كۆنگرەی یەكێتی بازاڕی تەكەتول گەرم دەكات؛ "هەموو باڵەكان" ڕێككەوتنی پێشوەختیان دەوێت

27-08-2019 07:57


پەرەگراف- سوركێو محەمەد

یەكێتی بەرەو دیاریكردنی ڕۆژی گرنگترین كۆبوونەوەی ڕێكخراوەیی هەنگاو دەنێت بۆ خۆنوێكردنەوەو گۆڕانكاریی لە شێوازی بەڕێوەبردن‌و لوتكەی دەسەڵاتی حیزبیی، ئەوەش وایكردووە لەسەر ئاستی ئۆرگانەكانی ئەو حیزبە بازاڕی تەكەتول‌و گروپ دروستكردن گەرم ببێت.

هەرچەندە كەس بە ئاشكرا باسی ڕێككەوتنی پێشوەختەی نێوان باڵەكان ناكات، بەڵام ئەندامانی سەركردایەتی ئەو حیزبە دەڵێن، لەپشتی پەردەوە "هەمووان لەسەر تەوافوق كۆكن"‌و جیاوازییان لە شێوازو چۆنیەتی ڕێككەوتنەكەدایە.

كۆنگرە باڵاترین دەسەڵاتەو ئەو كۆبوونەوە فراوانەیە كە تێیدا لوتكەی دەسەڵاتی حیزب هەڵبژاردنی بۆ دەكرێت، هەنگاونان بۆ بەستنی كۆنگرەی یەكێتی لە دۆخێكدایە ئەو حیزبە دابەشبووە بەسەر سێ باڵی سەرەكیی‌و لە خوار ئەو باڵانەشەوە چەندین گروپی جیاواز دروست بوون كە هەندێكیان ئێستا لە نێوان باڵەكاندا یاریی دەكەن.

ڕێككەوتنی پێشوەخت

بەرپرسانی باڵای یەكێتی بە ئاشكراو لە ڕاگەیاندنەكانەوە بەردەوام دژایەتیی پیشاندەدەن بۆ تەوافوقی پێشوەختەو پشك پشكێنە، بەڵام چەند ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی كە پەرەگراف قسەی لەگەڵدا كردوون، تەئكید لەوە دەكەنەوە هەموو باڵەكان ڕێككەوتنی پێشوەختیان پێباشەو تەنانەت زۆربەی سەركردەكانی یەكێتی پێیانوایە بەبێ تەوافوق كردن ناتوانن كۆنگرە ببەستن.

كۆسرەت ڕەسوڵ‌و ماڵی مام جەلال دوو باڵی سەرەكیی حیزبەكەن، بەرهەم ساڵحیش سەرۆكایەتی باڵێكی دیكە دەكات‌و هەرچەندە دەیەوێت بێلایەن بێت لە نێوان دوو باڵەكەی دیكە، بەڵام لە كۆسرەت ڕەسوڵەوە نزیكترە تا ماڵی مام جەلال.

"هەر لە هەنگاوی یەكەمەوە كە ئەندامانی كۆنگرە كێ دەبن‌و چۆن دیاریی دەكرێن، ناكۆكیی هەیە هەتا هەیكەلی سەركردایەتی داهاتووی حیزب‌و شێوازی بەڕێوەبردن، هەربۆیە ئەگەر ڕێككەوتنی پێشوەخت نەكرێت زەحمەتە كۆنگرە ببەسترێت‌و یەكێتی ناو یەكێتی بپارێزێت" ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئەوەشی خستە ڕوو، هەرسێ باڵە سەرەكییەكەی یەكێتی هاوڕان لەسەر جۆرێك لە ڕێككەوتنی پێشوەخت‌و هەمئاهەنگیی بۆئەوەش گفتوگۆكانی پشتی پەردە لە نێوانیاندا بەردەوامن.

ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی پێیان باش نییە لە ئێستادا بە ناوی خۆیانەوە قسە لەسەر كۆنگرە‌و كێشەكان بكەن، تا ئەو كاتەی بەتەواوی بەرچاویان ڕوون دەبێت كە چۆن كۆنگرەیەك دەبەستن، ئەندامێكی دیكەی سەركردایەتی ئەو حیزبە بە هەمانشێوە تەئكیدی لە پێویستیی ڕێككەوتنی پێشوەخت كردەوە، وتی "تەنانەت لەسەردەمی مام جەلالیشدا جۆرێك لە ڕێككەوتنی پێشوەخت هەبووەو لە كۆنگرەی سێ، دانانی جێگرانی سكرتێری گشتی بەبێ هەڵبژاردن هەر لەو چوارچێوەیەدا بوو".

هەر لەبارەی ڕێككەوتنی پێشوەخت كە گرنگترین پرسی پەیوەست بە كۆنگرەیە، سەركردایەتییەكی دیكەی یەكێتی پێیوایە، دۆخی حیزبایەتیی‌و دیموكراسیەت نەك لە هەرێم، بەڵكو لەم ناوچەیە نەگەیشتووەتە ئاستێك بەبێ ڕێككەوتنی پێشوەخت حیزبەكان بتوانن كۆنگرە ئەنجام بدەن‌و خۆیان نوێ بكەنەوە.

"بەڵام نابێت تەوافوقی پێشوەخت بە جۆرێك بێت مانایەك نە هێڵێتەوە بۆ بەستنی كۆنگرەكەو هەموو شتێك پێشتر دابەش بكرێت‌و ڕێككەوتنی لەسەر بكرێت، دەكرێت لەسەر چەند خاڵێكی سەرەكیی‌و گشتیی ڕێككەوتن بكرێت‌و دواتر ئازادیی بدرێتە ئەندامانی كۆنگرە كە ڕۆڵیان هەبێت لە دانانی نەخشەڕێگای داهاتووی یەكێتی‌و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حیزبەكە" ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی وای وت.

پلە بەرزكردنەوەو دروستبوونی ناڕەزایی

بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا یەكێتی ڕۆژی كۆنگرەی چوارەمی دیاریی بكات كە 6 ساڵ بەسەر وادەی بەستنیدا تێپەڕ بووە، هەر لە ئێستاوە باڵەكان كەوتوونەتە ئامادەكاریی چڕوپڕ.

ڕۆژانە لە مەكتەب‌و مەڵبەندو ئۆرگانە جیاوازەكانی یەكێتی، كادیرو بەرپرسان گروپ گروپ كۆدەبنەوەو سەردەنێن بە یەكەوەو باس باسی كۆنگرەو بەهێزكردنی گروپ‌و باڵەكانە، ئەمە دۆخی ناوخۆی یەكێتییەو لەگەڵ نزیكبوونەوە لە وادەی بەستنی كۆنگرەكە ئەو دۆخە ناوخۆییە چڕتر دەبێتەوەو باڵەكان زیاتر دەكەونە جموجۆڵ.

ئێستا دەسەڵات لای كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتییە، بەتایبەت لە نەبوونی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە گۆڕەپانەكەدا بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستییەوە، كۆسرەت ڕەسوڵ بووەتە بڕیاردەری سەرەكیی حیزبەكە.

"كاك كۆسرەت لە دوو مانگی ڕابردوودا پلەی دەیان كادیری حیزبیی بەرز كردووەتەوە بە ئامانجی كاریگەریی دروستكردن لەسەر زیادبوونی ژمارەی ئەندامانی كۆنگرە لە باڵەكەی خۆی، دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیش بە ڕێژەیەكی كەم پلە بەرزكردنەوەی كردووە" سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو یەكێتی بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "بۆنمونە تەنها لە یەكێك لە مەكتەبەكانی یەكێتی لە ماوەی دوو مانگدا فەرمان بۆ 10 كەس دەركراوە وەك ئەندامی ئەنجومەنی مەكتەب كە هەمان ماف‌و ئیمتیازاتی ئەندامی مەكتەبی هەیە، بەڵام ئەندامی مەكتەب دەبێت لە ئەنجومەنی ناوەند پەسەند بكرێت‌و جێگری سكرتێر ناتوانێت دایان بنێت، هەربۆیە كاك كۆسرەت پلەكانیان بە ئەندامی ئەنجومەنی مەكتەب بەرزدەكاتەوە".

