ئەو كاتەی فیشەكی سەربازانی توركیا لە شیلادزێ بەر سنگی حسێن ڕێكانی كەوت

27-01-2019 10:08
حسێن ڕێكانی، شەهیدی خۆپیشاندانەكەی شیلادزێ.


پەرەگراف- مەسعود هادی

بەتەمەن تەنیا مێرمنداڵێك بوو، بەڵام لەنێو ماڵەكەیدا وەكو پیاوێكی كامڵ چەند ساڵێكە ئەركێكی قورسی لەئەستۆدایە؛ پڕكردنەوەی جێی باوك و دابینكردنی بژێویی خێزانێك.

دایكی حسێن ڕێكانی، هێشتا چاوەڕێی زیاتری دەكرد، بەئومێدی ئەوەوە بوو كوڕە گەورەكەی ببینێت چۆن خوێندن تەواو دەكات و داهاتویەكی باشتر لە ئێستای دێتەپێش، بەڵام دوو فیشەك، لە لولەی تفەنگی سەربازانی وڵاتێكی ترەوە، لە زێدی باوباپیرانی خۆیدا خەونەكانی ئەو دایكەی لەگۆڕنا.

حسێن ڕێكانی، تەمەنی 17 ساڵ بوو، ڕۆژی شەممە 26ی كانونی دوەمی 2019، لەگەڵ هاوڵاتیانی ناوچەكەیدا بۆ ڕاگرتنی بۆردومان و مەینەتیی خەڵكی شیلادزێ، بوو بە قوربانی.

"بەداخەوە، سەربازە توركەكان دوو فیشەكیان نا بە سنگی حسێنەوە، بەوەش كۆتاییان بە ئومێدی گەورەی دایكی و خوشك و براكانی هێنا"، سگڤان ڕێكانی، خزمی نزیكی قوربانییەكە بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو ڕۆژەی ڕێكانی كوژرا، خەڵكی شیلادزێ لە قەزای ئامێدی پارێزگای دهۆك تەواو وروژابون، لە توڕەییدا دژی ئاڵۆزییە ئەمنییەكانی سنورەكە، كە هەموو جارێك بە مەرگی هاوڵاتیانی بێتاوان كۆتاییدێت.

ئەحمەد شەمكی، چالاكوانی مەدەنییە لە شیلادزێ بۆ پەرگرف وتی"لەكاتی چون بۆ بارەگای توركیا بەشێك لە سەربازەكانیان تەقەیان لە خەڵك كرد، بەڵام هاوڵاتیان بەبێ ترس بەردەوام بون لە ناڕەزایی و لە ئەنجامدا، حسێن ڕێكانی شەهید بوو".

حسێن ڕێكانی

"شەهیدبونی ڕێكانی نەبووە هۆی ساردبونەوەی خەڵك، بەڵكو سورتربون، بارەگاكەیان سوتاند و سەربازەكانیان بە دیل گرت، تا دواتر ڕادەستی هێزە ئەمنییەكانی هەرێم كرانەوە"، بەوتەی شەمكی.

لە چەند ناوچەیەكی هەرێم و لە نێویاندا شیلادزێ، بارەگای سەربازیی توركیا هەن، ئەوەش مێژویەكی درێژی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆ، كاتێك لە 1997دا بەپێی ڕێككەوتنێك لەگەل پارتی گەیشتنە سنورەكە و هێشتا نەكشاونەتەوە.

لە هێرشكردنەسەر بارەگاكەی توركیا، جگە لە حسێن ڕێكانی جوانەمەرگ، چەند هاوڵاتییەكی تر برینداربون.

سگڤان ڕێكانی، كە لەگەڵ حسێن ماوەیەكی زۆر هاوڕێ بون، دەڵێت، خوێندكاری قۆناغی حەوت بووە، بەهۆی ئەوەی لە 2009دا باوكی لەكاتی دروستكردنی بۆمب بۆ ڕاوەماسی گیانی لەدەستداوە، ئەركی زۆری خێزانەكەی لەئەستۆدا بووە.

"كاریگەیی شەهیدكردنی هاوڵاتیانی ناوچەكە و چۆڵكردنی گوندەكەیان بەهۆی ململانێی توركیا و پەكەكە هۆكار بوو تا حسێن و خەڵكی تر بچنە سەر بارەگای توركیا" سگڤان وادەڵێت.

خۆپیشاندان و توڕەبونی خەڵكی شیلادزێ دوای ئەوەهات، سێ ڕۆژ پێشتر و لە 23ی كانونی دوەم، بەهۆی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە چوار هاوڵاتی سنورەكە گیانیان لەدەستدا، جگە لەدیارنەمانی دوو كەس.

