ئەوانەی حیزبیی بوون ئازاد كران؛ چالاكوانانی دهۆك لە زیندان "مانیان لە خواردن گرتووە"

31-01-2019 05:34
وێنەكە وەرگیراوەو دهۆك نییە.


پەرەگراف- ئازا ئیبراهیم

دەیان چالاكوانی مەدەنی لە دهۆك 4 ڕۆژە لە زیندانن‌و ئازاد نەكراون‌و ڕێگە بە كەسوكاریان نادرێت سەردانیان بكەن، بەشێك لەو زیندانییانە وەك دەربڕینی ناڕەزایی "مانیان لە خواردن گرتووە."

ئەوان لە هەڵمەتێكی فراوانی هێزەكانی ئاسایشدا دەستگیركران‌و تەنها ئەوكەسانە ئازادكراون كە حیزبی بوون لە ناویاندا 8 كەسی سەربە بزووتنەوەی گۆڕان، ئەوەش بە فشاری حیزب.

ئەوانی دیكە كە ئەندامی حیزبەكان نین، هێشتا ئازاد نەكراون‌و بە ماددەیەكی یاسایی دۆسیەیان بۆ كراوەتەوە كە بەندكردنی "هەتاهەتایی یان كاتیی" دەیگرێتەوە. بەوتەی زیاتر لە سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ پەرەگراف "زیاتر لە 50 كەس ئێستا لە زیندانن."

هەڵمەتەكەی ئاسایش لە دهۆك، دوای خۆپیشاندانەكانی شیلادزێ‌و گرژیی‌و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە هات، ئاسایش زیاتر ئەو كەسانەی كردووەتە ئامانج كە ویستویانە دەنگی ناڕەزایی بەرزبكەنەوە، بەڵام "تەنانەت خەڵك هەیە تەنها گومانیان لێی هەبووە بەشداریی خۆپیشاندان بكات، دەستگیركراوە."

یەكێك لەو كەسانەی دەستگیركراوە گەنجێكە بۆ كڕینی جلوبەرگ بۆ ئاهەنگی مارەبڕینی هاوسەرەكەی لە بازاڕبووە، بەڵام بەر هەڵمەتەكە كەوتووە.

سیپان ئامێدی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە‌و سەردانی دەستگیركراوانی كردووەو ئەوكەسەی بینیوە، گەنجەكە داوای لێكردووە هەواڵی ئەو بە دەستگیرانەكەی بگەیەنێت.

"داوای لێكردم لەگەڵ دەستگیرانەكەیدا كە چوار ڕۆژە هیچ هەواڵێكی نازانێت قسە بكەم‌و هەواڵی ئەوی لە زیندانەوە پێ‌ ڕابگەیەنم"، سیپان كە پەرلەمانتاری نەوەی نوێ-یەو لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنەكەی سەردانی زیندانی كردووە، بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو پەرلەمانتارە بۆ گەیاندنی هەواڵی ئەو گەنجە، پەیوەندیی بە دەستگیرانەكەیەوە كردووەو هەواڵی ئەوی پێگەیاندووە لەبارەی دۆخ‌و ڕەوشی تەندروستیی.

پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ سەردانی زیندانی چاكسازیی گەورانی دهۆكیان كردووە، بەڵام ژمارەیەكی كەم لە دەستگیركراوان لەو زیندانەدان‌و زۆرینەیان لە زیندانەكانی ئاسایشدان. سیپان وتی"بەشێك لە زیندانییەكان مانیان لە خواردن گرتووە"، سەرچاوەیەكی دیكەش مانگرتن لە خواردنی هەندێك لە زیندانییەكانی بۆ پەرەگراف پشتڕاست كردەوە.

پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ لە ناویاندا سیپان(كراس سپییەكە)، لەبەردەم چاكسازیی گەورانی دهۆك.

دەستگیركراوانی دهۆك، زۆربەیان ئەوانەن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و لەسەر شەقام ناڕەزاییان بەرامبەر بۆردومانەكانی سوپای توركیاو بوونی سەربازانی ئەو وڵاتە لە خاكی هەرێم پیشانداوە.

