لەیلا گوڤەن 78 ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووەو سوورە لەسەر "سەركەوتن"

24-01-2019 10:25
لەیلا گوڤەن(ناوەڕاست) بەردەوامە لە مانگرتن. وێنەكە لە زیندان گیراوە دوای دەستپێكردنی مانگرتن، ئەمڕۆ بڵاوكرایەوە.


 پەرەگراف

لەیلا گوڤەن 78 ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووەو ڕەوشی تەندروستیی تادێت دژوارتر دەبێت، ئەو سیاسەتمەدارە كوردە كە لە زیندانی گەورەی ئامەد زیندانیی كراوە لە نامەیەكدا دەڵێت، جەخت لە سەركەوتن دەكەینەوەو بە ئەنجامی دەگەیەنین.

گوڤەن، هاوسەرۆكی كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك(كەجەدە)و پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە)یە، لە ڕۆژی 8ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە لە زیندانی ئامەد لە باكوری كوردستان مانگرتنی لە خواردن ڕاگەیاندووە، داواكاریی ئەو، هەڵگرتنی ئەو گۆشەگیرییەیە كە توركیا سەپاندوویەتی بەسەر عەبدوڵا ئۆجەلان دا.

ئەو پەرلەمانتارە كوردە لە ڕۆژی 71هەمی مانگرتنەكەیدا نامەیەكی بۆ بزووتنەوەی ژنانی ئازاد(TJA - تەژەئا) ناردووە، تێیدا دەڵێت"پێشەنگایەتی لە شكاندنی گۆشەگیریی سەر ڕێزدار عەبدوڵا ئۆجالان كە هەموو ژنانی كورد زۆر قەرزباری ئەون، لە ڕووی مێژوویی، ئەخلاقی و ویژدانیشەوە ئەركی ئێمەیە."

"لەم پڕۆسە مێژووییەدا و لە ڕێی بەرخۆداندا ئەوەندەی سەرەدەرزییەكیش شكمان لە باوەڕیی خۆمان نەكرد و دوودڵ نەبووین. كار بە(مافی تێكۆشانی تا سەرەنجام) دەكەین و ئەم مامەڵەیەی ئەوان‌ بێكاریگەر دەكەین" لەیلا گوڤەن لە نامەكەیدا وادەڵێت.

لەیلا گوڤەن لە زیندان دوای دەستپێكردنی  مانگرتنەكەی.

هەرچەندە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕێگە بە دیداری ئۆجەلان درا لەگەڵ برایەكیدا، بەڵام لەیلا گوڤەن و مانگرتوانی دیكە داوای كۆبوونەوەی ئۆجەلان و پارێزەرەكانی دەكەن.

پێش دیدارەكەی ڕۆژی 12ی ئەم مانگەی عەبدوڵا ئۆجەلان و محەمەدی برای، دوایین چاوپێكەوتنی نێوان عەبدوڵا ئۆجالان و خانەوانەدەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 11ی ئەیلولی 2016، هەروەها لە 27ی تەمووزی 2011ـەوە، بە بیانووی لاوەكی ڕێگە بە دیداری ئۆجالان لەگەڵ پارێزەرانی نادرێت و تا ئێستا نزیكەی 800 جار داواكاریی پارێزەران بۆ سەردانی ئیمڕاڵی ڕەتكراوەتەوە.

لەیلا گوڤەن لە بەشێكی دیكەی نامەكەیدا باسلەوەدەكات، ئەوان ئێمە ڕێی (دەبێ لەسەری بڕۆن)یان هەڵنەبژاردووە، "بەڵكو ڕێی ئێمە لەسەری دەڕۆین-مان هەڵبژاردووە و بە هەنگاوی خۆباوەڕیی لەم ڕێگەیەدا دەمەشین."

دەشڵێت"بەم واتایە، بە جۆشی پێشەنگایەتی لەو بەرخۆدانەی كە بە دروشمی (ئێمە گۆشەگیری دەشكێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین، كوردستان ڕزگار دەكەین) كە دەستمان پێكردووە، بەو باوەڕەی كە لە ناوخۆ و دەرەوە بە تێكۆشانێكی ماوەدرێژ كە بە هێزی گەل زیاتر گەش ببێت، سەردەكەوین."

گوڤەن، تەمەن 55 ساڵ، بەمجۆرە كۆتایی بە نامەكەی هێناوە، "بەم باوەڕییەوە، بە بیركردن و خۆشەویستییەكی بێسنوور لە باوەشتان دەگرم، هەزاران جار دڵی شۆڕشگێڕیتان ماچ دەكەم."

