پەرەگراف ناوەڕۆكی پڕۆژەیەكی بەرهەم ساڵح بۆ یەكێتی ئاشكرا دەكات

22-01-2019 06:04
بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی. وێنە؛ پەرەگراف.


پەرەگراف- سوركێو محەمەد

بەرهەم ساڵح پڕۆژەیەكی بۆ چاكسازیی لەناو یەكێتی‌و سیاسەت‌و مامەڵەی ئەو حیزبە لەگەڵ دامودەزگاكانی حكومەت‌و لایەنەكانی دیكە پێشكەش بە مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی كردووە، دوای "دەستكارییەكی كەم‌و داڕشتنەوەی" پەسەند كراوەو بووەتە پڕۆژەی مەكتەبی سیاسی‌ یەكێتی‌و براوەتە سەركردایەتی ئەو حیزبە.

ناوەڕۆكی پڕۆژەكەی جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی، لە سەرچاوەیەكی باڵاوە دەست پەرەگراف كەوتووە‌و لە چەند بەشێك پێكهاتووە دەربارەی؛ دۆخی ناوخۆی یەكێتی، مامەڵەی یەكێتی لەگەڵ دامودەزگاكانی حكومەت، پەیوەندی یەكێتی لەگەڵ لایەنەكانی دیكە بەدیاریكراویی لەگەڵ پارتی‌و گۆڕان لەگەڵ یەكلاكردنەوەی پرسی كەركوك كە تەئكید دەكاتەوە پارێزگاری ئەو شارە بۆ یەكێتی بێت، پڕۆژەكە بەگشتیی نزیكەی 30 خاڵە.

ئەو سەرچاوەیە كە ئاگاداری پەسەندكردنی پڕۆژەكەیە، وتی"پڕۆژەكە لە كۆبوونەوەیەكی كۆتایی مانگی 11ی 2018 لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە بە بەشداریی بەرهەم ساڵح ئەنجامدراوە خوێندراوەتەوەو دوای داڕشتنەوەو دەستكارییەكی كەم، پەسەند كراوەو بووەتە پڕۆژەی یەكێتی، مانگی ڕابردووش لە سەركردایەتی یەكێتی پەسەندكراوە."

پڕۆژەكە لەسەر ئاستی ناوخۆی یەكێتی داوای پێداچوونەوە بە ئیدارەو دارایی گشتی‌و ڕاگەیاندنی حیزب دەكات بە جۆرێك دووربن لە دەستتێوەردانی كەسیی‌و بۆ پێویستییەكانی حیزبەكە بەكار بهێنرێن لەگەڵ ڕێكخستنەوەی ئۆرگانەكان‌و ئامادەسازیی بۆ كۆنگرە‌و لابردنی "تەگەرە" لەبەردەم بڕیاری مەكتەبی سیاسی‌و جێبەجێكردنی بڕیارەكان.

هەروەها داوای سەروەریی یاسا‌و دورخستنەوەی دەستی حیزب لە دەسەڵاتی دادوەریی‌و بازاڕو زانكۆكان دەكات.

بەشێكی دیكەی پڕۆژەكە پەیوەندیدارە بە پەیوەندیی نێوان یەكێتی‌و حیزبەكانی دیكە، بەرهەم ساڵح داوای "بەرنامەیەكی تۆكمە" دەكات بۆ مامەڵە كردن لەگەڵ لایەنەكان بەتایبەت بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەش بە دۆزینەوەی ڕێگای گونجاو و ڕێگرتن لەوەی سلێمانی قەیران ڕوبەڕوی ببێتەوە.

دەربارەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پارتی دیموكرات پڕۆژەكە داوای ڕێككەوتن دەكات لەسەر بنەمای "شەراكەت‌و هاوسەنگیی‌و چاكسازیی لەبەرژەوەندیی خەڵك."

سەرچاوەكەی پەرەگراف وتی"ئەو كۆبوونەوەیەی ئێستا لە نێوان پارتی‌و یەكێتی هەیە دەربارەی ئایندەی پەیوەندییەكانیان‌و كاری پێكەوەیی لەسەر بنەمای ئەو پڕۆژەیەیە."

هەروەها بەرهەم ساڵح لە پڕۆژەكەیدا داوادەكات"حیزب دوربێ لە كۆمپانیاكان‌و دەستوەردان لە بازاڕ نەكات، نەهێشتنی سەرانە سەندن‌و لێپرسینەوە لەوانەی ئەو كارانە دەكەن"، هەروەها داوای لێپرسینەوە لەو بەرپرسانەی یەكێتی دەكات كە "لە گەندەڵیی‌و كاری نەشیاو تێوەگلاون."

