نازێ؛ ئەو كچە ئێزدییەی بۆ ئاشتی چوو خوێنی ڕژا

15-03-2017 02:43
شەنگال، خانەسوور، 14-3ی 2017، تەرمی نازێ نایف، كچە ئێزدییەكی 21 ساڵ، دوای بەشداریكردنی لە خۆپیشاندانێك كە داوای ئاشتی دەكرد. فۆتۆ: رێناس رامان.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو


نازێ نایف (21ساڵ)، پێداگری كرد لە بەشداریكردنی لەخۆپیشاندانێكی قەزای شەنگال، داوای ئاشتی كردو دژی شەڕو ناكۆكی نێوان دوو هێزی كوردی وەستایەوە، بەڵام خۆپیشاندانەكە ئاڵۆزی تێكەوت‌و فیشەكێك گیانی لێسەندەوە.

 

سێشەممە 14-3، جارێكی تر نائارامی لە قەزای شەنگال لەنێوان لەشكری ڕۆژو هێزەكانی بەرخودانی شەنگال دروستبووەوە‌و بەهۆیەوە، هاوڵاتییەك كوژراو ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون.

 

بارگرژییەكە كاتێك ڕوویدا، ژمارەیەك هاوڵاتی لەنێویاندا خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان (سوریا)ش هەبوون، هەوڵیاندا بە خۆپیشاندان لەسنوری خانەسۆرەوە بچنە سنونێ‌ لە قەزای شەنگال.

 

نازێك نایف كە سێ برای لە شەڕی داعشدا گیانیانلەدەستداوە، لەگەڵ باوكی بەشداریی خۆپیشاندانەكەی كرد بەهیوای كۆتاییهێنان بە نائارامییەكانی زێدی ئێزدییەكان.

 

نایف قەوال، باوكی نازێ بە (كەركوك ناو)-ی وت "ئەو دەیویست بەشداریی خۆپیشاندانەكە بكات، لەگەڵ شەڕ نەبوو، كچێكی ئارام‌و لەسەرخۆ بوو، بۆیە لەگەڵ من بەشداریی خۆپیشاندانەكەی كرد."

 

شەنگال، خانەسوور، 14-3ی 2017، خۆپیشاندان دژی شەڕو ئاڵۆزی نێوان دوو هێزی كوردی. فۆتۆ: رێناس رامان.

 

بەپێی گرتە ڤیدیۆییەكان خۆپیشاندەران -نازێش لە ڤیدیۆكاندا دەردەكەوێت-، دەچنە پێشەوەو داوای ڕۆیشتنی هێزەكانی لەشكری ڕۆژ دەكەن، كاتێك لێیان نزیكدەبنەوە، چەند چەكدارێك تەقە دەكەن، نازێ فیشەكێك بەر سەری دەكەوێت‌و دەستبەجێ گیانلەدەستدەدات.

 

لەشكری ڕۆژ، لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە مەشق‌و پڕچەككراون، لەژێر فەرماندەیی هێزەكانی زێرەڤانین‌و لە 3-3ی ئەمساڵ لەگەڵ یەكینەكانی بەرخودانی شەنگال (یەبەشە) كە لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستانەوە پێكهێنراوەو مەشقیان پێدەكرێت، پێكیاندادا.

 

نازێ نایف، ئەندامی تەڤگەری ژنانی ئێزدی (تاژێ) بوو، ئەو تاڤگەرە نزیكە لە پارتی كرێكارانی كوردستان‌و بەشێكیان لە خۆپیشاندانەكەدا بەشداربوون.

 

نایف وتی"دوای ئەوەی شەنگال كەوتە دەست داعش، نازێ هەموو هەوڵ‌و ئامانجەكانی لە ڕێكخستنەوەی خۆی‌و كاركردن بۆ ئازادبوونی فكری كچانی ئێزدی تەرخانكردبوو"، زیاتر وتی"هەمیشە دەیوت ئەو ئازادییە كە ئێمەی پێی ئاشناكرابوو ئازادی نەبوو، بەڵكو كۆیلایەتی بوو، چونكە ئازادی بریتییە لە فكر، نەك جلوبەرگ."

 

نازێ سێ برای بەهۆی شەڕی داعشەوە كوژراوە، لەوكاتەی قەزای شەنگال لە مانگی 8ی 2014 كەوتە دەست داعش.

