وردەكاریی ڕێككەوتنەكەی پارتی‌و گۆڕان؛ چاكسازیی لەسەر كاغەز دەبێت بە كردار؟

19-02-2019 06:33
واژۆكردنی ڕێككەوتنەكەی پارتی‌و گۆڕان/ 18-2-2019. وێنە؛ بڕیار نامیق


پەرەگراف- سوركێو محەمەد

گۆڕان لە ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی، مەرجەكانی بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی گشتگیر لە كابینەی نوێی حكومەت "تووند كردووەتەوە"و ڕێكاری نوێ دەگرێتەبەر بەرامبەر ئەو كەسانەی لە پشكی ئەو بزووتنەوەیە پۆست وەردەگرن.

بەوەش دەیەوێت ئەزموونی ڕابردوو دووبارە نەبێتەوە، لەلایەك پڕۆژەكانی چاكسازیی تەنها لەسەر كاغەز نەمێننەوەو لەلایەكی دیكەش ئەوانەی پۆست وەردەگرن دواتر لە گۆڕان بێمنەت نەبن‌و نەچنەناو حیزبی دیكە یان بۆ سوودی كەسیی بەكاری نەهێنن، ئەمانەو چەندین خاڵی دیكە بەرپرسانی بزووتنەوەكەی گەشبین كردووە بەرامبەر ڕێككەوتنەكەیان.

ڕێككەوتنەكەی گۆڕان‌و پارتی كە دوێنێ واژۆ كرا فراوانەو كۆی سێكتەرەكانی گرتووەتەوەو دەبێتە بەرنامەی حوكمڕانیی لە 4 ساڵی داهاتوو، بەرپرسانی گۆڕان دەڵێن، ئەوەی بزووتنەوەكەیانی لە پێناودا دامەزراوە، لە ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی جێگیریان كردووە.

پەرەگراف لە سەرچاوەی باڵای پارتی‌و گۆڕان زانیاریی وردی دەربارەی ڕێككەوتنەكە دەستكەوتووە، بەپێی ئەو زانیارییانە لە چوارچێوەی گشتیی ڕێككەوتنەكەدا، گۆڕان پەیامی ڕەخنەیی‌و ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی پاراستووە، بەڵام بە شێوازێكی نوێ.

"یەكێك لە مەرجەكانمان بۆ چاكسازیی ئەوەبووە ئەو كەسانەی لەسەر پشكی گۆڕان پۆست وەردەگرن دەستكراوەبن‌و نابێت ڕێگرییان لێبكرێت لە هیچ ئاستێكدا، پارتی ئەمەی قبوڵ كردووە"، بەرپرسێكی باڵای گۆڕان وای وت، وتیشی"هەركەسێك لە پشكی گۆڕان پۆست وەربگرێت، گۆڕان دەتوانێت لای ببات‌و كەسێكی دیكە لە شوێنی دابنێت، كەس ناتوانێت لە بزووتنەوەكە پۆستەكە بەكاربهێنێت بۆ سوودی كەسیی، لەناو خۆشماندا لیژنەیەك بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ كەسەكان دەكات."

ئەو بەرپرسەی گۆڕان كە داوایكرد ناوی ئاشكرا نەكرێت ئەوەشی خستەڕوو، كاری سەرەكیی ئەوان لە حكومەتدا چاكسازیی دەبێت، وتی"یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتمان دەبێت بۆ چاكسازیی، ئەمە وەك جێگری سەرۆكی حكومەت وایە، سەرپەرشتی ئەنجومەنی باڵای چاكسازیی دەكات‌و ستافێكی دەبێت بۆ چاكسازیی لەناو حكومەت لە سەرەوە بۆ خوارەوەو لە هەموو ئاستەكاندا."

گۆڕان بەهێزترین هێزی ئۆپۆزسیۆن‌و خاوەن شەقام بووە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە 2009، لە دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری بزووتنەوەكە، هەر هەنگاوێك بۆ بەرپرسانی دوای ئەو ئاسان نییەو بە هەستیارییەكی زۆرەوە وەردەگیرێت لەناو خەڵك‌و جەماوەری گۆڕاندا.

هەربۆیە بەرپرسانیان ئەوەدەخەنەڕوو، لە ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی حساباتی وردیان كردووە، عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، بەشێكی ڕێككەوتنەكەی لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك بڵاوكردووەتەوەو داوا لە خەڵك دەكات بەراوردی بكەن بە پاكێجەكانی پێشوویان بۆ چاكسازیی‌و بەرنامەی هەڵبژاردنیان، بزانن ئەوانەیان جێگیركردووە یان نا؟

عەلی كە ئەندامی وەفدی دانوستانكاری گۆڕان بوو لەگەڵ پارتی، دەڵێت"زۆرینەی هەرە زۆری خواستەكانمان جێگیركرد ئەمەش بردنەوەی دانوستانە."

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو هیچ پۆستێك لە حكومەت وەرناگرێت‌و لە پەرلەمان دەمێنێتەوە، "لە پەرلەمان چاودێرم و دژی زوڵم و گەندەڵی و نادادی كاردەكەم. چاودێری جێبەجێكردنی ئەم ڕێككەوتنەو بەرنامەی حكومەت دەبم."

چی پارتی‌و گۆڕانی كۆكردەوە؟

لە قسەی بەرپرسانی پارتی‌و گۆڕان ئەوە دەردەكەوێت، خاڵێك كە ئەو دوو هێزە دژ بەیەكەی ساڵانی ڕابردووی كۆكردووەتەوە، ئەنجامدانی چاكسازی‌و گۆڕانكارییە لە بەڕێوەبردنی كوردستان لە 4 ساڵی داهاتوودا.

