پارتی دوو داواكاریی یەكێتی ڕەتكردووەتەوە

14-01-2019 09:46
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی‌و یەكێتی. وێنە؛ كوردستان 24.

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

پارتی‌و یەكێتی دوای چەند ڕۆژێك گرژیی‌و ئاڵۆزیی نێوانیان كۆبوونەوە، پارتی سوورە لەسەر هەڵوێستەكانی‌و جارێكی دیكە دوو داواكاریی یەكێتی ڕەتكردووەتەوە.

ئەو دوو حیزبە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا كە نێچیرڤان بارزانی لە پارتی‌و كۆسرەت ڕەسوڵ لە یەكێتی سەرپەرشتییان كرد، تەنها لەسەر دوو خاڵ كۆكبوون كە هیچیان بە مانای ڕێككەوتنی نێوانیان نییە، وەك سەرچاوەیەكی ئاگادار دەڵێت"دەرئەنجامی كۆبوونەوەكە شتی كۆنكرێتیی تێدا نەبوو."

دەستبەكاربوونەوەی لیژنەی دانوستانی نێوانیان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ نزیكبوونەوەی دووقۆڵیی بە ئاڕاستەی ڕێككەوتنێكی سیاسی نوێ، ئەو دوو خاڵەبوون كە هەردوو حیزبەكە بڕیاریان لەسەر دا.

"لە كۆبوونەوەكەدا یەكێتی داوای ڕێككەوتنێكی دوو قۆڵی لە پارتی كردووە وەك ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان، پارتی ئەوەی ڕەتكردووەتەوەو وتویەتی یان ڕێككەوتن لەسەر بەرنامەی حكومەت دەكەین‌و تەنها لە نێوان ئەم دوو لایەنەش نابێت‌و هەر حزبێك بەشداریی حكومەت بكات لە ڕێككەوتنەكەدا دەبێت بەتایبەت بزووتنەوەی گۆڕان، یان ئەگەر ڕێككەوتن لەگەڵ ئێوە بكەین ڕێككەوتنێكی دوو قۆڵیش لەگەڵ گۆڕان دەكەین. لەبەرئەوە لەسەر ئەو پرسەش ڕێكنەكەوتوون‌و سپاردوویانە بۆ كۆبوونەوەكانی داهاتووی نێوانیان"، سەرچاوەیەكی باڵا‌و ئاگار لە كۆبوونەوەكە بۆ پەرەگراف وای وت، سەرچاوەیەكی دیكەش هەمان زانیاریی پشتڕاست كردەوە.

داواكارییەكی دیكەی یەكێتی ئەوەبووە پرسی كەركوك‌و بەغداد لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم یەك پاكێج بن، بەڵام پارتی ئەوەشی ڕەتكردووەتەوەو سەرئەنجام یەكێتی لەو داوایە "پاشەكشەی كردووە"، سەرچاوەكە وتی"یەكێتیش لەناو خۆیاندا بۆچوونی جیاوازیان هەبووە لەسەر چارەسەری كێشەكان لە كەركوك‌و بەغداد هەربۆیە ئەوە جیاكرایەوە لە پێكهێنانی كابینەی نوێی هەرێم."

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان، یەكێتی لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی بەوەكردووە، خەباتی مێژوویی‌و ناوچەی جوگرافی‌و باڵادەستیی ئابوریی لە زۆنی سلێمانی بەدەست ئەوانەوەیەو دەبێت پارتی ئەوە لەبەرچاو بگرێت ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ بەشداریی‌و پێگەی گۆڕان لە كابینەی نوێ، "وەڵامی پارتی ئەوەبووە كە تەفاهومی باشیان لەگەڵ گۆڕان هەیەو ئەو حیزبە پڕۆژەیەكی چاكسازیی هەیە كە لەگەڵ خواستی پارتی بۆ 4 ساڵی داهاتوو یەكدەگرێتەوە."

