خۆشەویستی لە جەنگدا، دوو هاوسەر فەرماندەیی بەرەیەكی شەڕ دەكەن لەدژی داعش

18-03-2017 02:54
كەركوك، بەرزاییەكانی گۆبەیبە، مانگی ئازاری 2017، هەڵۆ و زوهرە چاودێری بەرەكانی شەڕ دژی داعش دەكەن. فۆتۆ: كەركوك ناو.


پەرەگراف- كەركوك ناو

 

پێكەوە لە بەرزاییەكانی گۆبەیبەی ڕۆژئاوای كەركوكەوە چاودێری ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش‌و جموجۆڵی چەكدارانی ئەو ڕێكخراوەیان دەكرد، ئەمە ئەركی ڕۆژانەیانە، تەنها خەمی ئەو دوو هاوسەرە پاراستنی سەنگەرەكانی پێشمەرگە بوو لە هێرشی لەناكاوی داعش.

 

هەڵۆ ڕەمشتی‌و زوهرە هەورامی، دوو خۆشەویست‌و دوو پێشمەرگەی پارتی ئازادی كوردستانن، كە لە سەرەتای شەڕی داعشەوە لە نێو سەنگەرەكاندا پێكەوە فەرماندەیی بەرەی پێشەوەی شەڕ دەكەن‌و بەهاوبەشی لە چەند شەڕێكی قورسدا بەشداربوون.

 

هەڵۆ كە شارەزایەكی پوچەڵكردنەوەی بۆمبە، ساڵی 2015 بەسەختی برینداربوو، كاتێك بۆمبێك پێیدا تەقییەوەو بەهۆیەوە قۆڵی چەپی لەدەستدا، بەڵام ئەوە نەبووەهۆی ئەوەی لەگەڵ هاوسەركەی كۆڵبدەن‌و سەنگەرەكان چۆڵبكەن.

 

درەنگانی ئێوارەیەكی مانگی ئازاری 2017، هەڵۆو زوهرە كە جلی سەربازیان لەبەردابوو، پێكەوە بە دووربین چاودێری چەكدارەكانی داعشیان دەكرد، زوهرە وتی"ژیانی پێشمەرگایەتیم زۆر پێخۆشترە، وەك لەوەی لەشار بمێنمەوە، چونكە خەمی من پاراستنی خاكە، لە هێرشی داگیركەران"، وەك ئاماژەیەك بۆ داعش.

 

ئەگەر لە ڕابردوودا كچان‌و ژنان خۆیان لە بەشداریكردنی شەڕ بواردبێت، ئەوا بەشداریكردنی شەڕ لەلایەن ژنانەوە لەئێستادا سیحری شەڕی لای ژنان بەتاڵكردووەتەوە.

 

پارتی ئازادی كوردستان كە هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانە‌و بەشداریی دەكات لەشەڕی دژ بە داعش، لەئێستادا هێزەكانیان لەقەزای باشیك لە دەشتی نەینەواو لەڕۆژئاوای كەركوك بونیان هەیە، ژنان بەشێكی گرنگی هێزەكانیان پێكدەهێنن.

 

زوهرە هەورامی، خێزانی هەڵۆ، سەرپەرشتی پێشمەرگە ژنەكانی حیزبەكەی دەكرد، وتی "لە زۆربەی شەڕەكاندا لەگەڵ هەڵۆی هاوسەرمدا پێكەوە بەشداربووین بەتایبەت لەكاتی هێرشەكانی ئەمدواییەدا بۆ سەر چەكدارەكانی داعش."

 

 كەركوك، بەرزاییەكانی گۆبەیبە، مانگی ئازاری 2017، هەڵۆ رەمشتی‌و زوهرە هەورامی، فەرماندەیی بەرەكانی شەڕ دەكەن لەدژ داعش. فۆتۆ: كەركوك ناو.

 

داعش لەناوەڕاستی 2014، هێرشكردە سەر كەركوك‌و سەدا 32ی خاكەكەی كۆنتڕۆڵكرد، پێشمەرگەكانی پارتی ژیانی ئازاد، كە هەڵۆو زوهرە فەرماندەیی بەشێكیان دەكەن چوونە بەرەكانی جەنگ لە ڕۆژئاوای كەركوك‌و بەشداریی چەندین شەڕیان كردووە.

 

زوهرە وتی"زۆرجار هەڵۆ لەدەستەی هێرشبردنە، منیش لەو دەستەیەم كە بەدوای هەڵۆدا هێرشدەكەینەسەر ئامانجە بۆ دیاریكراوەكانمان."

 

26-2ی ئەمساڵ كچە پێشمەرگەیەكی ئەو پارتە لەباشیك هاوەنێكی چەكدارانی داعش لە نزیكی كەوتەوەو دوای برینداربوونی گیانیلەدەستدا.

 

هەڵۆی هاوسەری زوهرەش لەكاتی كۆنتڕۆڵكردنەوەی گوندی گۆبەیبەی ڕۆژئاوای كەركوكدا بۆمبێك پێیدا تەقیەوەو قۆڵی چەپی لەدەستدا.

 

زوهرە وتی"ئەو ڕۆژەی هەڵۆ برینداربوو، من لە پرسەی كەسێكی تر بووم، كاتێك هەواڵی برینداربوونی هەڵۆم بیست ئۆقرەم لێبڕاو خۆم گەیاندە لای."

 

هەڵۆ و زوهرە جیاواز لەو هاوسەرانەی كە لەشارو شارۆچكەكاندا ژیان بەسەردەبەن‌و بیریان لای بەخێوكردنی ماڵ‌و منداڵە، ئەوان هەمیشە بیریان لای پاراستنی سەنگەرەكان‌و بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی داعشە.

 

ئەو دوو هاوسەرە لەنێو خانویەكی سادەی بەچینكۆ سەر داپۆشراوی نێو سەنگەرەكاندا ژیان بەسەردەبەن، هەمیشە پابەندن بە جێبەجێكردنی ڕێوشوێنی سەربازیی‌و پێكەوە ئەركە سەربازیەكانیان ڕادەپەڕێنن.

 

هەڵۆ ڕەمشتی، وتی"دوای برینداربوونم‌و لەدەستدانی دەستێكم، زوهرە هەمیشە هاوكارمە لە ئیشوكاری ماڵەوەو جێبەجێكردنی ئەركە سەربازیەكانیشمدا."