مەزڵوم كۆبانێ؛ جەنەڕاڵی تێكشكاندنی داعش واشنتۆن پێش تاران بۆ لای خۆی ڕایكێشا

07-04-2019 09:49
جەنەڕاڵ مەزڵوم كۆبانێ.


پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

لە واشنتن و پایتەختەكانی دیكەی ڕۆژئاوا سەركەوتن بەسەر داعشدا بە هاوپەیمانیی بەستن لەگەڵ هێزێكی وەك هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە) وەك مۆدێلێكی سەركەتوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر توێژینەوەی لەسەر دەكرێت، "هەسەدە باشترین هێزی هاوپەیمانی نا-نەریتییە كە هەرگیز لە هەموو شوێنەكاندا هەمانبووبێت"، برێت ماكگۆرك نوێنەری پێشووی سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، وادەڵێت.

مەزڵوم عەبدی كۆبانێ، ئەو جەنەراڵە كوردەی داواكراوترین كەسی توركیایە، بووەتە یەكێك لە گرنگترین هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان گەورەترین سەركەوتنی بەسەر داعشدا نووسییەوە.

لە نێوان ساڵانی 2011 تا 2013، هێزە كوردییەكانی ڕۆژاڤا توانیان پاشەكشە بە هێزەكانی ڕژێمی سوریا بكەن لە ناوچە كوردییەكان، هاوكات شەڕی چەكدارانی ڕێكخراوی ئەلقاعیدەش بكەن كە هەوڵیان دەدا بێنە ناوچەكانیانەوە. هەر بۆیە چەند هێزێكی هەرێمیی لە هەوڵی ڕاكێشانی كوردەكاندا بوون بۆ لای خۆیان.

دەمەو بەیانییەكی ڕۆژی 18ی ئابی 2014، مەزڵوم كۆبانێ لەگەڵ قاسم سلێمانیی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران كۆبوونەوەیەكی ئەنجام دا، چەند كاتژمێرێك دوای ئەو كۆبوونەوەیە، ڕاستەوخۆ مەزڵوم لە لایەن چەند بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكاوە بۆ كۆبوونەوەیەك بانگهێشتی شاری سلێمانی لە هەرێمی كوردستان كرا، ئەمەریكییەكان نەیاندەویست هاوشێوەی ئەوەی لە عێراق ڕوویدا، لە سوریاش ئێرانییەكان ڕابەرایەتی شەڕی داعش بكەن. لەوەشدا ئەمەریكییەكان سەركەوتووبوون و جەنەراڵ مەزڵومیان بەلای خۆیاندا ڕاكێشا.

مەزڵوم كۆبانێ ناوی ڕاستەقینەی فەرهاد عەبدی شاهین-ە، خەڵكی شاری كۆبانێی ڕۆژاڤای كوردستانە، وەك خۆی دەڵێت، ماوەیەك لە ڕیزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ـدا بووە. مەزڵوم یەكێك بووە لەو كەسانەی هاوڕێیەتی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلانی ڕێبەری پەكەكەدا هەبووە ئەو كاتەی ئۆجەلان باكووری كوردستانی بەرەو ڕۆژاڤا جێهێشتووە‌و ماوەیەكی زۆر لەوێ ماوەتەوە.

مەزڵوم لەوێنەیەكدا لەگەڵ ئۆجەلان دەردەكەوێت كاتێك هەردووكیان لە ڕووباری فوراتدا مەلەدەكەن، مەزڵووم لەبارەی ئۆجەلان و پەكەكەوە دەڵێت"ئۆجەلان لێرە كاری دەكرد و خەڵكی ئێرەش بەوەفابوون بۆی. بەڵام یەپەگە ڕێكخراوێكی تیرۆرستی نییە. هەمیشە توركیا دەیەوێت وەها وێنای سوریا بكات كە هەموو شتێك پەكەكەیە، بەڵام ئەوە ڕاست نییە." ئێستاش چەند كەسێكی نزیكی مەزڵوم لە ڕێزەكانی پەكەكەدان‌و وێنەكانی ئۆجەلانیش لە هەموو شوێنێكی ناوچە كوردییەكانی سوریادا دەبینرێن.

