پارتی دڵنیایی تەواو دەدات بە گۆڕان.. ڕێككەوتنی كۆتاییان لەسەر چی وەستاوە؟

16-01-2019 06:59
پێشوازیی گۆڕان لە شاندی پارتی بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی/ 15-1-2019.

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

پارتی‌و گۆڕان "زۆر ڕازین" بە ئەنجامی كۆبوونەوەكەی دوێنێی نێوانیان‌و قسەی "ڕوون‌و ڕاشكاو"یان لەگەڵ یەكتر كردووە دەربارەی حوكمڕانیی لە 4 ساڵی داهاتووی هەرێم، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی‌و میكانیزمی دابەشكردنی پۆستەكان‌و پشكی گۆڕان لە حكومەت پرسەكە یەكلایی دەكاتەوە.

كۆبوونەوەكە لە ماڵی نەوشیروان مستەفا لە سلێمانی بەڕێوەچوو، شاندی باڵای پارتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد ئەوەش دوای یەك ڕۆژ لە كۆبوونەوەی نێوان یەكێتی‌و پارتی هات لە هەولێر.

"پارتی تەواو ئامادەیە بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ گۆڕان‌و پڕۆژەی ئەو بزووتنەوەیەی بەلاوە پەسەندە بۆ چاكسازیی، گۆڕانیش مرونەتی زیاتری نواندووەو دوای دڵنیاكردنەوەی لەلایەن پارتی بەوەی یەكێتی كاریگەریی نابێت لەسەر نێوانی پارتی‌و گۆڕان‌و پشكی گۆڕان لە حكومەت، ئێستا گۆڕان ئامادەیە بۆ بەشداریكردن" سەرچاوەیەكی باڵای پارتی كە ئاگاداری ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی پارتی‌و گۆڕانە بۆ پەرەگراف وادەڵێت.

كۆبوونەوەكەی پارتی‌و گۆڕان كەمتر لە یەك كاتژمێری خایاند، تێیدا ڕێككەوتن لەسەر دروستكردنی دوو لیژنە؛ لیژنەیەك بۆ یەكخستنی ڕوانگەی گۆڕان‌و پارتی لەسەر كارنامەی حكومەت، لیژنەیەك بۆ دانانی پێوەرەكانی چۆنیەتی بەشداریكردن لە حكومەت.

بەرپرسێكی باڵای گۆڕان دەڵێت، كارەكانی لیژنەی یەكەم‌و گەیشتنە ئەنجام ئاسانە، "لەبەرئەوەی پارتی پڕۆژەی گۆڕانی قبوڵەو وتویانە ئێوە چی بڵێن پەسەندە، چونكە دەمانەوێت چاكسازیی بكەین‌و پڕۆژەكەتان دەكرێتە بەشێك لە بەرنامەی كاری حكومەت، گۆڕانیش ئەوەی مەبەستە‌و ئەگەر دۆسیەی نەوت كێشە دروست نەكات ڕێككەوتن لەسەر بەرنامەی كاری حكومەت ئاسانە."

ئەو بەرپرسە باڵایەی گۆڕان بۆ پەرەگراف ئەوەشی خستەڕوو، كارەكانی لیژنەی دووەمی نێوان پارتی‌و گۆڕان ڕەنگە ئاسان نەبێت، بەوپێیەی پێوەرەكانی چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان‌و بەشداریی لە حكومەت دەگرێتەوەو ئەوانەش پەیوەستن بە پشكی لایەنەكانی دیكەش بەتایبەت یەكێتی.

"چۆن حكومەت پێكدێت‌و بەشی لایەنەكان چۆن دەبێت ڕەنگە لەوەدا كێشە دروست ببێت، گۆڕان دەیەوێت هەموو پۆستەكان لە سەرۆكی هەرێم‌و پەرلەمان‌و حكومەت، جێگرەكانیان‌و وەزیرو دیوانی سەرۆكایەتیەكان‌و وەكیل وەزیرو بەڕێوەبەرە گشتییەكان بكرێن بە خاڵ‌و بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن دابەش بكرێن."

ئەو بەرپرسەی گۆڕان وتیشی"پارتی ڕازییە بە سیستمی خاڵ بێت، بەڵام هێشتا دیارنییە ڕازییە سەرجەمی ئەو پۆستانە بە خاڵ بێت یان تەنها سەرۆكایەتییەكان‌و وەزیرەكان، ئەوە لەو لیژنەیەی نێوان هەردوولادا تاوتوێ دەكرێت، بەڵام تائێستا یەكێتی بە سیستمی خاڵ ڕازیی نییە‌و زیاتر لە بەركەوتەی هەڵبژاردنی دەوێت."

هێشتا بە فەرمیی لە نێوان پارتی‌و گۆڕاندا باسی دابەشكردنی پۆستەكان نەكراوە، لەبەرئەوەی بڕیاری كۆتایی نەدراوە لەسەر میكانیزم‌و پێوەری دابەشكردنی پۆستەكان، بەڵام "قسەیان بە گوێی یەكتردا داوە لەسەر پۆستەكان."

گۆڕان چاوی لە جێگری سەرۆكی حكومەتە، یەكێتیش هەمان پۆستی دەوێت‌و ناشیەوێت سەرۆكی حكومەت دوو جێگری هەبێت، هێشتا پارتی ئەوەی یەكلایی نەكردووەتەوەو ڕەنگە ئەو پرسە لە خاڵە سەختەكانی بەردەم پارتی بێت كە چۆن بتوانێت گۆڕان‌و یەكێتی لەسەر ڕازیی بكات.

