لەیلا گوڤەن ئازادكرا؛ مانگرتن ناشكێنێت

25-01-2019 02:55
لەیلا گوڤەن دوای ئازادكردنی لەگەڵ پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی هەدەپە.


پەرەگراف


لەیلا گوڤەن پەرلەمانتاری هەدەپە ئەمڕۆ ئازادكراو بڕیارە لە ماڵەكەی خۆیدا درێژە بە مانگرتن لە خواردن بدات كە ماوەی 79 ڕۆژە بەردەوامە.

گوڤەن، هاوسەرۆكی كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك(كەجەدە)و پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە)یە، لە ڕۆژی 8ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە لە زیندانی ئامەد لە باكوری كوردستان مانگرتنی لە خواردن ڕاگەیاند، داواكاریی ئەو، هەڵگرتنی ئەو گۆشەگیرییەیە كە توركیا سەپاندوویەتی بەسەر عەبدوڵا ئۆجەلان دا.

لەیلا گوڤەن لە ڕۆژی 31ی كانونی دووەمی 2018ەوە دەستگیركرا، یەكێك بوو لەو نۆ پەرلەمانتارەی هەدەپە كە‌ بە تۆمەتی بانگەشەكردن یاخود بەشدارییكردن لە چالاكییەكانی پەكەكەدا دەستگیركراون، ئەمڕۆش دادگای ئامەد بڕیاری ئازادكردنی بۆ گوڤەن دەركردو ئەو سیاسەتمەدارە كوردە زیندانی بەجێهێشت‌و گەڕایەوە ماڵەكەی خۆی.

پەروین بۆڵدان هاوسەرۆكی گشتیی هەدەپە، بڕیاری ئازادكردنی گوڤەنی بە "ئەرێنیی" ناوبرد، وتی، لەیلا گوڤەن لە ماڵەكەیدا بەردەوام دەبێت لە مانگرتن لە خواردن.

هەرچەندە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕێگە بە دیداری ئۆجەلان درا لەگەڵ برایەكیدا، بەڵام لەیلا گوڤەن و مانگرتوانی دیكە داوای كۆبوونەوەی ئۆجەلان و پارێزەرەكانی دەكەن.

پێش دیدارەكەی ڕۆژی 12ی ئەم مانگەی عەبدوڵا ئۆجەلان و محەمەدی برای، دوایین چاوپێكەوتنی نێوان عەبدوڵا ئۆجالان و خانەوانەدەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 11ی ئەیلولی 2016، هەروەها لە 27ی تەمووزی 2011ـەوە، بە بیانووی لاوەكی ڕێگە بە دیداری ئۆجالان لەگەڵ پارێزەرانی نادرێت و تا ئێستا نزیكەی 800 جار داواكاریی پارێزەران بۆ سەردانی ئیمڕاڵی ڕەتكراوەتەوە.

لەیلا گوڤەن 79 ڕۆژە نانی نەخواردووەو ڕەوشی تەندروستیی تادێت دژوارتر دەبێت، ئەو پەرلەمانتارە كوردە لە ڕۆژی 71هەمی مانگرتنەكەیدا نامەیەكی بۆ بزووتنەوەی ژنانی ئازاد(TJA - تەژەئا) ناردووە، تێیدا دەڵێت"پێشەنگایەتی لە شكاندنی گۆشەگیریی سەر ڕێزدار عەبدوڵا ئۆجالان كە هەموو ژنانی كورد زۆر قەرزباری ئەون، لە ڕووی مێژوویی، ئەخلاقی و ویژدانیشەوە ئەركی ئێمەیە."

"لەم پڕۆسە مێژووییەدا و لە ڕێی بەرخۆداندا ئەوەندەی سەرەدەرزییەكیش شكمان لە باوەڕیی خۆمان نەكرد و دوودڵ نەبووین. كار بە(مافی تێكۆشانی تا سەرەنجام) دەكەین و ئەم مامەڵەیەی ئەوان‌ بێكاریگەر دەكەین" لەیلا گوڤەن لە نامەكەیدا وادەڵێت.

