هیومان ڕایتس ۆوچ: حكومەتی هەرێم خۆپیشاندەران دەستگیردەكات بەبێ هیچ هۆكارێكی شایستە

16-03-2017 02:57
لۆگۆی هیومان ڕایتس ۆوچ.

 

پەرەگراف

 

هیومان ڕایتس ۆوچ حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكات بە دەستگیركردنی خۆپیشاندەران بەبێ هیچ هۆكارێكی شایستە، ئەوەشدەخاتەڕوو دەسەڵاتدارانی هەرێم دەیانەوێت لە ڕێگەی هەڕەشەو تۆڵەسەندنەوەوە خەڵكی ساردبكەنەوە لە بەشداریكردن لە خۆپیشاندان لە داهاتوودا كە ئەمەش بەرتەسككردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوەیە لە هەرێمی كوردستان.

 

ڕێكخراوی هیومان ڕایتس ۆوچ كە چاودێری ڕەوشی مافی مرۆڤ دەكات لەسەر ئاستی جیهان، لەنوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردەوە، لەسەر مامەڵەی حكومەتی هەرێم بەرامبەر خۆپیشاندەران ڕەخنەی توند ڕوبەڕوی حكومەت دەكاتەوە، ئەوەش یەكەمجارنییە ئەو ڕێكخراوەو ڕێكخراوە جیهانییەكانی دیكە ڕەخنە لە هەرێم دەگرن لەسەر پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ.

 

ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە باسلە دەستگیركردنی چەندین كەس دەكات لە خۆپیشاندانی 4ی ئەم مانگە لەشاری هەولێر كە بۆ دژایەتی شەڕی نێوان هێزە كوردییەكان لە شەنگال ڕێكخرابوو، ڕێكخراوەكە دەڵێت، هەرچەندە زۆربەی دەستگیركراوان دواتر ئازاد كراون، بەڵام هێشتا شەش كەس لە زینداندان.

 

ڕاپۆرتەكەی ئەمڕۆی هیومان ڕایتس ۆوچ

 

هێزەكانی ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێكەوتی 4ی مارسی 2017 هەڵدەستن بە دەستگیركردنی 32 خۆپیشاندەری بێ چەك لە هەولێر لەكاتی خۆپیشاندانێكی هێمنانە لە دژی شەڕوپێكدادانەكانی ئەم دواییەی شنگال. بەپێی وتەی سێ خۆپیشاندەر كە دەستگیركرابوون، هەمان ڕۆژ 23 لە خۆپیشاندەرە دەستگیركراوەكان ئازاد دەكرێن‌و لە ماوەی چوار ڕۆژی دواتردا سیانی تریان ئازاد دەكرێن، بەڵام شەش لە خۆپیشاندەرەكان كە هەموویان هاوڵاتی بیانین هێشتا بە دەستگیركراوی ماونەتەوە. بەرپرسی پۆلیس لە پاش ئازادكردنی فەرمان بە خۆپیشاندەرێك دەكات بە یەكجاری هەولێر جێبهێڵێ، ئەمە لەكاتێكدایە ئەو كەسە لەو شارە دەژی.

 

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاكانی ناوخۆ، لە 6ی مارس، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەولێر، عبدولخالق تلعەت ڕایگەیاندووە كە خۆپیشاندەرەكان بە فەرمانی دادگا دەستگیركراون بۆیە بە بڕیاری دادگاش ئازاد دەكرێن. بەڵام، هۆكاری دەستگیركردنیانی ئاشكرا نەكرد. ڕوماڵی میدیایی لەسەر دەستگیركردنەكان هیچ ئاماژەیەكیان بە بەكارهێنانی تووندوتیژی‌و جۆرە هەڵسوكەوتێك نەكرد‌ كە بووبێتە هۆی تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵگە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە.

 

لەما فەقیە، جێگری بەڕێوەبەری هیومان ڕایتس ۆوچ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، وتی''دەردەكەوێ كە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵدەستن بە دەستگیركردنی خۆپیشاندەران بەبێ هیچ هۆكارێكی شایستە. هەروەها دەیانەوێ لە ڕێگەی هەڕەشەو تۆڵەسەندنەوەوە خەڵكی ساردبكەنەوە لە بەشداریكردن لە خۆپیشاندان لە داهاتوودا كە ئەمەش بەرتەسككردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین‌و گردبوونەوەیە لە هەرێمی كوردستان."

