یادی نەوشیروان مستەفا ئاڕاستە جیاوازەكانی گۆڕان لە دەوری مێزێك كۆدەكاتەوە؟

18-05-2019 08:25
نەوشیروان مستەفا، ڕێكخەری پێشووی گۆڕان. وێنە؛ سوركێو محەمەد


پەرەگراف- سوركێو محەمەد

لە یادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا، پرسی گفتوگۆی ناوخۆیی بۆ چارەسەری كێشەكانی گۆڕان بووەتە باسێكی گەرمی ناو بەرپرسانی ئەو بزووتنەوەیە، ناڕازییەكان هەندێكیان هێندە بەتەنگ چارەسەری كێشەكانەوەن، بە "خەون پێوە بینین" ناوی دەبەن، هەندێكی دیكەشیان دەڵێن: كێشەكان بە جۆرێك قووڵ بوونەتەوە چارەسەریان "ئەستەمە".

دووەم ساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕانە، بزووتنەوەكە لە دوای مەرگی ڕێكخەرەكەی ڕوبەڕوی كێشەی قووڵ بووەتەوەو چەندین بەرپرسی باڵا لێی دوور كەوتوونەتەوە، تائێستاش هیچكام لەو هەوڵانە سەركەوتوو نەبوون كە لە قۆناغە جیاجیاكاندا دراون بۆ چارەسەری گرفتەكان.

كێشەو ناكۆكییەكان بەجۆرێكن ڕۆژانی ڕابردوو بەرپرسانی ئاڕاستە جیاوازەكانی گۆڕان(ڕازیی‌و ناڕازیی)، بە ئاشكراو لە میدیاكانەوە ڕەخنەی تووندیان ئاڕاستەی یەكتر كرد، بەڵام هەمووان هێشتا بە گەورەیی باسی نەوشیروان مستەفا دەكەن، بەجۆرێك ئاڕاستە ناڕازییەكەی گۆڕان، بەرپرسانی بزووتنەوەكە بەوە تۆمەتبار دەكەن كە "لە ڕێبازی نەوشیروان مستەفا لایانداوە".

هەربۆیە هەندێك بەرپرسی گۆڕان، دووەم ساڵیادی ڕێكخەرەكەیان وەكو دەرفەتێك دەبینن بۆ گفتوگۆو چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانیان، هەریەكە لە یوسف محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق‌و عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەكە لە پەرلەمانی كوردستان، لەناو ئەو بەرپرسانەی گۆڕاندان كە پەیامی ئەنجامدانی گفتوگۆی ناوخۆییان بڵاوكردووەتەوە.

"چارەسەر كردنی گرفت و كێشەكان بە سەنگەر لێكگرتن و سەنگەر گرتن لە گۆڕان‌و تۆمەت داتاشین و تەخوین كردنی یەكتر نابێ، بە گفتوگۆی هاوڕێیانەو ڕەخنەی بنیاتنە‌ر و لێكتێگەیشتن دەبێ" یوسف محەمەد وادەڵێت.

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە، گۆڕان هێشتا لەباریایەتی بتوانێ پێشەنگایەتیی بەرەی چاكسازی لەناوخۆی هەرێم بكات، ئەوەش دەبەستێتەوە بە"خۆڕێكخستنەوەو خۆنوێكردنەوەو چارەسەری كێشە ناوخۆییەكان".

هاوكات عەلی حەمەساڵح لەسەر هەمان پرس نووسیویەتی "ئێمە بتوانین لەگەڵ پارتی و یەكێتی گفتوگۆ بكەین، چۆن ناتوانین لە نێوخۆی خۆمان بەرنامەیەك بۆ بەڕێوەبردنی گۆڕان ئامادە بكەین".

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، ئەوەش دەخاتە ڕوو، گۆڕان پێویستی بە ڕەخنە لێگرتنە بۆ چاككردن، "هەموو ڕەخنەیەك لە سەنگەری گۆڕانەوە بۆ چاككردنی گۆڕان ڕەوایە، بەڵام سەنگەر گرتن لە گۆڕان خزمەتە بە نەیارەكانمان".

