بە ئاوارەیی جێیهێشت و بە باڵاترین دەسەڵاتەوە گەڕایەوە

ژنێكی كورد پایتەختی خەلافەتەكەی پێشووی داعش بەڕێوەدەبات
07-03-2019 03:51
لەیلا مستەفا، هاوسەرۆكی ئەنجومەنی مەدەنی ڕەققە.

پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

هەموو بەیانییەك بەناو داروپەردووی بەجێماوی شەڕێكی گەورەدا دەڕوات بۆ نووسینگەكەی كە باڵاترین دەسەڵاتی مەدەنیی شارەكەیە، تا تادەگاتە شوێنی كارەكەی بیر لەوە دەكاتەوە ئەركێكی چەند سەختی لەسەر شانە، دڵخۆشیشە بەوەی شارەكەی لەسەر دەستی ئەو، بە ئاڕاستەیەكی تەواو پێچەوانەدا دەڕوات وەك لەوەی چەند ساڵی ڕابردوو تێیدابوو.

لەیلا مستەفا ئەندازیارێكی مەدەنی تەمەن 30 ساڵە، لە مانگی نیسانی 2017 پێش ئازادكردنی تەواوەتی شاری ڕەققەی پایتەختی خەلافەتەكەی پێشووی داعش، كرا بە هاوسەرۆكی ئەنجومەنی مەدەنی ڕەققە و تا ئێستاش لە كارەكەی بەردەوامە.

ئەنجومەنەكە بەشێكە لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكوری سوریا كە هێزە كوردییەكان سەرپەرشتی دەكەن، لە ڕابردوودا هێزەكانی سوریای دیموكرات هەر ناوچەیەكیان لەدەست داعش ئازادكردبێتەوە، پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی، ئەنجومەنێكی مەدەنییان لە خەڵكی شارەكە دروستكردووە بۆ ئەوەی دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوەتیی، كاروبارە مەدەنییەكانی شارەكە بدەنە دەست ئەنجومەنەكە، هاوكات لە پاڵ ئەو ئەنجومەنە مەدەنیانەدا، هەر شارێك ئەنجومەنی سەربازیی تایبەت بە خۆیشی هەیە، كە ئەركی سەرەكییان پاراستنی شارەكانە لە هێرشی دەرەكی.

لەیلا كوردێكی خەڵكی ڕەققەیە و بڕوانامەی ئەندازیاریی هەیە، پێشتر هاوسەرۆكی ئەنجومەنی مەدەنی شاری تەل ئەبیەزی ڕۆژئاوای كوردستان بووە، لە مانگی نیسانی 2017وە كە ئەنجومەنی مەدەنی شاری ڕەققە پێكهێنرا، ئەركی هاوسەرۆكیی ئەو ئەنجومەنەی پێ سپێردرا.

"ژمارەیەك لە هاوڕێكانم، ژمارەیەك لەو كەسانەی كە نزیك بوون لە من لە ئەنجومەنی مەدەنی ڕەققە كراونە ئامانجی هێرش و تیرۆركردن"، لەیلا وادەڵێت وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو فشارانەی لەسەریەتی بەهۆی بەڕێوەبردنی ئەركەكەیەوە.

لەیلا مستەفا لە شوێنی كارەكەی.


شاری ڕەققە لە مانگی ئاداری 2013 لەلایەن هێزەكانی سوریای ئازاد و چەكدارانی جەبهەی نوسرە لە ژێر دەستی ڕژێمی سوریا دەرهێندرا، دواتر لە ڕۆژی 13ی كانونی دووەمی 2014 كەوتە دەست چەكدارانی داعش، لەگەڵ فراوانبوونی ڕووبەری حوكمڕانیی داعش لە سوریا و عێراق، ڕەققە بووە پایتەختی خەلافەتە ڕاگەیەندراوەكەی ئەو ڕێكخراوە، لە مانگی تشرینی یەكەمی 2017، دوای شەڕێكی چەند مانگەی سەخت، دواجار لەسەر دەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات كە كوردەكانی ڕۆژئاوا پێكهێنەری سەرەكیین، شارەكە ئازادكرا.

بەهۆی ئەو شەڕە سەختەوە، بەشێكی زۆری باڵەخانە و خانووەكانی ڕەققە ڕووخان، ژێرخانی شارەكە تا نزیك سفر دابەزی، بەڵام ماوەی زیاد لە ساڵێكە ئەنجومەنی مەدەنی ڕەققە سەرقاڵی گەڕانەوەی ژیانە بۆ ئەو شارە.

