شەڕی هێزە كوردییەكانی شەنگال لەسەر قاچاخچێتی بووە؟

22-03-2017 04:58
شەنگال، ناحیەی سنونێ، 3-3ی 2017، هێزەكانی یەبەشە بەرامبەر پێشمەرگەكانی ڕۆژئاوا وەستاونەتەوە. فۆتۆ: كەركوك ناو.

 

پەرەگراف- رێنوار نەجم

 

فەرماندەیەكی پێشمەرگە دەڵێت، شەڕەكەی سەرەتای ئەم مانگەی هێزە كوردییەكان لە شەنگال كاتێك دروست بووە كە پێشمەرگەی ڕۆژئاوا لە ئەركدا بوون بۆ "بڕینی ڕێگاكانی قاچاخچێتی كردن لە خانەسۆر" پێشتریش فەرماندەی هێزی ئێزیدخان ئەوەی ئاشكراكرد لە سنوری خانەسۆرەوە بازرگانیی نەوت‌و گاز دەكرێت.

 

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریكی ڕاپۆرتێكی لەسەر شەڕەكەی 3ی ئەم مانگەی نێوان پێشمەرگەكانی ڕۆژئاواو چەكدارانی یەبەشە لە شەنگال بڵاوكردەوەو تێیدا بەهجەت تەیمیس، فەرماندەی پێشمەرگە باسلەوەدەكات كاتێك شەڕەكە دەستیپێكردوە كە پێشـمەرگەی ڕۆژئاوا لەئەركی خۆیدا بووە بۆ"بڕینی ڕێگاكانی قاچاخ‌و لەوێ لەنزیك گوندی خانەسۆر تەقەیان لێ كراوە." بەڵام پەكەكە دەڵێت شەڕەكە دوای ئەوە دەستیپێكردوە كە "دوو چەكداریان تەقەیان لێكراوەو كوژراون لەكاتێكدا ویستویانە ڕێگریی لەپێشڕەویی پێشمەرگە بكەن."

 

بەرەبەیانی 3ی ئەم مانگە لەنێوان ژمارەیەك پێشمەرگەی ڕۆژئاواو یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال(یەبەشە) لەسنوری خانەسۆر سەربە ناحیەی سنونێ‌ لە باكوری ڕۆژئاوای شەنگال شەڕ ڕوویداو كوژراو و برینداری لێكەوتەوە، شەڕەكە بەهۆی ئەوەوە بووە پێشمەرگەی ڕۆژئاوا ویستویەتی پێشڕەوی بكات‌ بۆ ئەو ناوچەیە، بەڵام یەبەشە ڕێگرییان لێكردوون.

 

پێشتریش حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی ئێزیدخان لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو لە خانەسۆرەوە بازرگانیی لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و ڕۆژئاوای كوردستاندا دەكرێت‌و بەدەست یەبەشەوەیە.

 

"بەڕاستی لەخانەسۆر دەرگایەیەك هەیە، ئەو دەرگایە هەتا ڕسوماتی وەكو زەریبە لەخەڵك وەردەگیرێت كاتێك هاتووچۆ دەكرێت."حەیدەر شەشۆ كە ناوێكی دیارو فەرماندەیەكی ناسراوی ناو ئێزدییەكانە وای وت.

 

شەشۆ، وتیشی"ئەوە لە دەستی هەڤاڵانی یەبەشەدایە، هیوادارین ئەو دەرگایە بكرێتەوەو خەڵكی فەقیر وەختێك دەچێتە ڕۆژئاوا هەندێك بازرگانی كەم هەیە مەسەلەی گازو ئەو شتانەیە، هیوادارین هاوكاریی ئەو خەڵكە بكرێن‌و مەسەلەی زەریبەو سەری سەدا 10 كەمبكەنەوەو هەر هیچ لەخەڵك وەرنەگرن."

 

لەبارەی ئەو شتومەكانەی بازرگانییان پێوەدەكرێت لەو سنورە، شەشۆ وتی"گازو نەوتەو موادی خۆراكیی. لە هەردولاوە دێت‌و دەڕوات."

 

یەبەشە لەئێزدییەكان پێكهێنراوەو نزیكە لە پەكەكە‌و هەر لەلایەن ئەوانیشەوە لەچەند ساڵی ڕابردوودا مەشقیان پێكراوە‌و هاوكاریكراون. پێشمەرگەكانی ڕۆژئاوا(كوردستانی سوریا)، لەچەند ساڵی ڕابردوودا لەلایەن هێزەكانی زێرەڤانی هەرێمەوە مەشقیان پێكراوە‌و پڕچەككراون‌و نزیكن لە پارتی. ئەوەیە یەكەم شەڕی نێوان دوو هێزی كوردییە لەو سنورە لەدوای دەركردنی داعش لەناوچەكە.

