سكاڵاكاران بەدوای زیندانییەوەن بۆ ڕۆژنامەنووسان

حكومەتی نوێ؛ پشت لە میدیا و ڕوو لە سزا
01-11-2019 12:02
گردبوونەوەی ناڕەزایی ڕۆژنامەنووسان‌و چالاكانی مافی مرۆڤ لەبەردەم دادگای هەولێر/ 31-10-2019.


پەرەگراف- هەڤاڵ زەنگەنە

ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستان، لە دۆسیە یاساییەكاندا هەوڵدەدرێت ڕوبەڕوی سزای توند و زیندانیكردن بكرێنەوە، لەوەشدا كەسانی سكاڵاكار، پشت دەكەنە یاسای ڕۆژنامەگەری و بەدوای جێگرەوەیدا دەگەڕێن.

هەڵمەتی سكاڵا و دەستبەسەركردنی ژمارەیەك ڕۆژنامەنووس، هاوكاتە لەگەڵ بەرتەسككردنەوەی دەرچەكانی پێدانی زانیاریی، دوای دەستبەكاربونی كابینەی نوێی حكومەت بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی.

لە دوایین دۆسیەی یاساییدا، كە كاردانەوەی زۆری میدیا و ناوەندەكانی بەرگری لە مافی ڕۆژنامەگەری لێكەوتەوە، زنجیرەیەك داوای یاسایی بوو لەلایەن برازایەكی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

سكاڵاكار لەو دۆسیەیەدا، هانای بردووە بۆ یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، لە بری یاسای ڕۆژنامەگەری، چونكە سزا و ڕێكارەكانی توندترن.

نیاز عەبدوڵا، یەكێكە لەو ڕۆژنامەنوسانەی سكاڵای لەسەر تۆماركراوە، بۆ پەرەگراف وتی "مەتین بارزانی برازای نێچیرڤان بارزانی سكاڵاكەی تۆماركردووە، سكاڵاكەی فرەڕەهەندە، دەتوانین بڵێین لەسەر بنەمایەكی نایاسایی سكاڵای كردووە".

"دیوێكی تری سكاڵاكە تۆڵەكردنەوەیە و لەبری یاسای ڕۆژنامەوانی بەپێی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنیەكانە، ئەوەش خواستی ئەوە" بەوتەی نیاز.

بەپێی ئەو بڕگەیەی سكاڵاكەی پێ تۆماركراوە لە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی، سزای زیندانی لە شەش مانگ بۆ پێنج ساڵ هەیە لەگەڵ غەرامەی دارایی تا نزیكەی پێنج ملیۆن دینار، بۆ هەر كەسێك لەڕێی بەكارهێنانی ئینتەرنێت و ئامێرەكانی پەیوەندییەوە زیان بە ناو و ناوبانگی خەڵك بگەیەنێت.

ئەو ڕۆژنامەنوسانەی دراونەتە دادگا، زۆرینەیان لە سایتی درەومیدیا كاردەكەن، تۆمەتباركراون بەوەی لە ڕاپۆرت و بابەتە رۆژنامەوانییەكانیاندا ناوی مەتین بارزانی-یان هێناوە لە ڕوداوێكی تەقەكردندا.

ڕوداوەكە 17ی تەمموزی ئەمساڵ لە ڕێستۆرانتێكی هەولێر ڕوویدا، بەناوی هۆقەباز، بەهۆیەوە دبلۆماتكارێكی توركیا و دوو هاوڵاتی هەرێم كوژران، دواتر هێزە ئەمنییەكان دەستگیركردنی ژمارەیەك هاوڵاتیی لە نێویاندا چەند كەسێكی خەڵكی باكوری كوردستانیان بە تۆمەتی ئەنجامدانی ڕوداوەكە دەستگیركرد.

