خێزانی نەوشیروان مستەفا كۆچی دوایی كرد

17-03-2017 01:32
نەوشیروان مستەفاو شوعلەی خێزانی‌و نمای كوڕیان. فۆتۆ: پەرەگراف.

 

پەرەگراف


بەرەبەیانی ئەمڕۆ شوعلە عەلی خێزانی نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە تەمەنی 60 ساڵیدا لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری سلێمانی بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.

 

بەپێی میدیای فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ ناشتنی تەرمی خێزانەكەی چاوەڕێی گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا ناكرێت كە ئێستا بەهۆی نەخۆشییەوە لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایەو هێشتا بە فەرمی هیچ ڕانەگەیەندراوە لەبارەی گەڕانەوەی‌و بەشداریكردنی لە پرسەی خێزانەكەی.

 

میدیای گۆڕان بڵاویكردەوە، "كاتژمێر 4 تەرمی خاتوو شوعلە عەلی‌ لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلییەوە بەرەو گۆڕستانی شەهیدان لە سلێمانی بەڕیدەكرێت و دەنێژرێت."


شوعلە عەلی دوای ئەوەی ساڵی 1981 ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ نەوشیروان مستەفا پێكدەهێنێت، بەشداری‌ لەهەموو وێستگەكانی‌ خەباتی‌ شارو شاخدا كردووە، لە بنەماڵەكەیدا خاوەنی‌ چەندین شەهید و قوربانییە لەنێوایاندا دوو برای بە ناوەكانی شوان‌و شێركۆ لە ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابردوودا شەهید بوون.

 

شوعلە عەلی خاوەنی دوو كوڕو كچێكە بەناوەكانی، نما، چیاو چرا.