"پڕۆژەكە بەناوی پڕۆژەی مەكتەبی سیاسییەوە براوەتە سەركردایەتی یەكێتی، بۆئەوەی بەهۆی ململانێی ناوخۆییەوە كێشەی بۆ دروست نەبێت، بەڵام زۆر ئەندامی سەركردایەتی دەزانن كە ئەوەی براوەتە سەركردایەتی پڕۆژەی د.بەرهەم بووە بەناوی مەكتەبی سیاسییەوە"، بەوتەی كەسێكی نزیكی بەرهەم ساڵح.

هاوكات فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بۆ پەرەگراف وتی"هیچ پڕۆژەیەك نەهاتووەتە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی كە د.بەرهەم نوسیبێتی. نازانم لە مەكتەبی سیاسی گفتوگۆی لەسەر كرابێت."

بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر پەرەگراف پەیوەندیكرد بە چەند ئەندامێكی دیكەی سەركردایەتی یەكێتی، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە.

ئەوە یەكەم پڕۆژەی بەرهەم ساڵحە دوای گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی، لەكاتێكدا بەرهەم ساڵح‌و بەرپرسانی دیكەش لەناو یەكێتی ئەزموونێكی تاڵیان لەگەڵ پڕۆژەو هەوڵی چاكسازیی بەتایبەت بۆ ناوخۆی حیزبەكەیان هەیە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەتایبەت لە دوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی(كۆتایی 2012)، چەندین پڕۆژەو بەرنامەی چاكسازیی لەناو یەكێتی تاوتوێ كراون بەبێئەوەی هیچیان لێ سەوز ببێت.

دەربارەی جێبەجێ كردنی پڕۆژەكەی بەرهەم ساڵح، سەرچاوەكەی پەرەگراف وتی"یەكێتی ناوەندی بڕیاردانی نییەو جێبەجێكردنی كۆی پڕۆژەكە ئاسان نییە، بۆنمونە بەرپرسانی حیزب لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێم بازاڕیان قۆرخ كردووە، ئێستا چۆن لە دەستوەردان لە بازاڕ دەكشێنەوە؟"

هاوكات كەسە نزیكەكەی بەرهەم ساڵح دەربارەی پڕۆژەكە، وتی"كاك بەرهەم پێیوایە دۆخەكە خراپەو بۆ چاككردن، دەبێت یەكێتی لە خۆیەوە دەستپێبكات‌و بچێتە قۆناغێكی نوێ."

لە وەڵامی ئەوەی بەرهەم ساڵح پێیوایە پڕۆژەكەی جێبەجێ دەكرێت؟ ئەو كەسە نزیكەی وتی"چاوی لەوەیە هەنگاو بنرێت بۆ جێبەجێ كردن، مەرج نییە هەموو پڕۆژەكە جێبەجێ بكرێت."

ئەو پڕۆژەیە لە كاتێكدایە ناكۆكی نێوان باڵەكانی یەكێتی تۆخ بوونەتەوەو دابەشكردنی ئەو پۆستانەی پشكی یەكێتی دەبن بۆ 4 ساڵی داهاتوو لە هەرێمی كوردستان خاڵی جەوهەریی ناكۆكییەكانن بەتایبەت لە نێوان ماڵی مام جەلال‌و كۆسرەت ڕەسوڵ، لەو نێوانەدا بەرهەم ساڵح نایەوێت ببێت بە بەشێك لە ململانێكان‌و "بێلایەنیی هەڵبژاردووە."

بەرپرسانی یەكێتی كۆكن لەسەر ئەوەی حیزبەكەیان پێویستی بە چاكسازیی ناوخۆیی‌و بەخۆداچوونەوە هەیە ئەوەشیان لە زۆر بۆنەی حیزبیدا بە ئاشكرا باسكردووە، بەڵام زۆربەیان پێیانوایە كۆنگرە شوێنی چارەسەری كێشەكان‌و بە خۆداچوونەوەیە، بەستنی كۆنگرە خاڵێكی ناو پڕۆژەكەی بەرهەم ساڵحە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە یەكێتی نەیتوانیوە كۆنگرە ببەستێت.

"بەستنی كۆنگرە تائێستا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، هۆی سەرەكیی هەڵبژاردنەكانی ساڵی ڕابردوو ‌و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمە، پێموایە دوای پێكهێنانی كابینە دەستمان كراوە دەبێت‌و ئێستا كۆمەڵێك تێڕوانین‌و پڕۆژە هەیە، بەڵام لەبەر سەرقاڵبوون بە پێكهێنانی كابینەی نوێ وازمان لێهێناوە"، فەرید ئەسەسەرد وای وت.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی كۆنگرە باڵاترین دەسەڵاتی ئەو حیزبەیە‌و هەر 3 ساڵ جارێك دەبەسترێت‌و پێویستبوو كۆنگرەی چوارەم لە مانگی 10ی 2013دا ببەسترایە، بەڵام تائێستا نەبەستراوە.