كرانەوەی دەرگای ئەمەریكییەكان بەڕووی جەنەراڵ مەزڵومدا مەرج و سنووریشی هەبوو، ئەوەش بەوتەی بەرپرسێكی ئەمەریكی. هاوپەیمانێتییەكەی دژی داعش بە ڕابەرایەتی ئەمەریكا ئامادەیی دەربڕی بۆ دابینكردنی ڕاوێژی ستراتیژی، بەڵام بەبێ چەك، ئەوەش بەهۆی مێژووی یەپەگەوە. هەروەها مەرجێكی دیكە ئەوە بوو هەر كاتێك هێزە كوردییەكان ناوچەیەكیان لەدەست داعش كۆنتڕۆڵكردەوە، پێویستە بەشداریی بە پێكهاتە ئاینیی و نەتەوەییەكانی دیكە، بە تایبەت عەرەب و كریستیانەكان بكەن، لە بەڕێوەبردنی حكومیی‌و ئەمنیی ئەو ناوچانەدا. ئەمەریكییەكان مەرجی ئەوەشیان لەسەر كوردەكان دانا دەبێت قبوڵی بكەن ناوچەكانیان وەك بەشێك لە سوریا بمێنێتەوە و هەوڵنەدەن جیاببنەوە و دەوڵەتێكی كوردیی دابمەزرێنن.

 

جەنەڕاڵ مەزڵوم كۆبانێ لەگەڵ هێزەكانی ئەمەریكا.

هێرشنەكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی توركیاش یەكێكی دیكەبوو لە مەرجی ئەمەریكییەكان، بەپێی ڕێككەوتنەكە ئەگەر هەر كام لەو مەرجانە پێشێلكران، ئەوا ئەمەریكا دوور دەكەوێتەوە.

مەزڵوم هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەمەریكییەكان هەڵبژارد، "لەو كاتەدا داعش ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبوو"، جەنەراڵە كوردەكە دەشڵێت"ئێمە تەنها دەمانتوانی شەپۆلەكە بوەستێنین و پارێزگاریی لە ناوچەكانی خۆمان بكەین. هاتنەناوەوەی ئەمەریكا بۆ شەڕەكە باڵانسی هێزی لە نێوان ئێمە و داعشدا گۆڕی."

چەند هەفتەیەك دواتر هاوپەیمانێتییە كاتییەكە تاقیكرایەوە، ئەوەش كاتێك چەكدارانی داعش هێرشێكی چڕیان كردەسەر شاری كۆبانێ، شوێنی لەدایكبوونی جەنەراڵە كوردەكە. داعش لەسەدا شەستی شارەكەی داگیركرد، زۆرینەی دانیشتوانی شارەكە كە چل هەزاربوون، بەرەو سنووری توركیا ئاوارەبوون.

كۆبانێ ئەوەی سەلماند كە دەكرێت خاڵی وەچەرخانبێت بۆ واشنتن، ئیدارەی باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەوكاتی ئەمەریكا، دەستێوەردانە سەربازییەكانی دژی داعش لە عێراقەوە بۆ سوریا فراوانكرد، ئەوەش بە بۆردومانی ئاسمانیی دژی چەكدارانی داعش لەو شارە كوردییە، كە یەكێك لەو خانووانەی كرایە ئامانج ماڵەكەی مەزڵوم بوو، كە داعش داگیریكردبوو و دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی مەزڵوم، ئەمەریكییەكان خاپووریانكرد.

شەڕی كۆبانێ خاڵی وەچەرخانبوو لە شەڕی دژی داعشدا، دوای پێنج مانگ لە سەركەتنی بەردەوامی ئەو ڕێكخراوە، لە مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 2015 لە كۆبانێ تووشی یەكەم شكست بوون، شەڕی كۆبانێ تا ئێستاش وەك درێژترین و پڕقوربانیترین و سەركەوتووترین شەڕ لە مێژووی داعشدا ماوەتەوە. دوای ئەو سەركەوتنەش، كۆبانێ بووە شوێنی بنكەیەكی سەربازیی گەورەی هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا.

