مەرجی ترەمپ بۆ ئەردۆغان؛ نابێت هێرش بكەیتەسەر كورد دوای كشانەوەمان لە سوریا

06-01-2019 07:09
ترەمپ بە مەرجی پاراستنی كورد لە سوریا دەكشێتەوە.


پەرەگراف



ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكا مەرجێكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی وڵاتەكەی بۆ توركیا ئاشكرا كرد دەربارەی كشانەوەی هێزەكانیان لە سوریا، مەرجەكە پەیوەندیی بە پاراستنی كوردانی سوریاوە هەیەو ترەمپ تەئكید لە پاراستنیان دەكاتەوە.



ئەو مەرجەی ئەمەریكا دوای نیگەرانییەكانی كوردو بەشێك لە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ دێت دەربارەی هێرشی توركیا بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان دوای كشانەوەی ئەمەریكا لە خاكی سوریا.



جۆن بۆڵتن كە لە سەردانێكی چوار ڕۆژەدایە بۆ ئیسرائیل‌و توركیاو بڕیارە دووشەممە بگاتە ئەنقەرە، ئەمڕۆ ڕایگەیاند لە گفتوگۆكانی لەگەڵ بەرپرسانی توركیا لە ناویاندا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، تەئكید لەوە دەكاتەوە كوردانی سوریا پارێزراون بن كە هاوپەیمانی ئەمەریكان.



بۆڵتن وتی، پێمان وانیە كە توركیا كارێك بكات كە بەتەواوەتی لەگەڵ ئەمەریكا ڕێككەوتنی لەسەر نەكرابێت، "هەروەها پێویستە بەپێی داواكاریی سەرۆك(ترەمپ) هەنگاو بنێن كە ئەو هێزانەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا كە شان بە شانی ئێمە شەڕیان كردووە زیانیان پێ نەگەیەنن."



نزیكەی دوو هەزار سەرباز و ڕاوێژكاریی ئەمەریكیی لەسەر خاكی سوریان، ناوچەی جێگیربوونیشیان ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات-ە، كە لەلایەن كوردەكانی سوریاوە بەڕێوەدەبرێن.



بڕیارەكەی ئەمەریكا بۆ كشانەوە لە سوریا، دوای هەڕەشەكانی توركیا هات بۆ پەلاماردانی ڕۆژئاوای كوردستان، ئەوەش بە مەترسی دادەنرێت بۆسەر كورد.



جۆن بۆڵتن ئاماژەی بەوەكرد، لەگەڵ بەرپرسانی توركیا گفتوگۆ دەكات بۆ ئەوەی بۆی دەربكەوێت مەبەستەكانی توركیا چییە، وتی"بەڵام هەڵوێستی سەرۆك ترەمپ ئەوەیە كە توركیا كوردەكان ناكوژێت و ئەمەریكا بەبێ ڕێككەوتن لەسەر ئەو بابەتە سەربازانی لە سوریا ناكشێنێتەوە."



ئەمەریكا هێشتا كاتی كشانەوەی لە سوریا دیاریی نەكردووە، بڕیارە لە ناكاوەكەی ترەمپ بۆ كشانەوە كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو لەگەڵ نیگەرانیی كورد، چەند كۆنگرێسمانێك‌ ناڕەزاییان پیشانداو ژمارەیەك بەرپرسی ئیدارەی ترەمپ دەستیان لەكار كێشایەوە لەوانە؛ جەیمس ماتیس وەزیری بەرگریی‌و برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ شەڕی دژی داعش.



بڕیاری كشانەوەی ئەمەریكا، توڕەیی، نیگەرانی‌و ترسی لە ڕۆژئاوای كوردستان لێكەوتەوەو وەك هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بەڕووی هێرشی توركیادا سەیر دەكرا، بەڵام پێدەچێت ئەو مەرجەی ئەمڕۆ بۆڵتن ڕایگەیاند، ببێتە هۆی پاراستنی كورد.



كوردانی سوریا دەڵێن، ئامانجی ئەردۆغان لە هێرش‌و هەڕەشەی سەر ڕۆژئاوای كوردستان "زیندوو هێشتنەوەی داعشە"و دەیەوێت فشارەكانی شەڕڤانان لەسەر ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە كەمبكاتەوە.



داعش ناوچەیەكی كەمی لە خاكی سوریا بە دەستەوە ماوەو لەسەر دەستی شەڕڤانانی كورد گورزی كوشندەی بەركەوتووە، یەپەگە كە هێزی سەربازیی كوردە لە ڕۆژئاوا، بەهێزترین هێزی شەڕكەر بووە دژی داعش‌و توانیویەتی تەواوی خاكی ڕۆژئاوای كوردستان‌و هەندێك ناوچەی دیكەش لە تیرۆریستان پاكبكاتەوە، ئەوەش بە هاوكاریی ئەمەریكاو هاوپەیمانان.



لە چەند ساڵی ڕابردوودا توركیا بەردەوام بووە لە فشارەكانی بۆ سەر ئەمەریكا بە ئامانجی دوورخستنەوەی لە شەڕڤانانی یەپەگە، تەنانەت هەركاتێك سەربازانی ئەمەریكاو شەڕڤانانی یەپەگە پێكەوە دەردەكەون، توركیا تای بەرزدەبێتەوەو ناڕەزایی پیشاندەدات.



توركیا، یەپەگە(باڵی سەربازی پەیەدە) لە ڕۆژئاوای كوردستان بە بەشێك لە پەكەكە لەقەڵەم دەدات‌و بە "تیرۆریست" ناویان دەبات، بەڵام ئەمەریكا پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ یەپەگە هەبووەو گوێی بە ناڕەزاییەكانی توركیا نەداوە.



دوای بڕیارەكەی ئەمەریكا بۆ كشانەوە، كورد ڕوویكردە ڕوسیاو سوریا بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای كوردستان لە هێرشی توركیا، تائێستا چەند خولێكی گفتوگۆ لەنێوان كوردو سوریا ئەنجامدراوەو بە نێوەندگیریی ڕوسیا كاربۆ ڕێككەوتنی ئەو دوو لایەنە دەكرێت، بەجۆرێك ئەركی پاراستنی سنورەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بە هێزی سوریا بسپێردرێت بەوپێیەی بەشێكە لە خاكی ئەو وڵاتە.