ڕاوكەرەكانی داعش؛ گروپێكی كوردیی چۆن لایەنگرانی داعشیان خستە داوی خۆیانەوە؟

31-01-2019 02:47
ڕاوكەرەكە لەكاتی قسەكردنی بۆ پەیامنێری كەناڵی اخبار الان.


پەرەگراف- ڕێنوار نەجم


گروپێكی كوردیی لە وڵاتی هۆڵەنداوە ڕێگایەكی نوێ دەگرنەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، ئەویش دروستكردنی هەژماری ساختەی تویتەر و فریودانی ئەو كەسانەیە كە دەیانەوێت پەیوەندیی بە ڕێكخراوی داعشەوە بكەن.

هەژمارێكی تویتەری ساختە بەناوی كچێكەوە دروست بكە، وا پیشان بدە كە لە بەریتانیا دەژیت و ڕقت لە ژیانی ڕۆژئاوایەو دەتەوێت پەیوەندیی بە داعشەوە بكەیت، بەشێوەیەكی كارا پەیوەندی بە هەژمارەكانی داعشەوە بكە، هەوڵ بدە بیانخەیتە داوەكەوە، دواتر پەیوەندیی بە پۆلیسەوە بكە؛ ئەمە پلانی ئەو گروپە كوردییە بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە ماڵەكانی خۆیانەوە.

كەناڵی (اخبار الان) كە كەناڵێكی عەرەبییە، چاوپێكەوتنی لەگەڵ یەكێك لەو كەسانەدا كردووە كە هەژماری ساختەی دروستكردووەو هەوڵی داوە داعشەكان بخاتە داوەكەوە، هاوكات نمونەی داعشێكیش دەگێڕێتەوە كە چۆن بەپێی پلانەكە ڕۆیشتووەو دواجار پۆلیس دەستگیری كردووە.

ئەو كەسەی لەلایەن گروپە كوردییەكەوە كراوەتە ئامانج، بەهەمان شێوە هەر كوردێكی باشوری كوردستان بووە بەناوی محەمەد خورشید كە لایەنگرێكی داعش بووەو دانیشتووی شاری ماستریخت بووە لە هۆڵەندا، كە دواجار لە ساڵی 2013 بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ ڕۆیشتن بۆ سوریاو پەیوەندیكردن بە داعشەوە دەستگیركرا. محەمەد خورشید لە تویتەردا لە ژێر ناوی "سەڵاحەدین ئەلكوردی" پڕوپاگەندی بۆ داعش كردووە.

ڕاوكەرەكەی داعش كە بەناوی "شۆڕش" خۆی بە كەناڵە عەرەبییەكە ناساندووەو بەهۆی ترس لە تۆڵەسەندنەوە لەلایەن داعشەوە نەیتوانیوە ناسنامەی خۆی ئاشكرا بكات، وردەكاریی چۆنیەتی فریودانی ئەو لایەنگرەی داعش لە هۆڵەندا دەگێڕێتەوە.

سەرەتا شۆڕش لە هەژمارەكەیدا خۆی وەها دەرخستووە كە ژنێكی لایەنگری داعشە و دانیشتووی وڵاتی بەریتانیایە، نامەی تایبەتی بۆ "محەمەد خورشید" ناردووەو باسی لەوە كردووە كە بێزارە لە ژیانی ئەو وڵاتە و دەیەوێت پەیوەندی بە داعشەوە بكات لە سوریا، بەڵام هیچ ڕێگایەك نازانێت.

دوای چەند مانگێك لە قسەكردن، محەمەد خورشید متمانە بە ژنەكە دەكات، ئەویش دوای ئەوەی بە هەندێك وێنەی "سێكسیی" فریوی دەدات.

دواجار لایەنگرەكەی داعش(محەمەد خورشید) ناو و وێنەی ڕاستەقینەی خۆی بۆ شۆڕش دەنێرێت، لە كاتی ناردنی وێنەیەكی خۆیشیدا بۆی دەنووسێت "ببورە بۆ ئەو ڕوخسارە، لە 68 كاتژمێری ڕابردوودا تەنها چەند كاتژمێرێك خەوتووم."

 

دواتر محەمەد خورشیدو "ژنە ساختەكە" بڕیار دەدەن پێكەوە بەرەو سوریا بڕۆن بۆ پەیوەندیكردن بە داعشەوە، محەمەد بەو ئومێدەیە كە لە سوریا "هاوسەرگیریی لەگەڵ ئەو ژنە بەریتانییەدا بكات"، هەردووكیان وەها ڕێدەكەون كە لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا یەكببینن و لەوێوە بڕۆن.

دوای ئەوەی خورشید بلیتی فڕۆكە دەكڕێت و ژمارەی بلیتەكە بۆ هەژمارە ساختەكەی تویتەر دەنێرێت(ئەوەی شۆڕش)، دواتر شۆڕش پەیوەندی بە پۆلیسی هۆڵەنداوە دەكات و محەمەد خورشید دەستگیر دەكرێت. دەستگیركردنی ئەو لایەنگرەی داعش لەكاتی خۆیدا سەرنجی زۆری میدیاكانی ئەو وڵاتەی بۆ خۆی ڕاكێشا و گرنگییەكی زۆری پێ درا، بەبێ ئەوەی لەو كاتەدا چۆنیەتی دەستگیركردنی ئاشكرا ببێت.

لە سەرەتای دەركەوتنی داعش لە عێراق و سوریا، بە هەزاران چەكداری توندڕەوی بیانیی پەیوەندیان بە ڕیزەكانی ئەو ڕێكخراوەوە كرد، كە زۆرینەیان لەڕێی خاكی توركیاوە دەچوونە ڕیزەكانی داعشەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ڕۆژی 2ی حوزەیرانی 2016 ڕایگەیاند، ئەوان مەزەندەی ئەوە دەكەن ژمارەی ئەو چەكدارە بیانییانەی بەمەبەستی شەڕكردن چوونەتە سوریا، 40 هەزاری تێپەڕاندووە كە هاوڵاتی 100 وڵاتی جیاوازن.


لە كاتێكدا شەش مانگ پێشتر وەزیری بەرگریی ڕوسیا مەزەندەی كردبوو 20 تا 30 هەزار چەكداری بیانی پەیوەندییان بە داعشەوە كردووە.

لە ئێستاشدا لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتایی داعش و كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوی ئەو ناوچانەی لەژێر دەستیاندابوو، هەزاران چەكداری بیانیی ئەو ڕێكخراوە كوژران و سەدانی دیكەشیان لێ بە دیل گیراوە، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا(پنتاگۆن) لە ئێستادا 700 چەكداری بیانی داعش لای هێزەكانی سوریای دیموكرات زیندانین.

محەمەد خورشید لە ساڵی 2015 تا 2017 زیندانی كرا بەهۆی هەوڵدانی بۆ پەیوەندیكردن بە داعش، هەروەها 2018 جاریكی دیكە دەستگیركرایەوە دوای ئەوەی لە كاتی لێكۆڵینەوە لە كوشتنی دوو كەس لەلایەن جیهادییەكانەوە ناوی ئەو هێنرا.