نیاز عەبدوڵا وتی "ڕاستەوخۆ پاش سكاڵاكە فەرمانی دەستگیركردنمان بۆ دەركراوە، بەبێ ئەوەی ئێمە ئاگاداری ئەو سكاڵایە بین یان كەسی هەڵهاتوبین لە دادگا، ئێمە لەگەڵ سەروەری دادگاین و نابێت دادگا لەبری گولـلە بەكاربێت، دەبێـت بۆ سەروەری یاسا بێت".

ئەوەشی ڕوونكردەوە بەشێك لە ڕۆژنامەنوسانی درەومیدیا، بەهۆی ناوهێنانی كەسی سكاڵاكار لە ڕاپۆرتێكدا سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە، بەڵام "من هیچم لەسەر ئەو بابەتە و ناوبراو نەنوسیووە، تەنیا لەبەر ئەوەی ئەندامی دەستەی نوسەرانم سكاڵام لەسەر تۆماركراوە".

لەو دۆسیەیەدا هەریەك لە محەمەد ڕەئوف، فازڵ حەمە ڕەفعەت، نامیق ڕەسوڵ و نیاز عەبدوڵا لە درەومیدیا‌و ڕۆژنامەنووس هێمن مامەند بە جیا تۆمەتباركراون.

هێمن مامەند دوای چەند ڕۆژێك لە دەستبەسەركردنی ڕۆژی پێنجشەممە 31ی تشرینی یەكەم ئازادكرا.

ستافی درەومیدیا سەرجەمیان فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە، هەرچەندە بە فەرمی ئاگادار نەكراونەتەوە، بەڵام پارێزەران لە هەولێرەوە پێیان گوتوون ناوی ئەوانیش لەناو دۆسیەكەدایە بۆ دەستگیركردن.

محەمەد ڕەئوف سەرنوسەری درەومیدیا پێیوایە ئەو سكاڵایە بۆ تۆڵەكردنەوەو هەوڵی دەمكوتكردنی ڕۆژنامەنووسانە، بۆ پەرەگراف وتی "ئەگەرنا بۆ بە یاسای ڕۆژنامەگەریی سكاڵاكەیان تۆمار نەكردووەو پەنایان بۆ یاسای دیكە بردووە".

ڕۆژنامەنووسان هێندەی كێشەیان ئەو یاسایەیە كە سكاڵاكەی پێ تۆمار كراوە، كێشەیان خودی سكاڵاكە نییە‌و ئامادەن بچنە بەردەم دادگا، هەربۆیە درەومیدیا داوای كردووە یاسای سكاڵاكە بگۆڕدرێت بە ڕۆژنامەگەریی‌و دۆسیەكەش بگوازرێتەوە بۆ سلێمانی بەوپێیەی شوێنی سەرەكیی ئەوان لەو شارەیە.

ئەم سكاڵایانە لە كاتێكدایە، لە هەفتەكانی پێشتریش هەریەك لە ڕۆژنامەنوسان ڕزگار كۆچەر و كاروخ عومەر بە دۆسیە و تۆمەتی جیاجیا ڕوبەڕوی دەستبەسەركردن و دادگایی كردن بوونەتەوە.

بەبڕوای نیاز عەبدوڵا "دادگا لەحاڵەتی سەرلێشێواندایە و دەبێت ڕۆژنامەنوس بە یاسای ڕۆژنامەوانی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، كاتێكیش دادگا نوسراوی بۆ سەندیكای ڕۆژنامەنوسان كردووە كە زانیاری لەسەر ئەم ڕۆژنامەنوسانە بدات، سەندیكا وەڵامیداوەتەوە كە بەپێی یاسای ڕۆژنامەنوسی مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت".

"ئەم بابەتە ئەشقی دادگایە بۆ سەپاندنی سزای توند، دیوی پشتەوەی سیاسییە و تۆڵەكردنەوەیە، چونكە ماوەی ساڵانێكە بەشێوەیەكی سەربەخۆ كاردەكەین و بەرگری لە ئازادی و دیموكراسی دەكەین" نیاز وادەڵێت.