 

سێ خۆپیشاندەر بە هیومان ڕایتس ۆوچیان وتووە، لە ڕێكەوتی 4ی مارس و دەوروبەری كاتژمێر 2ی پاش نیوەڕۆ، ژمارەیەك خۆپیشاندەری بێ چەك هەوڵیاندا لەنزیك پاركی سامی عەبدولڕەحمان لە ڕۆژئاوای شاری هەولێر خۆپیشاندانێكی هێمنانە ئەنجام بدەن لەدژی شەڕو پێكدادانەكانی ئەم دواییەی نێوان هێزی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا(كوردستانی سوریا)و یەكینەكانی بەرخودانی شنگالی ‌سەر بە پەكەكە‌ لە شنگال.

 

یەكێك لە خۆپیشاندەرەكان وتی، بەپێ بەرەو شوێنی خۆپیشاندانەكە دەچوو نزیكەی 300 مەتر دووربوو كە لەوێ ژمارەیەكی كەم لە خەڵك كۆبووبونەوە كەمێك پێش كاتژمێر 2ی پاش نیوەڕۆ كاتێك گرووپێك لە پۆلیس دەیوەستێنن‌و پێی دەڵێن نابێت بەشداری لە خۆپیشاندانەكە بكات. ئەو كەسە وتی، قسەی پۆلیسەكان پشتگوێ دەخاو بەردەوام بەپێ بەرەو خۆپیشاندانەكە دەڕوات، كاتێك 50 مەتر لە شوێنی خۆپیشاندانەكەوە دوور دەبێت، دووبارە پۆلیس ڕێگەی پێدەگرن‌و داوای ناسنامەكەی دەكەن‌و فەرمانی پێدەكەن سواری پاسێك بێت كە لەو نزیكانە بووە، بەبێ ئەوەی پێی بڵێن بۆچی؟ وتیشی، 10 خۆپیشاندەری تر كە دەیناسینەوە لەگەڵ دوو پۆلیس بە چەكەوە لەناو پاسەكەدا بوون.

 

سوارە حەسەن كە ڕۆژنامەنوسێكی كەناڵی ڕۆژ نیوزی سەربە پەكەكەیە، وتی كاتژمێر 2ی پاش نیوەڕۆ خۆی‌و دوو چالاكەوانی ناوخۆیی ئۆتۆمبێلەكەیان لە شوێنێك ڕاگرت كە 500 مەتر لە شوێنی خۆپیشاندانەكەوە دوور بوو، پاشان بەپێ بەرەو خۆپیشاندانەكە بەڕێ دەكەون. حەسەن وتی، لە بەرنامەیدا بووە ڕوماڵی خۆپیشاندانەكە بۆ كەناڵی ڕۆژ نیوز بكات، بەڵام خۆپیشاندەرێك كە شوێنەكەی جێدەهێشت ئاگاداریان دەكاتەوە لەوەی خۆپیشاندەران دەستگیردەكرێن. حەسەن وتی، خۆیی و دوو چالاكەوانەكە بڕیاریاندا شوێنەكە جێبهێڵن، بەڵام لەكاتێكدا بەرەو ئۆتۆمبێلەكەیان دەگەڕانەوە، ئەفسەرێك فەرمانیان پێدەكات بچنە ناو پاسەكەوە.

 

پاشان پۆلیس خۆپیشاندەرەكان دەبەنە بنكەی پۆلیس لە ناوەندی هەولێرو لەوێ لەگەڵ 9 خۆپیشاندەری تر دەستگیریان دەكەن. ئەو وتی، دەوروبەری كاتژمێر 3:30 خولەكی پاش نیوەڕۆ، پاسەوانەكان ئەو و خۆپیشاندەرێكی تر دەبەنە ژورێكەوە كە لەوێ هەشت دەستگیركراوی تری ژن و كچی تێدا دەبێت. وتیشی، دووان لە كچەكان پێی دەڵێن كە منداڵن و تەمەنیان 13 و 15 ساڵانە.

 

خۆپیشاندەرێكی تر بەناوی محمەد كیانی بەڕێوەبەری كۆمیسیۆنی سەرۆكایەتی بەرەی دیموكراسی خەڵك كە پارتێكی كەمینەیەو پێشتر ئەندام پەرلەمانی كوردستان بووە لەسەر لیستی گۆڕان، وتی، ئەو یەكێك بووە لەو یەكەمین خۆپیشاندەرانەی كە دەوروبەری كاترژمێر 1:50 خولەكی پاش نیوەڕۆ گەیشتۆتە شوێنەكەو لەوكاتەدا ژمارەیەكی زۆر لە ئەفسەری ئاسایش و پۆلیسی لە شوێنەكە بینیووە.

