بەڵگەنامەی نوێ: ئارام شێخ محەمەد 5 ئۆتۆمبێلی دیكەی دەوڵەتی لایەو نەیگەڕاندوونەتەوە

21-11-2019 07:04
ئارام شێخ محەمەد جێگری دووەمی سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق. وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف

بەپێی چەند بەڵگەنامەك كە دەست پەرەگراف كەوتوون، ئارام شێخ محەمەد جێگری دووەمی سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق، 5 ئۆتۆمبێلی دیكەی حكومیی لایەو دوای تەواوبوونی كارەكەی نەیگەڕاندوونەتەوەو دەستی بەسەردا گرتوون، پێشتریش پەرەگراف بەڵگەنامەیەكی دیكەی بڵاوكردەوە لەبارەی دەست بەسەردا گرتنی ئۆتۆمبێلێكی دیكەی حكومەت هەر لەلایەن ناوبراوەوە.

ئارام شێخ محەمەد لە پشكی بزووتنەوەی گۆڕان لەو پۆستەدا بوو، ئێستا بزووتنەوەكە لیژنەی لێپرسینەوەی پێكهێناوە لەبارەی هەموو ئەو كەسانەی پۆستیان وەرگرتووەو تۆمەتی گەندەڵیی‌و دەوڵەمەندبوونی ناشەرعییان لەسەرە، بەڵام ئارام شێخ محەمەد دەڵێت، ئەو گۆڕان نییە. بەرپرسێكی بزوتنەوەكەش دەڵێت "هەركەسێك لە پشكی گۆڕان پۆستێكی وەرگرتبێت كاری لیژنەكە دەیگرێتەوە لەناو گۆڕان مابێت یاخود نەمابێت".

گۆڕان هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە دروشمی دژایەتی گەندەڵیی‌و ئەنجامدانی چاكسازیی بەرزكردووەتەوەو خەڵكی كوردستان بەوهۆیەوە لەدەوری كۆبوونەتەوەو دەنگیان پێداوە، یەكێك لەو پرسانەی بزووتنەوەكە بەردەوام تەئكیدی لەسەر دەكاتەوە گەڕاندنەوەی ئەو موڵك‌و ماڵە گشتییانەیە كە لەلایەن بەرپرسانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە. ئێستا لەناو گۆڕان ناڕەزایی تووند دروست بووەو چاوەكان لەسەر كارو ئەنجامی ئەو لیژنەیەن كە شەممەی ڕابردوو لە جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان بڕیاری پێكهێنانی درا.

ئۆتۆمبێلەكان؛ سۆبەربانێكی گوللەنەبڕی ڕەنگ ڕەش

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی بەرگریی عێراق كە دەست پەرەگراف كەوتووەو ڕێكەوتی 14-10-2019ی لەسەرەو ئاڕاستەی نوسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق كراوە، تێیدا داواكراوە ئەو بەرپرسانەی ئۆتۆمبێلی حكومییان لایەو بەشێوەیەكی كاتیی پێیاندراوە بیان گەڕێننەوە، یاخود پێیان بفرۆشرێتەوە بەپێی یاسا.

لە نووسراوەكەدا وەزارەتی بەرگریی ناوی بەرپرسەكان‌و ژمارەو جۆری ئەو ئۆتۆمبێلانەی دیاریی كردووە كە نەگەڕێندراونەتەوەو مۆڵەتی 3 مانگی دیاری كردووە بۆ گەڕاندنەوەیان، بەپێچەوانەوە لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕێوشوێنی یاسایی دەگرنەبەر. لەناو لیستی ناوەكاندا تەنها یەك كوردی تێدایە كە ئارام شێخ محەمەدەو لە تەنیشتی ناوەكەیەوە نووسراوە ئۆتۆمبیلێكی جۆری "شۆفرلێت سۆبەربانی درع – ڕەنگی ڕەش"ی لایەو نەیگەڕاندووەتەوە.

نووسراوەكەی وەزارەتی بەرگریی عێراق

ناوی ئارام شێخ محەمەد لە نووسراوەكەی وەزارەتی بەرگریی عێراقدا هەیە

سێ لاندكرۆزەرو فۆردێك

بەپێی نووسراوێكی دیكە كە 2-5-2019 لە ئەمیندارێتیی گشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرچووە، ناو و ژمارەو جۆری ئەو ئۆتۆمبێلانە دیاریی كراوە كە لای بەرپرسانی خولی پێشووی پەرلەمانەو نەیانگەڕاندووەتەوە. لەوەشدا ناوی ئارام شێخ محەمەد هاتووە كە 4 ئۆتۆمبێلی لایەو ئەوانیش؛ 3 دانەیان جۆری لاندكرۆزەری مصفحە(واتە تایبەتی حكومیی)و چوارهەمیان فۆردێكی ئیدجە. لەو نووسراوەدا ناوی كوردێكی دیكەی تێدایە كە عارف تەیفور ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی جێگری پێشووتری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقەو بەهەمان شێوەی ئارام شێخ محەمەد 4 ئۆتۆمبێلی حكومەتی لەلا ماوەو نەیگەڕاندووەتەوە كە لاندكرۆزەرێكی مصفحەو دوو لاندكرۆزەری دیكەو جی ئێم سی یەكی مصفحەیە.