ئەوەی ڕۆژانە لەیلا گوڤەن وەریدەگرێت سێ كەوچك شەكر، دوو كەوچكی بچوك خوێ، ئاو و 500 میلیگرام ڤیتامین Bـیە، بەڵام وردە وردە ئەو شتانە فریای ناكەوێت، لە ئێستاشدا هەستی بینین و بیستنی بەڕادەیەكی زۆر لەدەستداوە، بەڵام وەك خۆی پێشتر وتوویەتی، ئامادەیە گیانی خۆی لەپێناو پڕۆسەی ئاشتیدا ببەخشێت.

دۆخی تەندروستیی گوڤەن بەڕادەیەك دژواربووە دوێنێ كاتێك سەبیحای كچی ویستوویەتی لە زیندانی ئامەد بیبینێت، گوڤەن نەیتوانیوە بچێتە ژووری یەكتر بینینەكە.

دواین جار كە سەبیحا دایكی بینیوە زیاتر لە هەفتەیەك لەمەوبەر بووە، ئەو دەڵێت، دۆخی تەندروستیی دایكی زۆر دژوارەو ئەوەش ئەوانی نیگەران كردووە، كاتێكیش پێشتر دایكی بینیوە نەیتوانیوە داوای شكاندنی مانگرتنەكەی لێبكات، "لەبەرئەوەی ئەو(گوڤەن) دەڵێت بۆ ئاشتیی ئەو كارە دەكات."

لەیلا گوڤەن لە ڕۆژی 31ی كانونی دووەمی 2018ەوە دەستگیركراوە، یەكێكە لەو نۆ پەرلەمانتارەی هەدەپە كە ئێستا لە زیندانەكانی توركیادان‌و بە تۆمەتی بانگەشەكردن یاخود بەشدارییكردن لە چالاكییەكانی پەكەكەدا دەستگیركراون، پێشتریش، گوڤەن بەهۆی بەشدارییكردن لە یادی لەدایكبوونی عەبدوڵا ئۆجالان لە گوندی ئامارای شاری ئورفەی باكوری كوردستان دەستگیركرابوو.

ئەمڕۆش چەند وێنەیەكی لەیلا گوڤەن بڵاوكرانەوە كە لە دوو ڕێكەوتی جیاوازدا ساڵی ڕابردوو لە زیندان سەردانی كراوەو تێیدا بەڕوونی گۆڕانكاریی لە كێشی لەشیدا بەدیدەكرێت.

 

 

لە دوای ڕاگەیاندنی مانگرتنەكەی لەیلا گوڤەن، ئەندام و هەوادارانی هەدەپە لە وڵاتانی ئەوروپا و شارەكانی هەرێمی كوردستان دەستیان بە مانگرتن گرت.

لە شاری هەولێر، ئەندامانی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری كوردستان، لە ڕۆژی 21ی تشرینی دووەمی 2018ەوە مانگرتنیان بەشێوەی خولی ڕاگەیاندووە، مانگرتنەكە بەشێوەیەكە هەر دوو ڕۆژ جارێك گروپێكی چەند كەسی مانگرتن لە خواردن ڕادەگەیەنن، تا ئێستا زیاتر لە 30 گروپ بەشدارییان لە مانگرتنەكەدا كردووە.

هەروەها ناسر یاگیز، كە ئەندامێكی نوێنەرایەتی هەدەپەیە لە شاری هەولێر ئەمڕۆ 65 ڕۆژە مانگرتنی لەخواردن ڕاگەیاندووە، بەو هۆیەشەوە باری تەندروستی تێكچووەو 10 كیلۆ لە كێشی كەمی كردووە، بەڵام ئامادە نییە مانگرتنەكەی بشكێنێت.

ناسر یاگیز دوای دەستپێكردنی مانگرتنەكەی.

لە شاری سلێمانیش، ڕێكخراوی كرێكارانی میزۆپۆتامیا لە ڕۆژی 14ی كانونی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە بە شێوەی خولیی بۆ پشتگیرییكردن لە لەیلا گوڤەن مانگرتنیان ڕاگەیاندووە، هاوكات مانگرتن بۆ هەمان مەبەست لە كەمپی مەخموری تایبەت بە ئاوارەكانی باكوری كوردستان‌و لە شارۆچكەی شەنگالیش دەستیپێكردووە.

