیش بە تەواوەتی دابەشبوون".



خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان، تەنیا سوێندی یاسایی خواردوەو هێشتا دەستبەكار نەبوون، بەهۆی ڕێكنەكەوتنی حزبەكان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی دەستەی سەرۆكایەتی.



ئەو پەرلەمانتارە بەپێویستی زانی یەكەم كاری پەرلەمان نەهێشتنی ئاسەوارەكانی دوو ئیدارەیی بێت لەسەر هێزە ئەمنی و سەربازییەكان، چونكە تا ئەوان تێكەڵ و یەكگرتوو نەبن، ناتوانرێت باسی بنەبڕی دوو ئیدارەیی بكرێت.



هەروەها پێیوایە بە پەرلەمانێكی كارا و لەڕێی بودجەوە دەتوانن فشار لەسەر دەسەڵات بۆ یەكخستنی هێزەكان دروست بكەن، بەپێچەوانەوە "هیچ مانایەك بۆ قەوارەی هەرێمی كوردستان نامێنێت و دوو ئیدارەیی جێگەی هەموو شتێكی گرتووەتەوە"، داواشیكرد فراكسیۆنەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی ببنە فشار، بەوپێیەی دوو حزبەكە "ویستی یەكخستنی هێزەكان و نەهێشتنی ئاسەواری دوو ئیدارەییان نیە" بەوتەی كاوە عەبدولقادر.