 

ئەو وتی، بینیوویەتی كە ئەفسەرێكی پۆلیس بە زلەو پاڵ لە ئافرەتێكی دەدا لەسەر زەویەكە لەبەرئەوەی فەرمانی پۆلیسەكەی بۆ جێهێشتنی ناوچەكە پشتگوێ خستبوو. پاشان ئەفسەرێكی ئاسایش فەرمان بە كیانی دەكات بچێتە ناو یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكانی ئاسایش كە خۆپیشاندەرێكی تری تێدا دەبێت، بەبێ ئەوەی پێی بڵێن بۆچی. كیانی وتی، پاشان دەیبەنە بنكەی پۆلیس لە ناوەندی هەولێرو لەوێ لەگەڵ پیاوەكانی تر بەندی دەكەن.

 

ئەو سێ خۆپیشاندەرەی كە چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كرا وتیان، هەموو ئەو كەسانەی ئەوان بینیانن لە شوێنی خۆپیشاندانەكەو لە نزیك خۆپیشاندانەكە بێ چەك بوون، بە دەستگیركراوەكانیشەوە. پۆلیس لەنێوان كاتژمێر 10 بۆ 11ی شەو 23 لە خۆپیشاندەرەكان ئازاد دەكات كە هەشت ژن و كچەكەش لە نێویاندا دەبن. حەسەن‌و كیانی وتیان، لەگەڵ حەوت كەسی تر دەگوێزرێنەوە بۆ بەندیخانەیەكی پۆلیس و لەوێ هەریەكەیان دەخرێنە دوو زیندانی جیا كە دەستگیركراوی تریان تێدا دەبێت.

 

كیانی وتی، لە ڕێكەوتی6ی مارس خۆی‌و خۆپیشاندەرێكی تر بەبێ ساغكردنەوەی هیچ تۆمەتێك لە دژیان ئازاد دەكرێن. هەرگیز لێكۆڵینەوەی لەگەڵ نەكراوەو نەبراوەتە بەردەم دادوەر و ڕێگەی پێنە‌دراوە پەیوەندی بە‌ خێزانەكەیەوە بكات و پارێزەری هەبێت. بەرلە جێهێشتنی بەندیخانەكە، پاسەوانەكان دەیبەنە بەردەم تەلعەت(بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر) كە هۆشیاری دەداتێ لە دەستگیركردن لە داهاتوودا ئەگەر بەشداری لە خۆپیشاندانی تر بكات.

 

لە 7ی مارس، حەسەن وتی، پۆلیس خۆی‌و شەش خۆپیشاندەرەكەی تریان برد بۆ بنكەی پۆلیسی گەڕەكی بەختیاری بۆ لێكۆڵینەوە لە یەكە بە یەكەیان. حەسەن وتیشی، ئەفسەرەكان پرسیاریان لێكردووە بۆچی ویستویەتی بەشداری لە خۆپیشاندانەكە بكات. پاشان ئەو و خۆپیشاندەرەكانی تر دەبرێنە‌ بەردەم دادوەری لێكۆڵەر لە دادگایەكی هەولێر كە لەوێش هەمان پرسیاریان لێدەكرێ. پاش لێكۆڵینەوەكە، ئەفسەرێكی پۆلیس بە حەسەن دەڵێ كە دادوەر فەرمانی ئازادكردنی هەموویانی داوە،‌ جگە لە یەك خۆپیشاندەر، بەبێ ئەوەی هۆكارەكەی ئاشكرا بكات. پۆلیس دەیانگەڕێننەوە بۆ بنكەی پۆلیس لە ناوەندی هەولێرو بۆ ڕۆژی داهاتوو ئازادی دەكەن، بەڵام پێنج خۆپیشاندەرەكەی تر كە گوایە فەرمانی ئازادكردنیان لەلایەن دادوەرەوە دراوە ئازاد ناكرێن. ئەو شەش خۆپیشاندەرەی هێشتا بە دەستگیركراوی ماونەتەوە هاوڵاتی سوری و توركین.

 

لەكاتی دەستگیركردنیدا، حەسەن ڕێگەی پێنەدراوە پەیوەندی بە خێزانەكەیەوە بكات یان پارێزەری هەبێت. حەسەن كە هاوڵاتییەكی عێراقیە بەرلە ئازادكردنی پاسەوانێك دەیباتە بەردەم تەلعەت‌و لەوێ تەلعەت بەبێ ئاشكراكردنی هیچ هۆكارو نوسراوێك پێی دەڵێ چیتر ڕێگەی پێنادرێ لە هەولێر بژی. حەسەن شارەكە جێدەهێڵێ.

