ماڵ لە خاوەن ماڵ حەرامە؛ بۆردومانەكانی توركیا ژیانی لە سەدان خێزان شێواندووە

21-10-2019 06:43
پیاوێك لەناو ئاسەواری خاپووربوونی خانوویەك بەهۆی بۆردومانی توركیاوە لە 18-1-2015، بۆسەر ماڵی هاونیشتیمانییان لە گوندی زارگەلی سەربە شارەدێی وەرتێی قەزای ڕەواندوز


پەرەگراف– مەسعود هادی

هاوكات لەگەڵ ئاوارەبوونی سەدان هەزار كەس بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە لە ڕۆژئاوای كوردستان، لە هەرێمی كوردستانیش دەیان گوند چۆڵ بوون‌و خەڵك ترسی گەڕانەوەیان هەیە بۆ زێدی خۆیان، ئەمەش هەربەهۆی هێرش‌و بۆردومانی توركیا بە پاساوی بوونی پەكەكە لە ناوچەكە.

زكری عەبدلقادر، ساڵانێكە گوندێكی پڕ لە بەرەكەت و بە بەرهەمی بەجێهێشتووە، لە جەنجاڵی شاردا و لە خانوویەكی كرێدا بە ناچاری ڕۆژ بەڕێدەكات، ئەگەر ویستیشی لەسەربێ، ناتوانێت بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆی.

گوندەكەی زكری، بەرجی پێدەڵێن؛ دەكەوێتە سنوری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆك، بەهۆی ترسی شەڕ و ئاڵۆزیی‌و بۆردومانی توركیا بە پاساوی هەبوونی پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە)، تا دێت خەڵكی زیاتری ناوچەكە، لە زێدی خۆیان دەبن.

"بەهۆی جموجۆڵی سەربازی لە سنورەكەمان و هاتنی زیاتری هێزی پێشمەرگە بۆ قەزای ئامێدی، بەشێك لە هاوڵاتیانی ناوچەكە ڕویانكردۆتە پارێزگای دهۆك، ئێستا هاوشێوەی من ئەوانیش لەخانوی كرێدان" زكری عەبدولقادر بۆ پەرگراف وای وت.

"بەداخەوە لە وڵاتی خۆماندا ناتوانین بە ئازادی بێین و بچین، ڕۆژانە سنورەكەمان بە پاساوی بونی پەكەكە بۆردومان دەكرێت، بەڵام هاوڵاتیان باجەكەی دەدەن و دەبنە قوربانی".

بۆردومانە ئاسمانییەكانی توركیا، چەندین ساڵە بە بیاوی پەكەكەوە بۆ ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامیی هەیە و تائێستاش، دەیان هاوڵاتی مەدەنی كوژران و برینداربون، جگە لە زیانی زۆری ماددی.

ئەوەی زیاتر بۆتە ترس لای خەڵك، توندبونەوەی ئاڵۆزییەكانی نێوان پەكەكەیە لەگەڵ توركیا، بەوپێیەی ئەو وڵاتە نایشارێتەوە لە هەوڵی ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراواندایە بۆ سەر قەندیل، لەو ڕووەشەوە هێزێكی پێشمەرگە ڕەوانەی ناوچەكانی دەوروبەری سنوری حوكمڕانی پەكەكە كراون.

خالد ئەحمەد، كارگێڕی لقی یەكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دهۆك، كە پارتەكەی حوكمڕانی سنورەكانی دەوروبەری پەكەكەیە لە بادینان، بۆ پەرەگراف وتی "كۆكردنەوەی هێز لەسنوری قەزای ئامێدی و زاخۆ بۆ ئەوەیە ناوچەكە بپارێزین لە شەڕی نێوان توركیا و پەكەكە، تا ڕێگەنەدەین شەڕی ئەوان بێتە ناو شارەكانی هەرێم".

پارتی لەگەڵ پەكەكە، پەیوەندییەكانیان لە ئاڵۆزیدایە، ڕۆژانە لە میدیاكان و لێدوانی لێپرسراوانیانەوە، دەیان تۆمەتی جیاواز ڕوبەڕوی یەكتری دەكەنەوە.

"داوادەكەین پەكەكە دوربكەونەوە لە شار و گوندەكان" خالد ئەحمەد وتیشی، "ناكرێت پەكەكە ڕێكخۆشكەر بێت بۆ ئەوەی بیانوو بداتە توركیا و هاوڵاتیانی كورد لە باشوری كوردستان بۆردومان بكات یان گوندەكان بەوهۆیەوە چۆڵببن".

حكومەتی هەرێم و دامەزراوە فەرمانییەكانی دیكەش، هەمان قسەی پارتی دەكەن، لەگەڵ هەموو بۆردومانێك و كەوتنەوەی قوربانی مەدەنیدا، داوا لە پەكەكە دەكەن ناوچە سنورییەكان بەجێبهێڵن تا پاساو نەدرێتە توركیا بۆ هێرشكردنە سەر هەرێم.

كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە)، -كە پەكەكە بەشێكە لێی-، زیاد لە جارێك پاساوەكانی حكومەتی هەرێمی ڕەتكردۆتەوە و پێیوایە توركیا، بە مەبەست خەڵكی مەدەنی دەكاتە ئامانج لەبەر كوردبون و ئەگەر ئەوانیش نەبن، ئەو وڵاتە هەر ویستی پەلاماردانی هەرێمی هەیە.

عەبدولرەحمان سەبری، نوسینگەی كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی هەیە لە دهۆك، دەڵێت، بەهۆی مەترسی شەڕ و بۆردومانەوە، خانوی كرێ لە پارێزگاكەدا دەستانەكەوێت و ئەوەیشی هەیە، نرخی زۆر بەرزبۆتەوە، بەوپێیەی خەڵكی زۆر ڕویكردۆتە سنورەكە.