هاوپەیمانێتی نێوان هێزە كوردییەكان و ئەمەریكا لە قۆناغی دووەمدا قووڵتر بووەوە. لە مانگی نیسانی 2015، ئەمەریكا داوای لە مەزڵوم كۆبانێ كرد كە سەركردایەتی شەڕی ئازادكردنەوەی ئەو ناوچانە بكات كە دەكەونە دەرەوەی ناوچە كوردییەكانی سوریا. ئیدارەی ئۆباما لە لێواری پشتگوێخستنی بەرنامەیەكی پنتاگۆن-دابوو بۆ مەشقكردن بە پانزە هەزار چەكداری سوریی لە توركیاو ئەردەن. پێنج سەد ملیۆن دۆلار بۆ ئەو بەرنامەیە تەرخانكرابوو، سەرەڕای خەرجكردنی پانزە ملیۆن دۆلار لە بەرنامەكەدا، بەڵام تەنها ژمارەیەكی كەم سەرباز دیاربوون كە مەشقیان پێ كرابێت. وەزیری بەرگریی ئەو كاتی ئەمەریكا دانی بەوەدا نا كە دڵخۆش نییە بەو هەوڵدانە و هەوڵی گەڕان بە دوای جێگرەوەی دیكەدا دەدەن، لە كۆتاییشدا جارێكی دیكە ڕوویان لە دەرگاكەی جەنەڕاڵە كوردەكە كردەوە.

بەوتەی بەرپرسێكی ئەمەریكی، جەنەراڵ مەزڵوم سەرەتا دوودڵ بووە لە شەڕكردن لە ناوچە عەرەبییەكانی سوریا. بەوپێیەی عەرەب و كورد لەو ناوچانەدا مێژوویەكی پڕ لە ناكۆكییان هەیە، هەزاران هاوڵاتی عەرەب لە خێڵەكانی ئەو ناوچانەوە چووبوونە ڕیزەكانی داعشەوە. بۆ ئازادكردنەوەی ئەو ناوچانە، مەزڵووم كۆبانێ بە ئەمەریكییەكانی وت، پێویستی بە دامەزراندنی چەكداری هۆزە عەرەبەكانی ئەو ناوچانە هەیە بۆ دامەزراندنی باڵێكی عەرەب لە ناو هێزەكانیدا. ئەو هۆشداریی دا هێزێك كە تەنها لە كورد پێكهاتبێت لەو ناوچانە پێشوازیی لێ ناكرێت، مەزڵووم داوای لە ئەمەریكییەكانیش كرد كە مەشق و ڕاهێنان بەو چەكدارە عەرەبانە بكەن و چەكیشیان پێ ببەخشن. ئەمەریكییەكان بە سەرجەم داواكارییەكانی مەزڵوم ڕازیبوون. یەپەگە باڵێكی دیكەی سەربازیی بۆ زیادبوو كە چەكداری عەرەب، توركمان‌و ئاشووریی لەخۆ دەگرت‌و سەرجەمیان هێزێكی نوێیان پێكهێنا لەژێرناونیشانی "هێزەكانی سوریای دیموكرات"، لە مانگی تشرینی یەكەمی 2015، یەكەم تیمی ئەمەریكی لە سوریا دامەزرا بەمەبەستی مەشق و ڕاوێژكاریی بۆ ئەو هێزانە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئیدارەی ئۆباما بەشێوەیەكی بێدەنگ سەدان سەربازی دیكەشی لە هێزە تایبەتەكان لە ناوچە كوردییەكانی سوریا بڵاوەپێكرد. مەزڵوم كە لەو كاتەدا بەهۆی چەند هەوڵێكی تیرۆرستییەوە خۆی زۆر كەم دەردەخست، دەستیكرد بە كۆبوونەوەو پێشوازیكردن لە شاندەكانی پنتاگۆن‌و كۆنگرێسی ئەمەریكا كە سەردانی ئەو ناوچانەیان دەكرد لەنێویاندا سیناتۆر جۆن مەكین و لیندسی گراهام.

لەگەڵ فراوانبوونی تواناكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات، ئەمەریكییەكان داوایان لە مەزڵوم كۆبانێ كرد گەورەترین ئاڵنگاریی بكات؛ ئەویش ڕزگاكردنی ڕەققەی پایتەختی داعش كە دانیشتوانەكەی زیاتر لە چارەكە ملیۆنێك هاووڵاتی بوون.