نەجیب نەجیب، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئامێدی لەبارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەكەوە بە پەرەگراف-ی وت"حسێن ڕێكانی، هەر لە شوێنی ڕوداوەكەدا گیانی لەدەستداوە، بەهۆی فیشەكەوە".

هەروەها ئاشكرایكرد لە خۆپیشاندانەكەدا، 11 هاوڵاتی تر برینداربون، لە نێویاندا دوو كەس بە فیشەكی ڕاستەوخۆ، لەوانەش چواریان بەهۆی سەختی برینەكەیانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی دهۆك كراون، ئەوانیتر دوای چارەسەر لە ئامێدی و شیلادزێ، ڕەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، دوابەدوای ڕوداوەكە لە بەیاننامەیەكی 46 وشەییدا، نیگەرانی بە كەوتنەوەی زیانی گیانیی نیشاندەدات‌و نوسیویەتی"دەستی گێرەشێوێن لە پشت ئەو ڕوداوانەوە هەیە، بۆیە دەزگا پەیوەندارەكان بە وردی لێكۆڵینەوەی لێدەكەن و هۆكارانی پشێوی و گێرەشێوێنان سزادەدەرێن".

حسێن ڕێكانی

ئەحمەد شەمكی، چالاكوانەكەی شیلادزێ دەڵێت، گردبونەوە ناڕەزاییەكە مۆڵەتی بۆ وەرگیرابوو لە ئیدارەی ناحیەكە، بەڵام كاتێك دەستیانپێكرد، "توڕەیی هاوڵاتیان ڕێڕەوی ناڕەزاییەكەی گۆڕی، بەشێك دژایەتی پەكەكەیان كرد بێ ئەوەی ناوی توركیا بهێنن، ئەوەش وایكرد بەشێكی تر هێرشبكەنە سەر بارەگای توركیا".

خۆپیشاندەرانی شیلادزێ بنكەیەكی سەربازیی توركیایان سووتاند/ 26-1-2019.

ئەو چالاكوانە ئاماژە بە مەینەتیی چەندین ساڵەی خەڵكی سنورەكە دەكات بەدەست ململانێكانەوە، چونكە توڕەن لە توركیا‌و حكومەتی هەرێم و عێراق و هەموو ئەوانەی بەشداربون لەو ئاڵۆزییەدا، بەوپێیەی سنورەكە ئارامیی تیدا نەماوە و چەندین گوند و ناوچە چۆڵبون.

بۆردومانی توركیا، چەندین ساڵە بەردەوامیی هەیە بە پاساوی كردنە ئامانجی بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە)، لە زۆربەی بۆردومانەكانیشدا هاوڵاتیان دەبنە قوربانی.

وارشین سەلمان، بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ بەهۆی ئاگاداركردنەوەی لە سەروی خۆیەوە تا قسە لەسەر ڕوداوەكەی سنورەكە نەكات، ئامادەنەبوو لێدوان بۆ پەرەگراف بدات.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا دوێنێ شەممە ئیدانەی بۆردومانەكەی شیلادزێی كرد و جەختیكردەوە، لەڕێی بانگهێشتی باڵیۆزی توركیاوە لەبەغدا پەیامی ناڕەزایی دەگەیەنن، تا ڕوداوی هاوشێوە دوبارەنەبێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی ئەمڕۆ لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دوای هاوخەمی بۆ قوربانیانی ڕوداوەكەی شیلادزێ، وتی "سیاسەتی حكومەتی هەرێم ئەوەیە بە هیچ شێوەیەك خاكی هەرێم بۆ دژایەتیكردنی هیچ یەكێك لە دراوسێكانمان بەكارنەهێنرێت. ئەو هۆكارانەی دەبنە دروستبوونی ئەو كارەساتانە ئەوەیە كە زۆر بەداخەوە ئەو حزبانە سوود لە خاكی هەرێم دەبینن بۆ دروستكردنی كێشە بۆ وڵاتانی درواسێ".

"ئەو خەڵكە مافی خۆیانە خۆپیشاندان بكەن و خۆپیشاندانیش بە یاسایەك ڕێكخراوە و دیارە كە بە چ شێوەیەكە، بەڵام خۆپیشاندانێكی ئاشتیانە كە هەوڵی بۆ دەدرێت ڕێڕەوەكەی بگۆڕدرێت و توندوتیژی لێ بكەوێتەوە، ئەمە بۆ ئێمە لە حكومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبوڵ نییە".

بارزانی ڕاستەوخۆ پەكەكەی تۆمەتباركرد و وتی"ئەو بۆردومانانە لەو شوێنانە كرا كە پەكەكەی لێیە، پەكەكە هۆكاری ئەو بۆردومانانەیە".

