چەند بڕیارێك لە حكومەتی هەرێمەوە بۆ پارێزگای هەڵەبجە

16-03-2017 01:30
مۆنۆمێنتی هەڵەبجە.


پەرەگراف

 

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا چەند بڕیارێكی لەبارەی پارێزگای هەڵەبجەوە دەركرد، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ یادكردنەوەی 29 ساڵەی كیمیایی بارانكردنی ئەو شارە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە.

 

لەبڕیارەكانی حكومەتی هەرێمدا، وەزارەتی ناوخۆ ڕاسپێردراوە بۆ ناردنی ناوی پاڵێوراوان بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، ئەوەش دوای ئەوەی لایەنە سیاسییەكان 12ی ئەم مانگە ڕێككەوتن لەسەر دابەشكردنی كورسییەكانی ئەنجومەنەكە لەنێوان خۆیاندا.

 

بەپێی ڕێككەوتنی حزبەكان، لیستی خزمەت كە لە كۆمەڵ‌و یەكگرتووی ئیسلامی پێكدێت زۆرترین كورسیی ئەنجومەنەكەیان دەبێت كە 7 كورسییە، دوای ئەوانیش یەكێتی 6 كورسی‌و گۆڕان 5 كورسی‌و پارتی 3 كورسی‌و بزووتنەوەی ئیسلامی 2 كورسی‌و لیستی هاوپەیمانی نیشتیمانی كە لە حزبی شیوعی‌و سۆسیالیست پێكدێت یەك كورسییان دەبێت‌و كورسییەكی كۆتاش بۆ كاكەییەكان دانراوە.

 

هەرلە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی حكومەتدا لەبارەی پارێزگای هەڵەبجەوە بڕیاردراوە بە جیاكردنەوەی دارایی پارێزگاكە لە دارایی پارێزگای سلێمانی، چونكە پارێزگای هەڵەبجە خاوەنی بودجەو سەربەخۆیی دارایی خۆی دەبێت هاوشێوەی پارێزگاكانی تری هەرێمی كوردستان.

 

ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لە فەیسبوكی تایبەتی خۆی، دەقی بڕیارەكانی ئەمڕۆی حكومەتی لەبارەی پارێزگای هەڵەبجەوە بڵاوكردووەتەوە‌و دەڵێت، ئەمڕۆ كێشەكانی پارێزگای هەڵەبجە یەكەم بڕگەی كارنامەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بوو، ئەم بڕیارانە دران:

 

1- ڕاسپاردنی وەزارەتی ناوخۆ بۆ ناردنی ناوی پاڵێوراوان بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە بۆ ئەنجومەنی وەزیران كە بەپێی ماددەی (2) لە یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە ئەندامەكانی بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دەستنیشان دەكرێن، لایەنە سیاسییەكان ڕێككەوتوون لەسەر دابەشكردنی ئەندامانی ئەنجومەنەكە لە ڕۆژی 12/3/2017، بڕیاردرا لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەن پەسەند بكرێت.

 

2- جیاكردنەوەی دارایی پارێزگای هەڵەبجە لە دارایی پارێزگای سلێمانی، بەپێی ماددەی (8) لە یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە، پارێزگاكە خاوەنی بودجەو سەربەخۆیی دارایی خۆی دەبێت هاوشێوەی پارێزگاكانی تری هەرێمی كوردستان، یاساكەش ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپاردووە بۆ جێبەجێكردنی ئەم خاڵە.

 

3- ڕاسپاردنی وەزیرە بەڕێزەكان بۆ دراسەكردنی كردنەوەی بەڕێوەبەرایتییە گشتییەكان كە تا ئێستا دەستبەكارنەبوون، بەپێی ماددەی (9) لە یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە، پارێزگاكە هاوشێوەی پارێزگاكانی تر مامەڵە دەكرێت و سەرجەم بڕگەكانی یاسای پارێزگاكانی بەسەردا جێبەجێ دەكرێت، تا ئێستاش بەڕێوەبەری گشتی بەوەكالەت بۆ (پەروەردە، كشتوكاڵ، كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، شارەوانییەكان، كاروباری كۆمەڵایەتی، ڕێگاوبان) و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە دەستبەكاربوون.

 

4- سەرەڕای پەسەندكردنی پارێزگابوونی هەڵەبجە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی ژمارە (568) لە 31/12/2013، و بڕیاری تەشریعیی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (11)ی ساڵی 1999 تایبەت بە (إستحداپ)كردنی پارێزگای هەڵەبجە ، و بەپێی ماددەی (141) لە دەستووری عێـراق گشت ئەو یاسایانەی لە هەرێمی كوردستان كاریان پێكراوە لە پێش ساڵی 2005 بەردەوام دەبن لەسەر كارپێكردنیان، و سەرەرای هاتنی ناوی هەڵەبجە لە یاسای بودجەی فیدرالی، بەڵام لەسەر ئاستی حكومەتی فیدڕال هەنگاوی پێویست نەنراوە، بە تایبەتی بابەتەكانی پەیوەندیدار بە (ناسنامەی باری شارستانی، ڕەگەزنامە، كارتی نیشتمانی، فۆرمی خۆراك، تابلۆی ژمارەی ئۆتۆمبێل) بۆ پارێزگای هەڵەبجە دابنرێت و جیابكرێتەوە لە پارێزگای سلێمانی، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێز وەزیری ناوخۆ راسپێردرا بۆ سەردان و پەیوەندی بە وەزارەتی ناوخۆی فیدڕاڵی.