پارتی 45 كورسی‌و گۆڕان 12 كورسی هەیە لە پەرلەمان، لە ڕێككەوتنەكەیاندا كاتیان دیاریكردووە بۆ خاڵەكانی چاكسازیی.

"بۆنمونە چاككردنی مووچە لە 100 ڕۆژی یەكەمی كابینەكەدا دەبێت، خاڵەكانی دیكەش هەمووی كاتی بۆ دیاریكراوە، ئەگەر ئەوانە جێبەجێ نەكران لە كاتی خۆیدا هەڵوێستمان دەبێت، ئێمە دڵنیاین‌و با خەڵكیش دڵنیابێت لە بنەماكانی گۆڕان‌و ئەو ڕێگەیە لانادەین كە چەند ساڵە كاری بۆ دەكەین"، ئەمە وتەی بەرپرسێكی دیكەی باڵای گۆڕانە بۆ پەرەگراف.

گۆڕان ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی بردووەتە جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەكە كە خاوەنی بڕیاری كۆتاییە، لەوێ ماددەكانی ڕێككەوتنەكە تاوتوێ كراون، "دوای گۆڕانكارییەكی كەم‌و تووندكردنەوەی هەندێك خاڵ وەكو مەرجی چاكسازیی، ئەوكات لەگەڵ پارتی واژۆ كرا."

ئەو پۆستانەی بۆ گۆڕان یەكلایی بوونەتەوە، جێگری سەرۆكی هەرێم، یاریدەدەری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری چاكسازیی، 4 وەزارەت كە یەكێكیان سیادیی دەبێت(گۆڕان چاوی لە وەزارەتی داراییە)، لەگەڵ ژمارەیەك بریكاری وەزیرو بەڕێوەبەری گشتیی‌و سەرۆكی دەستەیەك كە پێدەچێت دەستەی دەستپاكی بێت.

سەرۆكی هەرێم نێچیرڤان بارزانییەو بەرلە سەرۆكی حكومەت لە پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، جێگرەكەشی بەهەمانشێوە لە پەرلەمان دەنگی پێدەدرێت‌و تائێستا مستەفا سەید قادر لەناو گۆڕان كاندیدی بەهێزە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

گۆڕان هەڵبژاردنی سەرۆك‌و جێگرەكەی لە پەرلەمان بە دەستكەوتێكی دیكەی ڕێككەوتنەكەیان لەقەڵەم دەدات وەك بنەمایەك بۆ جێگیركردنی سیستمی پەرلەمانی.

هێشتا دیارنییە بە دیاریكراوی كام وەزارەتانە بەر گۆڕان دەكەون، لەبەرئەوەی ئەو پرسە پەیوەندیدارە بە گفتوگۆی پارتی لەگەڵ حیزبەكانی دیكەش كە بەشداردەبن لە حكومەت وەك یەكێتی، بەڵام گۆڕان لە ڕێككەوتنەكەیدا ئەوەی مسۆگەر كردووە كە پشكی دەبێت لە تەواوی دامەزراوە مەدەنی‌و ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی ڕێژەو بەركەوتەی هەڵبژاردن.

پارتی هەر لە سەرەتای گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت داوای بەشداربوونی گۆڕانی كرد، ئەوەش هەمان خواستی زۆرینەی بەرپرسانی گۆڕان بوو، پارتی دەیەوێت كابینەی نوێ كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات بەهێزو جیاواز بێت.

سەرچاوەیەكی باڵای پارتی بۆ پەرەگراف وتی"پارتی موراعاتی جەماوەری گۆڕانی كردووەو گۆڕان دەتوانێت بە میكانیزمی نوێ درێژە بە ڕەخنەگرتن‌و پەیامی ئۆپۆزسیۆن بوونی بدات، ئەوەش تەنها لە پێناوی چاكسازییدا."

هەرلەسەر هەمان پرس، سەرچاوە باڵاكەی گۆڕان وتی"ئێمە بێدەنگ نابین‌و لێپرسینەوە دەكەین، لە وەزیرەكانی خۆمانەوە دەستپێدەكەین تا هەموو وەزیرو بەرپرسانی دیكە، پارتی ئەمەی قبوڵ كردووەو دەڵێت چی دەكەن لە پێناوی چاكسازیدا هاوكار دەبین."

ڕێككەوتنەكەی پارتی‌و گۆڕان یەكەم ڕێككەوتنی حیزبەكانە بۆ پێكهێنانی حكومەت كە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان‌و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی لێكەوتەوە، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامیی ناكۆكییەكانی پارتی‌و یەكێتی‌و بایكۆتی پەرلەمان لەلایەن یەكێتییەوە.

سەرچاوەكەی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، ڕێككەوتنەكەی پارتی‌و گۆڕان "باشترو وردترو كۆنكرێتی ترە" لەو ڕەشنوسی ڕێككەوتنەی نێوان پارتی‌و یەكێتی كە هێشتا واژۆ نەكراوە.

ئەنجامدانی چاكسازی‌و ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە‌و بەتایبەتتر لەسەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆڕان‌و دروستبوونی ئۆپۆزسیۆن بە بەهێزیی لەساڵی 2009، بەردەوام دروشم‌و بنەمای زۆربەی پڕۆژەكانی حزب‌و حكومەت بووە، بێ‌ ئەوەی هیچی لێ‌ سەوز ببێت، ئەو ئەزموونە تاڵە وای لە هەندێك خەڵك كردووە بە گومان بن لە جێبەجێكردنی خاڵەكانی ڕێككەوتنەكەی پارتی‌و گۆڕان، رۆژانی داهاتووی كابینەی نوێ وەڵامدەرەوەی ئەو گومانانە‌و هەڵوێستی گۆڕان دەبن كە وەك ئاڵاهەڵگرو سەرمەشقی چاكسازیی خۆی ناساندووە.