پارتی‌و یەكێتی كۆدەبنەوە؛ بارزانی دەیەوێت گرێ كوێرەی بەردەم كابینەكەی مەسرور بكاتەوە

07-01-2019 04:40
كەركوك‌و كابینەی نوێی حكومەت چەقی گفتوگۆی كۆبوونەوەکە دەبێت.



پەرەگراف- سوركێو محەمەد



پارتی‌و یەكێتی بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی‌و كۆسرەت ڕەسوڵ كۆدەبنەوەو دەیانەوێت خاڵی كۆتایی لەسەر ناكۆكییەكانی نێوانیان دابنێن‌و چەند پرسێك یەكلایی بكەنەوە، چەقی گفتوگۆكان دانانی پارێزگاری كەركوك دەبێت، پاشان پشكی یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم‌و پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم.



یەكێتی "بەربەستی" بەردەم پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەو دەیەوێت ئەو پرسە بكاتە دەرفەت بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك‌(لەپشكی خۆی)و وەرگرتنی وەزارەتی داد لە بەغداد ئەوەش بە یەك پاكێج‌و لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێكی گشتگیر لەگەڵ پارتی، بەڵام پارتی بەوە ڕازیی نییە.


پێشتریش مەسعود بارزانی لەسەر ئەو پرسە پەیامی بۆ یەكێتی ناردووەو لە كۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەشدا دەیەوێت ئەو پرسە بە تەواوەتی یەكلایی بكاتەوەو بەربەستەكانی بەردەم پێكهێنانی كابینەكەی مەسروری كوڕی لاببات.



كۆبوونەوەكەی پارتی‌و یەكێتی بڕیارە "سبەینێ لە پیرمام" بەڕێوەبچێت، سەرچاوەیەكی باڵا بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، كۆبوونەوەكە "لەسەر داوای مەسعود بارزانییە"و هێشتا پارتی سوورە لەسەر ئەوەی پرسی كەركوك‌و بەغداد تێكەڵ بە پێكهێنانی كابینەی نوێی هەرێم نەكرێن.



ئەو سەرچاوەیە كە ئاگاداری وردەكاریی ناكۆكییەكانی نێوان ئەو دوو حیزبەیە، وتی"لە کۆبوونەوەکەدا كاك مەسعود دەیەوێت كەركوك جیابكاتەوە لە گفتوگۆكانی كابینەی نوێ، لەناو یەكێتیش باڵی كاك كۆسرەت بەوە ڕازین، بەڵام باڵەكەی دیكەی یەكێتی پێداگرن لەسەر ئەو پرسەو ئەوان بەهێزترن لە كاك كۆسرەت."



"پارتی دەڵێت بەرلە دانانی پارێزگارێك بۆ كەركوك دەبێت هێزە عێراقییەكان بچنە دەرەوە لەو شارەو سەرەتا پرسەكە لەگەڵ بەغداد یەكلایی بكرێتەوە، پارتی نایەوێت تەنها بۆ دانانی پارێزگارێك بگەڕێتەوە بۆ كەركوك‌و دواتر بچێتە دەرەوە لە شارەكە بەهۆی بوونی هێزە عێراقییەكان‌و ناسەقامگیریی."



خاڵێكی دیكەی ناكۆكیی نێوان پارتی‌و یەكێتی لەسەر كەركوك، ئەو كەسەیە كە دەبێتە پارێزگار، یەكێتی پێداگرە لە پشكی ئەو بێت‌و كاندیدی بۆ ئەو پۆستە ڕزگار عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسییە، بەڵام پارتی بەو كاندیدە "ڕازیی نییە."



"پارتی ڕازی نییە هیچ كەسێك لە گروپی 16ی ئۆكتۆبەر ببێتە پارێزگاری كەركوك، پێیباشە كەسێكی بێلایەن پارێزگار بێت، یاخود یەكێتییەك بێت كە پارتی ڕازیی بێت لەسەری‌و لەو گروپە نەبێت، بەڵام بە مەرجی ئاسایی كردنەوەی دۆخی شارەكەو چوونەدەرەوەی هێزەكان" سەرچاوەكەی پەرەگراف وای وت.



لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە هێزە عێراقییەكان گەڕانەوە بۆ كەركوك‌و دەسەڵاتیان گرتەدەست، پۆستی پارێزگاری كەركوك بووەتە كێشە لە نێوان پارتی‌و یەكێتی، یەكێتی چەندجارێك هەوڵیداوە لە ڕێی بەغدادو عەرەب‌و توركمانەكانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئەو پرسە لە بەرژەوەندیی خۆی یەكلایی بكاتەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبووەو پارتی بەربەست بووە لە بەردەمیدا.



دەربارەی پۆستی وەزارەتی دادی عێراق كە بۆ كورد دانراوەو بەهۆی ناكۆكییە ناوخۆییەكانەوە هێشتا پڕنەكراوەتەوە، سەرچاوەكەی پەرەگراف وتی"یەكێتی هێشتا داوای دەكات، بەڵام ئەو جدییەت‌و پێداگرییە لەلایەن پارتی‌و یەكێتییەوە نەماوە لەسەر ئەو پۆستە، ئەگەر دانانی پارێزگاری كەركوك چارەسەرببێت، ئەوەیان ئاسانە."