"نرخی كرێی مانگانەی خانوویەكی سادە گەیشتۆتە 600 دۆلار و ئەوەش بە ئاسانی دەستناكەوێت" بەوتەی سەبری بۆ پەرەگراف.

گەریلاكانی پەكەكە، زیاتر لە 20 ساڵە، لە سەردەمی شەڕی ناوخۆیی یەكێتی و پارتییەوە، ڕویانكردۆتە ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان و لەوكاتە بە دواوە، لەگەڵ بەشێك لە حیزبە كوردییەكان كەوتنە شەڕەوە و بە هێنانی هێزی زیاتر، لە ناوچەیەكی بەرفراواندا جێگیربون.

سنوری حوكمڕانی پەكەكە، ناونراوە بە هەرێمی پاراستنی میدیا، ئەوان دەكەونە ناوچەی قەندیل، لە كوێستانەكانی زنجیرە چیای زاگرۆس، كە هاوسنوری نێوان هەرسێ پارچەی باشور، باكور و ڕۆژهەڵاتی كوردستانە.

قەندیل، ناوچەیەكی سەختی شاخاویی بەرزە، پێشتریش پەناگەی زۆربەی شۆڕشەكانی كورد بووە و لە ئێستادا، دەسەڵاتی حوكمڕانی حكومەتەكانی هەرێم و عێراقیشی پێناگات.

شێرزاد عومەر، ناوی خوازراوی هاوڵاتییەكی نیشتەجێی شیلادزێیە، بۆ پەرگراف وتی "ناوچەكەمان لەسەربازگە دەچێت، پێشمەرگە بارەگایەكانی خۆیان نۆژندەكەنەوەو پێشمەرگەی زیاتریان كۆكردۆتەوە، فڕۆكەكانی توركیاش بەردەوام بە ئاسمانی ناوچەكەماندا دەسوڕێنەوە و بۆردومانی چیا و شوێنی نیشتەجێبونی خەڵك دەكەن".

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرگراف، لە دوای هەڵوەشانەوەی پڕۆسەی ئاشتیی نێوان توركیاو پەكەكە، نزیكەی 30 هاوڵاتی لە سنوری قەزاكانی ئامێدی و زاخۆ بونەتە قوربانی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا.

پارتی كرێكارانی كوردستان و حكومەتی توركیا، پێشتر و لە 2013 بە پەیامێكی عەبدو‌ڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە پڕۆسەیەكی ئاشتییان دەستپێكرد، بەڵام دواتر كێشەی تێكەوت و بە تەواوی وەستا.

"هەرچەند خەڵك لێرە ڕاهاتوون لەسەر دەنگی بۆردومان و فڕۆكە، بەڵام ماوەیەكە زۆر زیادیكردووەو پێشبینی شەڕێكی گەورە دەكرێت، بۆیە بەشێك لە خەڵك زێدی خۆیان بەجێدەهێڵن و ڕوودەكەنە ناوچەكانی دوور لە ئەگەری شەڕ و بە كرێ نیشتەجێ دەبن" بەوتەی هاوڵاتییەكەی شیلادزێ.

شێرزاد دەڵێت، ئەوانەیشی ڕویانكردۆتە شارەكان بە تایبەت دهۆك، بە نهێنی و دوور لە چاوی هێزە ئەمنییەكان ماڵ دەگوازنەوە، چونكە ڕێگەیان پێاندرێت لە ناوچەكانی خۆیان بڕۆن و دەلِێن؛ كۆكردنەوەی هێز تەنیا بۆ پاراستنی ئەوانە و ڕێنادەن شەڕی پەكەكە و توركیا زیانیان پێبگەیەنێت.

بەشێك لە خەڵكی شیلادزێ، لەمساڵدا دژی بنكە و بارەگاكانی توركیا، خۆپیشاندانی ناڕەزاییان ئەنجامدا بەهۆی بۆردومانەكانەوە، بە‌وهۆیەوە، ئاڵۆزیی ڕویدا و دوای هێرشكردنەسەر سوپای ئەو وڵاتە، دەستڕێژی گولـلەیان كرد و جگە لە كوژرانی گەنجێك بە فیشەكی سەربازانی توركیا، چەندین هاوڵاتیش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەرێمەوە دەستگیركران.

بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف، لە سنوری پارێزگای دهۆك زیاتر لە 18 بارەگای سوپای توركیا هەیە، بە تایبەت لە قەزاكانی ئامێدی و زاخۆ، ئەوەش دوای ئەوەی لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ و لە ساڵانی نەوەدەكاندا بۆ یارمەتیدانی پارتی لە دژی یەكێتی، ڕویانكردە هەرێم و دواتر نەگەڕانەوە.

نازك محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "ئەو داتا و زانیارییانەی لەڕێی سێ لیژنەوە لە سنورەكانی ئاكرێ و زاخۆ و ئاكرێ كۆمانكردۆتەوە، دراوەتە هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، تا ڕێگەچارەیەك بدۆزنەوەو خەڵكی ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".

"خەڵكی ئەو ناوچانە چەندین ساڵە ناتوانن بگەڕێنەوە و زەوییەكانیان بەكاربهێنن بۆ بەرهەمی كشتوكاڵی".

نازك دەڵێت، بەهۆی شەڕ و ململانێیەكانی توركیا و پەكەكەوە، نزیكەی 200 گوند لە هەرێمی كوردستان چۆڵبون، هەركاتێك خەڵكەكە بگەڕێنەوە، جارێكیتر بەهۆی دڵەڕاوكێ و مەترسی شەڕەوە، ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێدەهێڵن.