ترەمپ جارێكی دیكە دڵنیایی بە كوردانی ڕۆژئاوا دەدات

29-01-2019 05:50
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا - ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی دەستەی جێبەجێكردنی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات(مەسەدە)


پەرەگراف- ڕێنوار نەجم


بەرپرسانی ڕۆژئاوای كوردستان بەردەوامن لە هەوڵەكانیان بۆ پاراستنی كیانەكەیان دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا، لەو چوارچێوەیەشدا هاوسەرۆكی دەستەی جێبەجێكردنی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات-مەسەدە، لە دیدارێكی كورتیدا لەگەڵ ترەمپ، جارێكی دیكە دڵنیایی پاراستنی كوردانی سوریای پێدراوەتەوە لەلایەن سەرۆكی ئەمەریكاوە.

دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی كانونی یەكەمی ساڵی ڕابردوودا دۆناڵد ترەمپ بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی دا لە ڕۆژئاوای كوردستان، بەرپرسانی ڕۆژئاوا بەدوای چارەسەرێكدا دەگەڕێن تا خۆیان لە هێرشی توركیا بپارێزن، كە بەردەوام هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ سەر باكور و رۆژهەڵاتی سوریا دەكات.

دوای بڕیارە چاوەڕواننەكراوەكەی ترەمپ، بەرپرسە باڵاكانی ئیدارەی ڕۆژئاوای كوردستان، سەردانی هەریەك لە فەڕەنساو ڕووسیایان كرد، فەڕەنسییەكان پشتیوانی خۆیان بۆ كوردەكان دووپاتكردەوە، هاوكات بەرپرسانی ڕووسیاش داوایان لە كوردانی سوریا كرد لەگەڵ دیمەشق بگەنە ڕێككەوتن، ئەوكاتە لە هەڕەشە و هێرشی توركیا پارێزراو دەبن.

لەچوارچێوەی سەردانە دیبلۆماسییەكاندا، ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی دەستەی جێبەجێكردنی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات-مەسەدە كە باڵی سیاسیی هێزەكانی سوریای دیموكراتە، ماوەی چەند ڕۆژێكە لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریكایە و لەگەڵ چەند سیناتۆرێكی ئەمەریكیدا كۆبووەتەوە.

شەوی ڕابردووش، لە بۆنەیەكدا ئیلهام ئەحمەد و دۆناڵد ترەمپ چاویان بەیەك كەوت و گفتوگۆیەكی كورتیان ئەنجام دا، بەپێی ماڵپەڕی خەبەر 24، كە تایبەتە بە هەواڵەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، ترەمپ بە بەرپرسە كوردەكەی وتووە"نیگەران مەبن، من كوردم خۆشدەوێت‌و دەستبەردارتان نابم." بە وتەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لەگەڵ ئیلهام ئەحمەددا بوون، سەرۆكی ئەمەریكا باسی لەوەش كردووە دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام بۆ كوردەكان "هەڵدەسەنگێنێت."

یەكتربینینەكەی شەوی ڕابردووی ترەمپ‌و ئیلهام ئەحمەد.

ئەوەش لەكاتێكدایە ڕۆژی 13ی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ لە تویتێكدا ڕایگەیاند، ئابووری توركیا وێران دەكەن ئەگەر ئەو وڵاتە هێرشبكاتە سەر هێزە كوردییەكان لە سوریا، هەروەها باسی لە دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام بە قوڵایی 20 میل (32 كیلۆمەتر) كرد، بەبێ ئەوەی وردەكاریی چۆنیەتی دروستكردنی ئەو ناوچە ئارامە ڕوونبكاتەوە.

هەرچەندە بەرپرسانی ئەنقەرە بە توندی وەڵامی هەڕەشەی "وێرانكردنی ئابووریی" وڵاتەكەیان دایەوە، بەڵام پێشوازییان لە دروستكردنی ناوچە ئارامە پێشنیاركراوەكە كرد.

توركیا دەیەوێت لەڕێگەی دروستكردنی ئەو ناوچە ئارامەوە، بە قوڵیی 20 میل یاخود زیاتر، بچێتە قوڵایی خاكی سوریاوە، بەوەش بەشێكی زۆری ناوچە گرنگە كوردییەكان دەخاتە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیەوە، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی ئەمەریكا باسیان لە وردەكاریی چۆنیەتی دروستكردنی ئەو ناوچە ئارامە نەكردووە، كە ئایا توركیا ئەو ناوچەیە دروست دەكات، یاخود هێزێكی دیكە یان نەتەوە یەكگرتووەكان؟.