فەیزی ڕەمەزان پیشەی مامۆستایە‌و یەكێكە لە دەستگیركراوەكان، كەسوكارەكەی هیچ هەواڵێكی نازانن، ئیدریس ڕەمەزان برای فەیزی بۆ پەرەگراف وتی"ئاسایشی دهۆك ڕێگە نادات چاومان پێی بكەوێت."

ئیدریس ئەوەی خستەڕوو، براكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك پشتگیری خۆپیشاندانەكانی شیلادزێی كردوە، "شەوێك دوای خۆپیشاندانەكان هێزێكی ئاسایش لەماڵەوە دەستگیریان كردووە."

دەستگیركردنی چالاكوانانی دهۆك ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووند بووەتەوە، بەتایبەت لە فەیسبوك بە فراوانیی داوای ئازادییان بۆ دەكرێت، بەڵام دەسەڵاتداران وەڵامی داواكارییەكان نادەنەوە.

پەرەگراف هەوڵیدا لەگەڵ كەسوكاری دەستگیركراوەكانی دیكە قسەبكات، بەڵام ئەوان دەترسن لە قسەكردن بۆ ڕاگەیاندن بەهۆی ئەو دۆخەی ئەمنییەی لە ناوچەكە گیراوەتەبەر. هاوكات چەندجارێك پەیوەندیمان بە فەرهاد ئەتروشی پارێزگاری دهۆكەوە كرد، بەڵام بەردەست نەبوو.

"لەهۆڵێكی گەورەی بازنەییدابووین نزیكەی 70 كەس دەبووین، بەشی 10 كەس كورسیی لێبوو، نزیكەی سەعاتێك بەپێوە ڕایان گرتین‌و وتیان سەیری دیوارەكە بكەن نەیان دەهێشت سەیری هۆڵەكە بكەین، دوای سەعاتێك زانیم هۆڵەكە بازنەییە"، ئەمە گێڕانەوەی ئەیهان سەعید ئەندامی ژوری پەیوەندییە سیاسییەكانی گۆڕانە بۆ پەرەگراف، ئەیهان یەكێك بوو لەو 8 كەسەی گۆڕان كە دەستگیركران‌و هەر یەكەم شەو ئازاد كران.

ئەیهان وتیشی"مۆبایلیان لە هەموومان وەرگرت، سەیری مۆبایلی هەندێكیان كردو فەیسبوكیان دەپشكنی بۆئەوەی بزانن چیی تێدایە لەسەر خۆپیشاندان".

بەوتەی ئەیهان، لەگەڵئەواندا "چەند دەستگیركراوێكی سەربە یەكێتیش ئازاد كراون"، پەرەگراف نەیتوانی لە بەرپرسانی یەكێتییەوە ئەوە پشتڕاست بكاتەوە.

گۆڕان لە ئاستی باڵادا فشاری خستووەتەسەر پارتی‌و بەرپرسانی ئەمنیی دهۆك بۆ ئازادكردنی دەستگیركراوەكانی، موئەیەد ئەحمەد، باژێڕوانی مەكۆی دهۆكی گۆڕان بۆ پەرەگراف وتی"هەشت هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان دەستگیركرابوون، بەڵام لە یەكەم شەوی دەستگیركردنیاندا سەرجەمیان ئازادكران."

بەرپرسەكەی گۆڕان لە دهۆك وتیشی"پەیوەندیم بە بەڕێوەبەری ئاسایشی دهۆكەوە كردو داوام لێكرد هەڵسوڕاوەكانمان ئازاد بكات، لەلایەن جڤاتی نیشتیمانی‌و لەسەر ئاستی باڵای بزوتنەوەكەش، پەیوەندی بە پارتیەوە كرابوو بۆ ئازادكردنی هەڵسوڕاوەكانمان."