 

مەحمود حاجۆ، یەكێكە لە بەشداربوانی خۆپیشاندانەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت"هێزەكانی لەشكری ڕۆژ ڕوبەڕومان بوونەوە بەگازی فرمێسكڕێژ، دواتریش تەقەیان لەخۆپیشاندەران كرد."

 

ئەوەش لەكاتێكدا بووە وەكو ئەو هاوڵاتییە دەڵێت، خۆپیشاندەران ویستوویانە لە خانەسۆر بەرەو سنونێ‌ بچن.

 

لە ڤیدیۆكاندا دەردەكەوێت هەندێك لە خۆپیشاندەران هوتافی"بژی ئاپۆ"، دەڵێنەوە، مەبەست لێی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكەیە.

 

نازێ نایف كە لە خۆپیشاندانەكەدا كوژرا.

 

دواین برای نازێ، كە لەشەڕی داعشدا كوژراوە، شەڕڤانی یەكینەكانی بەرخودانی شەنگال (یەبەشە) بوو، ئەو هێزە لە ئێزدییەكانی شەنگال پێكهێنراوەو ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو قەزایە هاوشانی پێشمەرگەو فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان لە مانگی 11ی 2015.


"سێ كوڕم لە ناو یەبەشەدا شەهید بوو، نازێی كچیشم لەگەڵ شەڕ نەبوو و داوای ئاشتی دەكرد"، باوكی ئەو كچە ئێزدییە وای وت، زیاتر وتی"دوێنی ئەمكاتە نازێم لەگەڵ بوو، هێزی قسەكردنم نییە، چونكە نازێیان لێ سەندم لەمكاتەدا جەرگم دەسوتێت، بەڵام بۆیە قسە بۆ ئێوە دەكەم تا بەهەموو دونیا بڵێم، ئەو هێزە بەناوی لەشكری ڕۆژەوە لە نزیك شەنگال جێگیركراون، بۆ پاراستنی ئێزدییەكان نییە."

 

پارتی‌و پەكەكە، كە بڕیاری شەڕو ئاشتییان لە شەنگال بەدەستە، ململانێیەكی قۆڵی سیاسیان لەو قەزایە هەیە، لەوكاتەوەی داعش لەمانگی 8ی 2014 دەستی بەسەرداگرت.

 

پەكەكە، پارتی تۆمەتباردەكات لەوەی بەبێ شەڕ ناوچەكەی چۆڵكردووە‌و ئێزدییەكانی پشتگوێخستووە، بەهۆیەوە دەیان هەزار ئێزدی ئاوارەبوون‌و هەزارانیان ڕوبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ‌و ڕفاندن بوونەوە، پارتیش ئەو حزبە تۆمەتباردەكات بەڕێگریكردن لەگەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شەنگال.

 

مەلیس، بەشداربوویەكی خۆپیشاندانەكە بوو، وتی"نازێ نایف تەنیا دوو مەتر لەمن دوور بوو، كە لەشكری ڕۆژ تەقەیان كردو نازێ كەوت"،

 

هەرچەندە دەڵێت زۆر هەوڵیانداوە خوێنەكەی بوەستێنن‌و برینەكەی دابخەن، بەڵام سودی نەبووە‌و لەنێو دەستیاندا گیانی لەدەستداوە.

 

چیای شەنگال، 14-3ی 2017، بەخاكسپاردنی تەرمی نازێ نایف، دوای كوژرانی لە خۆپیشاندانێكدا كە داوای ئاشتی دەكرد. فۆتۆ: رێناس رامان.

 

باوكی نازێ وتی "ئێمە چووین داوای ئاشتیمان كردو دژی شەڕ بووین، بەڵام لەشكری ڕۆژ بەمشێوەیە وەڵامیانداینەوە… ئێمە نامانەوێت بەو شێوە بمانپارێزن، ئەگەر ئەوان دەیانەوێت ئێمە بپارێزن با بچن شارۆچكەی بەعاج لە دەستی دەعش دەربهێنن."

 

لەنێو بریندارەكانی خۆپیشاندانەكەدا منداڵ‌و دوو كچە ڕۆژنامەنووسی نزیك لە پەكەكە هەن.

 

تەرمی نازێ لەچیای شەنگال بەخاكسپێردرا، باوكیشی لەڕێی تەلەفونەوە بە (كەركوك ناو)ی وت"شەنگال‌و یەزیداخان بوونە جێگای مەرگی خانەوادەكەم"‌و جارێكی تر داوای ئاشتی كرد، ئەو وشەیەی كچەكەشی داوایدەكرد.