هاوكات سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پەرەگراف وتی"بڕیاربوو پارتی ڕۆژی پێنج شەممەی داهاتوو سەردانی گۆڕان بكات، بەڵام پێشی خستووە بۆ سبەینێ‌و دێنە مەكۆی سەرەكی گۆڕان ئەوەش وەك پیشاندانی گرنگیی بەشداریی گۆڕان لە كابینەی نوێ بەلای پارتییەوە."

هەر لەسەر هەمان پرس بەرپرسێكی باڵای یەكێتی بۆ پەرەگراف وتی"پارتی دەیەوێت گۆڕان بكاتە شەریكی یەكێتی لە حوكمڕانییدا، یەكێتیش ئەوەی پێباش نییە، بەڵام بەشداربوونی گۆڕانی لە كابینەكە نەكردووە بە خەتی سوور."

بەرپرسێكی دیكەی یەكێتی كە بەشدار بوو لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی حیزبەكەی‌و پارتی، دەربارەی كۆبوونەوەكە تەنها ئەوەندەی وت"كۆبوونەوەیەكی باش بوو، پارتی نەرمیی نواند."

كۆبوونەوەكەی پارتی‌و یەكێتی وەك براوەی یەكەم‌و دووەمی هەڵبژاردن لەكاتێكدایە 106 ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕبووەو هێشتا ئاسۆی پێكهێنانی كابینەی حكومەت ڕوون نییە، ناكۆكییەكانی نێوان ئەو دوو حیزبە هۆكاری سەرەكیی دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێیە‌و پارتی دەیەوێت كابینەكە بە زوویی پێكبهێنرێت.

دوای كۆوبونەوەكە وتەبێژی پارتی‌و یەكێتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا زانیارییان دەربارەی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو، مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی وتی"لیژنەی دانوستان دەستبەكارەكانی دەكاتەوە بۆ زووتر یەكلاییكردنەوەی كابینەی داهاتوو، هەروەها لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ دروستكردنی تەفاهوم تا چوارچێوەی ڕێككەوتن."

وتەبێژەكەی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، كۆمەڵێك كێشەیان لە بەردەستدایە لەگەڵ بەغدادو كێشەی كەركوك، دەبێت گفتوگۆیان لەبارەوە بكەن، وتی"لەماوەی نزیكدا كۆبوونەوەی لیژنەكان‌و كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیش دەكەین."

لایخۆیەوە سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی باسیلەوەكرد، هەنگاوی یەكەمیان پێكهێنانی كابینەیەكی بەهێز دەبێت بۆ هەرێم، وتی"بۆ پێكهێنانی حكومەت ژمارەی كورسی گرنگە، بەڵام تەنها ژمارەی كورسی بەس نییە، بەشێك لە جوگرافیا، مێژوو، ئابوری‌و خەبات گرنگە"، وتیشی"بەبێ هەبوونی حكومەت‌و بەرچاوڕوونی ئیدارە، كێشەكان چارەسەر ناكرێن."

وتەبێژەكەی یەكێتی دەربارەی ڕێككەوتنی نێوان حیزبەكەی‌و پارتی، ئاماژەی بەوەكرد لەدوای "كاڵبوونەوەی" ڕێككەوتنی ستراتیژی، پێویستە بەرنامەیەكی سیاسییان هەبێت.

هاوكات وتەبێژی پارتی دەربارەی ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان وتی"ڕێككەوتنە لە زەمەنێكدا بوو كە زۆر پێویست بوو ڕۆڵی باشی هەبوو، ئێستا قۆناغێكی دیكەیەو پێویستی بە هەندێك ڕێككەوتن‌و لێكتێگەیشتنی جیا هەیە، دەكرێ بەپێی پێویستی‌و كێشەكانی ئێستا ڕێككەوتن بكەین بۆیە بەپێی واقیعی ئێستا ڕێككەوتن دەكەین."

یەكێتی دەیەوێت پێكهێنانی كابینەی نوێی هەرێم بكاتە دەرفەت بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك‌(لەپشكی خۆی)و وەرگرتنی وەزارەتی داد لە بەغداد ئەوەش بە یەك پاكێج‌و لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێكی گشتگیری سیاسیی لەگەڵ پارتی، بەڵام پارتی بەوە ڕازیی نییە‌و ئەمڕۆو پێشتریش ئەوەی ڕەتكردووەتەوە، پارتی دەیەوێت سەرەتا لەگەڵ بەغداد پرسەكە یەكلایی بكاتەوەو یەكێتیش چووەتەسەر هەمان ڕای پارتی.

