گرێكوێرەی پێكهێنانی حكومەت دەگوازرێتەوە بۆ نێوان نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی

24-04-2019 07:03
نێچیرڤان بارزانی دوای 21 ساڵ سەرۆكایەتی حكومەت جێدەهێڵێت‌و كابینەی مەسرور بارزانی دەستپێدەكات.


پەرەگراف- سوركێو محەمەد


گرێكوێرەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە نێوان پارتی‌و یەكێتی گۆڕاندا نەماوەو ئێستا كێشەو بەربەستی بەردەم پڕۆسەكە لەنێوان هەردوو ئاڕاستە جیاوازەكەی ناو پارتیدایە كە نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی سەرۆكایەتیی دەكەن.

دوای ئەوەی پارتی بەڵێنی زیادكردنی جێگرێكی دیكەی سەرۆكی هەرێمی دا كە دەدرێت بە یەكێتی، گرێ كوێرەی نێوان ئەو دوو حیزبە كرایەوە، ئەو بەڵێنە نیگەرانیی گۆڕانی لێكەوتەوە، بەڵام لە دواین پێشهاتدا گۆڕان، "ڕازیبووە سەرۆكی هەرێم دوو جێگری هەبێت‌و پەیامی ڕازیبوونی بۆ پارتی ناردووەو گوتویەتی ئەو پۆستە ناكەینە بەربەست لەبەردەم پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەت" بەوتەی سەرچاوەیەكی باڵا بۆ پەرەگراف.

هاوكات بەرپرسێكی باڵای گۆڕان ڕازیبوونی بزووتنەوەكەی بە زیادكردنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم پشتڕاست كردەوە، بەڵام ئامادەنەبوو وردەكاریی زاتر دەربارەی مەرج‌و داوای گۆڕان لەو بارەیەوە ئاشكرا بكات.

دوای پەیامەكەی گۆڕان بە ڕازیبوونیان لەبارەی زیادكردنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم، ئێستا یەكلایی كردنەوەی سێ پۆست لەناوخۆی پارتی بەربەستی بەردەم پڕۆسەكەیە كە دەبێت لە كۆبوونەوەی پەرلەمانەوە بە پەسەندكردنی یاسای كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم دەستپێبكات، سەرچاوەكەی پەرەگراف وادەڵێت كە ئاگاداری وردەكاریی كێشەكانە.

ئەوسەرچاوەيە كە ناوی ناهێنرێت لەبەرئەوەی ڕێگە پێدراو نییە لەسەر ئەو پرسە بۆ ڕاگەیاندن قسە بكات، وتی"پێشتر جۆرێك لە ڕێككەوتن لە نێوان ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی هەبووە بەوەی كە لەبەرامبەر دەستبەرداربوونی نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆكی حكومەت، هەریەكە لە وەزیری وەزارەتەكانی ناوخۆو سامانە سروشتییەكان‌و ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە دابنرێن، بەڵام ئێستا كێشە بۆئەوە دروست بووە."

پەرەگراف زانیویەتی، بارزانییەكان لەناو خۆیاندا كۆبوونەوەیان بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە كردووە، "بەڵام نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن."

سەرچاوەكە ئەوەشی خستەڕوو، "دوای پێدانی وەزارەتەكان بە یەكێتی‌و گۆڕان، 10 وەزارەت دەمێنێتەوە كە ڕەنگە 2 یان بدرێتە كەمینەكان، هەربۆیە ئەگەر ئەو سێ پۆستەی دیكەش نێچیرڤان بارزانی كاندیدیان بۆ دەستنیشان بكات، ئەوكات مەسرور بارزانی تەنها سەرۆكی حكومەت دەبێت‌و هیچی تر، هەربۆیە بەوە ڕازی نییە، بەتایبەت لەبارەی ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش‌و وەزارەتی ناوخۆ پێداگرە."

206 ڕۆژە هەڵبژاردن ئەنجامدراوەو پارتی وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، تائێستا تەنها لەگەڵ گۆڕان ڕێككەوتنی واژۆ كردووە بۆ دابەشكردنی پۆستەكان‌و لەگەڵ یەكێتی گەیشتووەتە ڕێككەوتن، بەڵام دوای یەكلاییكردنەوەی چۆنیەتی پڕكردنەوەی ئەو پۆستانەی بەر پارتی دەكەوێت لەناوخۆی حیزبەكەدا، ئەوكات ڕێككەوتن لەگەڵ یەكێتی واژۆ دەكات‌و هەنگاوی كرداریی دەنێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ.

بە دیاریكردنی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆكوەزیرانی هەرێم‌و نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی هەرێم، گۆڕانكاریی لەناو پارتی‌و دەسەڵاتی هەرێمدا ڕوودەدات، بەڵام ئەو دوو پۆستە بە تەنها نین، چەندین پۆست‌و دامەزراوەی دیكەیان پێوە گرێدراوە كە هێز بەو دوو پۆستە دەدەن، یەكێك لەوانە ئەنجومەنی ئاسایشە.

لە سەرەتای دامەزراندنی ئەنجومەنی ئاسایش، مەسرور بارزانی لەو پۆستەدایە تائێستا، ئەو دامەزراوەیە لەو چەند ساڵەی دروست بووە لە دەرەوەی بازنەی ئەو گفتوگۆیانە بووە كە حیزبەكانی هەرێم بۆ دابەشكردنی پۆست‌و دەسەڵات لەناو خۆیاندا ئەنجامیانداوە، بەڵام ئەمجارە بەدەر لە كەسی یەكەمی ئەنجومەنەكە كە بۆ پارتی دەبێت، پۆستەكانی دیكە ناو ئەنجومەنەكە خرانە ناو گفتوگۆی دابەشكردنی پۆستەكان، ئەنجومەنەكە پێكدێت لە؛ دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هەواڵگریی سەربازی‌و ئاژانسی پاراستن‌و زانیاریی(سەربە پارتی‌و یەكێتی-ن).

یاسای ئەنجومەنەكە(ژمارە 4ی ساڵی 2011) دەڵێت"ئەنجومەن ڕاوێژكارێكی دەبێت، لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە بە پلەی وەزیر دادەمەزرێت، دەزگاكانی سەربە ئەنجومەن بەڕێوەدەبات‌و سەرپەرشتییان دەكات‌و هەماهەنگییان لە نێواندا دەكات."

تا ساڵی 2017 ئەنجومەنەكە سەربە مەسعود بارزانی بوو وەك سەرۆكی هەرێم، بەڵام دوای ئەوەی ئەو پۆستە نەماو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دابەشكران بەسەر دامەزراوەكانی دیكەدا، پۆستەكە گرێدرا بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە.

لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا، مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی ئاسایش جێدەهێڵێت‌و دەبێتە سەرۆك وەزیران، "بەڵام نایەوێت ئەنجومەنەكەی لە دەست بچێت."

بەهۆی حیزبیی بوونی هێزی چەكدارو ئەمنیی‌و هەواڵگریی لە هەرێمی كوردستان، كەسانی باڵادەستی ناو ئەو هێزانە پێگەی بەهێزیان دەبێت لە ناوخۆی حیزبەكانیاندا، ئەمە بەدەر لە پێگە فەرمیی‌و حكومییەكانیان، هەربۆیە بەردەوام دانانی بەرپرسانی ئەو هێزانە بەشێكە لە ململانێی ناوخۆیی پارتی‌و یەكێتی كە خاوەنی ئەو دامودەزگایانەن.