خەڵکی دیاربەکر ماندوون، بەڵام لە بەرخۆدان بەردەوامن

06-02-2019 08:51
ناوچەی سووری دیاربەکر

نووسینی: نورجان بايسال
وەرگێڕانی: ڕێنوار نەجم 

دیاربەکر، گەورەترین شاری کوردیی لە باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، بە کاتێکی سەختدا تێدەپەڕێت.

شارەکە هێشتا نەگەڕاوەتەوە باری ئاسایی خۆی لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی دژی چەکدارە کوردەکان کرا لە نێوان کانونی یەکەمی 2015 تا ئاداری 2016. نیوەی شاری سووری کۆنی دیاربەکر بەتەواوی وێرانکرا. قەدەغەی هاتوچۆی فەرمی لە شەش ناوچەی وێرانکراوی سوور هێشتا بەردەوامە. چیتر کەس لەو ناوچە وێرانکراوانە ناژی و زیاتر لەوە دەچێت چوونی خەڵک بۆ ئەوێ قەدەغەکرابێت.

گوڵتان کشاناک، شارەدەری هەڵبژێردراوی شارەکە لە ساڵی 2014. لە مانگی ئەیلولی 2016ەوە زیندانیکراوە. شارەدەرەکانی ناوچەکانی دیاربەکر بەهەمان شێوە زیندانیکراون. لەبری ئەوە، شارەکە و ناوچەکانی لەلایەن بەڕێوەبەرانی نا-هەڵبژێردراوەوە ئیدارە دەکرێن کە لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە دیارییکراون.

سەدان کرێکاری شارەوانی لە لایەن ئەو بەڕێوەبەرانەوە لە کارەکانیان دەرکراون، هاوکات سەدان مامۆستا، پزیشک و فەرمانبەرانی دیکەی دەوڵەت بە فەرمانی حکومەت دوورخراونەتەوە بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ گروپە تیرۆرستییەکان. هەزاران هاوڵاتی، سیاسەتمەدار، چالاکوان، ڕۆژنامەنووس و خوێندکار زیندانیکراون. زۆربەی ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەفەرمانی حکومیی داخراون.

نزیکەی سێ ساڵ بەسەر توندوتیژییەکانی سەر شەقام تێپەڕیوە و هێشتا شوێنەوارەکانی ماون. ڕۆشنبیران، نووسەران و زۆرێک لە کەسانی خوێندەوار کۆچیان کردووە بەرەو ڕۆژئاوای تورکیا یاخود بە تەواوی وڵاتەکەیان جێهێشتووە. ژمارەیەکی زۆر لە کارگەکان و بازرگانییەکان داخراون. ڕێژەی بێکاریی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

جوڵانەوەی کوردیی، هەروەها ئەو ژمارە کەمەی ڕیکخراوە ناحکومییەکان کە هێشتا دانەخراون، هەندێک جار کۆبوونەوە ڕێکدەخەن، بەڵام ژمارەی ئامادەبووان کەمە. زۆبەی خەڵک باوەڕیان بە سیاسەت لەدەستداوە. پارتی سەرەکیی کوردیی، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، هێشتا ماوە، بەڵام لە ژێر فشارێکی زۆردایە و نەیتوانیوە وەڵام بە پێداویستییەکانی لایەنگرانی بداتەوە.

ئەندامانی هەدەپە هەموو ڕۆژێک دەستگیردەکرێن و پارتەکە کێشەیەکی گەورەی سەرکردایەتی هەیە. خەڵکانێکی زۆری لێهاتوو خۆیان لە پارتەکە بەدوور دەگرن چوون باوەڕی خۆیان بە سیاسەت لەدەستداوە.

هەموو ڕۆژێک هەواڵی ناخۆش هەیە- دەستبەسەرکردن، دەستگیرکردن و ئەشکەنجە. ئێمە هەوڵدەدەین لەگەڵ هەواڵەکاندا بژین لەکاتێکدا چاوەڕێی دەکەین سەرەی خۆشمان بێت.

