پەرلەمانتارانی یەكێتی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی كۆدەبنەوە

10-01-2019 05:35
سەرۆكوەزیرانی عێراق سوورە لەسەر داگرتنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك. وێنە؛ سوركێو محەمەد/ پەرەگراف.

پەرەگراف

پەرلەمانتارانی كەركوكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆدەبنەوە دەربارەی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك، عادل عەبدولمەهدی سوورە لەسەر داگرتنی ئاڵاكە، بەڵام بەكارهێنانی هێز بۆ ئەو كارە ڕەتدەكاتەوە.

كۆبوونەوەكەی عادل عەبدولمەهدی و سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی‌و 6 پەرلەمانتارەكەی ئەو فراكسیۆنە كە نوێنەرایەتیی پارێزگای كەركوك دەكەن، نێوەڕۆی ئەمڕۆ بووەو زیاتر لە یەك كاتژمێری خایاندووە (لەكۆی 12 پەرلەمانتاری كەركوك، یەكێتی 6 پەرلەمانتاری هەیەو تاكە حیزبی كوردییە نوێنەری ئەوشارەی هەبێت لە پەرلەمانی عێراق).

"لە كۆبوونەوەكەدا بەڕێز عادل عەبدولمەهدی جارێكی دیكە داوایكرد ئاڵای كوردستان لە كەركوك دابگیرێت‌و چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵی بكرێت لەسەر ئەو پرسە"، دیلان غەفور پەرلەمانتاری یەكێتی‌و نوێنەری شاری كەركوك لە پەرلەمانی عێراق كە بەشداریی كۆبوونەوەكەی كردووە بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، سەرۆكوەزیرانی عێراق تەئكیدی لە پاراستنی ئارامیی شاری كەركوك كردووەتەوە، "بەهەموو شێوەیەك بەكارهێنانی هێزی سەربازیی ڕەتكردەوە لەسەر ئەو پرسە‌و دژی توندوتیژیی وەستایەوە."

یەكێتی پێیوایە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك پێچەوانەی دەستورو یاسا نییە، دیلان غەفور دەڵێت"ئێمەش تەئكیدمان لە پاراستنی ئەمنییەتی شارەكە كردەوەو لەگەڵ ئەوەدا نین كاردانەوەو هەنگاوی توندوتیژئامێز بنرێت، بەتایبەت هەرجۆرە دەستێوەردانێكی سەربازیی ڕەتدەكەینەوە."

یەكێتی لە كەركوك لە ژێر فشاردایە ئاڵای كوردستان لەسەر بارەگاكانی دابگرێت كە درەنگانی شەوی 8ی ئەم مانگە هەڵیكرد، ئەوەش دوای زیاتر لە ساڵێك داگیرانی ئاڵای كوردستان لە كەركوك بەهۆی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو قەدەغەكردنی لەلایەن بەغداوە، سەرۆكوەزیرانی عێراق بەشێكە لە فشارەكان بۆ داگرتنی ئاڵاكە‌و پەیوەندیی بە سەرۆك كۆمارەوە كردووەو نیگەرانیی خۆی پێگەیاندووە.

عادل عەبدولمەهدی، ئەو كارەی یەكێتی بە "پێچەوانەی دەستور" ناودەبات، داوادەكات چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق بكرێت لەسەر ئەو پرسە، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ پەرلەمانتارانی یەكێتی هەمان داوای دووبارە كردووەتەوە.

دەربارەی ئەو داواكارییەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، دیلان غەفور وتی"پێمان باشە دۆخەكە وەك ئێستا بمێنێتەوەو ئاڵاكان دانەگیرێن تا ئەوكاتەی ئەو دادگایە بڕیاری لە بارەوە دەدات، ئەوكات هەر بڕیارێكی دا قسەی خۆمان دەبێت."

داواكەی سەرۆك وەزیران بۆ پرسكردن بە دادگای فیدراڵی عێراق لەكاتێكدایە، لە ناوەڕاستی ئابی 2017دا دادگای كارگێڕی لە بەغداد، بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی هەڵوەشاندەوە بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر فەرمانگەكانی پارێزگاكە، ئەوەش دوای سكاڵای ژمارەیەك ئەندامی بەرەی توركمانی ئەنجومەنی پارێزگا، هەرچەندە ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەن تانەی لەو بڕیارەی دادگا دا، بەڵام دادگای فیدراڵی بەپاساوی ئەوەی لە تایبەتمەندیی ئەودا نییە دۆسیەكەی ڕەتكردەوە.

پەرەگراف پێشتر لە زاری بەرپرسێكی باڵای یەكێتی ئەوەی بڵاوكردەوە، بڕیارەكەیان بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك، بڕیاری بەرپرسانی كەركوكی ئەو حیزبە بووە، "تەنانەت بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاگاداری ئەو كارە نەبوون‌و لە ڕێی كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە زانیویانە."

ئەو بەرپرسەی یەكێتی كە پێیباش نەبوو ناوی بهێنرێت، وتی"ڕاستە فشار هەیە بۆ داگرتنی ئاڵاكە، بەڵام دامان نەگرتووەو بەنیازین خۆمان ڕابگرین لە بەرامبەر فشارەكان."

هاوكات سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بڕیارەكەی یەكێتی بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك بۆ پەرەگراف وتی"ئەو كارە بەشێكی پەیوەندیی بە هەوڵەكانی پارتی هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ كەركوك‌و هەڵكردنی ئاڵای كوردستان بە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد، یەكێتی ویستی بەرلە پارتی ئەوكارە بكات‌و بیكات بە دەستكەوت بۆ خۆی."