موئەیەد ئەحمەد ئەوەدەخاتەڕوو، هێزە ئەمنییەكانی بادینان هێندەی دەزگایەكی حزبین هێندە وەك دەزگایەكی حكومیی مامەڵە ناكەن، "داوا دەكەین هێزە ئەمنییەكان بێلایەنانە كار بكەن و ئەو ڕەوشە نا سەقامگیرەی دروستكراوە كۆتایی پێبهێنرێت."

لە خۆپیشاندانەكەی شیلادزێ(26-1-2019)‌ خۆپیشاندەران بنكەیەكی سوپای توركیایان سووتاندو بە تەقەی ڕاستەوخۆی سەربازانی توركیاش خۆپیشاندەرێكی مێرمنداڵ بەناوی حسێن ڕێكانی شەهید كراو دوو فیشەك بەر سنگی كەوت، هاوكات زیاتر لە 10ی دیكە برینداربوون، ئەوەش توڕەیی خەڵكی ناوچەكەی زیاتر كرد، بەوهۆیەوە دۆخێكی ئەمنیی تووند گیراوەتەبەر.

خۆپیشاندەرانی شیلادزێ بنكەیەكی سەربازیی توركیایان سووتاند/ 26-1-2019.

پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ دەڵێت، سەرجەم چالاكوانەكان، بەپێی "مادەی 156 لە یاسی سزادانی عێراقی دەستگیركراون"، سپیان وتیشی"ماددەكە تایبەتە بە تێكدانی ئارامیی‌و ئاسایشی هەرێم، ئەمە ناهەقییە بەرامبەر خۆپیشاندەران، ئەوان داوایان كردووە هێزی بێگانە لە هەرێم بچێتە دەرەوە، چۆن دەبێت ئەم یاسایە بۆ خۆپیشاندەران بەكاربهێنرێت."

وەك چۆمان محەمەد، پارێزەر، ڕوونیدەكاتەوە بەپێی یاسای ژمارە 21ی(ئەنجومەنی نیشتیمانی كوردستان – عێراق) كە لە 27/9/2003 دەركراوە، ماددەی 156 لە یاسای سزادانی عێراقیی لەكارخراوە، لە بری ئەوە كار بە بڕگەیەك دەكرێت كە دەڵێت"هەركەسێك بەدەستی ئەنقەست‌و بە هەر شێوەیەك بێت، لەكارێكدا تێوەگلابێت بەمەبەستی زیاندان لە ئاسایش‌و سەقامگیری‌و سەروەریی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستانی عێراق‌و ببێتەهۆی كەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندكردنی هەتا هەتایی یان بە بەندكردنی كاتیی سزا دەدرێت."

ئەو پارێزەرە ئەوەشی خستەڕوو، لە ڕابردوودا هەندێكجار ئەو بڕگە یاساییە "لەبری یاسای تیرۆر بەكارهاتووە"، وتیشی"یاساكە (مەتاتی)یەو توانای دەستكاریكردنی هەیە، لەهەر كاتێكدا دەسەڵات دەتوانێت بۆ پاكتاوكردنی بەرامبەر و نەیارەكانی بەكاری بهێنێت."

خۆپیشاندان و توڕەبونی خەڵكی شیلادزێ كە ئەو لێشاوە لە دەستگیركردنی بەدواداهات، دوای ئەوەبوو كە سێ ڕۆژ پێشتر و لە 23ی ئەم مانگەدا، بەهۆی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە چوار هاوڵاتی سنورەكە گیانیان لەدەستدا، جگە لەدیارنەمانی دوو كەس.

خۆپیشاندەرانی شیلادزێ بنكەیەكی سەربازیی توركیایان كۆنتڕۆڵكرد/ 26-1-2019.

بۆردومانەكانی توركیا، بەردەوام جێی ناڕەزایی و خۆپیشاندان بووە، سەرباری داواكاریی زۆرینەی لایەن و هەروەها چەندینجارەی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام هێرشەكانی توركیا بەردەوامیی هەیە‌و هێزەكانیشیان لە هەرێم نەكشاندووەتەوە.