كابینەی نوێ لە چاوەڕوانیی چارەسەركردنی كێشەكاندا


ناكۆكیی نێوان پارتی‌و یەكێتی كاریگەریی خراپیان لەسەر گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم هەبووە كە مەسرور بارزانی كوڕە گەورەی مەسعود بارزانی كاندیدی سەرۆكایەتیی كابینەكەیە، 99 ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕبووەو هێشتا ئاسۆی پێكهێنانی كابینەكە ڕوون نییە.



بارزانی باوك دەیەوێت كابینەیەكی بێ كێشە بە درێژایی چوار ساڵی داهاتوو، بۆ مەسروری كوڕی دروست بكرێت، تا لەیەكەم تاقیكردنەوەی بەڕێوەبردنی باڵاترین پۆستی مەدەنیی سەركەوتوو بێت، ئەوەش دوای گۆڕینی ڕۆڵەكەی‌و دەستبەرداربوون لەكاری ئەمنیی‌و هەواڵگریی.



مەسرور بارزانی لە ئەركی نوێیدا دەبێتە سەرۆكی حكومەتێك كە دەیەوێت "بەهێز و جیاواز بێت"، ئەو لە سەردەمێكدا ئەو پۆستە وەردەگرێت كە حیزبەكەی بە 45 كورسیەكەی خۆی‌و پشتبەستن بە پێكهاتەكان نیوە+1ی پەرلەمانی كوردستانی هەیە.



دابەشكردنی پۆستەكان لە كابینەی نوێ‌و سەرۆكایەتییەكانی هەرێم‌و پەرلەمان، خاڵێكی دیكەی كێشەی نێوان یەكێتی‌و پارتییە، یەكێتی بە 21 كورسیی پەرلەمانەوە داوای لەسەدا 40ی پۆستەكان دەكات، بەڵام پارتی بەوە ڕازیی نییەو دەیەوێت بە سیستمی خاڵ‌و بەپێی كورسیی پەرلەمان پشكی لایەنە بەشداربووەكان بدات، لەگەڵ ڕەچاوكردنی مێژوو، هێز، ناوچەی جوگرافیی بۆ یەكێتی.


هەرچەندە یەكێتی بەردەوام لە ڕاگەیاندنەكانەوە دەڵێت، هێڵی سووری نییە لەسەر بەشداربوونی هیچ لایەنێك لە حكومەت، بەڵام پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد، ئەو حیزبە نایەوێت گۆڕان بەشداریی پێبكرێت، "تەنانەت یەكێتی بە پارتییان وتووە ئێمە كۆتاییمان بە گۆڕان هێناوە، ئێوە بە بەشداریپێكردنیان لە حكومەت دەتانەوێت هەڵیانبسێننەوە."


پەرەگراف لە بەرپرسانی باڵای گۆڕان ئەوەی پشتڕاست كردەوە، ئەو بزووتنەوەیە ئاگاداری ناڕازی بوونی یەكێتییە لەبارەی بەشداریی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەت.


ئێستا ئەوەی یەكلایی بووەتەوە لەگەڵ بەشداربوونی یەكێتی لە كابینەی نوێ، ئۆپۆزسیۆن بوونی نەوەی نوێ، حیزبی شیوعی‌و یەكگرتووی ئیسلامییە، هەریەكە لە گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بڕیاری كۆتاییان نەداوە، بەڵام ڕای بەهێز لەناو گۆڕان بە ئاڕاستەی بەشداربوونە لە كابینەی نوێ ئەوەش هەمان خواستی پارتییە.



هاوكات پارتی هێشتا سەردانی كۆمەڵی ئیسلامیی نەكردووە بۆ بەشداربوونی لە كابینەكە.



هەرچەندە ئێستا پێكهێنانی حكومەت بۆ پارتی كە 45 كورسی هەیە، ئاسانەو لەگەڵ كەمینەكانی پەرلەمان كە 11 كورسییان هەیە دەتوانێت كابینەی نوێ پێكبهێنێت‌و دەنگی 50+1ی پەرلەمانتاران مسۆگەر بكات(56 لە 111)، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ئاسەوارەكانی دوو ئیدارەیی، لە واقیعدا ناتوانێت حكومەتێكی یەكگرتوو لەسەر زەویی پێكبهێنێت بەبێ بەشداریی حیزبە براوەكانی پارێزگای سلێمانی، بەتایبەت یەكێتی دواتر گۆڕان.



لە سەرەتای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لە ساڵی 1992 تائێستا، یەكێتی بەردەوام پێكهێنەری سەرەكیی حكومەت بووە بە دوو ئیدارەیی‌و ئیدارەی یەكگرتووشەوە، ئێستاش بەشداربوونی لە كابینەی نوێ یەكلایی بووەتەوەو ماوەتەوەسەر وردەكاریی دابەشكردنی پۆستەكان.