ئەو ڕۆژەی ئۆجەلان ڕفێندرا، لە زاری عوسمانی برایەوە بۆ پەرەگراف

15-02-2019 04:12
ڕفاندنی ئۆجەلان ساڵی 1999 لە كینیاوە بۆ توركیا.


پەرەگراف- سوركێو محەمەدو فەرمان حەمەدئەمین

زستانی 1999 سەركردەكانی پەكەكە لە چیاكانی زاگرۆس لە ناوچەی سێ سنوری عێراق، ئێران‌و توركیا كۆبوونەوە بۆ گرێدانی شەشەم كۆبوونەوەی پارتەكەیان، ئەوكات ماوەیەك بوو عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پارتەكە پەیوەندیی لەگەڵیاندا نەمابوو، ڕەوشی ئۆجەلان بووبووە پرسێكی جێی گفتوگۆی كۆبوونەوەكە.

هەرچەندە دوو ئەندامی پەكەكە لە ئەوروپاوە گەڕاونەتەوە بۆ بەشداریی لە كۆنگرەكەو گەیاندنی هەواڵی ئۆجەلان‌و وتویانە ڕەوشی ڕێبەرەكەیان باشە، بەڵام سەركردەكانی پەكەكە گەیشتنە ئەو بڕوایەی لیژنەیەك پێكبهێنن بۆ سۆراخی ئۆجەلان، هەریەكە لە عوسمان ئۆجەلان‌و مستەفا قەرەسوو بۆ ئەو مەبەستە ڕووەو ئێران دەڕۆن، لەسەرەتای ڕێگادا گوێبیستی هەواڵێكی ناخۆشی شۆك هێنەر دەبن.

"لە 15ی شوبات من و مستەفا قەرەسوو چووین بەرەو ئێران، لە ڕێگەدا بووین یەكێك لە پاسەوانەكان بە ئێمەی گوت دەزانن سەرۆك گیراوە؟ دواتر لە ڕادیۆی بی بی سی گوێمان لێگرت بڵند ئەجەوید سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی توركیا بەدەنگی خۆی دەستگیركردنی ئۆجەلانی ڕاگەیاند"، عوسمان ئۆجەلان برای عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ پەرەگراف وای وت.

عوسمان ئەوكات ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی پەكەكە بووە، باسلەوە دەكات هەواڵەكە زۆر خەمهێنەربووە، "لەسەر بەرزاییەكی ئەو ناوچەیە كە خاكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوو، چادرێكی پەكەكە هەبوو ژمارەیەك هەڤاڵ لەوێ بوون، چووم هەندێك قسەم بۆ كردن، هەموو هەڤاڵان دەگریان، زۆر هەستیار بوو. دواتر برادەرانی دیكەی وەك جەمیل بایك‌و موراد قەرەیلان هاتن‌و لەوێ كۆبوونەوەیەكی بچوكمان بەست كە چی بكەین‌و چی نەكەین، بڕیارماندا بانگەوازی ڕاپەڕین بكەین."

ئێوارەی هەمان ڕۆژ، عوسمان ئۆجەلان لە كەناڵی میدیا تی ڤی یەكەم كاردانەوەی پەكەكە ڕادەگەیەنێت، "بە هەردوو زمانی كوردی‌و توركی بانگەوازم كرد كە یەك ڕێگە هەیە بۆ پاراستنی ژیانی ئاپۆ و دەستكەوتی نەتەوەیی، ئەویش ڕاپەڕینە، پێویستە هەموو كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستان ڕاپەڕین بكەن."

 

عوسمان ئۆجەلان لە ماڵەكەی خۆی لە هەولێر. وێنە؛ فەرمان حەمەدئەمین/ پەرەگراف.

ئەمڕۆ یادی 20 ساڵەی ئەو ڕۆژەیە كە تێیدا عەبدوڵا ئۆجەلان لە كینیا ڕفێندرا بۆ بنكەیەكی سەربازیی توركیا لە ناوچەی بندرما لە باكووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە، لەو كاتەوە ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمراڵی دەریای مەڕمەڕە لە زینداندایە.

ڕفاندنی ئۆجەلان كاردنەوەی تووندی كوردی بەدواداهات لەسەرتاسەری دونیا، چەندین خۆپیشاندانی ناڕەزایی ئەنجامدران، هەرچەندە سەرەتا سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دواتر ئەو سزایە گۆڕدرا بە زیندانی هەتاهەتایی.