بەرپرسێكی ئەمەریكی كە لەو كاتەدا لە پەیوەندیدابووە لەگەڵ مەزڵوم، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كاتێك باسی ئەگەرەكانی شەڕی ڕەققەو زیانە گیانیی‌و ئاستەنگییەكانیان كردووە، جەنەراڵە كوردەكە پێی وتون"باوەڕم بە داوەرییەكەتان هەیە، ئێمە بە ئەگەری زۆرەوە، لەبەر هۆكاری دیكە، ئەم كارە تۆزێك جیاوازتر دەكەین. لە لۆژیكەكەتان تێدەگەم‌و ڕازیم"، مەزڵوم لەو دانیشتنەدا بە ئەمەركیییەكانی وتووە، بۆ ئەو شەڕە پێویستی بە چەكی زیاتری قورس هەیە، هەروەها داواشی كردووە كە یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ـش لەناو هەسەدەدا ئەو چەكە ئەموریكییانە وەربگرن.

ئاڵای هەسەدە لە دوامۆڵگەی داعش دەشەكێتەوە.

لە میانی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا لە ساڵی 2016، دۆناڵد ترەمپ ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی ئیدارەی باراك ئۆباما كرد بەوەی كاری پێویستی نەكردووە بۆ شكستپێهێنانی داعش، پەیمانیشی دا كاتێك ئەو بووە سەرۆك، كاری زۆر زیاتر بكات.

لە مانگی ئایاری 2017، چوار مانگ دوای ئەوەی بە سەرۆكی ئەمەریكا هەڵبژێردرا، ترەمپ ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر پێدانی چەكی قورس و سووك لە نێویاندا موشەكی دژە تانك، تانكی سەربازیی و پێویستی ئەندازیاریی بە هێزە كوردییەكان. شەڕی ڕەققە لە مانگی حوزەیراندا خێراتربوو، لە تشرینی یەكەمیشدا پایتەختەكەی خەلافەتی داعش بەتەواوی كەوتە دەست شەڕڤانان. زیاتر لە 650 شەڕڤانی كورد، عەرەب، توركمان و كریستیان لەو شەڕەدا كوژران.

هاوپەیمانێتییەكەی كوردو ئەمەریكا لەو ماوەیەدا ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری بووەوە، لەوانە هۆشدارییدانە بەردەوامەكانی حكومەتی دیمەشق لە دەستێوەردانە سەربازییەكانی ئەمەریكا لەو وڵاتە، بڵابوونەوەی هێزەكانی نزیك لە ڕوسیا، هەروەها نیگەرانییەكانی توركیا لەبارەی یارمەتی واشنتن بۆ هێزە كوردییەكان، بەو پێیەی ئەنقەرە ئەو هێزانە بە درێژكراوەی پارتی كرێكارانی كوردستان دەزانێت كە ئەوان وەك "ڕێكخراوێكی تیرۆریستی" دەیناسێنن.

لە مانگی تشرینی دووەمی 2017، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ ئەنجام دا و تێیدا داوای كرد واشنتن هاوكارییەكانی بۆ هێزە كوردییەكان ڕابگرێت، ترەمپیش پەیمانی دا كە چیتر چەك بەو هێزانە نەبەخشێت. بەڵێنەكەی ترەمپ بە هاوتا توركییەكەی مایەی سەرسوڕمانی ستافەكەی بوو، بۆیە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ پێویست بوو بڕوا بە سەرۆكی ئەمەریكا بهێنن كە ناردنی چەك بۆ هێزە كوردییەكان زۆر گرنگە، چونكە هێشتا شەڕی دژی داعش كۆتایی نەهاتووە، هەربۆیە كاروانی چەكە ئەمەریكییەكان بۆ ڕۆژاڤا بەردەوام بوو.