بەڵام بەرپرسانی كورد لە ڕۆژئاوا دروستكردنی ناوچەی ئارامیان بەسەرپەرشتی توركیا بە هەموو شێوەیەك ڕەتكردەوە، ئاڵدار خەلیل، بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسیەكانی تەڤگەری جڤاكی دیموكراتیك-تەڤدەم لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، دروستكردنی ناوچەی ئارام لەژێر سەرپەرشتی توركیادا قبوڵ ناكەن، ئاماژەی بۆئەوەش كرد، ئەردۆغان لەبەر ئەوەی ناتوانێت هێرش بكاتە سەر ناوچەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وەك چۆن هێرشی كردە سەر عەفرین، دەیەوێت لەڕێی ناوچەی ئارامەوە ئەو ناوچانە داگیربكات.

كوردانی سوریا لەبری دروستكردنی ناوچەی ئارام، داوا لە ئەمەریكا و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن، ناوچەی دژە فڕین لە باكوری سوریا دروست بكەن، لەئەگەرێكی وەهاشدا، توركیا ناتوانێت لەو سنورەدا ئەگەر هێرشیش بكات، فڕۆكەی جەنگیی بەكاربهێنێت. ئەو داوایەش هاوشێوەی ئەو ناوچە دژە فڕینەیە كە لەساڵی 1992 بۆ هەرێمی كوردستانی عێراق دروستكرا و بەو هۆیەوە ڕژێمی بەعس نەیتوانی جارێكی دیكە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان داگیربكاتەوە.

لەگەڵ بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكادا، هەرچەندە ئەو بڕیارە هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەرپرسانی كورد لە سوریا ڕایانگەیاند، لەگەڵ ڕژێمی سوریا گفتوگۆ دەكەن بەمەبەستی ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی فراوان، هەفتەی ڕابردووش داواكارییەكانی كورد لە دیمەشق ئاشكرا كران كە تێیدا داواكراوە هێزەكانی سوریای دیموكرات ببن بە بەشێك لە سوپای سوریا و ئەركی پاراستنی سنورەكانیان پێ بسپێردرێت.

ئیلهام ئەحمەد لە میانی سەردانەكەیدا بۆ واشنتۆن‌و لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی بلومبێرگ، ئاماژەی بەوەكردووە، لەگەڵ حكومەتی دیمەشق گفتوگۆ دەكەن بۆ پاراستنی ناوچەكانیان لە هێرشی توركیا.

ئیلهام ئەحمەد لەگەڵ كریس فهنولن ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا

"ئێمە خۆشحاڵنین بەوە، بەڵام ئەی بژاردەی دیكە چییە"، ئیلهام ئەحمەد وادەڵێت، هەروەها دەشڵێت"ئەگەر بخرێینە دۆخێكەوەو ناچاربین بە هەڵبژاردن لەنێوان هێرشی سەربازیی توركیا بۆ سەر ناوچەكانمان یان گەیشتن بە ڕێككەوتنێك لەگەڵ بەشار ئەسەد، ئێمە ڕێككەوتن لەگەڵ ڕژێمی سوریا هەڵدەبژێرین."

لەبارەی ئامانجی سەردانەكەی بۆ واشنتۆن ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەكردووە ئەو لە ئەمەریكایە بۆئەوەی "گوێبیستی دڵنیاییەكان ببێت و دیدگای خۆیان لەبارەی پرسەكانەوە ڕوون بكەنەوە" ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی ئەو لە ئەمەریكییەكانەوە گوێبیستی بووە ئەوەیە كە تا ئێستا هیچ وادەیەكی كۆتاییان بۆ كشانەوەی هێزەكانیان لە سوریا ڕانەگەیاندووە.

هاوسەرۆكی دەستەی جێبەجێكردنی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات-مەسەدە، تەئكید لەوە دەكاتەوە كە پێویستە ئەمەریكییەكان "هەوڵبدەن بۆ بەدەستهێنانی چارەسەرێكی سیاسیی لە ململانێی نێوان توركیا‌و كوردەكاندا، هەروەها بۆ پرسی داهاتووی سوریا."