 

شەنگال كە شوێنی زۆرینەی ئێزیدییەكانی عێراقە شوێنێكی ستراتیژی هەیەو دەكەوێتە یەكتربڕی نێوان سوریا، توركیاو عێراق لەئێستادا بووەتە خاڵی پێكدادانی هێزە كوردییە ناكۆكەكان، بەپێی واشنتۆن پۆست ئەوەش بەهاندانی بەرژەوەندییەكانی هێزە هەرێمایەتییەكانی وەك توركیا، ئێران هەروەها حكومەتی عێراقە.

 

شەنگال، ناحیەی سنونێ، 3-3ی 2017، شەڕی نێوان پێشمەرگەی ڕۆژ‌و هێزەكانی یەبەشە. فۆتۆ: كەركوك ناو.
 

ڕۆژنامە ئەمەریكییەكە باسلە دووبارە ئاوارەبوونەوەی ئێزدییەكان دەكات، بەڵام ئەمجارە بەهۆی شەڕی هێزە كوردییەكانەوە نەك چەكدارانی داعش، ئەوە دەگێڕێتەوە كە لەگەڵ هێنانەخوارەوەی تابوتی شەڕڤانێكیی 18 ساڵەی ئێزدیی بۆ ناو گۆڕەكەی لەسەر چیای شەنگال، خزم و هاوڕێكانی لەگریان‌و غەمدا نوقم بوون.

 

گیانلەدەستدانی سەلام موخایبیری تەمەن 18 ساڵ لەسەرەتای ئەم مانگەدا لەگەڵ چوار شەڕڤانی دیكەی ئێزدیدا، پەردەی لەسەر نوێترین مەینەتی ئێزدییەكان لادا كە كەمینەیەكی عێراقین لەسەر دەستی داعش جینۆساید كران.

 

بەڵام ئەو شەڕڤانانە لەشەڕی دژی داعشدا نەكوژران، بەڵكو ئەوان لەپێكدادان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا گیانیان لەدەستدا كاتێك ململانێ درێژخایەنەكان گڕیان گرت.

 

دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش دوو ساڵ‌و نیو پێش ئێستا كۆنتڕۆڵی شارۆچكەی شەنگالیان كردو هەزاران پیاوی ئێزیدییان كوشت چونكە داعش ئەوانی بە "هەڵگەڕاوە" دادەنا. هەروەها هەزاران ژنی ئەو كەمینە ئایینییەش ڕفێندران‌و وەك سەبایا مامەڵەیان لەگەڵ كراو تا ئێستاش چارەنووسی بەشی زۆریان‌و منداڵەكانیان نادیارە.

 

"وا هەست دەكەین یارییەكین لەدەستی سیاسییەكاندا." خەلەف بەحری كە شێخێكی ئاینیی ئێزدییەكانە لەكاتی بەڕێوەچونی مەڕاسیمی بەخاكسپاردنی گەنجە ئێزدییەكە وای وت.

 

"ئێزدییەكان برینداركران‌و تا ئێستاش خوێنیان لێ دەچۆڕێت. تا ئێستاش خوشكەكانمان، كچەكانمان‌و ژنەكانمان لەدەستی داعشدایە، بەڵام ئێستاش ئەمە." وەك ئاماژەدانێك بۆ ئەو گەنجە ئێزدییانەی ئەم دواییە كوژران.

 

 لاشەی سەلام لەلایەن خزمەکانیەوە هەڵگیراوەو لەگۆڕستانێک لەچیای شەنگال بەخاک سپێردرا. فۆتۆ؛ واشنتۆن پۆست.

 

شێخە ئێزدییەكە كە لەگەڵ هێزە ئێزدییەكانی سەر بەپەكەكەدایە دەڵێت"ئێمە بەئاسانی كارمان لێدەكرێت‌و لە پێگەیەكی لاوازداین، لەبەرئەوە هەر كەسێك پارچەیەك نان، خانوویەك، چەكێكمان پێ بدات خەڵكەكە وەریدەگرێت."هەروەها دەشڵێت"سەركردەكانمان خۆیان بۆ پارە فرۆشتووە."

 

ئەو شەڕڤانە ئێزدییانە لەناو یەكەی بەرگریی شەنگالن كە هێزێكی ناوخۆییەو سەر بە باڵی سەربازیی پارتی كرێكارانی كوردستانە. لەلاكەی دیكەی ڕوبەڕوبوونەوەكەدا پێشمەرگەی ڕۆژئاوا هەیە كە بەشی زۆریان كوردی سوریان‌و لەژێر فەرمانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندان، هەردوو لایەنەكە یەكتری تۆمەتباردەكەن بە دەستپێكی تەقەكردن‌و هەڵگیرساندنی شەڕ.

 

مەسعود بارزانی چەند جارێك داوای لە پەكەكە كردوە عێراق جێبهێڵن. بەڵام زۆرێك لە ئێزدییەكان متمانەیان بەو گروپە هەیە بیانپارێزێت كاتێك هێزەكانی پێشمەرگە لەمانگی ئابی 2014 پێگەكانی خۆیان جێهێشت‌و نەیانتوانی ئێزیدییەكان لەدەستی داعش بپارێزن.