پەیامی ئۆجەلان بۆ مام جەلال

دواین جار كە عوسمان قسەی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان كردووە مانگی 1ی 1999 بووە، ئەو كات ئۆجەلان لە ڕوسیا بووە، "ئێمە لە قەندیل لە ڕێگەی ئامێرێكی تایبەتی بێتەل قسەمان كرد، ئەو خۆی پەیوەندی كرد، بۆ ماوەی 15 خولەك قسەمان كرد."

لەو پەیوەندییەدا عەبدوڵا ئۆجەلان پەیامی بۆ جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناردووە، "ئۆجەلان داوای پشتگیری دەكردو ئەو پەیامەمان گەیاندە مام جەلال، دەمانزانی مام جەلال بە هەستیارییەوە لە دۆخی ئۆجەلانی دەڕوانی و هەوڵی دەدا چارەسەری كێشەكە بكات. ئێمەش بە تەلەفۆن بە ئۆجەلانمان گوت ئاگاداری خۆی بێت‌و ڕێگە نەدات شتی خراپ ڕووبدات، بەڵام بەداخەوە پێش ئەوەی مام جەلال هەوڵی خۆی بدات، هەڵەیەك ڕوویداو ئەنجامەكەشی باش نەبوو بە گرتنی ئۆجەلان خۆی تەواو بوو."

ئۆجەلان‌و مام جەلال.

عوسمان كە ساڵێك دوای ئۆجەلان پەیوەندیی بە شۆڕشەوە كردووەو تەمەنی 9 ساڵ لە ئۆجەلان بچووكترە، پێیوایە ڕفاندنی ئۆجەلان هەڵەی خۆی تێدا بووە، دەڵێت"لە دەوروبەری بەڕێز ئۆجەلان لیژنەیەك نەبوو، كەسێكی تێگەیشتوو نەبوو، هەموویان كادری نۆڕماڵ بوون، پێویست بوو كادیرانی مەكتەب سیاسی یان ناوەندیی لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان بوونایە، بەڵام بەڕێز ئۆجەلان بە تەنیا بوو، نەیدەویست كەسی لەگەڵ بێت."

"زۆر باوەڕی بە خۆی هەبوو، باوەڕی وابوو دەتوانێت هەموو پرسگەلێك بەرسڤ بداتەوە، بەڵام من دەڵێم لەمەدا هەڵە بوو. سەرۆكێكی گەورە پێویستە ڕۆژانە هەواڵی هەواڵگریی پێبگات و خاوەن زانیاری بێت و ڕاپۆرتی لە ڕێكخستنەكانەوە پێبگات، بەڵام ئەو نەیبوو. ئاپۆ باوەڕی زۆری بەخۆی هەبوو، خاوەن دەزگایەكی ڕێكخستنی باش نەبوو، زانیاریی ڕۆژانەی بە دەست نەدەگەیشت، لەمەدا لاواز بوو"، عوسمان وای وت.

ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی.

عوسمان ئۆجەلان ئەوەشدەخاتەڕوو، دوو بەرپرسی ئەوكاتی پەكەكە "ڕۆڵیان هەبووە لە ڕفاندنی ئۆجەلان" یەكێكیان ماهیر وڵات نوێنەری پەكەكە لە ڕوسیاو ئەوەی تریان كانی یەڵماز نوێنەری ئەوكاتی پەكەكە بووە لە ئەوروپا.

"ماهیر وڵات بە ناوی ڕوسیاوە بەڵێنی بە ئاپۆدا‌و بەڵێنەكەشی ڕاست نەبوو، فێڵ بوو. ڕوسیا بە ماهیر وڵاتی گوتبوو هەموو توانای ڕوسیا دەخەینە بەردەست ئۆجەلان بەڵام ڕاست نەبوو، ئەمە فێڵێك بوو لە ئۆجەلان كرا، ئەمەش وایكرد ئۆجەلان لە ڕوسیا بڕوات‌و بچێتە یۆنان‌و لەوێوە بۆ كینیا، لە نایرۆبی پایتەختی كینیا، توركیا بە هاوكاری مۆسادو سی ئای ئەی، ئۆجەلانیان ڕفاندو گەیاندیانە توركیا."

ماهیر وڵات كادیرێكی پەكەكە بووەو خەڵكی باكوری كوردستان بووە، دواتر لە پەكەكە هەڵاتووە، عوسمان ئۆجەلان دەڵێت "ئێستا لە ڕوسیا دەژی‌و خزمەتكاری هەواڵگریی ئەو وڵاتەیە."