لەبارەی كاریگەریی ئەو پلە بەرزكردنەوانە بۆ كۆنگرە، ئەو سەرچاوەیە وتی "زۆربەی ئەندامانی مەكتەبەكان سەربە باڵی ماڵی مام جەلالن‌و بەپێی پەیڕەو ئەوان دەبنە ئەندامی كۆنگرە، بەڵام ئێستا ڕایەك دروست بووە كە لە هەموو ئۆرگان‌و مەكتەبەكان بە هەڵبژاردن ئەندامانی كۆنگرە دیاریی بكرێن، ئەم پلە بەرزكردنەوانەی ئێستاش لەو كاتەدا‌و بۆ ئەو هەڵبژاردنە ناوخۆییە كاریگەرییان دەبێت".

پەیڕەوی ناوخۆی ئێستای یەكێتی ئەوەی دیاریی كردووە كە ئەندامانی كۆنگرەی چوارەمی ئەو حیزبە كێ دەبن‌و نابێت لە هەزار كەس زیاتر بن، بەپێی پەیڕەوەكە ئەندامانی مەكتەبەكانی یەكێتی بەبێ هەڵبژاردن دەبنە ئەندامی كۆنگرە، بەڵام ئێستا ڕای زاڵ ئەوەیە ئەوانیش هەڵبژاردنیان بۆ بكرێت.

"پەیڕەوەكە لە چەندین لایەنەوە پێشێلكراوەو وەكخۆی كاری پێ ناكرێت، بۆنمونە دیاریی كردووە كە ژمارەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی دەبێت 9-11 كەس بن، بەڵام ئێستا زیاترن، هەروەها زۆربەی ئەندامانی مەكتەبەكانی بە 7 كەس دیاری كردووە بەڵام زۆر لەوە زیاترن، هەربۆیە دەربارەی ئەندامانی كۆنگرەی چوارەم كە پەیڕەوەكە دیاریی كردووە پێناچێت وەكخۆی جێبەجێ بكرێت‌و ئێستا گفتوگۆ لەسەر میكانیزمی دیكە دەكرێت" ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی وادەڵێت.

بەشێك لەو كەسانەی لە چەند مانگی ڕابردوودا پلەی حیزبییان لەناو یەكێتی بەرزكراوەتەوە، ئەوانەن كە پێشووتر لەگەڵ بەرهەم ساڵدا ڕۆیشتوون‌و بوونەتە هاوپەیمانیی نیشتیمانی‌و دوا گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح ئەوانیش گەڕاونەتەوە ناو یەكێتی.

سەرچاوەیەكی ئاگادار دەڵێت "زیاتر لە مەڵبەند‌و كۆمیتەكان ئەوانەی هاوپەیمانی بوون‌و گەڕاونەتەوە پلەیان بەرزكراوەتەوە، هەیە پێشتر پلەی نەبووەو ئێستا پلەی بەرزی پێدراوە، بەوهۆیەوە ناڕەزایی دروست بووەو هەندێك لە ناڕازییەكان چوونەتە ماڵەوەو دانیشتوون".

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، پێویستبوو كۆنگرەی چوارەم لە مانگی 10ی 2013دا ببەسترایە، دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ بەسەر وادەكەیدا، كۆتایی مانگی ڕابردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە كۆبوونەوەیەكدا تەئكیدی لەوە كردەوە پێش كە دەبێت كۆتایی ئەمساڵ كۆنگرە ببەسترێت.

كۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی 3 ڕۆژ لەمەوبەر ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی كۆدەبێتەوە و دەربارەی بەستنی كۆنگرە بڕیار دەدات.

كۆسرەت ڕەسوڵ جەختی لەوە كردەوە كە هەموویان پێیان باشە حیزبەكە كۆنگرە ببەستێ و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان بدات. سەبارەت بە خۆ كاندیدكردنەوەی لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا، وتی "جارێ مەعلوم نییە خۆم هەڵدەبژێرمەوە یان نا".