ئەوەی ڕۆژانە لەیلا گوڤەنی تەمەن 55 ساڵ وەریدەگرێت، سێ كەوچك شەكر، دوو كەوچكی بچوك خوێ، ئاو و 500 میلیگرام ڤیتامین Bـیە، لە ئێستاشدا كاریگەریی خراپ لەسەر هەستی بینین‌و بیستنی دروست بووەو كێشی لەشی دابەزیوە، بەڵام ئامادەنییە مانگرتنەكەی بشكێنێت، خۆی پێشتر وتوویەتی، ئامادەیە گیانی خۆی لەپێناو پڕۆسەی ئاشتیدا ببەخشێت.

لەیلا گوڤەن دوای ئازادكردنی لەگەڵ پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی هەدەپە.

لە دوای ڕاگەیاندنی مانگرتنەكەی لەیلا گوڤەن، ئەندام و هەوادارانی هەدەپە لە وڵاتانی ئەوروپا و شارەكانی هەرێمی كوردستان دەستیان بە مانگرتن گرت.

لە شاری هەولێر، ئەندامانی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری كوردستان، لە ڕۆژی 21ی تشرینی دووەمی 2018ەوە مانگرتنیان بەشێوەی خولی ڕاگەیاندووە، مانگرتنەكە بەشێوەیەكە هەر دوو ڕۆژ جارێك گروپێكی چەند كەسی مانگرتن لە خواردن ڕادەگەیەنن، تا ئێستا زیاتر لە 30 گروپ بەشدارییان لە مانگرتنەكەدا كردووە.

هەروەها ناسر یاگیز، كە ئەندامێكی نوێنەرایەتی هەدەپەیە لە شاری هەولێر ئەمڕۆ 66 ڕۆژە مانگرتنی لەخواردن ڕاگەیاندووە، بەو هۆیەشەوە باری تەندروستی تێكچووەو 10 كیلۆ لە كێشی كەمی كردووە، بەڵام ئامادە نییە مانگرتنەكەی بشكێنێت.

لە شاری سلێمانیش، ڕێكخراوی كرێكارانی میزۆپۆتامیا لە ڕۆژی 14ی كانونی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە بە شێوەی خولیی بۆ پشتگیرییكردن لە لەیلا گوڤەن مانگرتنیان ڕاگەیاندووە، هاوكات مانگرتن بۆ هەمان مەبەست لە كەمپی مەخموری تایبەت بە ئاوارەكانی باكوری كوردستان‌و لە شارۆچكەی شەنگالیش دەستیپێكردووە.

هەروەها لە زیندانەكانی توركیاشدا، لە ئێستادا 226 زیندانیكراوی كورد وەك پشتگیریی لە لەیلا گوڤەن مانگرتنیان ڕاگەیاندووە.

لەیلا گوڤەن دوای ئازادكردنی لەگەڵ پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی هەدەپە.

مانگرتن لە خواردن یەكێكە لە چالاكییە باوەكان لەنێو سیاسەتمەداران و چالاكوانانی باكوری كوردستان، پێشتریش لە ساڵی 1982 لە هەمان ئەو زیندانەی ئێستا لەیلا گوڤەنی تێدا دەستگیركراوە، پێنج سەركردەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە دژی خراپی مامەڵەی بەرپرسانی زیندانەكە لەگەڵ زیندانییە سیاسییەكاندا، مانگرتن تا مردنیان لە خواردن ڕاگەیاند، دواجار چوار لە زیندانییەكان بەهۆیەوە گیانان لەدەستدا، بەڵام دەوڵەت ناچاربوو لەگەڵ پێنجەمیاندا، كە مستەفا قەرەسوو-بوو و ئێستا سەركردەیەكی پەكەكەیە لە قەندیل، بكەوێتە گفتوگۆوە و سەرجەم داواكارییەكانی جێبەجێ بكەن.

ئەمە یەكەمجار نییە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە گۆشەگیریی بخرێتە سەر عەبدوڵا ئۆجالان، پێشتر و لە ساڵی 2012، بەهەمان شێوەی ئێستا بۆ ماوەیەكی زۆر ڕێگە نەدرا هیچ كەس سەردانی ئۆجالان بكات لە زیندانی ئیمراڵی، دژی ئەو كارەش شەپۆلێكی مانگرتنی فراوان لە توركیا و وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێكرد، تا دواجار دەوڵەت ڕێگەی بۆ دیداری ڕێبەری پەكەكە كردەوە و ئۆجەلان بە نامەیەك داوای لە هەمووان كرد كۆتایی بە مانگرتنەكەیان بهێنن و بەو شێوەیە مانگرتنەكان كۆتاییان هات.