دۆخێكی ئەمنیی پڕ لە "ترس" دهۆك دادەپۆشێت؛ دەیان چالاكوان‌و كەسایەتی سیاسیی دەخرێنە زیندانەوە

28-01-2019 09:34
هێزە ئەمنییەكانی دهۆك لە چالاكییەكی پێشتریاندا.


پەرەگراف- ئازا ئیبراهیم


ئاسایشی پارتی لە دهۆك دەیان چالاكوانی مەدەنی‌و كەسایەتی سیاسی دەستگیر دەكات، لە ناویاندا چەند بەرپرس‌و هەڵسوڕاوێكی بزووتنەوەی گۆڕان هەن، هێزە ئەمنییەكان دۆخێكیان دروست كردووە كەسوكاری دەستگیر كراوان "ترس"یان لە قسەكردن بۆ ڕاگەیاندن هەیە.

هەڵمەتەكەی ئاسایش لە دهۆك، دوای خۆپیشاندانەكانی شیلادزێ‌و گرژیی‌و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە دێت، ئاسایش زیاتر ئەو كەسانەی كردووەتە ئامانج كە چالاكوانی ناوچەكەن‌و ویستویانە خۆپیشاندانێكی مەدەنیی ئەنجام بدەن، "تەنانەت خەڵك هەیە تەنها گومانیان لێی هەبووە بەشداریی خۆپیشاندان بكات، دەستگیركراوە."

دەستگیركراوانی دهۆك، پشتیوانیی خەڵك‌و خۆپیشاندەرانی شیلادزێ دەكەن، هاوكات لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و لەسەر شەقام ناڕەزاییان بەرامبەر بۆردومانەكانی سوپای توركیاو بوونی سەربازانی ئەو وڵاتە لە خاكی هەرێم پیشانداوە.

ئەحمەد یوسف، سكرتێری مەكۆی زاخۆی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، بەپێی بەدواداچوونەكانی ئەوان، نزیكەی 25 كەس دەستگیر كراون‌و نزیكەی 10یان بەرپرس‌و هەڵسوڕاوانی گۆڕانن، "لە ناویاندا حاجی ڕێكانی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی‌و ئەیهان سەعید ئەندامی ژوری پەیوەندییە سیاسییەكانی گۆڕان هەن."

سكرتێری مەكۆی زاخۆی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو، بە سەرپەرشتی باژێڕوانی بادینانی گۆڕان، لیژنەیەكیان پێكهێناوەو لە گفتوگۆدان لەگەڵ ئاسایش بۆ ئازادكردنی هەڵسوڕاوەكانیان، وتی"بەدواداچوون دەكەین بۆ ئازادكردنی سەرجەم دەستگیركراوان."

ئەو بەرپرسەی گۆڕان لە زاخۆ ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو چالاكوانانە داوای مۆڵەتیان كردووە بۆ خۆپیشاندانێك لەناو شاری دهۆك، بەڵام مۆڵەتیان پێنەدراوە، هاوكات ئاسایش هیچ ڕوونكردنەوەیەكی بەوان نەداوە لەبارەی هۆكاری دەستگیركردنی ئەو كەسانە، وتی"بیانووی ئەوان ئەوەیە بڕیاری سەرۆكی حكومەت جێبەجێ دەكەن‌و هەركەسێك بێتەسەر شەقام دەستگیر دەكرێت."

دوای ئەوەی خۆپیشاندەرانی شیلادزێ بنكەیەكی سوپای توركیایان سووتاندو بە تەقەی ڕاستەوخۆی سەربازانی توركیاش خۆپیشاندەرێكی مێرمنداڵ بەناوی حسێن ڕێكانی شەهید كراو دوو فیشەك بەر سنگی كەوت، هاوكات زیاتر لە 10ی دیكە برینداربوون، توڕەیی خەڵكی ناوچەكە زیاتر بوو، بەوهۆیەوە دۆخێكی ئەمنیی تووند گیراوەتەبەر.