یەكێتی سەرۆكی پەرلەمانی دەوێت‌و پارتی لاریی لێی نییەو داوای ناوی كاندیدی ئەو پۆستەی لە یەكێتی كردووە، بەڵام پارتی ئامادەنییە لە دوو جێگرەكەی سەرۆكی پەرلەمان هیچیان بدات بە حیزبەكانی دیكە، یەكێكیان بۆخۆی داناوە‌و ئەوەی دیكەشیان بۆ پێكهاتەی توركمان كە نزیكە لەخۆی.

بەدەر لە سەرۆكایەتی حكومەت‌و پەرلەمان، زیندوو كردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم بەشێكی دیكەی گفتوگۆی نێوان حیزبەكانە‌و نێچیرڤان بارزانی كاندیدی سەرۆكی هەرێمە، بەڵام تائێستا پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بەشێك نییە لە گفتوگۆكان، سەرچاوە باڵاكەی پارتی وتی"نێچیرڤان بارزانی خواستی ئەوەی نییە لە سەرەتادا جێگر بۆخۆی دابنێت."

هاوكات بەرپرسە باڵاكەی گۆڕان ئەوەی خستەڕوو، بزووتنەوەكەیان وەرگرتنی جێگری سەرۆكی هەرێم "بە باش نازانێت"، ئەگەر لەلایەن پارتییەوە ئەو بژاردەیەی بخرێتە بەردەم، "گۆڕان چاوی لە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتە لەناو سەرۆكایەتییەكانی هەرێمدا."

چڕبوونەوەی گفتوگۆی حیزبەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت لە كاتێكدایە 108 ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕبووەو هێشتا سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵنەبژێردراوە، ناكۆكییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی هۆكاری سەرەكیی دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێیە‌.

پارتی‌و یەكێتی لەساڵی 2007ەوە ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان واژۆكرد كە تێیدا دەسەڵاتیان بە شێوەی 50 بە 50 لە هەرێمی كوردستان‌و عێراق لەناو خۆیاندا دابەشكرد، بەڵام ئێستا كار بەو ڕێككەوتنە ناكرێت‌و بە هەڵوەشاوە دادەنرێت.

ئێستا كە پارتی خاوەنی 45 كورسی پەرلەمانی كوردستانەو یەكێتی 21 كورسیی هەیە، پارتی دەڵێت سەردەمی 50 بە 50 بەسەرچووەو یەكێتیش بەوە ڕازییە، بەڵام دەڵێت، دەبێت خەبات‌و مێژوو و ناوچەی جوگرافیی‌و هەبوونی هێزی چەكدار لەبەرچاو بگیرێت بۆ سەنگی یەكێتی.

هەرچەندە ئێستا پێكهێنانی كابینەی نوێی هەرێم بۆ پارتی كە 45 كورسی هەیە، ئاسانەو لەگەڵ كەمینەكانی پەرلەمان كە 11 كورسییان هەیە دەتوانێت كابینەی نوێ پێكبهێنێت‌و دەنگی 50+1ی پەرلەمانتاران مسۆگەر بكات(56 لە 111)، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ئاسەوارەكانی دوو ئیدارەیی، لە واقیعدا ناتوانێت حكومەتێكی یەكگرتوو لەسەر زەویی پێكبهێنێت بەبێ بەشداریی حیزبە براوەكانی پارێزگای سلێمانی، بەتایبەت یەكێتی دواتر گۆڕان.

لە سەرەتای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لە ساڵی 1992 تائێستا، یەكێتی بەردەوام پێكهێنەری سەرەكیی حكومەت بووە بە دوو ئیدارەیی‌و ئیدارەی یەكگرتووشەوە.

هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانە بۆیەكەمجار لە ساڵی 2009 بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كردو 25 كورسیی بەدەستهێنا لەكۆی 100 كورسی (یانزدەكەی دیكەیان بۆ كەمینەكان تەرخانكراوە.)

ئەو بزوتنەوەیە چوار ساڵی یەكەمی لە پەرلەمان وەك ئۆپۆزسیۆن بردەسەر، دوای هەڵبژاردنی 2013ی پەرلەمانی كوردستان كە 24 كورسی بەدەستهێنا بەشداریی لەحكومەتدا كرد، بەپێی ڕێككەوتنی لەگەڵ پارتی سەرۆكی پەرلەمان‌و چوار وەزارەت‌و سەرۆكی دەستەیەكی بەركەوت لەگەڵ چەند پۆستێكی دیكە لەناو حكومەت، بەڵام لەمانگی 10ی 2015 ڕێگریی لەسەرۆكی پەرلەمان كرا بچێتە هەولێرو وەزیرو بەرپرسانی باڵای گۆڕان لەحكومەت دورخرانەوە، ئەوەش بەبڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی بەهۆی كێشەكانی نێوانیانەوە.

كۆتایی 2017 گۆڕان بە فەرمی لە حكومەت كشایەوەو بووەوە بە ئۆپۆزسیۆن، ئەو بزوتنەوەیە ئێستا 12 كورسیی هەیە لە پەرلەمانی كوردستان، گۆڕان هێشتا بڕیاری كۆتایی نەداوە بەشداریی لە حكومەت دەكات یان نا، بەڵام ئاڕاستەی بەهێز ڕووەو بەشداریكردنە، گۆڕان ئەنجامی گفتوگۆكانی لەگەڵ پارتی دەباتە جڤاتی نیشتمانی‌و لەوێ بڕیاری كۆتایی دەدات.