دوو مانگ دوای ئەو نوسراوەی ئەمیندارێتیی گشتی ئەنجومەنی نوێنەران، فەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنەكە لە نووسراوێكدا(20-7-2019) داوا دەكات ئەو بەرپرسانە ئاگادار بكرێنەوە بە گەڕاندنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەلایانە.

ئەوانە لە كاتێكدان پێشترو لە ناوەڕاستی مانگی 4ی ئەمساڵدا پەرەگراف لە بەدواداچوونێكی ورددا ئەوەی ئاشكرا كرد، ئارام شێخ محەمەد چەندین ئۆتۆمبێل‌و ڤێللایەكی موڵكی دەوڵەتی لایەو نەیگەڕاندوونەتەوە، ئەوكات پەرەگراف نووسراوێكی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی بڵاوكردەوە ئاڕاستەی نوسینگەی سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق‌و چەند بەرپرسێكی دیكە كراوەو یەكێكیان ئارام شێخ محەمەدەو داوای گەڕاندنەوەی موڵك‌و ماڵی دەوڵەتی لێكراوە.

پەرەگراف ئەوكات ئاشكرایكرد، ناوی ئارام شێخ محەمەد لەو نوسراوەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، پەیوەندیدارە بە تەنها یەكێك لەو چەند ئۆتۆمبێلەی لای ماوە كە موڵكی ئەنجومەنی وەزیرانەو جۆری "مارسیدسی گوللە نەبڕە".

ئارام شێخ محەمەد لەسەر ئەو نوسراوەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ پەرەگراف قسەیكردو تەنها ئەوەندەی وت"بەڵێ من ئۆتۆمبێلی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانم لەلایە، یەك ئۆتۆمبێلە‌و بە لیژنە وەرمگرتووەو چاوەڕوانی لیژنە دەكەم بۆئەوەی تەسلیمی بكەمەوە." پەرەگراف ویستی پرسیاری دیكەی لێبكات‌و پێی ڕاگەیاند كە بەدواداچوونەكەی چەند پرسێكی دیكەش لە خۆدەگرێت لەوانە ڤێللایەك لە بەغداد، بەڵام ئارام شێخ محەمەد ئامادەنەبوو وەڵامی پرسیارەكان بداتەوەو قسە لەبارەی موڵك‌و ماڵەكانی دیكە بكات.

ئێستاش لەسەر ئەم بەڵگەنامە نوێیانەو بۆ بەدواداچوون لەبارەی بەڵگەنامەكەی پێشووترو ڤێللاكەی بەغداد، پەرەگراف دوێنێ پەیوەندی بە ئارام شێخ محەمەدەوە كرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوەو دوای 24 كاتژمێر چاوەڕوانیی ئەمڕۆ كەسێك وەڵامی دایەوەو وتی، "ئەگەر كاك ئارام بیەوێت قسەتان بۆ بكات خۆمان پەیوەندیی دەكەینەوە"، دوای ئەوەش پەرەگراف زیاتر لە 5 كاتژمێر لە چاوەڕوانییدا بوو، بەڵام پەیوەندیی نەكرایەوە.

وەڵامنەدانەوە ئارام شێخ محەمەد لەكاتێكدایە، پەرەگراف لە زاری سەرچاوەی ئاگادار لە بەغداد زانیویەتی، هێشتا ئارام شێخ محەمەد ئەو ڤێللایەی ڕادەست نەكردووەتەوە كە بەهۆی پۆستەكەیەوە پێی درابوو لە كاتێكدا نزیكەی ساڵ‌و نیوێكە لە پۆستەكەی نەماوە.

"د.بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان دەبوو بچێتە ئەو ڤێللایەوە، بەڵام بەهۆی ڕادەست نەكردنەوەی لەلایەن ئارام شێخ محەمەد، چەندین مانگ لەسەر حسابی دەوڵەت لە ئوتێل ڕەشید دەمایەوەو لەم ماوەیەی دواییشدا چووەتە ئەو ڤێللایەی كە شوێنی نیشتەجێبوونی هومام حەمودی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بوو لە خولی پێشوو" سەرچاوە ئاگادارەكە وای وت.

گۆڕان لێپرسینەوە دەكات‌و ئارام شێخ محەمەد دەڵێت: من گۆڕان نیم

لەناو گۆڕاندا دەنگێكی بەهێز هەیە بۆ لێپرسینەوە لە سەرجەم ئەو كەسانەی لە پشكی بزووتنەوەكە پۆستیان وەرگرتووە لە حكومەت‌و پەرلەمانی هەرێم‌و عێراق، ئەو دەنگە شەممەی ڕابردوو بوو بە بڕیاری جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەكەو بڕیاردرا لیژنەی بۆ پێكبهێنرێت.