كێشە ناوخۆییەكانی زۆرن‌و بەشێكیان هەمان ئەو كێشانەن كە حیزبەكانی دیكەش بە دەستیانەوە گیرۆدە بوون، ئەو كێشانە هەندێكیان لە سەردەمی نەوشیروان مستەفاشدا هەبوون، بەڵام ئەو تایبەتمەندییانەی لەودا هەبوون وایكردبوو كێشەكان وەك قۆناغی دوای خۆی نەتەقنەوە، هەرچەندە ئەوكاتیش ناڕەزایی هەبوون، بەڵام نەدەگەیشتە ئەوەی لەسەر هەموو ئاستەكانی ناو گۆڕان لێكترازان ڕووبدات وەك ئەوەی ئێستا هەیە.

عەبدوڵا كوێخا موبارەك، ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان، لەبارەی گفتوگۆی ناوخۆیی‌و چارەسەری كێشەكانیان بۆ پەرەگراف وتی "ئێمە خەو بەوەوە دەبینین‌و هەنگاوێكی زۆر زۆر باشە".

ئەو كە باژێڕوانی مەكۆی چەمچەماڵی گۆڕان بوو، دوو خاڵ وەك كێشەی سەرەكیی ناودەبات كە پێویستیان بە چارەسەرە، وتی "یەكەم سیاسەت‌و بڕیاردانی گۆڕان بە تەواوی لەژێر دەستی جڤاتی نیشتیمانی بێت‌و هەموان پەیوەست بن بەو بڕیارانەی جڤات بە زۆرینە دەیدات‌و پابەندبن بە جێبەجێكردنی‌و كەس كێشەی بۆ دروست نەكات".

دەربارەی كێشەی دووەم وتی "خاوەندارێتی‌و ئیدارەدان‌و بابی دارایی، بەتایبەت مەكۆی سەرەكیی لەژێر دەستی بزووتنەوەكەدا بێت‌و لەژێر دەستی كەس‌و گروپ نەبێت".

عەبدوڵای كوێخا موبارەك پێیوایە چارەسەری كێشەكانی ناو گۆڕان پەیوەندیی بە دونیابینیی كەسەكانەوە هەیە، وتی "لەلایەن ئاڕاستەی بەرامبەر خەڵك هەیە ڕەنگە بەهیوابێت گۆڕان بكەوێتەوە سەرپێی خۆی، لەناو ئێمەش ڕەنگە خەڵك هەبێت بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی هەبێت‌و لەپێناو بەرژەوەندیی تایبەت ناڕازیی بێت".

ئەو بەرپرسە دەستلەكار كێشاوەیەی گۆڕان پەیامی ئاڕاستەی بەرپرسانی بزووتنەوەكە كرد كە بە "ڕقی شەخسیی" كار نەكەن، وتیشی"ئەگەر تائێستا بەریەككەوتنیش هەبووە بیكەینە قوربانیی ئەوەی ئەگەر بەرامبەرەكەمان ڕازی بوون بەو خاڵانە ئامادەی گفتوگۆ بین".

تائێستا چەندین ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی‌و گشتیی گۆڕان‌و دەیان هەڵسوڕاو دەستیان لەكار كێشاوەتەوەو لە بزووتنەوەكە دووركەوتوونەتەوە، ئەوەش دوای دووركەوتنەوەی هەریەكە لە قادری حاجی عەلی‌و عوسمانی حاجی مەحمود كە دیارترین دوو بەرپرسی ناڕازیی گۆڕان بوون.

دواین گروپی دەستلەكار كێشانەوە لە ڕیزەكانی گۆڕان دوو ڕۆژ لەمەوبەر بوو، كاتێك 5 هەڵسوڕاوی باڵای بزووتنەوەكە لە كەركوك وازهێنانیان ڕاگەیاند، لەناویاندا دوو ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی‌و ئەندامێكی جڤاتی گشتیی هەبوون.