حسێن ڕێكانی، شەهیدی خۆپیشاندانەكەی شیلادزێ.

دەستگیركردنی 25 چالاكوان‌و كەسایەتی سیاسیی دهۆك  لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، ئامارێكی پشتڕاست كراوەیە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە، بەڵام سەرچاوەیەكی دیكەی ئاگادار دەڵێت، "ژمارەی دەستگیركراون زۆر لەوە زیاترەو چەندین كەسی دیكە لە ماڵەكانی خۆیانداو لە بازگەكان دەستگیركراون."

"جگە لەوانەی ئەم ئێوارەیە لەسەر شەقام دەستگیر كراون، زیاتر لە 10 كەس لە چالاكوانانی دهۆك لە ناو ماڵەكانی خۆیاندا دەستگیركراون‌و هەندێكی دیكەش لە بازگەی نێوان ناوچەكان دەستگیركراون بەتایبەت بازگەی چوونەناو دهۆك، تەنیا لەسەر بنەمای ئەوەی ئاسایش گومانی لێیان هەبووە خۆپیشاندان بكەن"، سەرچاوەكەی پەرەگراف كە لەبەر هەستیاریی دۆخە ئەمنییەكە داوایكرد ناوی نەهێنرێت، وای وت.

فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، لە دوای بەدواداچوون دەربارەی دەستیگركردنی چالاكوانان لە دهۆك، دڵنیابووەتەوە لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركراون، سەرۆكی فراكسیۆنەكە دەڵێت"ئاسایشی دهۆك و پارتی دیموكرات بە بەرپرس دەزانین لە ژیان و سەلامەتییان."

عەلی حەمەساڵج دەشڵێت"بەردەوامیی ئەم گرتن و زیندانیكردنە لێكەوتەی سیاسی دەبێت، زۆرێك لە وانەی بە شداری خۆپیشاندان و سوتاندنی بارەگای سوپای توركیایان كردوە، كادیرو بەرپرسی پارتی دیموكراتن، بەڵام ئێستا خەڵكی دیكە زیندانی دەكرێت."

كەسوكاری دەستگیركراوانی دهۆك لە "ترس"ی ئەو دۆخە ئەمنییە توندەی لە ناوچەكە گیراوەتەبەر "ناوێرن" قسە بۆ ڕاگەیاندنەكان بكەن، خزمی نزیكی یەكێك لە دەستگیركراون كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت بۆ پەرەگراف وتی"تەنها ئەوانە دەوێرن قسە بكەن كە سەر بەگۆڕانن‌و حیزبێك لە پشتیانەوەیە. ئاسایش ڕێگەش نادات دەستگیركراوەكان ببینین."

هەڵمەتی دەستگیركردنی چالاكوانانی دهۆك لەلایەن ئاسایشەوە ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووندی خەڵك بووەتەوەو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەتایبەت لە فەیسبوك، دەنگی ناڕەزایی فراوان بەرزبووەتەوەو داوای ئازادیی بۆ چالاكوانان‌و دەستگیركراوانی دهۆك ‌و ئیدانەی بۆردومانەكانی توركیا دەكەن.

پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاریی‌و هۆكاری دەستگیركردنی چالاكوانانی دهۆك، پەیوەندیكرد بە فەرهاد ئەتروشی پارێزگاری دهۆك، بەڵام بەردەست نەبوو. هاوكات سێ جار پەیوەندیكرد بە هێمن سلێمان وتەبێژی پۆلیسی دهۆك، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

بۆردومانی توركیا، چەندین ساڵە بەردەوامیی هەیە بە پاساوی كردنە ئامانجی بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە)، لە زۆربەی بۆردومانەكانیشدا هاوڵاتیان دەبنە قوربانی.