دواتر پێشڕەوییەكانی شەڕڤانان بۆ سەر شاری دێرەزوور و هەموو ئەو ناوچانەی دیكە بەردەوام بوو كە لە ژێر كۆنتڕۆڵی چەكدارانی داعشدا مابوون، كۆتایی داعش نزیك دەبوویەوە، تا لە شەوێكی درەنگدا هەواڵێكی كتوپڕ گەیشتە مەزڵوم كۆبانێ و جۆزێڤ ڤۆتێڵ.

لە نیوەشەوێكی 17ی كانونی یەكەمی 2018، مەزڵوم كۆبانی لە لایەن جەنەراڵ جۆزێف ڤۆتێڵ فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بانگهێشتی ڤیدیۆ كۆنفرانسێك كرا، كاتی بانگهێشتەكە چاوەڕواننەكراوبوو، بەهەمانشێوە پەیامەكەش. "من یەكەم كەس بووم كە وشەكانم گوێ لێ بوو"، سالار مەلا، یاریدەدەر و وەرگێڕی جەنەراڵ مەزڵووم وادەڵێت.

جۆزێف ڤۆتێڵ لەو شەودا بە مەزڵوم كۆبانێی ڕاگەیاند، پێش دوو كاتژمێر نامەیەكی لە كۆشكی سپییەوە پێگەیشتووە و فەرماندەكات بە كشانەوەی دەستبەجێی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا. ڤۆتێڵ باسی ئەوەشی بۆ كردووە كە ئەو ئاگاداری وردەكاریی بڕیارەكە نییە، بەڵام ویستوویەتی ئەوان پێش ئەوەی لە میدیاكانەوە ئەو هەواڵە ببیستن لە دەمی خۆیانەوە ئاگاداریان بكەنەوە.

"مایەی سەرسوڕمان بوو، ئێمە باوەڕمان بە بڕیارێكی وەها نەدەكرد لە ناوەڕاستی شەڕێكدا، كاتێك ئێمە دژی داعش دەجەنگاین، كاتێك ئێمە دژی هەموو ئەوانی تر دەجەنگاین هاوپەیمانەكەمان دەستبەردارمان ببێت. با ڕاستگۆ بم، ئەوەی مایەی ئازاربوو بۆ ئێمە ئەوە بوو كە ئەمەریكا دەوڵەتێكی مەزنە، چۆن دەوڵەتێكی مەزن ئاوا هەڵسوكەوت دەكات و هاوپەیمانەكانی لە نیوەی شەڕێكدا جێدەهێڵێت؟ هەروەها لەوەبەدوا چۆن خەڵك متمانە بە ئەمەریكییەكان دەكەن و لەداهاتوودا هاوپەیمانێتیان لەگەڵ دەكەن"، جەنەڕاڵ مەزڵوم وادەڵێت.

بەڵام مەزڵوم كۆبانێ تووشی شڵەژان نەبوو، "ڕاستەوخۆ دەستمانكرد بە بیركردنەوە لە قۆناغی دوای بوونی ئەمەریكا لە سوریا و چۆنیەتی دابەشكردنی هێزەكانمان بەپێی ئەو توانایەی هەمانە بۆ پارێزگاریكردن لە دەستكەوتەكانماندا" مەزڵوم وادەڵێت "لە كۆتاییشدا ئەمە بڕیارێكی ناوخۆیی ئەمەریكایە و ئێمە ناتوانین دەستوەردان بكەین. بۆیە ئێمە دەستمانكرد بە بیركردنەوە لە چۆنیەتی شەڕكردن و سیاسەتكردن بەبێ ئەوان."

دواجار لەژێر فشارێكی زۆردا كە بووە هۆی دەستلەكاركێشانەوەی برێت ماكگۆرك و وەزیری بەرگریی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ ڕەزامەندی نیشاندا لە هێشتنەوەی نزیكەی 400 سەربازیی ئەمەریكی لە ناوچە كوردییەكانی سوریا، ئەوەش بە مەبەستی دڵنیابوون لە سەرهەڵنەدانەوەی مەترسییەكانی ڕێكخراوی داعش یاخود هەر گروپێكی دیكەی توندڕەو لەژێر ناوێكی جیاوازدا.

جەنەڕاڵ مەزڵوم سەركەوتنی یەكجاریی بەسەر داعش ڕاگەیاند/ 23-3-2019.

ئەم بابەتە بە ئینفۆگرافیك