ئەحمەد عەزیز، ڕێكخەری ژوری ناوچە كوردستانییە دابڕێندراوەكانی گۆڕان، یەكێك بوو لەوانەی دەستی لەكار كێشایەوە، ئەو پێیوایە بۆ چارەسەری كێشەكان، گفتوگۆ پێویست نییە، بۆ پەرەگراف وتی "خۆیان دەزانن كێشەكان چییەو چەندین پڕۆژەیان پێدراوە، ئەو پڕۆژانەی گروپەكانی گۆڕان پێشكەشیان كردووە جێبەجێی بكەن، گۆڕان باش دەبێت، ئەوان گوێیان لەو پڕۆژانەش نەگرتووەو گۆڕانیشیان بەلاڕێدا بردووە".

ئەو كە هاوكات ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەكە بوو، چارەسەری كێشەكان بە "ئەستەم" ناودەبات، وتی "بەتایبەت خانەی ڕاپەڕندن ئەو هەموو لادان‌و پێشێلكارییانەی كردوویەتی مەگەر خۆی هەڵبوەشێنێتەوە ئەوكات بواری گفتوگۆ هەبێت".

ئەحمەد عەزیز سەرچاوەی كێشەكانی بزووتنەوەكەی لە دوو خاڵدا چڕ كردەوە كە نزیكن لە هەمان دوو خاڵەكەی عەبدوڵای كوێخا موبارەك باسیكردن.

"خانەی ڕاپەڕاندن شكستیان هێناوەو زۆر دەمێكە، خەڵك نائومێدبوو كە ئەوان دەستلەكار بكێشنەوە بۆیە خەڵك گروپ گروپ گۆڕانی بۆ ئەوان بەجێهێشت، بۆنمونە كاتی هەڵبَژاردن كە نیوەی دەنگەكان لەدەستدران ئەوان دەبوو دەستیان بكێشایەتەوە"ئەحمەد عەزیز وای وت.

وتیشی"پرسی كۆمپانیای وشەو گۆڕان یەكلایی بكرێتەوە. هەموو كێشەكانی گۆڕان لەو دوو خاڵەوە سەرچاوە دەگرن، خانە جورئەتی نەبوو پرسی كۆمپانیای وشە لەگەڵ كوڕەكانی كاك نەوشیروان یەكلایی بكاتەوە بۆیە كێشەكان ئەوەندە قوڵبوونەوە چارەسەریان ئەستەمە".

كۆمپانیای وشە پێشتر بەناوی نەوشیروان مستەفاوە بوو، ئێستا بەناوی كوڕەكانییەوەیەتی، كۆمپانیاكە خاوەنی ئەو موڵك‌و ماڵەیە كە لە نەوشیروان مستەفا بەجێماوە، ئەو خاوەندارێتییە لە دوای كۆچی نەوشیروان مستەفا هەڵایەكی زۆری لەناو گۆڕان دروست كردو تائێستاش لێكەوتەكانی بەردەوامن.

موڵك‌و پارەی دەستی نەوشیروان مستەفا بۆ دامەزراندنی گۆڕان ئەوەبوو كە ساڵی 2006 لە مام جەلال سكرتێری گشتیی یەكێتی وەرگرتبوو؛ 10 ملیۆن دۆلار لەگەڵ گردی زەرگەتەو تەلاری چاودێری دارایی لە سلێمانی، دواتریش بۆ دەستخستنی داهات بووە خاوەنی پشكی لەسەدا 25ی سۆپەرماركێتێك بەناوی میترۆ لە تەنیشت گردەكە، پاشان مۆڵەتی كارگەیەكی چیمەنتۆی وەرگرت(ئێستا پشكیان هەیە لە كارگەی گاسن)، ئەمانە بەناوی كۆمپانیای وشەوەن.