هەموو کات لە خۆم دەپرسم، بۆچی هێشتا لەم شارەدا دەژیم؟

یەک ملیۆن جار ئەو پرسیارەم لەخۆم کردووە و وەڵامەکەی زۆر سادەیە: من مێژوو تۆماردەکەم. دەبێت کەسێک شایەتحاڵ بێت. من عاشقی خاکەکەی خۆمم، کوردستان، هەروەها خەڵکەکەشی. پێزانینم بۆ بەرخۆدانی هاوڵاتیان هەیە. دوای ساتێک، دەمەوێت بزانم ئەوانی تر بۆچی ماونەتەوە.

محەمەد، ڕۆژنامەنووسێکی گەنج کە کار بۆ میدیایەکی کوردی دەکات، وەڵامی دایەوە: "ئەمە شاری منە. لێرە هەست بە ئاسایشی زیاتر دەکەم. بۆ خوێندنی زانکۆ چوومە ئەنقەرە و هەمیشە ڕووبەڕووی جیاکاریی و زەبوونکردن دەبوومەوە بەهۆی زمانی دایکمەوە، کوردیی. لێرە ژیان سەختە، بەڵام لە ڕۆژئاوای تورکیا ژیان بۆ کورد سەختترە."

فاتمە، دایکێک کە کچەکەی لە میانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا کوژرا دەڵێت  ئەم خاکە هی ئەوە و ڕێگە بە دەوڵەت نادات لێی ببات. عائیشە، ژنێکی دیکەی ناوچەی سوور پێی وتم ئەو پارەی پێویستی نەبووە بۆ ئەوەی بڕوات، بەڵام ئەگەر پارەی هەبووایە، پێی باش بوو لە ڕۆژئاوای تورکیا بژی.

ئۆرهان، کە بازرگانێکی کوردە پێی وتم ئەو دەیەوێت کاتێک منداڵەکانی گەورە دەبن کلتور و زمانی خۆیان بزانن. دەشڵێت بەڵام سەختبووە بازرگانییەکەی لێرە پێشبخات بەهۆی ململانێ بەردەوامەکانەوە. ئەو نازانێت داهاتوو چی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

ئاین، هونەرمەند، دەڵێت هونەرەکەی ئیلهام لەو خاک و کلتورەوە وەردەگرێت کە لەسەری دەژی، باس لەوەش دەکات کە خەڵک لە کوردستان گرنگی بە هونەر نادەن، بۆیە دەڵێت ڕەنگە لە داهاتوودا بڕوات. بێریڤان دەڵێت خەونی ئەوە بووە لە شارۆچکەیەکی بچوکی نزیک کەنار دەریا لە رۆژئاوای تورکیا بژی، بەڵام لەوێ ڕووبەڕووی ڕق و جیاکاریی و ڕەگەزپەرستییەکەی زۆر بووەتەوە بەهۆی کوردبوونیەوە، بۆیە دەبوو دەستبەرداری خەونەکەی ببێت. ئەو لە ژیان لە شارە تورکییەکاندا دەترسێت.

بێریڤان دەڵێت: "بیری ژیانێکی ئاسایی دەکەم. ژیانێک کە پێویست نەکا خەمی سبەینێت بێت، خەمی ئەوەت نەبێت ئایا لە زینداندا دەبیت یاخود نا." کوڕێکی گەنج بە ناوی ئازاد دەڵێت ژیان لێرە ماناداربوو، بەڵام ماندوو بووە لە ژیان لە دۆخی جەنگدا.

خەڵکی دیاربەکر هێشتا بەرخودان دەکەن. زۆرینەیان تا ئێستا پلانی کۆچکردنیان نییە، بەڵام ئەوان ماندوون و بیری ژیانێکی ئاسایی دەکەن.