خۆپیشاندان و توڕەبونی خەڵكی شیلادزێ دوای ئەوەهات، سێ ڕۆژ پێشتر و لە 23ی ئەم مانگەدا، بەهۆی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە چوار هاوڵاتی سنورەكە گیانیان لەدەستدا، جگە لەدیارنەمانی دوو كەس.

لە میانی خۆپیشاندانەكەی شیلادزێ‌و لەكاتی ڕوماڵكردنی ڕوداوەكەدا چوار تیمی ئێن ئاڕ تی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركران‌و دوای چەند كاتژمێرێك ئازادكران، هەر بەوهۆیەشەوە ئێوارەی دوێنێ هێزە ئەمنییەكانی دهۆك دەستیانگرت بەسەر نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە دهۆك و دایانخست و تائێستاش ڕێگەنەدراوە نوسینگەكە بكرێتەوە.

خۆپیشاندەرانی شیلادزێ بنكەیەكی سەربازیی توركیایان سووتاند/ 26-1-2019.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا ئیدانەی بۆردومانەكەی شیلادزێی كرد و جەختیكردەوە، لەڕێی بانگهێشتی باڵیۆزی توركیاوە لەبەغدا پەیامی ناڕەزایی دەگەیەنن، تا ڕوداوی هاوشێوە دوبارەنەبێتەوە، بەڵام حكومەتی هەرێم، لە بەیاننامەیەكی 46 وشەییدا، نیگەرانیی لە كەوتنەوەی زیانی گیانیی نیشاندا‌و نوسیویەتی"دەستی گێرەشێوێن لە پشت ئەو ڕوداوانەوە هەیە، بۆیە دەزگا پەیوەندارەكان بە وردی لێكۆڵینەوەی لێدەكەن و هۆكارانی پشێوی و گێرەشێوێنان سزادەدەرێن".

لایخۆیەوە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دوای هاوخەمی بۆ قوربانیانی ڕوداوەكەی شیلادزێ، وتی "سیاسەتی حكومەتی هەرێم ئەوەیە بە هیچ شێوەیەك خاكی هەرێم بۆ دژایەتیكردنی هیچ یەكێك لە دراوسێكانمان بەكارنەهێنرێت. ئەو هۆكارانەی دەبنە دروستبوونی ئەو كارەساتانە ئەوەیە كە زۆر بەداخەوە ئەو حزبانە سوود لە خاكی هەرێم دەبینن بۆ دروستكردنی كێشە بۆ وڵاتانی درواسێ."

"ئەو خەڵكە مافی خۆیانە خۆپیشاندان بكەن و خۆپیشاندانیش بە یاسایەك ڕێكخراوە و دیارە كە بە چ شێوەیەكە، بەڵام خۆپیشاندانێكی ئاشتیانە كە هەوڵی بۆ دەدرێت ڕێڕەوەكەی بگۆڕدرێت و توندوتیژی لێ بكەوێتەوە، ئەمە بۆ ئێمە لە حكومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبوڵ نییە"، نێچیرڤان بارزانی وای وت.

بارزانی ڕاستەوخۆ پەكەكەی تۆمەتباركرد و وتی"ئەو بۆردومانانە لەو شوێنانە كرا كە پەكەكەی لێیە، پەكەكە هۆكاری ئەو بۆردومانانەیە."

خۆپیشاندەرانی شیلادزێ بنكەیەكی سەربازیی توركیایان كۆنتڕۆڵكرد/ 26-1-2019.

بۆردومانەكانی توركیا، بەردەوام جێی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەكان بووە، سەرباری داواكاری زۆرینەی لایەن و هەروەها چەندینجارەی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام هێرشەكانیان بەردەوامیی هەیە و هێزەكانیشیان لە هەرێم نەكشاندووەتەوە.

جگە لە زیانی گیانیی، هێرش و بۆردومانی توركیا بۆ ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان لە چەندین ساڵی ڕابردودا كاریگەری زۆری لەسەر ژیانی خەڵكی گوندەكان داناوە و زیانی بە ژێرخانی گشتی گەیاندووە.