عوسمان ئۆجەلان دەربارەی كانی یەڵماز وتی"لەگەڵ هەواڵگری ئەڵمانیا دەستی تێكەڵ كردبوو، ئەو نوێنەری پەكەكە بوو لە ئەوروپاو ئەویش ڕۆڵێكی خراپی هەبوو. ساڵی 2007 لە سلێمانی كوژرا."

عوسمان ئۆجەلان لە ساڵی 2004ەوە لە پەكەكە دابڕاوەو ئێستا سیاسییەكی سەربەخۆیە‌و لە هەولێر دەژی، لەگەڵ ئەو ڕەخنانەیدا، بەڵام عەبدوڵا ئۆجەلان بە ڕابەرێكی گەورە لە قەڵەم دەدات.

عوسمان وێنەیەكی ئۆجەلانی لە نێوان وێنەیەكی بارزانی‌و تاڵەبانی‌و وێنەی خوشكێكی هەڵواسیوە، ئەوە خوشكی گەورەیەتی‌و یەكەم كەس كە سەردانی ئۆجەلانی كردووە لە زیندان ئەو خوشكەی بووە.

عوسمان وتی"ئۆجەلان بۆ خەبات دەژیا، ژیانی خۆی بۆ خەبات و تێكۆشان تەرخان كردبوو گرنگی بە شتی تر نەدەدا، خەبات چی پێویست بووایە وەها كاری دەكرد، ئەوكاتەی لە سوریا و لوبنانیش بوو، ئاستەنگی زۆری دەهاتە بەردەم، تەنانەت ماڵێكی نەبوو لێی نیشتەجێ ببێت. ئۆجەلان هیچ كات خەباتی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكار نەهێناوە."

كەسایەتیی ئۆجەلان

ئۆجەلان لە هاوینی 2011وە گۆشەگیركراوەو ڕێگە نادرێت پارێزەرەكانی بیبینن، محەمەدی برای مانگی ڕابردوو سەردانی كرد، ئەوەش دوای زیاتر لە 2 ساڵ ڕێگەنەدان بە خێزانەكەی بۆ بینینی ئۆجەلان.

عوسمان دەڵێت، لەگەڵ كوڕێكی محەمەدی برای قسەی كردووە كە ئێستا پەرلەمانتاری توركیایە لەسەر لیستی هەدەپە، لەبارەی دواین دیداری نێوان محەمەد‌و عەبدوڵا ئۆجەلان، بەڵام زانیاریی پێنەدراوە، "پەكەكە پێی گوتووە كە نابێت بە هیچ شێوەیەك هیچ زانیارییەك لە بارەی دیدارەكە ئاشكرا بكرێت."

لە وەڵامی ئەوەی لەو كاتەوەی ئۆجەلان دەستگیركراوە هیچ پەیامێكی تایبەت ئاڵوگۆڕ كراوەو لە نێوانیاندا، عوسمان وتی"هیچ پەیامێكی كەسیی بۆ من نەناردووە، ئەو خۆی وەك ئەندامێكی ماڵباتی ئۆجەلان سەیر نەكردووە، ئەو خۆی بە گەورەتر لە ماڵبات دەبینی‌و خۆی بەهی هەموو كورد دەزانی، خۆی بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی و خەباتی نیشتمانی تەرخان كردبوو. نەتەوەی لەلا لەهەموو شت گرنگتر دەبینی، پێش هەموو شتێكیش خۆی وەك سەرۆكێكی نەتەوەیی دەبینی."

ئۆجەلان لەناو گەریلاكانی پەكەكەدا. وێنە؛ Bonn-Sequenz/ullstein bild via Getty Images

لە دوای وازهێنانی لە پەكەكە، ئەو پارتە وەك كەسێكی دژ سەیری عوسمان دەكات، ئەو پێیوایە ئەوە بەهۆی ڕەخنەكانیەوەیەتی، وتی"من ڕەخنە لە بەڕێز ئۆجەلان دەگرم، بەڵام سەرۆكێكی گەورەیە، ئەوەش بێ هۆكار نییەو بەڕاستیی تایبەتمەندیی سەرۆكی هەیە، ئۆجەلان خۆی كەسێكی زۆر جدییە، كەسێكی خەباتكارە، هەمووژیانی خۆی بۆ شۆڕش تەرخانكردووە، بەرژەوەندیی خۆی نەخستووەتەپێش‌و هەمووی بۆ خەڵكە، ئۆجەلان مرۆڤێكی تایبەتەو لەڕووی ئایدۆلۆژی‌و خەباتەوە بەتوانایە."

