گرێ كوێرەی پێكهێنانی كابینەی نوێ دەگوازرێتەوە بۆ نێوان پارتی‌و گۆڕان

08-04-2019 06:32

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

بەڵێنێكی مەسعود بارزانی بە كۆسرەت ڕەسوڵ گرێ كوێرەی نێوان پارتی‌و یەكێتی كردەوەو گەیشتنە لێكتێگەیشتنی كۆتایی كە ڕێككەوتنی نێوانیانی لێدەكەوێتەوە دەربارەی دابەشكردنی پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەت، بەڵام هەمان بەڵێن، كێشەی بۆ ڕێككەوتنەكەی نێوان پارتی‌و گۆڕان دروستكردووە.

بەڵێنەكەی بارزانی زیادكردنی جێگرێكە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە بڕیارە بدرێت بە یەكێتی لە بەرامبەر دەستبەرداربوون لە داواكردنی وەزیری ناوخۆ، ئەوە لەكاتێكدایە پارتی لەگەڵ گۆڕان ڕێككەوتنی واژۆ كردووە كە سەرۆكی هەرێم جێگرێكی دەبێت‌و بۆ گۆڕان دەبێت.

دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوەی دورودرێژ، 3ی ئەم مانگە پارتی‌و یەكێتی گەیشتنە لێكتێگەیشتنی كۆتایی‌و بە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی نێوان مەسعود بارزانی‌و كۆسرەت ڕەسوڵ ڕێككەوتنی كۆتایی ڕاگەیەندرا، بڕیاربوو ئەمڕۆ ڕێككەوتنەكە واژۆ بكرێت، بەڵام بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.

پارتی سێ ڕۆژ دواتر سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد لە سلێمانی‌و داوایەكی خستەبەردەم بزووتنەوەكە بە زیادكردنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم كە بدرێتە یەكێتی، گۆڕان داواكارییەكەی ڕەتكردەوە.

"ئێمە مەبدەئییەن دژی داتاشینی پۆستین بۆ هەركەس‌و لایەنێك، لەبەرئەوە ئەو پێشنیارەمان ڕەتكردووەتەوە"، بەرپرسێكی باڵای گۆڕان بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو بەرپرسە باڵایە كە نایەوێت ناوی بهێنرێت بەهۆی ئەوەی بڕیاریانداوە قسە بۆ ڕاگەیاندنەكان نەكەن لەسەر ئەوپرسە، ئەوەشی خستەڕوو، بزووتنەوەكەیان داوای هیچ پۆستێكی دیاریكراوی نەكردووە لە بەرامبەر زیادكردنی پۆستی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم.

"ئەگەر پارتی هەر سووربێت لەسەرئەوەی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ یەكێتی بێت، ئەوا ئێمە پۆستەكەمان ناوێت‌و باهەر یەك جێگربێت‌و بدرێتە یەكێتی"، لە وەڵامی ئەوەی لەو حاڵەتەدا گۆڕان داوای چیتر دەكات؟ ئەو بەرپرسە وتی"ئەوكات گفتوگۆی دابەشكردنی پۆستەكان دەستپێدەكەینەوە لەگەڵ پارتی."

لەگەڵئەوەی 190 ڕۆژە هەڵبژاردن كراوە، تائێستا تەنها لە نێوان پارتی‌و گۆڕان ڕێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكان واژۆ كراوە، پارتی چەندجارێك دڵنیایی داوە بەو بزووتنەوەیە كە پابەندی ڕێككەوتنەكە دەبێت‌و وەكخۆی جێبەجێی دەكات، هەربۆیە ئێستا بەدوای ڕێگایەكدا دەگەڕێت بۆ ڕازیكردنی گۆڕان بە زیادكردنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم.

"پۆستێكی باڵا لە سەرۆكایەتی هەرێم زیاد دەكرێت‌و دەدرێت بە یەكێتی ئەمە بەڵێنی كاك مەسعودە بە كاك كۆسرەت‌و جێبەجێ دەكرێت"، ئەمە وتەی سەرچاوەیەكی باڵایە لە پارتی دیموكرات بۆ پەرەگراف، ئەو سەرچاوەیە وتیشی"لەژێر ناوی جێگر یان یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم دەبێت‌و یەكێتی كێشەی نییە هەركام لەو دوو ناوەی هەبێت."

بەڵێنەكەی بارزانی بە كۆسرەت ڕەسوڵ دوای زیاتر لە 10 كۆبوونەوەی نێوان پارتی‌و یەكێتی هات كە ڕێككەوتنی لێنەدەكەوتەوە، كێشەی سەرەكی نێوان ئەو دوو حیزبە پۆستە ئەمنیی‌و ئابورییەكان بوون، پارتی وەزارەتی ناوخۆو سامانە سروشتییەكانی بۆخۆی داناوەو وەزارەتی دارایی بەر گۆڕان كەوتووەو پێشمەگەر بۆ یەكێتی یە.

زیادكردنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم لە پڕۆژە یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم جێگیر كراوە، ئەوەش لەسەر پێشنیاری پەرلەمانتارانی یەكێتی لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان، بڕیارە چوارشەممەی داهاتوو پڕۆژەكە خوێندنەوەی سێیەمی بۆبكرێت‌و بخرێتە دەنگدانەوە، گۆڕان دەنگ بەو بڕگەیە نادات، بەڵام یەكێتی دەیەوێت بە هاوكاریی پارتی زیادكردنی جێگری دووەم بۆ سەرۆكی هەرێم بكات بە یاسا.

ئەو ڕێككەوتنەی كە لە نێوان گۆڕان‌و پارتی واژۆ كراوە، فراوانەو كۆی سێكتەرەكانی گرتووەتەوەو دەبێتە بەرنامەی حوكمڕانیی لە 4 ساڵی داهاتوو، بەپێی ڕێككەوتنەكە پۆستێكی نوێ لەژێر ناوی (یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ چاكسازیی) بەر بزووتنەوەی گۆڕان كەوتووە، پۆستەكانی دیكەش لەسەر بنەمای خاڵ‌و بەپێی كورسییەكانی پەرلەمان دابەشكراون، ئەگەر گۆڕان دەستبەرداری جێگری سەرۆكی هەرێم ببێت، ئەو خاڵانەی بۆ دەگەڕێتەوە كە ئەو پۆستەی پێ وەرگرتووەو ئەوكات داوای پۆستی دیكەی پێدەكات.

دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كە لە داهاتوویەكی نزیكدا زیندوو دەكرێتەوە، پێشتر بەدەر بووە لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت، لەگەڵ خۆیشیدا ئەو دامودەزگایانەی سەربەو سەرۆكایەتییەن بەهەمان شێوە بەشێك نەبوون لە گفتوگۆی دابەشكردنی پۆستەكان، گۆڕان ئەوە بە دەستكەوتی خۆی لەقەڵەم دەدات كە توانیویەتی تەواوی دامودەزگاكانی هەرێم بخاتە چوارچێوەی گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت‌و بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن دابەش بكرێن.

هەر بەپێی ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی، گۆڕان لەسەرجەم دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان پۆستی پێدەدرێت، بۆئەوەش بزووتنەوەكە بۆ گفتوگۆكانی لەگەڵ پارتی، سەرجەم پۆستەكانی لە بەڕێوەبەری گشتی تا هەرسێ سەرۆكی(هەرێم، حكومەت‌و پەرلەمان) لە وەرەقەیەكدا كۆكردەوەو پشكی خۆیی دیاریكردو لەگەڵ پارتی ڕێككەوتنی واژۆكرد لە بارەیانەوە.