بەوتەی سەرچاوەیەكی باڵای گۆڕان بۆ پەرەگراف، لیژنەكە خانەی ڕاپەڕاندن‌و ژوری حكومەت‌و پەرلەمانی بزووتنەوەكەی تێدایەو "هیچ كەسێك پارێز بەندیی نییەو تەنانەت بەدواداچوون بۆ دەنگۆی دەوڵەمەندبوونی ناشەرعیی‌و ئەنجامدانی گەندەڵییش دەكرێت، نەك تەنها بوونی بەڵگەنامە. ئەوانەی ئێستا پۆستیان هەیەو ئەوانەش پێشووتر هەیان بووە، لەناو گۆڕان مابن یان نا كاری لیژنەكە دەیان گرێتەوە".

ئەو بەرپرسە باڵایەی گۆڕان ئەوەشی خستە ڕوو، بزووتنەوەكەی جدییە لەم پرسەدا، "دەبێت وەڵامی دەنگدەرە هەژارو ڕەشوڕوتەكانی ئەم وڵاتە بدەینەوە كە تاكە هیوایان گۆڕانە، ئێمە پۆستەكانمان بە كێ سپاردو ئەوانیش چییان كرد بۆ گیرفانی خۆیان‌و چیش بۆ خەڵك؟ ناكرێت دزی‌و گەندەڵیی بكەیت‌و بزووتنەوەكە بەكاربهێنیت‌و خۆت بكەیت بە ملیۆنێرو كەس هەقی نەبێت بەسەرتەوە!".

پەرەگراف زانیویەتی ئارام شێخ محەمەد، ناوی لەناو ناواندایە تا لیژنەكەی گۆڕان لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكات، ئەو یەك ڕۆژ دوای بڕیاری پێكهێنانی لیژنەكەی گۆڕان، لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانییدا بێبەری بوونی خۆی لە گۆڕان ئاشكرا كرد.

"من ماوەی ساڵێكە هیچ پەیوەندییەكی حزبی‌و ئۆرگانیم لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا نەماوەو وەك سیاسییەكی سەربەخۆ تەعبیر لە بۆچونەوەكانی خۆم دەكەم" ئارام شێخ محەمەد لە وەڵامی كۆتا پرسیاری چاوپێكەوتنێكی ماڵپەڕی درەو میدیا لەسەر دۆخی عێراق‌و گەندەڵیی‌و ئەنجامدانی چاكسازیی ئەم پەیامەی ڕاگەیاند، ماڵپەڕەكە هیچ پرسیارێكی لە ناوبراو نەكردووە لەبارەی ئەو بەڵگەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی خودی خۆی دەكرێن لەو ڕووەوە.

نوسراوەكەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كە ئاڕاستەی چەند بەرپرسێك كراوەو لە ناویاندا ئارام شێخ محەمەد.

عێراق لەدوا ساڵی 2003و ڕووخانی ڕژێمی بەعس، گەندەڵی تێیدا زیاتر تەشەنەی سەندووەو كەمترین شەفافیەت‌و لێپرسینەوەی لە بەرپرسان تێدایە، بەپێی دواین ڕاپۆرتی ڕێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، لە ڕیزبەندیی وڵاتان بۆ شەفافییەت، عێراق لە پلەی 168 دایە لەكۆی 180 وڵات، بە پێچەوانەشەوە واتە لەڕووی ناشەفافییەت و گەندەڵییەوە لە پلەی 12 دایە.

نزمترین ئاست كە عێراق پێی گەیشتبێت ساڵی 2007 بوو كە چووە پلەی 178، ساڵی 2003ش بەپێی ڕاپۆرتەكانی ئەو ڕێكخراوە باشترین دۆخی عێراق بووە كە لە پلەی 113 دا هاتبوو.

گەندەڵیی لە عێراق چەندینجار خەڵكی هێناوەتەسەر شەقامەكان، ئێستاش زیاتر لە مانگێكە لە شەقامەكانی بەغدادی پایتەخت‌و شارەكانی دیكەی باشوری عێراق خۆپیشاندان دژی گەندەڵیی بەردەوامن‌و حكومەت‌و پەرلەمان وەك وەڵامێك بۆ داواكاریی خەڵك چەندین بڕیارو یاسای نوێیان دەركردووەو ماف‌و ئیمتیازاتی بەرپرسانی باڵایان كەمكردووەتەوە، لەو چوارچێوەیەدا پەرلەمان بە یاسا ئیمتیازاتی دارایی بەرپرسانی هەڵوەشاندەوە.

بەپێی یاساكە؛ هەریەكە لە سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق نابێت زیاتر لە پێنج ئۆتۆمبێلیان بۆ تەرخانبكرێت، لەگەڵ چوار ئۆتۆمبێل بۆ جێگرەكانیان و سێ ئۆتۆمبێل بۆ وەزیرەكان و دوو ئۆتۆمبێل بۆ بریكارەكان و ئۆتۆمبێلێك بۆ بەڕێوەبەرە گشتییەكان.