ئەو ماوەیەی لە زیندانی ئیمراڵی بووە، ئۆجەلان 10 كتێبی نوسیوەو كاریگەریی بەسەر سیاسەتەكانی توركیاو بڕیارەكانی پەكەكەوە هەبووە. هاوكات ئۆجەلان ئەندازیاری پڕۆسەی ئاشتیی نێوان توركیاو پەكەكە بوو كە دوای 2 ساڵ گفتوگۆی نێوانیان لە هاوینی 2015دا كۆتایی هات‌و شەڕی چەكداریی دەستیپێكردەوەو تائێستا بەردەوامە.

عوسمان پێیوایە، سێ ڕۆشنبیریی جیاواز، تورك، ئەرمەنیی‌و كورد كاریگەرییان لەسەر پێگەیشتنی عەبدوڵا ئۆجەلان هەبووە، بەوپێیەی گوندەكەیان لە ناوچەیەك بووە گوندی تورك‌و ئەرمەنییەكان دراوسێیان بوون، هاوكات داپیرەی تورك‌و باوكی كوردە ئەوەش بە "دەوڵەمەندییەكی دیكە" ناو دەبات.

عەبدوڵا ئۆجەلان زانستی سیاسیی خوێندووە لە زانكۆی ئەنقەرە، وەك عوسمانی برای باسی دەكات زیرەكیی‌و توانای ئۆجەلان هەرلە منداڵییەوە دەركەوتووە.

"ئۆجەلان لە هەموو ژیانیدا سەركەوتوو بوو، برادەرێكی هەبوو بەناوی كەمال پیر لە قوتابخانە لەگەڵیدا بوو، دەیوت ئۆجەلان ئەوەندە مەشغوڵ بوو باوەڕمان نەدەكرد سەركەوتوو بێت لە خوێندن، بەڵام كە تاقیكردنەوەی دەكرد سەركەوتوو دەبوو"، عوسمان وای وت.

عەبدوڵا ئۆجەلان دوو ساڵ بەرلە دەستگیركردنی. وێنە؛  Richard Wayman/Sygma/Sygma via Getty Images

خێزانی ئۆجەلان هەژاربوون لە ڕووی مادییەوە، عوسمان وتیشی"مامۆستای ئۆجەلان لە خوێندنی سەرەتایی، بە باوكمی گوتبوو ئەگەر هەموو ماڵ‌و موڵكی خۆشت فرۆشتبێ با ئەم كوڕەت بەردەوام بێت لە خوێندن، چونكە پاشەڕۆژێكی تایبەتی دەبێت."

عوسمان ئێستا ڕێگە پێدراو نییە بگەڕێتەوە بۆ توركیاو وەك خۆی باسیدەكات ئەگەر دەستگیر بكرێت هاوشێوەی عەبدوڵای برای سزای زیندانی هەتاهەتایی دەدرێت، بەڵام ئەگەر ڕۆژێك دەرفەتی بینینی ئۆجەلانی بۆ بڕخسێت خوازیارە سەردانی بكات.

"برای منەو مافی برایەتی هەیەو هەڤاڵی كۆنی منە، پێویستە بۆ هەردوو سەبەب بیبینم، هیچ كات گەورەبوونی ئەوم گفتوگۆ نەكردووەو ئەو ڕاپۆرتەش ڕاست نییە كە بەرپرسانی پەكەكە بۆیانناردووەو وتویانە عوسمان دەیەوێت شوێنی تۆ بگرێتەوەو ببێتە سەرۆك"، عوسمان وای وت.

بۆ دۆخی ئێستای توركیا كە شەڕ لە نێوان گەریلاكانی پەكەكەو سوپای ئەو وڵاتە بەردەوامە، عوسمان پێیوایە بێ ئۆجەلان پرسی كورد چارەسەر نابێت.

"هەموو چینەكانی كۆمەڵگەی كوردیی ئۆجەلان-یان قبوڵە، ئازادی ئۆجەلان بە ئازادی خۆیان دەزانن‌و ئۆجەلان بە سەرۆكی هەرە مەزن دەزانن، ئەمە لە هەر چوار پارچەی كوردستان‌و لە باكور بە تایبەت، ئەمەش وایكردووە بێ ئۆجەلان چارەسەری پرسی كورد لە باكور نابێت، خەڵك دەڵێن ئەگەر ئۆجەلان لەناو پڕۆسەكەبێت بە هەموو شتێك ڕازین، خەڵكەكە زیاتر گرێدراوی ئۆجەلانن نەك پەكەكە"، عوسمان وای وت.