"پرسی كەركوك بەبێ بەغداد چارەسەر نابێت، چونكە تەنها دانانی فەرمانبەر نییەو دانانی پارێزگارو ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدادو خاڵیكردنەوەی لە بوونی سەربازو حەشدی دەوێت" سەعدی پیرە لە كۆنگرەكەی ئەمڕۆ وای وت.

پارتی‌و یەكێتی و پێكهێنانی حكومەت

یەكێتی چاوی لەوەیە لەڕێی ڕێككەوتنێكی دوو قۆڵی لەگەڵ پارتی خاڵ لەسەر تەواوی پرسەكان دابنێت‌و لە بەرژەوەندیی خۆی وەك هێزی دووەمی كوردستان‌و زیاتر لەوەی بەپێی ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمان بەریدەكەوێت پشكی هەبێت، بەڵام پارتی ناچێتەژێر باری ئەو داوایەی یەكێتی.

پارتی‌و یەكێتی مانگی 8ی ساڵی ڕابردوو ڕێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی نوێ كە ئامانجەكانی ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان لەخۆ بگرێت. ڕێككەوتنەكە ئەوكات لە كۆبوونەوەی باڵای نێوان ئەو دوو حیزبە بڕیاری لەسەر دراو بڕیاربوو لیژنەیەك پێكبهێنرێت بۆ نوسینەوەی، بەڵام كێشەو گرژییەكانی نێوان ئەو دوو حیزبە پڕۆسەكەی ڕاگرت.

ئەو دوو حیزبە لەساڵی 2007ەوە ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان واژۆكرد كە تێیدا دەسەڵاتیان بە شێوەی 50 بە 50 لە هەرێمی كوردستان‌و عێراق لەناو خۆیاندا دابەشكرد، بەڵام ئێستا كار بەو ڕێككەوتنە ناكرێت‌و بە هەڵوەشاوە دادەنرێت.

ئێستا كە پارتی خاوەنی 45 كورسی پەرلەمانی كوردستانەو یەكێتی 21 كورسیی هەیە، پارتی دەڵێت سەردەمی 50 بە 50 بەسەرچووەو یەكێتیش بەوە ڕازییە، بەڵام دەڵێت، دەبێت خەبات‌و مێژوو و ناوچەی جوگرافیی‌و هەبوونی هێزی چەكدار لەبەرچاو بگیرێت بۆ سەنگی یەكێتی.

كۆبوونەوەی پارتی‌و یەكێتی لە ئاستی باڵادا كاریگەریی دەبێت لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو حیزبە‌و ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە، بەتایبەت دوای گرژیی‌و ئاڵۆزییەكان كە بەهۆی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017‌و دواتریش بەهۆی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقەوە لە نێوانیان دروست بوو.

هەرچەندە ئێستا پێكهێنانی كابینەی نوێی هەرێم بۆ پارتی كە 45 كورسی هەیە، ئاسانەو لەگەڵ كەمینەكانی پەرلەمان كە 11 كورسییان هەیە دەتوانێت كابینەی نوێ پێكبهێنێت‌و دەنگی 50+1ی پەرلەمانتاران مسۆگەر بكات(56 لە 111)، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ئاسەوارەكانی دوو ئیدارەیی، لە واقیعدا ناتوانێت حكومەتێكی یەكگرتوو لەسەر زەویی پێكبهێنێت بەبێ بەشداریی حیزبە براوەكانی پارێزگای سلێمانی، بەتایبەت یەكێتی دواتر گۆڕان.

لە سەرەتای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لە ساڵی 1992 تائێستا، یەكێتی بەردەوام پێكهێنەری سەرەكیی حكومەت بووە بە دوو ئیدارەیی‌و ئیدارەی یەكگرتووشەوە.