هەروەها ئاشكرایكرد لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا گفتوگۆی كردوە و جەختیكردۆتەوە لەوەی، هەرێم هەموو ڕێگەیەكی یاسایی دەگرێتەبەر بۆ دادگاییكردنی هەر كەسێك كە ویستویانە ئاڕاستەی خۆپیشاندانەكە بگۆڕن.

كۆما جڤاكێن كوردستان-كەجەكە-(چەتری كۆكەرەوەی سەرجەم ڕێكخراوەكانی سەربە پەكەكەیە)، لە بەیاننامەیەكدا خۆپیشاندانی خەڵكی شیلادزێی بە "ڕاپەڕینی گەلی باشوری كوردستان" ناوبرد و داوایكرد تەواوی ناوچەكان بگرێتەوە.

"لەو ڕاپەڕینەدا گەل بارەگای سەربازیی سوپای توركیا و هەموو كەلوپەلە سەربازییەكانیانی سوتاند، و بەشێوازە هەڵوێستی خۆیان لەهەمبەر داگیركاری، كوشتن و كۆمەڵكوژیی نیشاندا، دەوڵەتی توركیای فاشیست كە بەكۆمەڵكوژیی وەڵام دەداتەوە".

كەجەكە وەڵامی هەڵوێستی پارتی و نێچیرڤان بارزانی دەداتەوە، پێیوایە ساڵانێكە بە وتنەوەی ئەوەی ئەگەر پەكەكە لە ناوچەكە نەبێت، "خەریكی چەواشەكردنی گەل و ڕەواییدانن بە هێرشەكان"، بەوەش تۆمەتباریان دەكات بە هەڵوێستەكانیان "ڕێگە بۆ كۆمەڵكوژیی خۆش دەكەن".

خۆپیشاندەرانی شیلادزێ بنكەیەكی سەربازیی توركیایان كۆنتڕۆڵكرد/ 26-1-2019.

بۆردومانەكانی توركیا، بەردەوام جێی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەكان بووە، سەرباری داواكاری زۆرینەی لایەن و هەروەها چەندینجارەی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام هێرشەكانیان بەردەوامیی هەیە و بارەگاكانیشان لە هەرێم نەكشاندۆتەوە.

مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا جەختیكردۆتەوە لەبارەی ڕوداوەكانی شیلادزێ و هێرشكردنە سەر بارەگاكەیان لێكۆڵینەوەیەكی ورد دەكەن، هەرچەندە "دەزانین پەكەكە لەپشت پەلامارەكەوەیە.. دەستیان بە هاندان و خرۆشاندنی خەڵكی ناوچەكە كردووە" بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵ.

جگە لە زیانی گیانی، هێرش و بۆردومانی توركیا بۆ ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان، لە چەندین ساڵی ڕابردودا كاریگەری زۆری لەسەر ژیانی خەڵكی گوندەكان داناوە و زیانی بە ژێرخانی گشتی گەیاندووە.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاندووە، بۆردومانەكان لە 2007وە بەردەوامی هەیە و بەپێی ئەو ئامارەی لای ئەوان هەیە، تەنیا لە چوارساڵدا، لە سەرەتای 2015وە تا كۆتایی 2018، توركیا 398 جار لەرێی فڕۆكەوە بۆردومانی كردوە، لەگەڵ 425 بۆردومان بە تۆپ، لە ئەنجامدا زیاتر لە 20 هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە.

حسێن ڕێكانی، قوربانیی دەستی سەربازانی توركیا لەقوڵایی خاكی هەرێمدا، یەكەم كەس نیە لە بنەماڵەكەیدا ببێتە سوتەمەنی ئەو ئاگری ناكۆكییەی چەند ساڵێكە لە سنورەكەیاندا هەیە.

باپیری ئەو مێرمنداڵە، ناوی حسێن بوو، لەسەردەمی شەڕی پەكەكە و پارتی بوو بە قوربانی، لەوكاتەشەوە نەگەڕاونەتەوە گوندەكەی خۆیان؛ بنستانی لە شیلادزێ، بۆیە لەوپەڕی ئەستەمیی ژیاندا بون.

وەكو سگڤان ڕێكانی، خزمی قوربانییەكە باسیكرد، دوای كۆچی دوایی باوكی حسێن، ڕەوشی خێزانەكە زیاتر ئاڵۆز بوو، بۆیە ئەو كوڕە جێی ئومێدی گەورە بوو بۆ دایكی، بەڵام ئەستەمی ژیان ئەوەشی پێڕەوا نەبینی.