بەپێی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان، لەژێر هیچ پاساوێكدا ڕۆژنامەنوس بەند ناكرێت و تەنها سزای ماددی دانراوە، لەكاتی ساغبوونەوەی تۆمەتێك لەسەر ڕۆژنامەنوس بەهۆی كارەكەیەوە.

دكتۆرە نەزاكەت حسێن، سەرۆكی لیژنەی داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان لە سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كوردستان بۆ پەرەگراف ئاماژەی بەوەدا ئەو ڕۆژنامەنوسانەی ڕوبەڕوی سكاڵا بونەتەوە، پەیوەندییان كردووە بە سەندیكاوە و دواتر توانراوە ماددەكەیان بۆ بگۆڕدرێت بۆ یاسای ڕۆژنامەگەری.

هەروەها لەگەل ئەوەشدا جەختیكردەوە لە مافی ڕۆژنامەنوس بۆ دەستخستنی زانیاریی لە حكومەت بەپێی یاسا بەرەكارەكان، دكتۆرە نەزاكەت داواشیكرد ڕۆژنامەنوس بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەریی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت نەك یاسای تر.

بەپێی ئامارەكانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان، لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا، 27 حاڵەتی پێشێلكاری دژی ڕۆژنامەنووسان تۆماركراون لەنێویاندا دەستگیركردن و هێرش و هەڕەشە، لە ساڵی ڕابردوشدا كۆی پێشێلكارییەكان 131 حاڵەت بووە.

دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی سكاڵاكانی دژ بە ڕۆژنامەنووس لە دەرەوەی یاسای ڕۆژنامەگەری بۆ پەرەگراف وتی "ئەمە بابەتێكی زۆر خەتەرە، دەبێت ڕۆژنامەنوس ئازادبێت و نابێت لەسەر بابەتە ڕۆژنامەوانیەكانی لێپێچینەوەی لەگەڵ بكرێـت بەو ئسلوبەی كە ئێستا هەیە، ئێستا ئەو سیغەیەی دۆزیویانەتەوە بۆ زیندانیكردن و عەزێـتدانی ڕۆژنامەنوسان ئێمە بەهەموو شێوەیەك دژی ئەوەین".

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، "بەشێكی دادگاكان ئەم كارەیان كردووە، ئیتر بە ئەنقەست بێت یان بە نەزانی، ئێمە گومان دەكەین، چونكە لێشاوێك هەیە لە هەولێر و گەرمیان و لە سلێمانی، بۆیە بە هەموو شێوەیەك دیفاع لە ڕۆژنامەنوسان دەكەین و دژی ئەو كردەوانەین".

لە كابینەی نوێی حكومەتدا، جگە لەو سكاڵایانەی لە دەرەوەی یاسای ڕۆژنامەگەری تۆماركراون، دەستخستنی زانیارییش سەختتر بووە بەراورد بە ڕابردوو، بەوپێیەی بە پێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، لێدوان لە زۆر ئاست و ناوەندی حكومی قەدەغەكراوە.

پەرەگراف لە مانگەكانی ڕابردودا، بۆ كاری رۆژنامەوانیی پەیوەندی بە زۆرێك لە لێپرسراوانی وەزارەت و ئەنجومەنی وەزیرانەوە كردووە، بەڵام بە پاساوی نەبونی مۆڵەتی لێدوان، هیچ زانیارییەكیان نەداوە. هاوكات وتەبێژی فەرمیی حكومەت وەڵامی پەیوەندییەكان ناداتەوە بۆ لێدوان‌و پێدانی زانیاریی.

لە بەرنامەی كاری كابینەكەی مەسرور بارزانی، كە لە ماڵپەڕی فەرمی حكومەتدا پوختەیەكی دانراوە، لە هیچ شوێنێكدا باس لە ئازادی كاری ڕۆژنامەگەری‌و ڕاگەیاندن نەكراوە، تەنیا لە یەك بڕگەیەدا‌و بە شێوەیەكی گشتیی ئاماژە بە دەستخستنی زانیاری دەكات بە هاوڵاتیان لە ڕێی یاساوە.