ئەو كاتەی شارەكە كەوتە دەست چەكدارانی داعش، لەیلا بڕیاری دا ڕەققە جێبهێڵێت، بۆ ئەو مەبەستە پارەی دا بە قاچاخچییەكان تا خۆی و خێزانەكەی بگەیەننە شاری حەسەكە كە لەژێر دەسەڵاتی هێزە كوردییەكاندا بوو، دواتر لەیلا وەك باڵاترین دەسەڵاتی مەدەنی گەڕایەوە شارەكەی.

"كاتێك سەرەتا ڕەققەمان ئازادكرد پارچەیەك بوو لە مینی چێندراو و وێرانە. هەموو ژێرخانەكەی وێران بووبوو؛ پەروەردە، تەندروستی، لایەنی مرۆیی"، لەیلا وادەڵێت، دەشڵێت"هیچ شوێنێك لە جیهاندا هێندەی ڕەققە وێران نەبووبوو. بە هەوڵەكانی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات و بە هاوكاریی ڕێكخراوە مرۆییەكان، هەنگاوی زۆر گەورەمان بڕیوە."


لەیلا مستەفا ئاماژە بۆئەوەدەكات كە لەماوەیەكی كورتدا توانیویانە خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر بگەڕێننەوە بۆ ڕەققە، بۆ نمونە 317 قوتابخانەیان دروست كردووە كە 4 هەزار مامۆستای بۆ دامەزرێندراوە و 115 هەزار قوتابی تێیدا دەخوێنن. هەروەها توانیویانە 17 ناوەندی جیاوازی تەندروستی بكەنەوە لە نێویاندا 10 نەخۆشخانەی گشتی، "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەشێكی نەخۆشخانەی نیشتمانی دەكەینەوە كە پێشتر لەم شارەدا هەبوو، هەروەها بانكی خوێنیش بەمزووانە دەكرێتەوە."

ڕەققە لە سەردەمی داعش.

لەیلا زۆر جار بووەتە جێی ستایشی ئەو هێزە بیانییانەی كە سەردانی ڕەققە دەكەن و دەبینن ژنێك كاروبارەكانی ئەو شارە گەورەیە بەڕێوەدەبات.

ڕوپێرت جۆنس فەرماندەی هێزە هاوبەشەكانی بەریتانیا ستایشی هاوسەرۆكەكەی ئەنجومەنی مەدەنی ڕەققە دەكات و دەڵێت"لەیلا مستەفا ژنێكی زۆر سەرنجڕاكێشە كە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی مەدەنی ئەو شارە دەكات. لەگەڵ كورد و عەرەبدا كاردەكات و هەمیشە بە ئازاییەوە ئیشی لە بەرژەوەندی خەڵكدا كردووە."


"ژنان لێرە زیندانی بوون. تەنانەت ڕێگەیان نەدەدرا ماڵەكانی خۆیان جێبهێڵن. هیچ مافێكیان نەبوو. ئەوەی ئێمە ئێستا بنیادی دەنێنین تەواو پێچەوانەی ئەوەیە كە داعش دەیكرد"، لەیلا وتیشی"ئەم شێوازەی كاركردن هێشتا بەتەواوی لەلایەن هەموانەوە قبوڵناكرێت، بەڵام وردە وردە شتەكان دەگۆڕدرێن."

ڕەققە دوای داعش.

ڕەققە پێش دەستپێكردنی شەڕ شوێنی ژیانی زیاتر لە 200 هەزار كەس بوو، كە زۆرینەیان هاوڵاتی عەرەب بوون، لەگەڵ كەمینەیەكی كورد، كریستیان، سریان و عەلەوی. شارەكە لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە بە داخراو دادەنرا كە زۆر كاریگەر بوو بە سیاسەتی خێڵەكی و زۆر پشتگوێخرابوو لەلایەن حكومەتی سوریاوە. لە ساڵی 2011 بەشار ئەسەد بووە یەكەم سەرۆكی سوریا كە لە ماوەی 60 ساڵدا سەردانی ڕەققە بكات. دانیشتوانی ئەو شارە بە میواندۆستی بەناوبانگن، بۆیە هەمیشە وتە دڵخوازەكەی خۆیان دەڵێنەوە"لە ڕەققە ماڵەكان دەرگایان نییە."

لەیلا شارەكەی منداڵیی خۆی بە "بێدەنگ، سادە و جوان" وەسف دەكات.