هەروەها لە زیندانەكانی توركیاشدا، لە ئێستادا 226 زیندانیكراوی كورد وەك پشتگیریی لە لەیلا گوڤەن مانگرتنیان ڕاگەیاندووەو بە وتەی پارێزەری زیندانییەكان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەكە لە بەرزبوونەوەدایە.

هاوكات سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە كە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە لەزینداندایە، لە 31ی كانونی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، لە بارەی چالاكییەكەی لەیلا گوڤەن لە نامەیەكدا ڕایگەیاند"پێویستە هەموو لایەك بۆ سەرخستی داواكارییەكانی لەیلا گوڤەن و لابردنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان هەوڵبدەین، ئۆجالان لە ساڵی 1993وە كار بۆ ئاشتی دەكات، بۆیە شارەزای پڕۆسەی ئاشتییەو بێ ئۆجالان ئاشتی نابێت."

مانگرتن لە خواردن یەكێكە لە چالاكییە باوەكان لەنێو سیاسەتمەداران و چالاكوانانی باكوری كوردستان، پێشتریش لە ساڵی 1982 لە هەمان ئەو زیندانەی ئێستا لەیلا گوڤەنی تێدا دەستگیركراوە، پێنج سەركردەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە دژی خراپی مامەڵەی بەرپرسانی زیندانەكە لەگەڵ زیندانییە سیاسییەكاندا، مانگرتن تا مردنیان لە خواردن ڕاگەیاند، دواجار چوار لە زیندانییەكان بەهۆیەوە گیانان لەدەستدا، بەڵام دەوڵەت ناچاربوو لەگەڵ پێنجەمیاندا، كە مستەفا قەرەسوو-بوو و ئێستا سەركردەیەكی پەكەكەیە لە قەندیل، بكەوێتە گفتوگۆوە و سەرجەم داواكارییەكانی جێبەجێ بكەن.

ئەمە یەكەمجار نییە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە گۆشەگیریی بخرێتە سەر عەبدوڵا ئۆجالان، پێشتر و لە ساڵی 2012، بەهەمان شێوەی ئێستا بۆ ماوەیەكی زۆر ڕێگە نەدرا هیچ كەس سەردانی ئۆجالان بكات لە زیندانی ئیمراڵی، دژی ئەو كارەش شەپۆلێكی مانگرتنی فراوان لە توركیا و وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێكرد، تا دواجار دەوڵەت ڕێگەی بۆ دیداری ڕێبەری پەكەكە كردەوە و ئۆجەلان بە نامەیەك داوای لە هەمووان كرد كۆتایی بە مانگرتنەكەیان بهێنن و بەو شێوەیە مانگرتنەكان كۆتاییان هات.

پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) كە لەیلا گوڤەن پەرلەمانتاری جولەمێگری ئەو پارتەیە، چەند جارێك ئاماژەی بە مەترسیی سەر ژیانی گوڤەن كردووە بەهۆی مانگرتنەكەیەوە، بەرپرسانی زیندانی ئامەد و حكومەتی توركیای بە بەرپرس داناوە لەهەر دۆخێكی نەخوازراو كە بەسەر پەرلەمانتارەكەیاندا بێت.

لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی حوزەیرانی 2018ی توركیا، دوو كاندیدی كورد و تورك لە زینداندابوون، هەردووكیشیان دەنگی پێویستیان هێناو بوونە پەرلەمانتار، كوردەكە لەیلا گوڤەن بوو كە لە زیندانەوە سەركەوت بۆ پەرلەمان، بەپێی یاساكانی توركیا، پەرلەمانتار خاوەنی پارێزبەندییەو دەبێت لەو دۆخێكی وەهادا ئازاد بكرێت.

ئەنیس بەربەرۆغڵو، كاندیدە سەركەتووە توركەكە، ئازاد كرا. لەیلا گوڤەن، كاندیدە سەركەوتووە كوردەكە، لە زیندان مایەوەو ئازاد نەكرا.

مانگرتن لەخواردن لە دونیادا یەكێكە لە ڕێگا باوەكانی ئاشتییانەی دەربڕینی ناڕەزایی، كە زیاتر بۆ داواكردنی ئامانجێكی سیاسیی دەگیرێتەبەر، لەم جۆرە مانگرتنەدا، كەسی مانگرتوو هیچ جۆرە خواردنێك ناخوات، بەڵام هەندێك جۆر لە خواردنەوەو ڤیتامین دەخواتەوە.