 

كاتێك ژمارەیەكی زۆری ئێزدیی لەساڵی 2014 لەسەر چیای شەنگال گیریان خواردبوو، ژمارەیەك گەریلای پەكەكەو هێزەكانی سەر بە ئەوان توانییان دەرچەیەكیان بۆ بكەنەوەو ڕزگاریان بكەن، لەو كاتەوە پەكەكە لەوێ ڕەگی خۆی داكوتیوەو قوتابخانەی كردوەتەوەو مەشق‌و ڕاهێنان بەچەكدارە ئێزدییەكان دەكات. وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلان بەشێوەیەكی بەرفراوان لەو ناوچانە دەبینرێت.

 

پاش ئەوەی بەر لەساڵ‌و نیوێك هێزە كوردییەكان شەنگالیان كۆنتڕۆڵكردەوە، بارزانی لەوتارێكیدا لەسەر چیای شەنگالەوە ڕایگەیاند ئاڵای كوردستان تاكە ئاڵا دەبێت كە لەوێ بشەكێتەوە. لەو كاتەوە پارتەكەی بارزانی كاریگەرییەكانی خۆی لەوێ فراوان كردوە، بەڵام پەكەكە هەر لەوێ ماوەتەوە.

 

عەگید جڤیان فەرماندەی ئەو باڵەی هێزەكانی پەكەكە لەشەنگال ڕایدەگەیەنێت چەند چەكدارێكی ئەوان پەیوەندییان بە ئێزدییەكانەوە كردوە بە مەبەستی "ڕاهێنان‌و پەروەردەكردن." هەروەها ئاماژە بەوەدەكات كە پەكەكە ئامادەیە شەنگال جێبهێڵێت كاتێك چیتر بوونی پێویست نەبێت،"بەڵام تا ئێستاش ئێزدییەكان داوای پارێزگاریكردن دەكەن."

 

 خوشکی سەلام موخایبیر لەکاتی مەڕاسیمی بەخاکسپاردنی براکەیدا. فۆتۆ؛ واشنتۆن پۆست.

 

لەكاتێكدا هەردوو لایەنە شەڕكەرەكە كار لەسەر نفوسی یەكتر دەكەن، هەزاران ئێزدیی كە لەدژی داعش چەكیان هەڵگرتبوو، پەیوەندییان كردوە بە پێشمەرگەوە.

 

حەیدەر شەشۆ فەرماندەیەكی چەكدارانی ئێزدییە(هێزی ئێزیدخان)و هەزار چەكداری ئێزدیی بردوەتە ناو هێزەكانی پێشمەرگەوە. ئەو دەڵێت هۆكاری ئەوەی كە بڕیاری داوە هێزەكانی پەیوەست بكات بە پێشمەرگەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە "تەنها دەرگای كراوە"بووە لەبەردەمیدا. هەروەها باس لەوەدەكات لەساڵی 2015 دەستگیركراوە ئەویش هەوڵێك بووە بۆ "فشار خستنەسەری."

 

"بەڵێ ئێمە لەلایەن ئەوانەوە خیانەتمان لێ كرا. بەڵێ لەلایەن ئەوانەوە فەرامۆش كراین، بەڵام ئێمە كوردین." شەشۆ بەئاماژەدان بۆ پارتی دەسەڵاتدارانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وادەڵێت.

 

ئەو فەرماندە ئێزدییە داوا لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەڕابەرایەتی ئەمەریكا دەكات "بەرپرسیارێتی" وەربگرێت‌و داوا دەكات هێزێكی نێودەوڵەتی ئەوان بپارێزێت. "هیچ كەسێك نوێنەرایەتی ئێزدییەكان ناكات."

 

پێكدادانەكەی ئەم دواییەی هێزە كوردییەكان لەنزیك شەنگال وای كرد هەزاران ئێزدیی ماڵ‌و حاڵی خۆیان جێبهێڵن كە بەم دواییە بۆ گوندەكانی خۆیان گەڕابوونەوە، هەندێكیان پەنایان بردەوە بەر چیای شەنگال كە بەهەمان شێوە لەساڵی 2014ش تاكە پەناگەی ئارامیان بوو.

 

"ئێمە هەژارین، ئێمە كۆمەڵكوژ كراین. نامانەوێت بەشێك بین لەمە، پێویستیمان بەیارمەتی هەیە." گۆری میتچكا كە سەرقاڵی دانانی خێمەیەك بوو بۆ خێزانە 20 كەسییەكەی وای وت.

 

هەروەها مەحما خەلیل قایمقامی قەزای شەنگال كە سەر بەپارتەكەی بارزانییە‌و پێیوایە پەكەكە دەبێت ناوچەكە جێبهێڵێت، بە ڕۆژنامە ئەمەریكییەكەی وتووە"ئێمە ئەجندای توركی‌و ئێرانی قبوڵ ناكەین. توركیاو ئێران هەوڵ دەدەن شەنگال بگلێنن لەململانێیەكی هەرێمایەتییەوەو شەنگال ئەوە قبوڵ ناكات."