سینەما سالم كرایەوەو فیلمەكەی ساكینە جانسز نمایش دەكرێت

09-01-2019 03:48
دوای فشارو ناڕەزاییەكان دژی داخستنی سینەما سالم لە سلێمانی، ئەمڕۆ سینەماكە كرایەوە.


پەرەگراف



دوای فشارو ناڕەزاییەكان دژی داخستنی سینەما سالم لە سلێمانی، ئەمڕۆ سینەماكە كرایەوەو بڕیارە ئەو فیلمەی باسلە ژیانی سەركردەیەكی تیرۆركراوی پەكەكە دەكات‌و بەهۆیەوە سینەماكە داخرا، نمایش بكرێت‌و تەنها وادەی نمایشكردنەكەی دوا دەكەوێت.



سینەما سالم دوێنێ لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە داخرا بەبێ هیچ نوسراوێكی فەرمیی‌و ئاشكرا كردنی هۆكارەكەی، بەرپرسانی سینەماكە ئەو كارەیان بە "زەنگێكی مەترسیدار" لە قەڵەمداو ڕایانگەیاند، پەیوەندیی بە فیلمێكەوە هەیە كە باس لە ژیانی ساكینە جانسز سەركردەی تیرۆركراوی پەكەكە دەكات.



داخستنی سینەماكە كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەیان كەس دژی ئەو كارەی ئاسایش هەڵوێستیان دەربڕی‌و پشتیوانییان بۆ سینەماكە پیشاندا، ئەمڕۆش بەڕێوەبەری ڕۆشنبیریی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا نیگەرانیی دەربڕی لە داخستنی سینەماكەو داوایكرد سینەماكە بكرێتەوەو كۆتایی بە داخستنی بهێنرێت.



هاوكات سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هێزەكانی ئاسایش كافێ كتێبی عەزەلنوسیان داخست لە هەمان شوێنی سینەماكە، بەڵام دوانیوەڕۆ دوای دانوستانی بەرپرسانی سینەماكە لەگەڵ ئاسایشی سلێمانی، كردنەوەی هەردوو شوێنەكە ڕاگەیەندرا.



"ئێستا سینەما سالم كراوەیەو شتێك بە ناوی ''داخستنی سینەما'' و ''قەدەغەكردنی فیلم'' لەگۆڕێ نییە؛ بە تایبەتتر بۆ فیلمی ٣ ڕۆژ لە ١٠ ساڵ: ئیتر ''قەدەغە'' نییە و تەنها كاتی نمایشەكەی دوا دەكەوێت"، سینەماكە لە بەیاننامەیەكدا وادەڵێت.



بەیاننامەكە سوپاسی ئەو كەسانە دەكات كە پشتیوانییان كردوون‌و لەگەڵیاندا بوون، دەڵێت"لە دوێنێوە دژی ''داخستنی سینەما'' و ''قەدەغەكردنی فیلم'' دەنگمان هەڵبڕیوە، ئەمڕۆیش دوای داخستنی دەرەگای سەرەكیی سینەما سالم و كافێ كتێبی غەزەلنووس، بە جەسووریەتێكی زۆرترەوە لەسەر ئەو دوو داواكارییەمان سوور بووین؛ تا لەسەر داوای خۆیان، لەگەڵ ئاسایشی گشتیی سلێمانی كەوتینە دانوستان."



سینەما سالم تەئكید لەوە دەكاتەوە، كە ''نابێت هەرگیزاو هەرگیز سینەما دابخرێت و قەت بوێرییەك نەبێت بۆ قەدەغەكردنی فیلم، چونكە ئەوە كولتوور و فیكر و ئەدەب و هونەری ئازادە دەتوانێت فەزای ئاسایشمان بۆ دروست بكات، نەك داخستن و قەدەغەكردن."



ئەوە یەكەمجار نەبوو ئاسایش ڕێگریی لە پەخشكردنی فیلم لەو سینەمایە بكات، پێشتریش ڕێگریی لە پەخشكردنی فیلمێك كرا بەناوی 14ی تەمموز كە بەهەمانشێوە پەیوەندیی بە پەكەكەوە هەبوو، بەڵام دواتر بە هەوڵی وەزارەتی ڕۆشنبیریی فیلمەكە پەخشكرا.



داخستنی سینەما سالم لە سلێمانی كە بە فەرمیی نازناوی پایتەختی ڕۆشنبیریی لێنراوە، دوای فشارەكانی توركیادێت بۆسەر حیزبە دەسەڵاتدارەكانی ئەو شارە بەهۆی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پەكەكەو هەژموونی ئەو ڕێكخراوە لە سلێمانی كە توركیا بە "تیرۆریست" لە قەڵەمی دەدات.



لەو چوارچێوەیدا پێشتر سەرجەم بارەگاكانی تەڤگەری ئازادی-نزیك لە پەكەكە- بە فشاری هێزەكانی ئاسایش(یەكێتی) لە تەواوی ناوچەكانی هەرێم داخران، پاساوەكە نەبوونی مۆڵەت بوو، بەڵام بەرپرسانی تەڤگەر دەڵێن، فشارەكان سیاسیی بوون نەك یاسایی.


سینەما سالم 3 ساڵە دامەزراوە، بەرپرسانی سینەماكە دەڵێن، سینەماكە سەربەخۆیەو پەیوەندی نییە بەهیچ لایەنێكەوەو بەردەوام فیلمیان نمایشكردووە بەتایبەت فیلمی كوردیی‌و پێیانوایە گۆڕانكاریی دەكرێت لەڕێی فیلم‌و هونەرو كولتورەوە ڕووبدات.


"داخستنی سینەما لەوانەیە لە مێژووی ئەم شارەو ئەم وڵاتە وەكو خاڵێكی هەرە ناشرین بمێنێتەوە" بەڕێوەبەری سینەما سالم دوێنێ دوای داخستنی سینەماكە وای وت، وتیشی"ئەوانەی پڕوپاگەندەی شاری ڕۆشنبیریی دەكەن ئەركەكەی لەسەر ئەو شوێنانەی وەك ئەم سینەمایە بووە كە خۆبەخشانە ئیشیان كردووەو ئەوان كەشوفشەكەیان پێوە كردووە."



ڕەوەز حەمەساڵح داخستنی سینەماكەیانی بە "زەنگێكی مەترسیدار بۆ ئازادیی" لە قەڵەم دا، پرسیاری ئەوەی كرد، ترسی دەسەڵاتداران لە فیلمێكی 20 خولەكیی دەبێت چی بێت؟ دەبێت فیلمێكی 20 خولەكیی مەترسی بۆچی دروست بكات؟ وەك ئاماژەیەك بۆ فیلمەكە لەبارەی ژیانی ساكینە جانسز كە بڕیاربووە 11ی ئەم مانگە نمایش بكرێت. دوای كردنەوەی سینەماكە ئەو فیلمە لە كاتێكی دیكەدا نمایش دەكرێت.



ساكینە جانسز یەكێك لە دامەزرێنەرانی پەكەكەو فیدان دۆغان‌و لەیلا سۆیلەمەز چالاكوانانی نزیك لە پەكەكە، لە 9 ی كانوونی دووەمی 2013 لە پاریس كوژران، بەپێی میدیای فەڕەنسا، میت دەستی هەبووە لە كوشتنی ئەو سێ ژنە چالاكوانە كوردەدا.



فشارەكانی توركیا دوای دەستگیركرانی دوو بەرپرسی میت لە سلێمانی



توركیا چەندینجار بە فەرمی‌و لە ئاستی باڵادا یەكێتی تۆمەتباركردووە بە پشتیوانییكردن لە پەكەكە، بەتایبەت دوای دەستگیركردنی دوو بەرپرسی باڵای میت لەلایەن پەكەكەوە لە سلێمانی، ئەوەش پەیوەندییەكانی توركیاو یەكێتی تێكداو نوێنەری یەكێتی لە توركیا دەركراو هۆكاربوو بۆ داخستنی ئاسمانی ئەو وڵاتە بەڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا.



تەنانەت جێبەجێ كردنی بڕیارەكەی قوباد تاڵەبانی بۆ داخستنی بارەگای حیزبە بێ مۆڵەتەكان كە ڕاستەوخۆ تەڤگەری ئازادیی كردە ئامانج، پەیوەندییەكانی نێوان توركیاو سلێمانی ئاسایی نەكردەوەو دوای داخستنی سەرجەم بارەگاكانی تەڤگەر، جارێكیتر گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی درێژكرایەوە.



دەستگیركردنی دوو بەرپرسی باڵای میت لەلایەن پەكەكەوە لە سلێمانی، سەرەتای توڕەیی‌و نیگەران بوونی توركیا بوو، ئەو وڵاتە فشارەكانی بۆسەر حیزبەكانی باشوور دەستپێكرد‌و دەیوست فشارەكان كاریگەرییان هەبێت بۆسەر پەكەكە تا دوو میتەكە ئازاد بكات، بەڵام كاتێك ئەوە سەرینەگرت، فشارەكان چوونە قۆناغێكی دیكەو سلێمانی سزا درا بە پاساوی هەژموونی پەكەكەو هاوكاریكردنی حیزبە دەسەڵاتدارەكانی ئەو پارێزگایە.



توركیا ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا داخست‌، مەولود چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بە ئاشكرا یەكێتی‌و گۆڕانی تۆمەتباركرد بە هاوكاریكردنی پەكەكە. بەڵام ئەو دوو حیزبە كە دەسەڵاتی ئەمنیی‌و ئیداریی پارێزگاكەیان بەدەستەوەیە تۆمەتەكەیان ڕەتكردەوە.



دوو بەرپرسە باڵاكەی میت سەرەتای مانگی هەشتی 2017 لەلایەن تیمێك لە گەریلاكانی پەكەكەوە دەستگیركران‌و گەیەندرانە قەندیل‌و تائێستاش لای پەكەكەن.



پەرەگراف پێشتر لە بەدواداچوونێكی ورد دا ئەوەی ئاشكرا كرد، ئەو دوو میتە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە هەبووەو بۆ كێشانی دواین نەخشەی ئۆپەراسیۆنێكی تایبەت كە لە ڕێگەی هەلیكۆپتەرەوە ئەنجامبدرێت‌و جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی كەجەكە بكرێتە ئامانج، سەردانی ڕێگای (ڕانیە-دوكان)یان كردبوو، بەڵام پیلانەكە پێچەوانە بووەوەو پەكەكە ئەوانی دەستگیركرد.