لە وەڵامی ئەوەی كۆدەنگیی هەیە لەناو یەكێتی بۆ بەستنی كۆنگرە لەمساڵدا؟ فەرید ئەسەسەرد وتی"كۆدەنگی نییە، بەڵام ئیرادەیەكی بەهێز هەیەو تێڕوانینی تازەش هەیە، پێموایە دەتوانین ئەمساڵ كۆنگرە ببەستین."

نەبەستنی كۆنگرە پەیوەندیی بە ململانێی باڵەكانی ناو یەكێتییەوە هەیە، بەجۆرێك هەر گروپەو دەیەوێت لە بەرژەوەندیی خۆی گۆڕانكاریی بكرێت‌و جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵاتی حیزبیی لای خۆی بێت وەك؛ پۆستی باڵای حیزب، پارەو هێزو ڕاگەیاندن.

دووركەوتنەوەی تاڵەبانی‌و دۆخی ناوخۆیی یەكێتی

بۆ دۆخی ناوخۆی حیزبەكەیان، كێشەی سەرەكی باڵە جیاوازەكانی یەكێتی، چۆنێتی بەڕێوەبردنی حیزب‌و جومگە هەستیارەكانە كە لەدوای دوركەوتنەوەی جەلال تاڵەبانی لەگۆڕەپانی سیاسی بووەتە جێی ناكۆكی قووڵیان.

تاڵەبانی لەمانگی 12ی 2012وە توشی نەخۆشی بوو، لەوكاتەوە لە سیاسەت دوركەوتەوە تا كۆچی دواییكرد لە 2017، بە دووركەوتنەوەی تاڵەبانی كێشەو ناكۆكی نێوان باڵەجیاوازەكانی یەكێتی پەرەی سەند، تا گەیشتە ئەوەی ڕۆژی 1-9-2016 كۆسرەت ڕەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح جێگرانی تاڵەبانی، بەپاڵپشتی ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی‌ حزبەكەیان ناوەندی بڕیاریان لەناو یەكێتی ڕاگەیاند، ئەوەش بەهۆی ڕەخنە‌و تێبینییەكانیان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی حیزبەكە‌یان.

لەوەڵامی ئەوانیشدا، ژمارەیەك لە بەرپرسانی یەكێتی بە سەرۆكایەتی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە ڕونكردنەوەیەكدا ڕۆژی دواتر بەناوی"زۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان" ڕاگەیاندنی ناوەندی بڕیاریان بەتوندی ڕەتكردەوە‌و بە ناشەرعی لەقەڵەمیاندا.

دوای چەند مانگێك لە ڕاگەیاندنی ناوەندی بڕیار، ناوەندەكە بە بێدەنگی هەڵوەشایەوەو كۆسرەت ڕەسوڵ‌و تەواوی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی گەڕانەوە بۆ ناو كۆبوونەوەكانی یەكێتی‌و تەنها بەرهەم ساڵح لە دەرەوەی یەكێتی مایەوە.

بەرهەم ساڵح، دوای بەتەواوی بێئومێدبوونی لە هەوڵەكانی پێشووتری بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی كە خۆی جێگری دووەمی سكرتێری گشتیی بوو، هەروەها شكستهێنانی ئەو هەوڵانەی بۆ گەڕانەوەی ناوبراو دران بۆ ناو حیزبەكەی، لە مانگی 10ی 2017 دامەزراندنی حیزبێكی نوێی ڕاگەیاندو بڕیاریدا لە دەرەوەی یەكێتی بەشداریی لە هەڵبژاردن بكات.

هاوپەیمانیی دیموكراسی‌و دادپەروەریی بە سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح، مانگی 5ی ساڵی ڕابردوو بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كردو 2 كورسی بەدەستهێنا، هەرچەندە ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی ڕەتكردەوەو ڕایگەیاند"ساختەكاریی گەوری لێكراوە"، ئەو حیزبە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی بایكۆت كرد‌و ساڵێكی تەمەنی تێنەپەڕاند كاتێك بەرهەم ساڵح لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێك بۆ بوون بە سەرۆك كۆمار گەڕایەوە بۆناو یەكێتی، ئەو هەنگاوەش ڕوبەڕوی ڕەخنەی زۆری خەڵكی كردەوە..