 

بەرپرسانی هەولێر بەشێوەیەكی هەڕەمەكی هەستاون بە قەدەغەكردنی چوونە ناو هەولێر لە كارمەندانی گرووپە ناحكومیەكان‌و تەنانەت یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان‌ لەسەر لیستی گۆڕان.

 

هیومان ڕایتس ۆوچ ڕایگەیاند، هێزە ئەمنیەكان ئەركی سەرشانیانە پارێزگاری لە مافی خەڵك بۆ ئازادی ڕادەربڕین‌و گردبوونەوە بكەن. لەكاتێكدا ڕێكخەرانی خۆپیشاندانەكەی 4ی مارس داوای مۆڵەتیان لە حكومەت نەكردبوو وەك لە یاسای هەرێمی كوردستاندا هاتووە، یاسا نێودەوڵەتیەكان پارێزگاری لە مافی خەڵك بۆ گردبوونەوەی هێمنانە بەبێ هیچ سنورداركردنێك دەكەن، جگە لە چەند حاڵەتێكی زۆر كەم نەبێت. نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافی ئازادی گردبوونەوەی هێمنانەو مەدەنیانە ڕایگەیاندوە كە ئازادی دەبێت یاسا بێت‌و سنوورداركردنی ئازادی دەبێتە ئیستسنا(حاڵەتی تایبەت). هەروەها وتویەتی كە نابێت پێویست بكرێت لەسەر ڕێكخەرانی خۆپیشاندان بۆ وەرگرتنی مۆڵەت لە بەرپرسانی دەوڵەت، تە‌نها ئاگاداركردنەوەیەكی پێشوەخت‌ بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان پێویستە، ئەویش لە ‌كاتێك كە زەروریەت بێت‌و پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەبێت بە پاراستنی ئەمنی قەومی، سەلامەتی گشتی، دابونەریتی گشتی وە یان پاراستنی تەندروستی گشتی‌و ئەخلاق‌و پاراستنی ماف‌و ئازادی كەسانی تر.

 

یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2010 بۆ ڕێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستانی عێراق دەڵێت، هەموو خۆپیشاندانێك پێویستی بە وەرگرتنی مۆڵەتی پێش وەخت هەیە لە وەزارەتی ناوخۆ یان لە هەندێك حاڵەتدا لە بەرپرسانی تر. بەندی 21 لە پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە مەدەنی و سیاسیەكان كە لە ساڵی 1971 عێراق تێیپەڕاند، دەڵێت''دەبێت مافی گردبوونەوەی هێمنانە دانی پێدابنرێ'' و ''هیچ بەربەست و سنوورداركردنێك نەخرێتە سەر پیادەكردنی ئەم مافە جگە لەو حاڵەتانەی لە یاسادا ئاماژەیان پێكراوەو پێویستن لە كۆمەڵگەیەكی دیموكراسدا بۆ پارێزگاریكردنی ئەمنی قەومی و سەلامەتی گشتی و هێمنی كۆمەڵگاو پارێزگاریكردن لە تەندروستی و ئەخلاقی گشتی یان پارێزگاریكردن لە ماف و ئازادی خەڵكانی تر."

 

یاسای سزادانی عێراقی (ژمارە 23ی ساڵی 1971 دەڵێت، دەبێت هەموو دەستگیركراوێك لە ماوەی 24 كاتژمێردا بهێنرێتە بەردەم دادوەری لێكۆڵەر.

 

ئەو سێ خۆپیشاندەرەی كە لە نزیكەوە بەدواداچوون بۆ كەیسی ئەوانە دەكەن كە هێشتا دەستگیركراون نەیانتوانیوە هیچ زانیاریەكیان دەستبكەوێت لەبارەی ڕەوشی ئەو شەش كەسەو ئایا بەفەرمی تۆمەتباركراون.

 

لەما فەقیە، جێگری بەڕێوەبەری هیومان ڕایتس ۆوچ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، وتی''ئەگەر تەنها تاوانی ئەم كەسانە بەشداریكردن بووبێت لە خۆپیشاندانێكی بێ مۆڵەت، دەبێت بەرپرسان دەستبەجێ ئازادیان بكەن."